هه‌واڵ

کەمترین مووچەی خانەنشینان بۆ ٥٠٠ هەزار دینار بەرز دەکرێتەوە

ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ یەکخستنی یاسای خانەنشینی لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە پەسەند کرد و بەو پێیەش کەمترین مووچەی خانەنشینی بۆ ٥٠٠ هەزار دینار بەرز دەکرێتەوە، لەکاتێکدا ئێستا کەمترین مووچەی خانەنشینی ٢٢٠ هەزار دینارە لە هەرێمی کوردستاندا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا، بابەتی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵ خستەڕوو، ئەمەش بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ی بەرکار لە عێراق کە یاسای ژمارە ٢٧ی ساڵی ٢٠٠٦ی هەڵوەشاندووەتەوە، هەروەک لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی هاتووە و لە ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری داراییش پێشنیاز کراوە کە لە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، کار بە یاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ بکرێت بە ئاڕاستەی یەکسانیی لە مووچە و ئیمتیازات و شایستەی دارایی خانەنشینان کە ژمارەیان لە هەرێمی کوردستان ٢٧٧ هەزار و ٥٤١ کەسن و خەرجی کۆی مووچەی مانگانەی ئێستایان ١٢٢ ملیار دینارە.

 

دواتریش هەریەک لە ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ڕوونکردنەوەی پێویستیان خستەڕوو.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران وردەکاریی جیاوازییەکانی  نێوان هەردوو یاسای خانەنشینی کارپێکراو لە هەرێم ژمارە ٢٧ی  ساڵی ٢٠٠٦  و یاسای خانەنشینی یەکگرتووی فیدڕاڵ ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ی خستەڕوو، ئاماژەی بەوە دا کە بە شێوەیەکی گشتی جێبەجێکردنی یاسای ساڵی ٢٠١٤ لە بەرژەوەندی خانەنشینانی هەرێمە کە مووچە و شایستەکانیان هاوتا دەکات لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ بە تایبەتیش کە ئێستا لە هەرێم کەمترین بڕی مووچەی خانەنشینی ٢٢٠ هەزار دینارە، لە کاتێکدا کەمترین مووچە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ٥٠٠ هەزار دینارە، ئەمە جگە لە دەرماڵەی بژێویی کە بڕەکەی ١٠٠ هەزار دینارە و مانگانە بۆ خانەنشینانی عێراق خەرج دەکرێت، سەرەڕای وەرگرتنی پاداشتی کۆتایی خزمەت لە حکوومەتی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای کۆی دوا مووچە و دەرماڵە نەک تەنیا مووچەی بنەڕەتی.

 

هەروەها ئاماژەشی بەوە دا کە سەرەڕای ئەمانە، بە جێبەجێکردنی یاسای ساڵی ٢٠١٤، سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بە یەک یاسا و مەرج و پێوەر، خانەنشین دەکرێن و یەک دامەزراوەش بە ناوی دەستەی خانەنشینی نیشتمانی، تایبەتمەند دەبێت بە خانەنشینی لە سەرجەم بوارەکانی وەزیفەی گشتی (شارستانی و سەربازیی و پێشمەرگایەتیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ) کە ئێستا بە گوێرەی یاسای ساڵی ٢٠٠٦ هەر یەک لەم  پۆستانە یاسای خانەنشینی تایبەت بە خۆیان هەیە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری پەسەندکردنی پێشنیازی وەزارەتی دارایی و ئابووری و تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستانی دا بە یەکخستنی یاسای خانەنشینی لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لە پێناوی بەرژەوەندی خانەنشینانی هەرێم و هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵ.

 

لەو چوارچێوەیەشدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری و دیوان و سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاسپێردراون تا ڕێکاری یاسایی پێویست بگرنەبەر و لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە پەیوەندیدا بن بۆ ئەم مەبەستە و لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمیش، وەزارەتی دارایی و ئابووری بەردەوام بێت لە هەنگاوەکانی ئامادەسازیی ڕێکخستنەوەی کەرتی خانەنشینی لە چوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی فیدڕاڵیی ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤.

 

هەر لەو کۆبوونەوەیەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، گفتوگۆ لەبارەی بابەتی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم و مووچەی مانگی پێنج و شەشی پێشمەرگە و ئاسایش و دوا پێشهاتی وردبینی و پێداچوونەوەی لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کرا، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە وەزارەتەکان بەردەوام بن لە ناردنی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە لە ١٠ ڕۆژی یەکەمی هەموو مانگێک تا هیچ بیانوویەک نەمێنێت کە ببێتە هۆی دواخستنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆران و دووپاتیشی کردەوە کە  بەردەوام بن لە ئاسانکاریکردن بۆ تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی.

 

ڕاگەیەندراوەکە دەڵێ، ئەنجوومەنی وەزیران، پێشوازی لە ڕوونکردنەوەی سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی كردووە، تایبەت بەوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بانکی حکومیی و هەموو ئەو بانکانەش کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق ڕێگەپێدراون و لە هەرێم کار دەکەن و لە چوارچێوەی پرۆژەی (هەژماری من) لە هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێریی و ڕێنمایی بانکی ناوەندی پڕۆسەی بەبانکیکردنی پێدانی مووچەی هەرێم جێبەجێ دەکەن، بەم شێوەیەش مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، هاوشێوەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئازادن لە بەبانکیکردنی مووچەکانیان لە بانکە حکومی و تایبەتەکان کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە ڕێگەپێدراو بن.

 

ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە مووچەخۆران دەکات ئەوانەی تا ئێستا پڕۆسەی بەبانکیکردنیان لە چوارچێوەی پرۆژەی (هەژماری من) تەواو نەکردووە، لە نزیکترین کاتدا، خۆیان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی تاکۆتایی ئەمساڵ وەک بڕیارە تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تۆمار بکرێن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button