سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

ڕزگاربوون لە داگیرکەر؛ جیاوازی نێوان پرسی کورد و فەڵەستینییەکان!

ململانێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، فرەڕەهەند و هەمەلایەنەیە، بەتایبەتیش لە پەیوەندی بە پرسی کورد و وڵاتانی داگیرکەری کوردستان و ململانێی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکانەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

پرسی کورد و فەڵەستینییەکان زۆر رووی لەیەکچوو و جیاوازییان هەن لەپاڵ بەسەرچوونی زەمەنێکی زۆر و مانەوەی پرسەکان بێ چارەسەر. هەرچەندە تەمەنی پرسی کورد دەگەڕێتەوە بۆ دەرهاوێشتەکانی جەنگی یەکەمی جیهان و نزیکەی سەد ساڵە بەبێ چارەسەر ماوەتەوە، بەڵام پرسی فەڵەستینییەکان بەشێکە لە دەرهاوێشتەی جەنگی دووەمی جیهان و دوای دامەزراندنی ئیسرائیل لە ١٩٤٨، دەست پێدەکات، کە نزیکەی ٧٠ ساڵێک دەبێت. هەرچەندە کێشەی نێوان عەرەب و ئیسڕائیل ڕەهەندی نێودەوڵەتی هەن و فەڵەستین وەکو دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و چاودێریان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە و باڵوێزخانەیان لەزۆربەی وڵاتانی دنیا هەن، بەڵام تا ئەوڕۆش پرسی ئاشتی لەنێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.

 

بۆ قسەکردن لەو دوو پرسە کە بریتییە لە پرسی “ڕزگاربوون لە داگیرکەر”، دەبێت لە چوارچێوەی تیۆری ململانێدا، بەدوایدا بگەڕێین، بەتایبەتیش لە چوارچێوەی ململانێ کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا. تیۆری ململانێ لێکۆڵینەوە لە ناهاوسەنگی دەستەڵات و نایەکسانی نێوان پێکهاتەکاندا دەکات، کە دواجار سەردەگرێت بۆ ململانێیی کۆمەڵایەتی. زۆرجاریش هەر لەو چوارچێوەیەدا هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی سەرهەڵدەدات. کەواتە پرسیار ئەوەیە چۆن بتوانین بیرۆکەی سەربەخۆیی لە چوارچێوەی تیۆری ململانێدا جێ بکەینەوە، بەتایبەتیش ئەو دوو ململانێ خوێناوییەی کە تا ئەمڕۆ دنیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داگیرکردووە؟ لێرەدا، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، باس لە یەکێک لە تەوەرەکانی تیۆری ململانێ دەکەم، ئەویش کێشەی نایەکسانییە لە ڕووی پێکهاتەیی، یا ستراکتۆراڵەوە (structural inequality)!

 

تیۆری ململانێ جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆمەڵگە بەدرێژایی هێڵەکانی دەستەڵات و سەرچاوەکانی داهات، دابەش بووە. کاتێك کە داگیرکەر ناوچەیەک یا خاکێک داگیر دەکات، ناهاوسەنگییەکی بەرچاو لە باڵانسی دەستەڵاتدا دروست دەکات، کە زۆربەی جاران داگیرکەر دەستێکی باڵای دەبێت لە ڕووی هێزی سەربازی، ئابووری و سیاسیدا. لێرەدا، خەڵكی ناوچە داگیرکراوەکە، کە بەدوای سەربەخۆییدا دەگەڕێن، بەهۆی ئەو ڕەهەندە جیاوازانەوە، لەچوارچێوەی نایەکسانی پێکهاتەییدا دەکەونە ناو دۆخێکی خراپی نەخوازراو و نەبوونی بژاردەی زۆر لەبەردەمیاندا، کە زۆربەی جاران لە نێوان تەسلیمبوون و بەرگریدا قەتیس دەبنەوە.

 

توخمێکی سەرەکی  تیۆری ململانێیە، جەخت لەوە دەکاتەوە، داخۆ چۆن پەیوەندییە نایەکسانەکانی دەستەڵات و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، بەشدارن لە ململانێی کۆمەڵایەتیدا

 

نایەکسانی پێکهاتەیی (ستراکتۆرال)، لەکۆنتێکستی تۆڕی ململانێدا، چەمکێکە باس لە چۆنییەتی دروستبوونی پێکهاتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان دەکات لە ناو خودی یەک کۆمەڵگەدا، ئینجا ئەو پێکهاتانە چۆن پەیوەندیی نایەکسانیی دەستەڵات دروست دەکەن و بەردەوامی پێ دەدەن. ئەم نایەکسانییەش بۆ دواجار دەبێتە هۆی ململانێ و ئاژاوە و نائارامیی کۆمەڵایەتی. ئەم بیرۆکەیە ناوەندی تێگەیشتنی تیۆری ململانێیە لە پەیوەندی بە چۆنییەتی سەرهەڵدانی ململانێکانەوە.

 

چەمکی نایەکسانی پێکهاتەیی، لایەنێکی بنەڕەتیی تیۆری ململانێیە لە کۆمەڵناسیدا. یەک داهێنەر و سەرچاوەی نییە، بەو پێیەی تیۆری ململانێ خۆی چوارچێوەیەکە لەلایەن چەندین کۆمەڵناس و زاناوە بە تێپەڕبوونی کات پەرەی پێدراوە. لێرەدا، نایەکسانی پێکهاتەیی، کە تەوەری سەرەکی ئەو باسەیە، توخمێکی سەرەکی  تیۆری ململانێیە، جەخت لەوە دەکاتەوە، داخۆ چۆن پەیوەندییە نایەکسانەکانی دەستەڵات و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، بەشدارن لە ململانێی کۆمەڵایەتیدا. بیرۆکەی نایەکسانی پێکهاتەیی، لەژێر کاریگەری چەندین کۆمەڵناس و بیرمەنددا پەرەی سەندووە، لەوانەش کارل مارکس، ماکس ڤێبەر، ڕاڵف دەهرێندۆرف و ئەوانی دیکە، کە هەموویان بەشدارییەکی بەرچاویان لە پەرەپێدانی تیۆرییەکەدا هەیە، سەبارەت بە تێگەیشتن بەو نایەکسانییە. کارل مارکس، ڕۆڵی خەباتی چینایەتی و نایەکسانی ئابووری لە کۆمەڵگەدا تاوتوێ دەکات، کاکڵی بیرۆکەکە خۆی لە ململانێی نێوان چینی کرێکاران (پڕۆلتاریا) و چینی خاوەندارێتی (بۆرژوازی)دا دەبینێتەوە، لەو دووڕیانەشەوە، چەمکی نایەکسانی پێکهاتەیی لە چوارچێوەی تیۆری ململانێدا گەڵاڵە دەبێت.

 

لە تیۆری ململانێدا، کۆمەڵگە وەک پێکهاتە کۆمەڵایەتییە هەمەجۆرەکان تەماشا دەکرێت، لەوانەش دامەزراوە ئابووریی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەم پێکهاتانە (ستراکتۆراڵەکان)، بێلایەن نین، بەڵکو لە بەرژەوەندی گرووپ یان چینە باڵادەستەکانی ناو کۆمەڵگەدا لە قالب دەدرێن، کە لەدۆخی داگیرکەر و داگیرکراودا، داگیرکراو لەدەرەوەی ستراکتۆراڵدا دەبێت. ڕەگوڕیشەی ئەم نایەکسانییەش، لە ناهاوسەنگی دەستەڵاتەوە لەپانتایی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکاندا سەردەگرێت. دەرئەنجامی دەستڕاگەیشتنێکی زیاتری گرووپێک (بەتایبەتیش گرووپی داگیرکەر، لە دۆخی داگیرکاریدا) یا چینێکە بە سەرچاوە و دەرفەت و دەستەڵاتی بڕیاردان، لە گرووپێک یا چینێکی دیکە. ئەم دابەشکردنی نایەکسانییەی دەستەڵات، دەبێتە هۆی ئەوەی کە گرووپە پەراوێزخراوەکان یا چەوساوەکان، دەزگا و کۆنتڕۆڵی سنوورداریان هەبێت بەسەر ژیانیاندا. لەکاتێکدا، چینی خاوەندارێتی، بەشێوەیەکی گشتی زۆربەی سامان و موڵک و سەرچاوەکانی داهات کۆنتڕۆڵ دەکەن. لەبەرانبەردا گرووپ یا چینەکانی دیکە تووشی بێبەشیی ئابووری و ئیستیغلالکردن دەبنەوە. ئیستیغلالکردنیش، زۆربەی جاران پەیوەندی بە بواری ئابوورییەوە هەیە و خۆی لەمەسەلەی چینایەتییدا دەبینێتەوە. ئەم ئیستیغلالکردنەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆکارێک بۆ نایەکسانی ئابووری و دروستکردنی لەمپەری گەورە لەبەردەم دادوەریی کۆمەڵایەتیدا. هەرچی دۆخی داگیرکارییە، هەموو ئەو سنوورانەش تێدەپەڕێنێت و بێجگە لە توانەوە یا لەناوچوون بژاردەیەکی دیکە نامێنێت.

 

ئایدیۆلۆژیا، یا ئایین دەتوانێت نۆرم و بەها و بیروباوەڕە کۆمەڵایەتییەکان لە قالب بدات، کە شەرعییەت بە پێکهاتەکانی دەستەڵاتی داگیرکەر یا هەژمووندار دەدات

 

کێشەی نایەکسانی لێرەدا، خۆی لە بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانیدا دەبینێتەوە. چونکە نایەکسانیی پێکهاتەیی، خۆی دووبارە دەکاتەوە و خۆی خۆی بەرهەمدێنێتەوە، واتە بەردەوامی دەبێت. هۆکارەکەشی لەو هەیکەلییەتە دایە کە دەستکاریکردن و هەڵوەشانەوەی لەتوانای گرووپە هەژموون لەسەرکراوەکان، یاخود داگیرکراوەکاندا نابێت. گرووپە ئابووری و و کۆمەڵایەتییەکان کە داگیرکراون، یا هەژموون بەسەرداکراون، لەشوێنی خۆیاندا دەچەقن. هەژموون لەسەرکراوەکان، پێگەیەکی جێگیر لەناو پێکهاتە ستراکتۆراڵەکەدا دەگرن، لەژێر هەژموونی گرووپی دەستەڵات، کە بەردەوام لەڕێی هێزە ئەمنییەکان و سەرچاوەکانی داهاتەوە پارێزگاری لە سیستمی باودا بکەن، بەڵام گرووپە داگیرکراوەکان، زۆربەی جاران ئەو لەو پێگەیەش بێبەش دەکرێن و هەمیشە فڕێ دەدرێنە دەرەوە. ئەو پڕۆسەیەش زۆرجار بەمیرات بۆ نەوەکان بەجێدەمێنێت، ئەگەر گۆڕانکاری لە سیستمەکەدا نەکرێت. یەکێک لە ئامرازە هەرە ترسناکەکان بۆ پاراستنی ئەو هەژموونە، کۆنتڕۆڵی ئایدیۆلۆژییە. گرووپی باڵادەست یا داگیرکەر پەنا بۆ ئایدیۆلۆژیا، یا ئایین دەبات بۆ پاراستنی باڵادەستی خۆی. ئایدیۆلۆژیا، یا ئایین دەتوانێت نۆرم و بەها و بیروباوەڕە کۆمەڵایەتییەکان لە قالب بدات، کە شەرعییەت بە پێکهاتەکانی دەستەڵاتی داگیرکەر یا هەژمووندار دەدات. زۆرجار، گرووپە پەراوێزخراوەکان هەوڵ دەدەن پێگەی خوارەوەی خۆیان بخەنە ناوەوەی پێکهاتە هەژمووندارەکە، لەڕێی توانەوە و خۆڕاهێنان لە خزمەتکردن بە ئامانجەکانی گرووپە باڵادەستەکە.

 

تا ئێرە، چوارچێوە تیۆرییەکە، وەسفکردنی دۆخی پێکهاتەیی (ستراکتۆراڵ)ی کۆمەڵگەیە. لەو دۆخە پێکهاتەییەدا باس لە چۆنییەتی گرووپەکان یا چینەکان دەکات. گرووپی داگیرکراو، یا چینی هەژموون بەسەرداکراو، لەوەها دۆخێکدا دەبێت لێکۆڵینەوە لە نەخشە پێکهاتەییەکەدا بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت ستراتیژییەتی ململانێی خۆی لەگەڵ گرووپی داگیرکەردا دیاری بکات، کە وابەستەیە بە کۆمەڵێک دەرهاوێشتەی جیاوازەوە، لەوانەش جیۆپۆلیتیک، باری ئابووری و سیاسی و ئەمنی، لێکۆڵینەوە لە دۆخی ئایدیۆلۆژیای زاڵ و دیمۆگرافییای گرووپی داگیرکەر و دەسنیشانکردنی کلیلی ململانێکە.

 

دۆخی کورد، لەو چوارچێوەیەدا جیاوازە لە دۆخی فەڵەستینییەکان، لەچەند سەرێکەوە. لەوانەش:

یەکەم: کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، وەکو بەشێک لە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان تەماشا دەکرێت، واتە بەشێکی ستراکتۆرال، نەك بەشێکی جیاواز و خاوەن خاک و مێژوو و زمان و تایبەتمەندی خۆی. لە بەرانبەردا و لەسەر ئاستی ناوخۆدا، لەڕووی پێکهاتەییەوە، کورد لەناو هەڕەمی کۆمەڵگەی دەوڵەتدا هیچ پێگەیەکی نییە، زۆربەی جاران لەدەرەوەی ستراکتۆڕاڵەکەشدا مافی کوردبوونی لێ دەسەندرێتەوە. بۆ نموونە لە تورکیا نکوڵی لەبوونیشی دەکرێت و تەنانەت ناوهێنانیشی وەکو تاوان دەبیندرێت، بۆیە وەکو کورد لەهیچ پێگەیەکی پێکهاتەییدا جێگای نابێتەوە. لە ئێران ئەگەر پارێزگایەکیش بەناوی کوردستانەوە هەبێت، کێشەی سەرەکی لە پەراوێز و ڕێگەنەدانییەتی بەهیچ چالاکییەکی سیاسی و فەرهەنگی، تەنانەت مافی خوێندنیشی بە زمانی خۆی لێ زەوت دەکرێت و وەکو کورد هیچ پێگەیەکی لەناو ستراکتۆراڵی دەوڵەتدا پێ ڕەوا نابیندرێت. لە سوریاش سادەترین پێگەی کورد بریتی بوو لە بێگانە (ئەجانیب). سەرباری هەموو ئەو وەدەرنانە ناوخۆییەش، هەرچی لەناوخۆی ئەو چوار دەوڵەتەدا ڕووبدات، کێشەیەکی ناوخۆییە نەک نێودەوڵەتی. واتە ململانێکە لێرەدا دەکەوێتە چوارچێوەی بەدەستهێنانی مافە مەدەنییەکان و کێشەی نەبوونی دیموکراسی و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ، نەک پرسی نەتەوەیەک.

 

دوای ٢٠٠٣ کورد بەشێک بوون لە ڕزگاری عێراق و تا ئێستاش بەشێکن لە سیستمی سیاسی عێراق، بەڵام تا ئێستاش مافەکانی کورد لە عێراق ناگەنە ئەو مافانەی کە فەڵەستینییەکانی ناو ئیسرائیل هەیانە

 

بەڵام فەڵەستینییەکان وەکو بەشێک لە ئیسڕائیل تەماشا ناکرێن. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەمیشە وەکو گرووپێکی مرۆیی جیاواز تەماشای فەڵەستینییەکان دەکات و ئەوان ڕاستە لەپەراوێزی جوگرافیدا دەژین، بەڵام یەکێک لەو فاکتەرانەی کە ئەوانی لەپەراوێزدا هێشتۆتەوە، خودی فەڵەستینییەکان خۆیانن، چونکە لەڕووی ئیدارییەوە سەربەخۆن و دەتوانن لەو پەراوێزەدا لەڕووی سیاسیی و نێودەوڵەتییەوە یارییەکی سیاسیی کاریگەر بەڕێوە ببەن، لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانیان. ئەوان پشتیوانییەکی بەردەوامی نێودەوڵەتییان هەیە. ساڵانە لەسەر ئاستی دەرەوەدا بودجەی تایبەتییان بۆ دابین دەکرێت. وڵاتانی عەرەبی پشتیوانی لە داواکانی فەڵەستین دەکەن، هەر هیچ نەبێت لەڕووی جەماوەرییەوە پشتیوانییەکە بەشێوەیەکی ڕەها دەبیندرێت. گرنگی ئەو پشتیوانییەش دەگەڕێتەوە بۆ گرنگی پێگەی ئیسڕائیل لەناو پێکهاتەیی سیستمی سیاسی نێودەوڵەتیدا، وەکو دەوڵەتێکی تاقانەی نەتەوەیەک و هەڵگری بەها و نۆڕمە دیموکراسییەکان.

کورد لەو ڕووەوە، بەتایبەتیش لە تورکیا و ئێران، ئەو کەرەستە و ئامرازانەیان لەبەردەستدا نین، بەمانای ئەوەی لەبنەڕەتدا ڕێگەیان پێنادرێت بچنە ناو کاری سیاسییەوە. ئەمەش ڕاماندەکێشێت بۆ خاڵی دووەم.

 

دووەم: ئیسڕائیل، بە پێچەوانەی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا، وڵاتێکە پێڕەوی لە سیستمی دیموکراسی دەکات، خاوەن دامەزراوەی دەوڵەتییە. لەو ڕووەشەوە دەتوانین فەڵەستینییەکان دابەش بکەینە سەر دوو جۆر. جۆری یەکەم فەڵەستینییەکانی ناو ئیسڕائیلن کە ژمارەیان لە دەوری دوو ملیۆن و نیوە، کە دەکاتە نزیکەی چارەگێک لە دانیشتوانی ئیسڕائیل. شار و باژێرەکانی خۆیان بەڕێوە دەبەن، لەڕووی ئایینی و مافە مەدەنییەکانەوە هیچ کێشەیەکییان نییە. زۆرینەیان کڵاسی مامناوەندین و کارەکانیان لە دەوری پارێزەری و ئەندازیاری و پزیشکی و مامۆستایەتی و پیشەییدا چڕ دەبنەوە و حزبی سیاسی خۆیان هەن و شەڕی پاراستنی پێگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری خۆیان لەناو کنێسەتدا بەڕێوە دەبەن. بەو مانایەی ئەوان بەشێکن لە ستراکتۆری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری دەوڵەتدا. هەڵگری پاسپۆرتی ئیسڕائیلین و وەکو هەر ئیسڕائیلییەک دەتوانن بە دنیادا بسوڕێنەوە. ئەوان دەتوانن لە دادگای باڵای ئیسڕائیل کێشە مەدەنی و ئابووری و سیاسییەکانی خۆیان بەڕێوە ببەن و دەیان دۆسییەی هەمەجۆریان لەو ڕووەوە بردوونەتەوە. لەگەڵ ئەوەی کە دوای ٢٠٠٣ عێراق بە دۆخێکی تایبەتدا تێپەڕی و کورد بەشێک بوون لە ڕزگاری عێراق و تا ئێستاش بەشێکن لە سیستمی سیاسی عێراق، بەڵام تا ئێستاش مافەکانی کورد لە عێراق ناگەنە ئەو مافانەی کە فەڵەستینییەکانی ناو ئیسرائیل هەیانە.

 

بزووتنەوەی فەتح ناتوانێت لە هیچ گفتوگۆ و دانوستانێکدا نوێنەرایەتی هەموو فەڵەستینییەکان بکات، بۆ ئەوەی هەردوو لا بتوانن وەکو دوو دەوڵەت لەپاڵ یەکدا، بە ئاسایش و سەقامگیر بژین

 

جۆری دووەمی فەڵەستینییەکان، ئەوانەن کە لە کەرتی غەززە و لە باریکەی ڕۆژئاوادا دەژین. بەڵام دوو دەستەڵاتی جیاواز ئەو دوو هەرێمە بەڕێوە دەبەن. دەستەڵاتی یەکەم، بزووتنەوەی فەتحە بە سەرۆکایەتی مەحموود عەباس لە باریکەی ڕۆژئاوا، کە شەرعییەتێکی قانوونی و نێودەوڵەتی هەیە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیل بە بەرزی و نزمیدا تێپەڕ دەبن. بەڵام بزووتنەوەی حەماس “کە لە ڕۆژئاوا و هەندێک وڵاتی عەرەبی بە گرووپێکی تیرۆریست ناسراوە”، کۆنتڕۆڵی تەواوی کەرتی غەززەی کردووە لەدەرەوەی شەرعییەتی دەستەڵات یا سوڵتەی فەڵەستین. لێرەدا، کێشەی سەرەکی ئیسڕائیل لەگەڵ فەڵەستینییەکاندا، کێشەی نوێنەرایەتییە. بۆیە، ئەگەر خواستی فەڵەستینییەکان دەرچوون بێت لە پەراوێز و گەیشتن بێت بە سەربەخۆیی، خواستی ئیسڕائیل بە پلەی یەکەم بەدەستهێنانی ئاسایشە.

ڕاستە دواجار ئیسڕائیل لە ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ کە بە ڕێککەوتننامەی بنەماکان ناسراوە لە (١٣/٩/١٩٩٣)، ڕازی بوو بەوەی دەوڵەتێکی فەڵەستینیش بە ڕێبەرێتی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستینی (فەتح)، لەپاڵ دەوڵەتی ئیسڕائیل دابمەزرێت، بەڵام ئەو پڕۆسەیە وەکو خۆی بەڕێوە نەچوو.

لەلایەك، بزووتنەوەی حەماس پێی وایە ئیسڕائیل دەوڵەتێکی زۆڵە و دەبێت بڕوات، بە پێچەوانەی بزووتنەوەی فەتح کە چووە ناو پڕۆسەی ئاشتییەوە لەگەڵ ئیسڕائیل. لێرەدا کێشەی نوێنەرایەتیی فەڵەستینییەکان زۆر زەق بۆتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی بزووتنەوەی حەماس لە بزووتنەوەی فەتح هەڵگەڕایەوە و دەستی بەسەر غەززەدا گرت. کەواتە ئێستا کێشەی ئیسڕائیل دووسەرەیە، لەلایەک کێشەی ئاسایشە، بەوەی کە غەززە هەمیشە سەرچاوەی مەترسی و هەڕەشەیە لەڕێی حەماسەوە، لەو ڕۆژانەشدا بینیمان حەماس چۆن پەلاماری ئیسڕائیلی دا. لەلایەکیش کێشەی نوێنەرایەتییە و بزووتنەوەی فەتح ناتوانێت لە هیچ گفتوگۆ و دانوستانێکدا نوێنەرایەتی هەموو فەڵەستینییەکان بکات، بۆ ئەوەی هەردوو لا بتوانن وەکو دوو دەوڵەت لەپاڵ یەکدا، بە ئاسایش و سەقامگیر بژین. بەردەوامبوونی ئەم دۆخەش وای کرد ئیسڕائیلییەکان بەردەوام بن لە بیناکردنی نشینگەی تازە و مانەوەی دۆخی فەڵەستینییەکان لە پێگەی نە دەوڵەت و نە نادەوڵەت، لە کاتێکدا کە توندوتیژی هێندەی زیان بە خودی فەڵەستینییەکان دەگەیەنێت، هێندە زیانی بە ئیسڕائیل نەگەیاندووە.

 

کورد لەڕووی گوتار و ڕەفتارەوە، هیچ کاتێك نەگەیشتۆتە ئاستی گوتاری فەڵەستینییەکان. ئەوان “ئیسڕائیل” بە داگیرکەر (موحتەل) دەزانن و بەکردەوەش پێڕەوی لەو گوتارە دەکەن

 

دۆخی کورد لێرەدا زۆر جیاوازە. لەلایەک هەر چوار دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان، نەک هەر پشتیوانی لەکورد ناکەن، بەڵکو دوو دوو، سێ سێ و چوار چوار، هەمیشە لەپڕۆسەیەکی گەلەکۆمەدا دژ بە هەر ماف و خەدەنگێکی کورد دەکەونە جموجۆڵ. بەردەوام کار لەسەر سیاسەتی “پەرتکە و زاڵ بە” دەکەن و هەوڵی هێشتنەوەی کورد لە پەراوێزدا درێژە پێ دەدەن. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا، هیچ پشتیوانییەکی ڕاستەوخۆی نییە، ئەگەر هەشبووبێت زیاتر لەپێناو بەرژەوەندی زلهێزەکاندا بووە و بەکارهێنان بووە تا چارەسەر. لەسەر ئاستی هەرێمیش، هەر چوار دەوڵەتەکە لەڕووی پێکهاتەیی سیاسیی (ستراکتۆراڵەوە) دەوڵەتی ڕەهان، باوەڕیان بە هیچ ڕەهەندێکی دیموکراسیی فرەیی نییە، بەتایبەتیش لەئاست نەتەوەی کورد. دوای ٢٠٠٣ لە عێراق دۆخێکی نیمچە فرەیی هاتە ئاراوە، بەڵام تا ئێستاش ئەو دۆخە هەر بە هەڵواسراوی و لینگاوقوچ بەڕێوە دەچێت. لەو نەخشە سیاسییەی بەرچاویشدا لەماوەی سەد ساڵدا کورد لەگرتنەبەری خەباتی توندوتیژی نەیتوانیوە هیچ گۆڕانکارییەکی سیاسی بەدەست بێنێت. ئەوەش پەیوەندی بە کۆمەڵێک هۆکارەوە هەیە. لەلایەک هیچێک لەو چوار دەوڵەتە بە پڕۆسەیەکی دیموکراسیدا تێناپەڕن. دەوڵەتی ئۆتۆکرات و ڕەهان، کورد تیایاندا نەک هەر هیچ پێگەیەکی ستراکتۆرالی نەبووە، بەڵکو ڕووبەڕووی پڕۆسەی جینۆسایدیش بۆتەوە و هەوڵی سڕینەوەی دراوە بە شێوەیەکی بەردەوام.  یەکێک لە کەموکوڕییەکانی کورد، کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، لەڕووی گوتار و ڕەفتارەوە، هیچ کاتێك نەگەیشتۆتە ئاستی گوتاری فەڵەستینییەکان. ئەوان “ئیسڕائیل” بە داگیرکەر (موحتەل) دەزانن و بەکردەوەش پێڕەوی لەو گوتارە دەکەن. دوور و نزیک نەچوونەتە تەلئەبیب و لەوێ شەڕی هاووڵاتییبوون یا شەڕی دەستەڵات بکەن، بەڵکو پێگەی خۆیان وەکو عەرەب بەکارهێناوە بەسوودوەرگرتن لەو دیمۆگرافییە سیاسییەی وڵاتانی عەرەبی و دروستکردنی هەژموون و توانیویانە پرسی خۆیان ببەنە ناو دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان و وەکو نەتەوەیەکی سەربەخۆ دانیان پێدا بندرێت. ئیسڕائیلیش لەسەر ئەو بنەمایە چۆتە ناو پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی فەڵەستین و دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین شان بە شانی دەوڵەتی ئیسڕائیل. لە بەرانبەردا کورد گوتارێکی شەرمنانەیان هەیە لەئاستی داگیرکاری دەوڵەتانی داگیرکەردا، لە ڕووی ڕەفتاریشەوە، دوای پڕۆسەی جینۆسایدیش، چوونەتەوە پێتەختی داگیرکەر و بوونەتەوە بە بەشێک لەپڕۆسەی سیاسی و بوونەتە پارسەنگێکی گرنگ لە دروستکردنەوەی دەوڵەتی عێراق وەکو نموونە، دوای ئەوەی دارێکی لەسەر بەردێک نەما. ئەمە لەخودی خۆیدا پەیامێکە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دروستبوونی ئەو قەناعەتەی کە کورد بەشێکن لە ستراکتۆری ئەو وڵاتانە و دەتوانن لەناو ئەو دەوڵەتانەدا وەکو هاووڵاتی جێگای خۆیان بکەنەوە و ئەگەری دەرچوون لە پەراوێزدا زیاترە. کە ئەمەش لە واقیعدا هیچ ئومێدێکی نییە، چونکە هەرگیز وەکو بەشێک لە ستراکتۆر و پێکهاتەیی ئەو دەوڵەتانەدا قبوڵ ناکرێت. بۆیە دۆخی کورد دەیان جار لە دۆخی فەڵەستینییەکان شلۆقتر و ترسناکترە، لەگەڵ ئەوەشدا، بەشێکی زۆر لە کورد بەهۆی هاودینییانەوە خەریکی شین و ڕۆڕۆن بۆ حەماس و فریای خۆیشیان ناکەون.

ئیبراهیم مه‌لازاده‌

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...