سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

لە پەراوێزى بڕیارەکەى دادگاى باڵاى فیدڕاڵى لەمەڕ ئەنجوومەنى پارێزگاکان

دادگاى باڵاى فیدڕاڵى عێراق لە دۆسیەى ژمارە (١٢٤/ اتحادیة/ ٢٠٢٣) لە ڕێککەوتى ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، بڕیاریدا بە نادەستورى بوونى ماددەى (٢) لە یاساى ژمارە (٢)ى ساڵى ٢٠١٩، یاساى هەموارى یەکەمى یاساى پارێزگاکانى هەرێمى ژمارە (٣)ى ساڵى ٢٠٠٩ تایبەت بە بەردەوامیدان بەکارى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى هەرێم، لە پاش تەواوبوونى تەمەنى یاساییان. ئەمەیش لەبەر ئەوەى پێچەوانەیە لەگەڵ حوکمەکانى ماددەى (٢/ یەکەم/ب و ج) و ماددەى (٦)ى دەستورى کۆمارى عێراقى ساڵى ٢٠٠٥، بەم جۆرەش بڕیارەکەى دادگا کارى ئەنجوومەنى پارێزگاکان کۆتایى پێدەهێنێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لێرەدا بە پێویستى دەزانم، سەرنج لەسەر چارەنووسى دوو پرسى تایبەت  بە ئاسەوارەکانى ئەم بڕیارە بخەمەڕوو:

 

یەکەم: دەربارەى ئەو بڕیارانەى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەریان کردووە لەو ماوەیەدا

دادگاى باڵاى فیدڕاڵى لە بڕیارەکەیدا بە هیچ شێوەیەک حوکمى لە چارەنووسى ئەو بڕیارانە نەداوە، کە لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگاکانەوە دەرچوون، لەپاش کۆتایى هاتنى تەمەنى یاساییان. بەپێچەوانەى بڕیارەکەیەوە دەربارەى نادەستورى بوونى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان، کە هەموو ئەوەى لە پەرلەمانى کوردستانەوە دەرچووبوو، لە پاش تەواوبوونى تەمەنە یاساییەکەى، بە پوچەڵکراوە داناوە(اعتبار کل ماصدر من برلمان اقلیم کوردستان العراق بعد تلک المدة القانونیة باطلا من الناحیە الدستوریة). بەبڕواى ئێمە هۆکارى ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى دادگاکە چاودێرى ڕەوایەتى ئەو بڕیارانە ناکات کە لە ئەنجوومەنى پارێزگاکانەوە دەرچوون و لەسەر ئەم بنەمایەش ئەو بڕیارانە شیاوى تانەلێدان دەبن لە بەردەم دادگاى کارگێڕیى لە ماوەى یاسایى تانەلێداندا. بەپێچەوانەوە پارێزراو دەبن لە تانەلێدان.

 

دادگاکە چاودێرى ڕەوایەتى ئەو بڕیارانە ناکات کە لە ئەنجوومەنى پارێزگاکانەوە دەرچوون و لەسەر ئەم بنەمایەش ئەو بڕیارانە شیاوى تانەلێدان دەبن لە بەردەم دادگاى کارگێڕیى لە ماوەى یاسایى تانەلێداندا

 

لەلایەکى دیکەشەوە لەبەرئەوەى بڕیارە کارگێڕییەکان پەیوەستن بە ژیانى هاووڵاتییانەوە و لەسەر بنەماى ئەو بڕیارانەش پێگە یاساییەکان دروست دەبن یان هەموار دەبنەوە یان هەڵدەوەشێنەوە، بۆیە هەڵوەشاندنەوەیان لە ڕێگەى دادگاى فیدڕاڵى و بە ئاسەوارى گەڕاوەیى کارێکى زۆر زەحمەتە و لێکەوتەى ئەوتۆى لێ دەکەوێتەوە، کە چارەسەرکردنى زۆر ئەستەم دەبێت و ڕەنگە فەوزایەکى گەورە بخاتەوە و سەقامگیرى تێک بدات، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە دادگاکە بەوردى بڕیارەکەى داوە و دەستى بۆ ئەم بابەتە نەبردووە، بەو هۆکارانەى لەپێشەوە ئاماژەمان پێدا.

 

دووەم: دەربارەى مووچەى ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگاکان

ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگاکان کاتێک لەپاش تەواوبوونى ماوەى یاسایى تەمەنى ئەنجوومەنەکانیان درێژەیان بەکارەکانیان داوە، ئەوا پەیڕەوى دەقێکى یاساییان کردووە، کە لە دامەزراوەیەکى دەستورى هەرێمى کوردستان و تایبەتمەند بە یاساکاریى دەرچووە، کە ئەویش پەرلەمانى کوردستانە. بۆیە لەم ڕوانگەیەشەوە ئەو ئەندامانە سەرپێچییان نەکردووە، لەلایەکى دیکەشەوە بەهیچ شێوەیەک بڕیارەکەى دادگاى فیدڕاڵى لەم بارەیەوە هیچ ئاماژەیەکى تێدا نەهاتووە و ڕێگەپێدراویش نییە لەسەر بنەماى لێکدانەوەى بڕیارەکە دەست بۆ مافێکى بەدەستهاتووى لە چەشنى مووچە ببردرێت.

 

ئەو بڕیارانەى لە ئەنجوومەنى پارێزگاکانەوە دەرچوون بە حوکمى بڕیارەکەى دادگا و بە ئاسەواریى گەڕاوەیى (أثر الرجعى) بە پوچەڵکراوە دانانرێن

 

هەروەک ئەو ئەندامانە لە بەرانبەر ئەو ئەرک و  کارانەى ڕۆژانە ئەنجامیان داوە، شایستەى ئەو مووچەیە بوون و ئەمەش لانى کەم دەبێت وەک کرێى بەرانبەر کار (اجر مقابل العمل) هەژمار بکرێت بۆیان و دروست نییە بەرپرسیارێتى دەرکردنى یاسایەکى نادەستورى بگرنە ئەستۆ، کە دامەزراوەیەکى تەشریعى دەریکردووە، هەروەک دادوەریى کارگێڕیى لە عێراق و هەرێمیش لەسەر ئەوە سەقامیگر بوون لەم جۆرە حاڵەتانەدا دەست بۆ مووچە نابردرێت و وەک مافێکى بەدەستهاتوو (حق مکتسب) هەژماریان کردووە.

بینا لەسەر ئەوەى لەپێشەوە ڕوونکرایەوە، بە بڕواى ئێمە، ئەو بڕیارانەى لە ئەنجوومەنى پارێزگاکانەوە دەرچوون بە حوکمى بڕیارەکەى دادگا و بە ئاسەواریى گەڕاوەیى (أثر الرجعى) بە پوچەڵکراوە دانانرێن، مەگەر بەگوێرەى یاساى تایبەتمەند، لەبەردەم دادگا تانەیان لێ بدرێت و هەروەها ئەو مووچەیەى ئەندامانى ئەنجوومەنەکان وەریانگرتووە وەک مافێکى بەدەستهاتوو دادەنرێت و ڕێگەپێدراو نییە دەستى بۆ ببردرێت و بڕیارەکەى دادگا لەم بارەیەوە ئاسەوارى “گەڕاوەیى” نابێت لەسەر ئەو مافە.

عەبدولقادر ساڵح

ڕاوێژکاری یاسایی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...