ئابوورییاسای نه‌وت و گاز
ئاراستەکان

بیرۆکەی سەربەخۆیی ئابووری هەرێم کڕیاری نییە

شکۆ شێرکۆ

 

لە ساڵی ٢٠٠٧، دوای پەسندکردنی بڕیاری بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە لایەن پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە، بۆ یەکەمجار ئەزموونکردنی ئابووریی سەربەخۆ بووە زیاتر لە هیوایەک بۆ کوردەکان و زەنگی حکوومڕانییەکی خۆسەرییانە، ئەگەرچی نزمیش بووبێت، دەبیسترا. بێگومان، ئەوە وای کرد گرژییەکان لە نێوان حکوومەتی هەرێم و بەغدا ڕوو لە هەڵکشان بن. کردنەوەی بۆڕییە نەوتییەکانی کوردستانیش لە ساڵی ٢٠١٣، هەروەها بەستنیان بە بۆڕییە نەوتییەکانی تورکیا، دواتریش بە بەندەری جیهان لەسەر دەریای ناوەڕاست، دوژمنایەتیکردنی ڕاستەوخۆی بەرپرسانی بەغدای لێکەوتەوە، لە فۆڕمی نەناردنی بەشە بودجەی فیدراڵی هەرێم.

 

ناکۆکییەکان بەردەوامبوون تاوەکوو ٢٥ی ئاداری ئەمساڵ، کاتێک ژووری بازرگانیی جیهانی بڕیاری لە دەستوور دەرچوونی حکوومەتی هەرێمی دەرکرد و تورکیای ناچار کرد چیدی نەوتی هەرێم هاوردە نەکات، قەرەبووی عێراقیش بکاتەوە بەهۆی ئەو نەوتەی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٨ لە هەرێمەوە هاوردەی کردووە. دوای نزیکەی پێنج مانگ و نیو لە دانوستانی دوو لایەنە و سێ لایەنە، لە نێوان حکوومەتی هەرێم، حکوومەتی عێراق و تورکیا، نەک هەر شکست هێنرا لە گەیشتن بە گرێبەستێک، بەڵکوو چارەسەر نیگایەکی زۆر دوورترە لە جاران. بۆیە، لە چەند هەفتەی داهاتوو، کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دۆخێکی چارەنووسساز دەبێت، کە ئەگەری هەیە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە جیۆپۆلەتیکی هەرێم بکات.

 

ئەگەرچی چارەنووسی کەرتی نەوت و گازی هەرێم زیاتر لەژێر بڕیاری هێزە جیهانییەكانه‌، ململانێی چەند مانگی ڕابردووی یەکێتی و پارتی، دوو حزبە دەسەڵاتدارە ناوخۆییەکەی کوردستان، هۆکار بووە وەستان لە دژی ئەو کاریگەرییە دەرەکییانە ئەستەمتر بێت و دەنگی ناوخۆ توانایەکی ئەوتۆی نەمێنێت. بۆیە، داهاتوو ڕوون نییە و پێوەستە بە بەرژەوەندیی گشت هێزە جیهانی و ناوچەییەکانەوە.

شەهریار شێخلەر، ڕاوێژکاری باڵا و شرۆڤەکاری بازاڕی نەوت و گاز، لە ئۆیلپڕایس، ئاماژە بۆ هەندێک خاڵی گرنگ لەسەر نەوتی هەناردەکراوی هەرێم دەکات:

  • سیاسەت لە هەرێم: پەرتەوازەبوونی حزبە گەورەکانی هەرێم، دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ هێزە دەرەکییەکان تاوەکوو خۆسەریی هەرێمەکە بەلاوە بنێن. یەکگرتوویی گەورەترین حزبەکانی ناوەوەی هەرێم لە بەرژەوەندیی کوردستان دەبێت لە کاتی دەرچوونی یاسای نەوت و گاز.

 

  • پابەندبوون بە مەرجەکان لە لایەن هەولێر و بەغداوە: پابەندبوون بە گرێبەستی کاتی، بە تایبەت لەسەر یاسای بودجە و یاسای فیدراڵی نەوت و گاز، بە ئەگەری زۆرەوە داهاتووی کەرتی سامانە سرووشتییەکانی کوردستان دیاری دەکات. هەر لادانێک لە گرێبەستەکان دەکرێت بڕیاری ڕیشەییانە بهێنێتە کایەوە.

 

  • وجودی نەوتی کوردستان لە بازاڕەکانی جیهان: کات و گونجاوی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان و گەیاندنی بە کڕیارە جیهانییەکان، وەستاوەتەوە سەر بەغدا و ئەنقەرە. هەماهەنگی لە نێوان حزبە کوردییەکان ڕەنگە بڕیاری بەغدا لە بەرژەوەندی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم هان بدات، لە کاتێکدا بەکارهێنانی ناوخۆییانەی نەوتی کوردستان دەکرێت بەربەستی دارایی و ئیداری زیاد بکات.

 

  • ئامادەباشیی حکوومەتی هەرێم بۆ دەستپێکردنەوە و بەردەوامبوونی بەرهەمهێنانی نەوت: حکوومەتی هەرێم پێویستە ئاگاداری ئەوە بێت ئەو حکوومەتانەی توانای هەناردەکردنی نەوتی زیاتریان هەیە، کاریگەری زیاتریان بەسەر سیاسەتە نێودەوڵەتییەکان هەیە. ئەگەر ڕۆڵی حکوومەتی هەرێم لە ئاسایشی وزەی جیهانی بە خێرایی جێی خۆی نەکاتەوە، دەکرێت کاریگەریی نەرێنی بەسەر خواستی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان هەبێت بۆ وەبەرهێنانیان لە هەرێم، بەمەش پیشەسازیی نەوتی ناوچەکە بەرەو داڕمان بچێت.

 

  • بەرژەوەندیی هێزە جیهانییەکان لە بەردەوامبوونی هەناردەی نەوتی کوردستان: خواستی هێزە جیهانییەکان، بە تایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕووسیا، بۆ پیشەسازیی نەوت و گازی هەرێم کاریگەری زۆری دەبێت. قایلکردنی ئەو دەوڵەتانە بەوەی نەوت و گازی هەرێم هیچ مەترسییەکی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان نییە، ستراتیجییەکی نێودەوڵەتی گرنگە بۆ سەرکردەکانی کورد.

 

  • فاکتەرەکانی بازاڕی نێودەوڵەتی: گۆڕانی هاوسەنگی بازاڕە جیهانییەکانی نەوت لە داهاتوو، دەکرێت کاریگەری بەسەر دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان هەبێت، ئەوەش دەکرێت ڕووبدات بەهۆی گۆڕانی گەورە لە نرخەکانی نەوت و دینامیکی بازاڕەکانی جیهان.

 

  • ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان و عێراق: کاردانەوەکانی گرووپە ئۆپۆزسیۆنە کوردی و عێراقییەکان بۆ ڕێککەوتنی نەوتی نێوان بەغدا و هەولێر، هەروەها بەربەستەکانی بەردەم دادگای باڵای فیدراڵی، دەکرێت بۆ ماوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی نەوت ڕابگرێت.

 

  • ئاسایشی وزەی ئەورووپا و بەردەستی سەرچاوەکانی گازی سرووشتی: هاوسەنگی بازاڕی گازی ئەورووپا ڕەنگە گرنگ بێت بۆ داهاتووی پیشەسازیی نەوت لە کوردستان، بەگوێرەی پێویستییەکانی گازی سرووشتی ئەورووپا لە چەند ساڵی داهاتوو.

 

  • بەرژەوەندیی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە نێوان هەولێر و بەغدا: کاردانەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ گرێبەستەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم چۆن دەبێت، ئەگەر حکوومەتی فیدراڵی عێراق هەڵبژاردەی بەشداری ڕاستەوخۆیان لەگەڵ بەغدا پێ بدات. ئەوەش ڕەنگە کاریگەری بەسەر دینامیکی پیشەسازییەکە هەبێت و ببێتە هۆکاری ناکۆکییەکان.

 

  • بەرژەوەندییەکانی تورکیا: ئەگەری گەڕانەوەی هەناردەکردنی ڕاستەوخۆی نەوت بۆ تورکیا، ڕەنگە هانیان بدات دەرفەتی ئەنجامدانی گرێبەستی جیاواز لە بەرژەوەندیی خۆیان بقۆزنەوە.

سیناریۆکانی پیشەسازیی نەوت و گازی کوردستان هەمەجۆرن، لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لەژێر ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، تاوەکوو بەردەوامیدان بە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت و زیادبوونی فشارەکان لە لایەن بەغدا درێژ دەبنەوە. ئەنجامی کۆتایی دەوەستێتە سەر کارلێکی نێوان فاکتەرە باسکراوەکانی سەرەوە، هەروەها داهاتووی پیشەسازیی نەوتی کوردستانیش زۆر بە نادڵنیایی دەمێنێتەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...