سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

عێراق چی لە هەرێم دەوێت؟

چەند ساڵێکە لە چەندين نووسين و بۆنەدا ئاماژەم بەوە کردووە، کە ئەگەر حکوومەتی هەرێم، دوو حوکمڕانەکەی کوردستان، پرسی مووچە چارەسەر نەکەن، ئەوا هەرێم بە خەڵک و حکوومەت و حيزبەوە زەليل دەکرێن و دەکەونە بەردەم مەترسی داڕووخان. ئەمڕۆ ڕوون و ئاشکرایە عێراق پرسی مووچە بەکاردەهێنێت بۆ لێدان نەک تەنيا لە هەرێم، بەڵکو لە دۆزی کورد بە گشتی.

 

ئێستا مەرجەکانی عێراق بۆ ناردنی مووچە، ئەوەندەی شاراوە و ناڕاستەوخۆیە، ئەوەندە بە فەرمی و ئاشکرا باسی ناکەن.

عێراق مەرجی ناردنی مووچەی بەستووەتەوە بە ڕووخاندنی هەرێمی کوردستان، ڕادەستکردنی حيزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئێران، داخستنی سنووری نێوان باشوور و ڕۆژئاواش دەبێتە مەرجێک لە ئايندەدا. عێراق دەيەوێت لە ڕێگەی ناردنی چەند هەزار دينارێکی مووچەوە، دۆزی کورد کۆنتڕۆڵ بکات بۆ خۆی و بۆ تورکيا و ئێران و سوورياش.

 

عێراق بە نوێنەرایەتی ئێران و تورکيا و سووريا، مەبەستی تری هەیە، پێويستی بە نەوت و داهاتی هەرێم نييە. مەبەستی عێراق لێدانە لە کورد و کوردستان و دۆزەکەی

 

عێراق بە فەرمان و پیلانی ئێران ئەم هاوکێشەیە پەيڕەو دەکات: ڕێگە نادات هەرێم نەوتەکەی بفرۆشێت، هاوکات خۆیشی ئامادە نييە نەوتەکەی هەرێم بفرۆشێت و مامەڵەی پێوە بکات، ئامادەش نييە مووچە بنێرێت. لە کاتێکدا چەند ساڵێک پێش ئێستا مەرجی عێراق تەنيا ڕادەستکردنی ٢٠٠ هەزار بەرميل بوو بەرانبەر بە ناردنی مووچە. ئێستا هەموو نەوتەکە دراوە بە عێراق، ڕازی نييە و سەد لە سەدی داهاتی هەرێمی دەوێت. هەرێم بە ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتيش ڕازی بووە، بەڵام عێراق هەر ڕازی نابێت. چونکە عێراق بە نوێنەرایەتی ئێران و تورکيا و سووريا، مەبەستی تری هەیە، پێويستی بە نەوت و داهاتی هەرێم نييە. مەبەستی عێراق لێدانە لە کورد و کوردستان و دۆزەکەی. سياسەتێکی داگيرکارانەیە لە بەرزترين ئاستدا.

دۆخی کەرکووک، پرسی ڕادەستکردنەوەی حيزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەڕەکانی ڕۆژئاوا و دێرەزوور و پرسی مووچەی هەرێم، هەر هەموویان پەيوەنديان بەیەکەوە هەیە و ئێران و تورکيا ڕابەڕایەتی دەکەن و عێراق و سوورياش کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو پیلانە دەکەن. تاکە هيوا ئەوەیە کە ئەمريکا تا ئەمڕۆش پێیباشە کورد دەسەڵاتێکی سياسی هەبێت لە ناوچەکەدا، ئەگەرنا سڕينەوەی هەردوو قەوارە کوردييەکە کاری یەک ڕۆژی داگيرکەرانە.

 

ئایا هەرێم دەبێت چی بکات؟

هەر هەنگاوێک بۆ سنووردانان بۆ ئەو سياسەتە داگيرکاريیانەی عێراق پێويستی بە ئيرادە و جوڵەی دوو حوکمڕانەکەی باشووری کوردستانەوە هەیە. چونکە ئابووری و هێزی سەربازی و ميديا و دەزگاکان لای ئەوانن. ئێستا خەريکی شەڕە دەنووکی خۆیانن، هيچ کارتێکيان بە دەستەوە نييە. دەبوو هەردووکيان یەکگرتوو بن و بەرگری لە خۆیان و هەرێم بکەن، بە ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی دەتوانرێت پرسی مووچە چارەسەر بکرێت، هاوکات سنوور بۆ عێراقيش دابنرێت، بەڵام تا ئێستا وا ديارە ئەو هەنگاوە ئەستەمە.

یەکێتی بە تەواوی لە بەرەی ئێران و عێراقە، مانەوەی خۆی بەستووەتەوە بە سوپای قودسەوە، پێی وایە ڕووخاندن و زەليلکردنی هەرێم، واتە لاوازکردنی پارتی. لەکاتێکدا زەليلکردنی هەرێم، یەکێتی لەم دۆخەی ئێستای لاوازتر دەکات. شازدەی ئۆکتۆبەر، چەند یەکێتی بەهێز کرد لە کەرکووک، زەليلکردن و ڕووخاندنی هەرێمش هەر ئەوەندە یەکێتی بەهێز دەکات. لەبەرانبەردا پارتی دەيەوێت بۆ سووتاندنی کارتەکانی یەکێتی، هەموو سازشێک بۆ عێراق بکات. خەريکە دۆخێک دروست دەبێت، کە پارتی دەيەوێت خۆی هەرێم هەڵبوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات یەکێتی هەڵيبوەشێنێتەوە. یەکێتی سياسەتێکی تەواو خەزعەليانە و ڕەيان کلدانيانە پەيڕەو دەکات و جگە لە ڕووخاندنی هەرێم، هيچ خوێندنەوەیەکی تر بۆ هەڵوێستی یەکێتی ناکرێت.

 

شازدەی ئۆکتۆبەر، چەند یەکێتی بەهێز کرد لە کەرکووک، زەليلکردن و ڕووخاندنی هەرێمش هەر ئەوەندە یەکێتی بەهێز دەکات

 

پارتی و یەکێتی ئەگەر بيانەوێت خۆیان پرسی مووچە چارەسەر بکەن بۆ ئەوەی لەوە زیاتر سەر بۆ بەغدا نەچەمێنن، ئەوا پێويستە دزی و گەندەڵییەکانیان زۆر کەم بکەنەوە. ئەوەش نيمچە مەحاڵە، چونکە هەردووکیان ئەگەر مانگانە دەيان و سەدان مليۆن دۆلاريان دەستنەکەوێت، ئەوا لە ماوەیەکی کورت ئەگەر هەیە بڕوخێن، چونکە نە هێزی چەکدار، نە زۆربەی ئەندامان و کاديرانيان بە دەورەوە نامێنێت. هەردووکيان هيچ شەرعيەتێکی کۆمەڵایەتی و ديموکراسيان نەماوە، تەنيا و تەنيا بە زۆر و پارە و پشتگيری تورکيا و ئێران ماونەتەوە. دواجار ئەگەر ئەمريکا نەبێت، ئەوا تورکيا و ئێران هەرێمی کوردستان دەڕوخێنن بەسەر ئەوانيشدا.

هۆکاری سەرەکی بۆ لاوازی هەرێمی کوردستان بۆ دوو خاڵ دەگەڕێتەوە: ١. لەم کاتانەدا دەبێت هەردوو حوکمڕانەکە یەکدەنگ بن، واتە هێزی سەربازی و ئابووری و ميديایی و سياسی هەرێم یەکدەنگ بێت، دژ بەو یەکدەنگيیەی لە حکوومەتی عێراق و، لە نێوان تورکيا و ئێران و عێراق هەیە دژ بە هەرێم. بەڵام ئەم یەکدەنگييە نييە و بەڵکوو دابەشبووەتە سەر دوو بەرە، بەرەیەکی بە ئاشکرا لەگەڵ پیلانەکەی عێراق و ئێرانە. ٢. کاتێک کە حکوومەت بەو شێوەیە پەرتەوازە و نایەکگرتوو بوو، پێويستە پشتگيرييەکی کۆمەڵایەتی گەورە هەبێت لە هەرێمی کوردستان، کە عێراق سڵی لێ بکاتەوە، لە هەرێم ئەوەش لە نزمترين ئاستە. قورسيشە وا لە زۆرينەی کۆمەڵگا بکەيت، کە پشتگيری لە قەوارەیەک بکات، کە تيايدا سياسييەکانی ملياردێر و مليۆنێرن، بەڵام مووچەخۆرانی وا بۆ سێ مانگ دەچێت مووچەیان وەرنەگرتووە.

 

کاتێک کە حکوومەت بەو شێوەیە پەرتەوازە و نایەکگرتوو بوو، پێويستە پشتگيرييەکی کۆمەڵایەتی گەورە هەبێت لە هەرێمی کوردستان، کە عێراق سڵی لێ بکاتەوە

 

من پێم وایە بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێم، ئەرکێکی پيرۆزە و بەبێ مەرج دەبێت ئەنجامبدرێت، باش و خراپ، دز و پاک ئەرکە لەسەريان بەرگری لە قەوارەی هەرێم بکەن. بەڵام ئەمە بۆچوونێکی کەسييە و ناتوانرێت گشتاندنی بۆ بکرێت بۆ زۆربەی کۆمەڵگا، واقعيش هەر وا دەڵێت، زۆرينەی دانيشتووانی هەرێم یان دژە هەرێمن، بە ناڕاستەوخۆ، یان بێدەنگن بەرانبەر بە زەليلبوونی هەرێم.

ئەوەی ماوەتەوە تەنيا پشتگيری ئەمريکا لە مانەوەی هەرێم، ئەگەرنا هەرێم بە خەڵک و حکوومەت و حيزب و نوخبەوە، وەک دارێکی پووکە و بە یەک پاڵ دەکەوێت. گرنگە تا تەواوبوونی ئەم مانگە، هەرێم هيچ سازشێکی تر نەکات بۆ عێراق، مەگەر شتێک لە ئێران یان دژ بە هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا ڕووبدات لەم  مانگەدا، ئەگەرنا ئێران پرسی مووچە و بودجە هەميشە بەکاردەهێنێت دژ بە هەرێم و حيزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پرسی کورد بە گشتی.

ڕه‌نج نه‌وزاد

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...