هه‌واڵ

شاخەوان عەبدوڵا: تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە ڕادەوەستین

زێدپرێس

 

شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، تا کۆتایی ئەم هەفتەڕرادەوەستین بۆ چارەسەرکردن و ناردنی مووچەی فەرمانبەران و لەدوای ئەوە، هەموو ئەو ڕێکارانەی پێویستە لەسەرمان دەیگرینەبەر و سەرجەم بژاردەکان لەبەردەم نوێنەرانی خەڵکی کوردستان کراوەن.

ئەمڕۆ دووشەم ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، شاخەوان عەبدوڵا  جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لە ڕۆژی شەممە ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، لەیەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان لەگەڵ ئەندامانی دیکەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان جگە لە نەوەی نوێ، بڕیاریانداوە کۆمەڵێک هەنگاو بگرنەبەر “بۆ دابینکردنی مووچەی خەڵکی کوردستان و دانانی سنورێک بۆ برسی کردنی خەڵک”.

ڕوونی دەکاتەوە، لە هەنگاوی یەکەم هەر لە ڕۆژی شەممەدا کیشەکەیان بردووەتە پەرلەمان و هاوسۆزییەک دروست بووە و کۆمەڵێک بڕیاردراوە، هەروەها ئێوارەی هەمان ڕۆژ، لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەگەڵ دکتۆر فواد حوسێن بەڕوونی داوایان کردووە، کە دەبێت سنورێک بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابنرێت بەتایبەتی دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێم سەرجەم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە.

شاخەوان عەبدوڵا، باس لەوە دەکات، کە بڕیاردراوە، ڕێگەچارەیەک بدۆزرێتەوە، دوێنێ یەکشەمیش لەگەڵ زۆرێک لە هێزە سیاسییەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمان باسیان لەوە کردووە، “ئێمە وەکوو نوێنەرانی کورد تا کۆتایی ئەم هەفتە ڕادەوەستین بۆ چارەسەرکردن و ناردنی مووچەی فەرمانبەران، لەدوای ئەوە هەموو ئەو ڕێکارانەی پێویستە لەسەرمان دەیگرینەبەر و سەرجەم بژاردەکان لەبەردەم نوێنەرانی خەڵکی کوردستان کراوەن”.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، باسی لەوەش کردووە، جیا لەبابەتی بودجە بۆ بابەتی کەرکووک و کۆتایی هاتنی عەسکەرتاریەتی شارەکە و ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و تەواوکردن لێکۆڵینەوەکان و سزادانی تاوانبارەکان و کیشەی جووتیاران زنجیرەیەک کۆبوونەوە ئەنجامدرا، دووایینیان لە کۆبوونەوەی دوێنێ شەودا بوو، کە “کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ لەبارەوە درا”، شاخەوان گوتی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...