سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

فەرامۆشكردنی ماف

دوێنێ شەو بابەتێكی د. یوسف محەمەد سەرۆكی پێشووی پەرلەمانم بینی، كە تێیدا باسی لە نهێنی و زیانەكانی ڕیفراندۆم كردبوو. بە ڕوونی دیار بوو كە لە بۆچوونەكانیدا ڕق و دەرفەت بۆ تۆڵەسەندنەوەی شەخسی زاڵە نەك ڕوانینێكی جیددی لەمەڕ گرفتەكانی خستبێتەڕوو. ئەو بەڕێزە باسی ساڵی ٢٠١٧ و دەرهاوێشتەكانی دواتر دەكات و بە هیچ شێوەیەك بەلای ڕێكکەوتی پێشووتر ناچێت. ئەو باسی ئەوە ناكات، كە هەر لە تەمووزی ٢٠١٤ەوە پەرلەمانی كوردستان (كە خۆی سەرۆكی بوو) دەستی بە ئامادەكارییەكان كرد، بۆ ئەوەی یاسای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان پەسەند بكرێت، ئەویش بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ ڕیفراندۆم.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دكتۆر یوسف دەبووایە ڕاستگۆیانە دوابا و باسی كۆبوونەوەی ١٨ی ئایاری ٢٠١٥شی كردبا، كە تێیدا سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان زۆر بەر لە ئەیلوولی ٢٠١٧ باسی سەربەخۆیی كوردستانیان كردووە. كۆبوونەوەكە گرنگ و مێژوویی بوو، كۆبوونەوەكە دوای گەڕانەوەی سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری و دیداریان لەگەڵ سەرۆك ئۆباما ئەنجام درا. بەداخەوە كەمتر باس لە بڕیار و دەرئەنجامەكانی ئەو كۆبوونەوەیە كراوە. ئەگەر حزبەكان پابەندی بڕیارەكانی كۆبوونەوەكە و ئەو بەڵێنانە بووان، كە بە سەرۆك بارزانیان دا، بە دڵنیاییەوە پڕۆسەی ڕیفراندۆم زووتر بەڕێوەدەچوو و، ڕەنگە ئێستا كوردستان لە دۆخێكی تر بووایە.

بەشداربووانی كۆبوونەوەكە: سەرۆك مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێم، كۆسرەت ڕەسووڵ جێگری سەرۆكی هەرێم، د. یوسف سەرۆكی ئەوكاتی پەرلەمان، عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتیی ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان، قوباد تاڵەبانی، جەلال جەوهەر، مستەفا سەید قادر، ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی، ئەمیری كۆمەڵ، سەرۆكی حزبەكانی تر و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان.

 

ئەگەر حزبەكان پابەندی بڕیارەكانی كۆبوونەوەكە و ئەو بەڵێنانە بووان، كە بە سەرۆك بارزانیان دا، بە دڵنیاییەوە پڕۆسەی ڕیفراندۆم زووتر بەڕێوەدەچوو و، ڕەنگە ئێستا كوردستان لە دۆخێكی تر بووایە

 

بابەتی كۆبوونەوەكە: تاوتوێكردنی سەردانی سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری بۆ ئەمریكا و ئەوروپا و بابەتی سەربەخۆیی.

بەشێكی كۆبوونەوەكە: “ئەمیری كۆمەڵ: وەڵڵاهی جەنابی كاك مەسعوود دیارە سەفەرێكی گرنگت كردووە و بە دەستێكی پڕ گەڕاویەتەوە. ئەوە شتێكی زۆر باشە و مەسئولیەتی گەورەی مێژووییە. ئایا جەنابت دەتوانی ئەو مەسئولیەتە هەڵبگرن؟ سەرۆك بارزانی: ڕاستە مەسئولیەتەكە گەورەیە، بەڵێ ئامادەم هەڵیبگرم بەڵام ئەگەر لەناوخۆدا تێكی نەدەن”.

بڕیارەكان: پێكهێنانی كۆمیتەی سەربەخۆیی لە كەسی یەكەم و دووەمی ئەحزاب و دامەزراوەكانی هەرێم. ئەم كۆمیتەیە كار بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكات:

دانانی خشتەی زەمەنی بۆ سەربەخۆیی، یەكخستنی وتاری ڕاگەیاندن بۆ بابەتی سەربەخۆیی، نووسینەوەی دەستوور بۆ دەوڵەت، بەرگری و پێشمەرگە بۆ سەربەخۆیی، ئابووری سەربەخۆیی و چەند ئەركی گرنگی تر.

بڕیار درا بۆ ماوەی دوو هەفتە حزبەكان نوێنەرانی خۆیان بۆ كۆمیتەكە دیاری بكەن، كەچی حزبەكان بە حزبەكەی د. یوسفەوە نوێنەریان نەنارد و خەریكی بەرنامەی بیست و سێی حوزەیران بوون بۆ شكاندنی سەرۆك بارزانی و پارتی.

هۆكاری پشتكردن لە بڕیارەكان و بەڵێنەكانی كۆبوونەوەی ١٨ی ٥ی ٢٠١٥ ئەوە بوو، كە ڕێكخەری پێشووی گۆڕان و بەشێك لە یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی پێیان وابوو سەرگرتنی سەربەخۆیی بە قازانجی بارزانی و پارتی تەواو دەبێت، بۆیە دەبێت لە بەرانبەریدا بوەستنەوە. ئەوان پێیان وابوو لەم پڕۆسەیە دەبێت بارزانی ئاوت بكرێت. هەربۆیەش لەبری كاركردن بۆ بیركردنەوە و داڕشتنی بنەماكانی سەربەخۆیی و دەوڵەت، خەریكی نووسینەوەی چەند پڕۆژەیاسای سەرۆكایەتیی هەرێم بوون. د. یوسف دەبووایە پێمان بڵێت بۆچی وایان كرد؟

 

٢٠١٥ كاتێكی زێڕین و گونجاو بوو بۆ ئەوەی كوردستان بكەوێتە ناو پڕۆسەی سەربەخۆیی، بەڵام هەر ئەوانەی ئێستا قسە لەسەر كات و تەوقیت دەكەن و ڕەخنە لە ڕیفراندۆم دەگرن لە ساڵی ٢٠١٥دا پڕۆسەكەیان لەباربرد

 

ئەم دژایەتیكردنە وای كرد ڕیفراندۆم دوو ساڵ و چوار مانگ دوابخرێت و كاتی زێڕین بەفیڕۆ بڕوات. ئەوكات هەموو پارسەنگە سیاسی و ئابووری و سەربازییەكان لە بەرژەوەندیی كوردستان بوون. بەداخەوە هەر لەسەرەتای پڕۆسەكەوە بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان كەوتنە ئەوەی پڕۆسە نیشتمانییەكە بچووك بكەنەوە و بە ململانێی شەخسی و حزبی ببەستەوە. ئەوكات هەرێمی كوردستان لە پێگەی هێز بوو و لە شەڕی داعشیشدا براوەی جەنگ بوو. هەرێم پێگەیەكی بەرزی لەناو كۆمەڵگەی دەولیدا هەبوو و دامەزراوەكانیشی پتەو بوون و لەڕووی ئابووریشەوە سەربەخۆ بوو و گوشارەكانی بەغدا كاریگەریی لەسەر نەبوو. بە دەربڕینێكی تر، كاتێكی زێڕین و گونجاو بوو بۆ ئەوەی كوردستان بكەوێتە ناو پڕۆسەی سەربەخۆیی، بەڵام هەر ئەوانەی ئێستا قسە لەسەر كات و تەوقیت دەكەن و ڕەخنە لە ڕیفراندۆم دەگرن لە ساڵی ٢٠١٥دا پڕۆسەكەیان لەباربرد.

بەشێكی تری نەیارانی ڕیفراندۆم وای بۆ دەچن، كە ڕیفراندۆم پڕۆسەیەكی هەڵە بوو، چونكە نەیاران و داگیركارانی كوردستانی تووڕە و دڕتر كرد. نەیارانی كوردستان حەزیان لە سەربەخۆیی كوردستان نییە، بۆیە نەدەبووا ڕیفراندۆم ئەنجام درابا. پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە: كەی نەیارانی كوردستان ڕازی دەبن بە پڕۆسەی سەربەخۆیی؟ وەڵامەكە: هیچ كات. بەشێك لە نەیارانی كوردستان تەنانەت نایانەوێت هەناسە بدەین. گرفتیان لەگەڵ قووت و بوون و شار و كوچە و كۆڵان و زمان و سەرجەم مافەكانمان هەیە. ئایا دەكرێت تاهەتایە لەبەر ئەوەی نەیار پێی ناخۆشە، ئێمە دەستبەرداری بوونمان بین؟

 

یاسای نێودەوڵەتی و بنەماكانی سیستەمی جیهانی بەشێوەیەك داڕێژڕاون، كە بواری بۆ گەلێكی شەست ملیۆنی نەهێشتۆتەوە مافە سەرەتایی و سروشتییەكانی خۆی پیادە بكات

 

بەشێكی تری لێكدانەوەكان لەناو خودی كورد وای بۆ دەچن، كە یاسا نێودەوڵەتییەكان و بەرژەوەندیی وڵاتان هیچ كامێكیان لە بەرژەوەندیی كورد نین. ئەمەیان ڕاستیی تێدایە، یاسای نێودەوڵەتی و بنەماكانی سیستەمی جیهانی بەشێوەیەك داڕێژڕاون، كە بواری بۆ گەلێكی شەست ملیۆنی نەهێشتۆتەوە مافە سەرەتایی و سروشتییەكانی خۆی پیادە بكات. بەڵام ئەوە هیچ كات بەو مانایە نایەت، كە مافمان نییە، ئەو مافە هەیە، بەڵام نكۆڵی كراوە و پێشێل بووە. تێڕوانینێكی تر باس لەوە دەكات، كە ڕیفراندۆم بووە هۆی ئەوەی نیوەی خاكی كوردستان لەدەست بدرێت. هۆكاری سەرەكیی لەدەستچوونی خاك مەعرووفە و هەموو كەس وردەكاریی ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم دەزانێت و لێرەدا جێگەی باس نییە.

ئەو تەوژمە بێویژدان و نامەسئولەی لەناوخۆی كوردستان بارودۆخی نالەباری كوردستان بۆ ئەوە دەقۆزێتەوە كار لەسەر نائومێدكردن و فەرامۆشكردنی مافەكان و بەحەقزانینی نەیارانی كوردستان و سەركۆنەكردنی مافی ڕەوای خەڵكی كوردستان دەكات، جێگەی هەڵوەستەكردنە. نەیار چەندە بەهێز بێت، بارودۆخی دەولی لە بەرژەوەندی كورد بێت یان نا؟ ململانێ سیاسییەكان هەبن یان نا، سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات گرفتی هەبێت یان نا، هەموو ئەو گرفتانە بەو مانایە نایەن، كە گەلی كوردستان خاوەنی ماف نییە. ئێمە گەلێكین سەرجەم بنەماكانی نەتەوە و نیشتمان و كیانمان هەیە. ئەم حەقیقەتە لە لایەن كوردەوە نابێت لەژێر هیچ بارودۆخێكدا فەرامۆش بكرێت.

زكری موسا

نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...