شرۆڤه‌
ئاراستەکان

دوای سی ساڵ بۆ وای لێهات

تاکە یەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی لەم دنیایە، کە بۆ زیاتر لە سی ساڵە یەک سەربازی بێگانە لەسەر خاکەکەی نەبێت، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستانە، لە ھەرێم.

 

تاکە یەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی لەم دنیایە، کە بۆ زیاتر لە حەوت ساڵ ڕۆژانە، بێگەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی داگیرکەر، نزیکەی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەناردەی دەرەوەی وڵات کردبێت، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستان بوو، لە ھەرێم.

تاکە یەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی لەم دنیایە، کە ژمارەی دانیشتوانەکەی لە شەش ملیۆن تێپەڕ نەکات و زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار چەکداری ھەبێت، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستان بوو، لە ھەرێم.

 

بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستان، تاكه‌ بزوتنه‌وه‌یه‌ کە ژمارەی دانیشتوانەکەی لە شەش ملیۆن تێپەڕ نەکات و زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار چەکداری ھەبێت

 

تاکە یەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی لەم دنیایە، کە پێش ڕزگاربوونی نیشتمانەکەی بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵ خاوەنی حکوومەت و پەرلەمان و دادگا و دامەزراوە ئەمنییەکانی خۆی بێت، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستان بوو، لە ھەرێم.

تاکە یەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی لەم دنیایە، کە بۆ ماوەی سی ساڵ بێگەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی دەوڵەتە داگیرکەرەکەی مومارەسەی سیاسەتی بەرگری و دەرەوەی خۆی کردبێت، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستان بوو، لە ھەرێم.

تاکە یەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کە بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵ بێ سانسۆر میدیایەکی زەبەلاحی لەبەردەستدا بوو بێت و نەیتوانی بێت گوتارێکی نیشتمانی دروست بکات، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستان بوو، لە ھەرێم.

 

بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستان، بۆ ماوەی زیاتر سی ساڵ بەرنامەکانی خوێندن و پەروەردەی لەبەردەستدا بووه‌ و نەیتوانیوه‌ مرۆڤێکی باوەڕبەخۆ و خۆڕاگر و کورددۆست و نیشتیمانپەروەر دروست بکات

 

تاکە یەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی لەم دنیایە، کە بۆ ماوەی زیاتر سی ساڵ بەرنامەکانی خوێندن و پەروەردەی لەبەردەستدا بوو بێت و خۆی داڕێژەر و بەڕێوەبەری خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی و زانکۆ بووبێت و نەیتوانی بێت مرۆڤێکی باوەڕبەخۆ و خۆڕاگر و کورددۆست و نیشتیمانپەروەر و خاوەن شوناس و دڵسۆزیی بۆ خاک و نەتەوەکەی دروست بکات، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستان بوو، لە ھەرێم.

تاکە یەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی لەم دنیایە، کە ئەو ھەموو دەسەڵات و توانا و سەرچاوانەی لەبەردەستدا بوو بێت و دەوڵەتێکی سەربەخۆ، یان لانیکەم، کیانێکی سیاسی خۆبەڕێوەبەری، بنیات نەنابێت، ئەوە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستان بوو، لە ھەرێم.

 

گرنگترین هۆكاری ئه‌م شكسته‌، نه‌بوونی سەرکردایەتییەکه‌ کە خەمی گشتیی، خەمی نەتەوە و نیشتمان، لە پێش حزب و بنەماڵە و گیرفان دابنێت

 

ھۆکاری ئەم شکستە زۆرە، ھەندێکیان ناوەکیی و ھەندێکیان دەرەکیی، بەڵام ئەگەر لە من بپرسن کە گرنگترین ھۆکار لە پشت ئەو شکستە چییە. ئەوە بە دڵنیاییەوە دەڵێم نەبوونی سەرکردایەتییەکی حەکیم و ڕەشیدە. سەرکردایەتییەک کە خەمی گشتیی، خەمی نەتەوە و نیشتمان، لە پێش حزب و بنەماڵە و گیرفان دابنێت. سەرکردایەتییەک کە لە ڕێگەی دامەزراوەکان و بە کەڵکوەرگرتن لە ڕاوێژ و ھەڵسەنگاندن بڕیار بدات نەک عەقڵی خێڵ و ڕق و توڕەیی و تۆڵە ئاڕاستەی بکات.

بەخۆداچوونەوە و دەست لە کارکێشانەوەی دەستەجەمعی نەک ھەر شەرم نییە، بەڵکو بڕیارێکی حەکیمانەیە.

شێرکۆ کرمانج

نووسەر و لێکۆڵەر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...