شرۆڤه‌كه‌لتوور
ئاراستەکان

مەولوودی پەیامهێن و پەیامی نەگوتراوی خەڵک

تا دێت، بەرزڕاگرتن و زیندووکردنەوەی ڕۆژی لەدایکبوونی پەیامهێنی ئیسلام کە پێی دەگوترێت مەولوود، لە هەڵکشاندایە، لە بەرانبەردا، پێڕەوانی پەیڤ و ئاکارەکانی ئەو پەیامهێنە تا دێت دادەبەزێت. مەبەستم لەوە نییە تا دێت خەڵک لە ئیسلام وەردەگەڕێت، بەڵکوو تا دێت خەڵک چیتر ناتوانێت بەگوێی ئەو ئاکار و ئامۆژگاری و ڕێنوێنییانە بکات، کە پەیامهێن بۆ بڕوادارانی داڕشتووە، یان با بڵێین بەناوی ئەوەوە گوتراون.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

هەموو ساڵێک لەم یادەدا، سەلەفییەکان دژایەتییەکی ئاشکرای ئەو خەڵکە دەکەن، کە دەیانەوێت لە یادی لەدایکبوونی پەیامهێندا، خۆشی دەرببڕن و بە شێوەی جیاواز یادەکە زیندوو ڕابگرن. ئەوان پێیان وایە، ئەوە کەی بەرزڕاگرتنی یادی پێشەوای ئیسلامە، لە کاتێکدا لە تەواوی ڕۆژەکانی ساڵدا، خەڵکی ئاگایان لە ئاکار و گوتارەکانی نییە و تەنانەت پێچەوانەکەشی دەکەن؟ بگرە هەر لە ڕۆژی لەدایکبوونەکەشیدا، کۆمەڵێک ئاکار دەکرێن، کە دژی ڕێنوێنییەکانی پەیامهێن خۆیەتی!

مرۆڤ بە چاوێکی دادپەروەرانە سەیری ئەو دوو بەرەیە بکات، دەبینێت سەلەفییەکان ڕاست دەکەن و ڕێگەی دروست بۆ سەلماندنی شوێنکەوتەبوونی هەر کەسێک یان ئایدیایەک ئەوەیە، بەگوێی بکەیت. لە بەرانبەردا، ئەو خەڵکەش هەر لەسەر حەقن، بگرە ئەوان ڕاستترن، کە ساڵی ڕۆژێک بۆ یادی پەیامهێن تەرخان دەکەن و تەواوی ڕۆژەکانی تر سەرقاڵی ژیانی ئاساییی خۆیانن، بەبێ ئەوەی هێندە بە قووڵی چووبێتنە ناو ئاگابوون لە ڕێنوێنییەکانی پەیامهێنەوە.

 

ئایینی ئیسلام پاش تێپەڕینی هەزار و چوار سەت و ئەوەندە ساڵە، کە ئیتر ناتوانێت پێداویستیی سەردەم وەک خۆی پڕ بکاتەوە، وردە وردە تەنیا لە چوارچێوەی یادەکاندا خۆی دەنوێنێت

 

دەگوترێت یادی مەولوود، داهێنراوی هەولێرییەکانە و لە سەردەمی سوڵتان موزەفەردا یادەکە دروست كراوە. ڕەنگە ئەمە وا بێت، بەڵام مەرج نییە هەر ئەم یادەی ئێرە پەڕیبێتەوە ناو نەتەوە و شوێنەکانی تری موسڵمانان، بەڵکوو هەر یەکە لەو میللەتانە بە شێوەی خۆی یادەکەی کردبێتەوە، کە لە ڕاستیدا داهێنان نییە، بەڵکوو وەرگیراوی ئایینەکانی ترە. سەرنج بدە، تەواوی ئەو میللەتانەی پێشتر شارستانییەت و ئایینی جۆراوجۆریان دیوە، زووتر فێری یادی مەولوود بوون، چونکە یادێکی لەو شێوەیە یان بە کەمێک جیاوازییەوە لە ئایینەکانی ترەوە بۆ ئەم ئایینەی نوێیەیان گواستووەتەوە. لە هەموو ئایینەکانی تردا، کاتێک دین سەردەمی بەسەر دەڕوات و چەرخی ژیانیش لە گەشەدایە، ئیدی ئایینەکان لە یاد و بۆنەدا کورت دەبنەوە. ئایینی ئیسلامیش بە هەمان شیوە، ئیدی پاش تێپەڕینی هەزار و چوار سەت و ئەوەندە ساڵە، کە ئیتر ناتوانێت پێداویستیی سەردەم وەک خۆی پڕ بکاتەوە، وردە وردە تەنیا لە چوارچێوەی یادەکاندا خۆی دەنوێنێت، ئەمەش بابەتێکی تەواو سۆسیۆلۆجییە. بەردەوام کۆمەڵگەکان فرەدەنگیی نەگوتراویان هەیە، کە ئامادە نین بە زار ددانی پێدا بنێن، بەڵام بە کردەوە لەسەری کۆکن، بەتایبەتی لەمەڕ بابەتی ئایینیدا. کۆمەڵگەکانی موسڵمان لەم سەردەمەدا، چیتر بەرگەی ئەوە ناگرن شوێن کۆمەڵێک ڕێنوێنی بکەون کە پێش چواردە سەتەیە بۆیان داڕێژراوە، بە بەڵگەی ئەوەی هەرگیز ئاکاری ڕۆژانەیان نابەستنەوە بەو ئاکار و کردارانەی سەردەمانی سەرەتای ئایینی ئیسلام خەڵک پێڕەویان کردووە، بەڵکوو هەوڵ دەدەن سەردەمیانە بژین.

 

بە مانایەکی تر، مەولوود بۆ پینەکردنێکی دەروونییە، گوایە هێشتا لەسەر ڕێبازێک ماون کە هەرگیز ئامادە نین شوێنی وردەکارییەکەی بکەون

 

ژیانێکی سەردەمیانە و ئایینێکی ناسەردەمی، تاکێکی موسڵمانیش وەک تاکێکی کریستیان و تاکێکی جوو ناچار دەکات، ئایینەکەی لە چوارچێوەی بۆنەدا بپارێزێت. زەحمەتە ئەو خەڵکە ددان بەوەدا بنێن، کە ئیتر مۆدی ئەوە نەماوە بە ئەقڵی کەسانێکی زۆر کۆن، سەردەمێکی زۆر تازە بەڕێوە ببرێت، بۆیە لە ناخیاندا هەست دەکەن بە یادکردنەوەی مەولوود و دابەشکردنی چەند عەلاگەیەک سەموون و چەند سەتڵێک شەربەت، لە دەروونیاندا قەرزەکەیان داوەتەوە. بە مانایەکی تر، مەولوود بۆ پینەکردنێکی دەروونییە، گوایە هێشتا لەسەر ڕێبازێک ماون کە هەرگیز ئامادە نین شوێنی وردەکارییەکەی بکەون.

 

بازرگانێک کە باش دەزانێت بازرگانییەکەی بەپێی بنەماکانی شەرع بۆ بازرگانی حەرامە، لەم ڕۆژەدا لە هەموو کەس دەستبڵاوترە

 

ئەوانەی زۆرتر وابەستەی مەولوود و هێما و ڕەمزە ئایینییەکانن، زیاتر ئەو مرۆڤانەن کە هەرگیز ئاکاری ڕۆژانەیان لەگەڵ ئاییندا گرێ نادەن. بازرگانێک کە باش دەزانێت بازرگانییەکەی بەپێی بنەماکانی شەرع بۆ بازرگانی حەرامە، لەم ڕۆژەدا لە هەموو کەس دەستبڵاوترە. هونەرمەند، پزیشک، مۆدێلست، سیاسی، سۆزانی و هەموو جومگەکانی تر، تا زۆرتر لە ڕێنوێنی دوور بن، زیاتر بە شکڵییاتی ئایینەوە بەندن. سەلەفییەکان کە هێشتا گیریان بە دەقی کۆنەوە خواردووە و ئامادە نین ژیان بەپێی سەردەم بەڕێوە ببەن، دژی مەولوود و ئەو کەسانەن کە یادەکە دەکەنەوە، چونکە دەزانن ئەوانە لە ڕۆژانەیاندا هەرگیز پەیامهێنیان نەناسیوە. مەلایەکی ئاسایی کە هەردەم دیوی پڕی پەرداخەکە دەبینێت، دەڵێت، ئەگەر ساڵانە هیچ نەبێت لە مەولوود، ڕەمەزان و جەژنەکانیشدا خەڵک بیری بچێتە لای ئایینەکەی، زۆر باشترە لەوەی هەر بیری نەمابێت.

كوردۆ شابان

نووسەر و وەرگێڕ

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...