ڕوونکردنەوەیەک لە حکوومەتی هەرێمەوە بۆ مووچەخۆران
زێدپرێس
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەمەڕ چەند هەواڵ و زانیارییەک بڵاوکردەوە، کە لەمەڕ پڕۆژەی (هەژماری من) و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، “لە چەند پەیج و دەزگایەکی میدیایی، لێدوانێکی چەواشەکارییانە سەبارەت بە پڕۆژەی هەژماری من، بڵاوکراوەتەوە، کە ئامانج لێی لێدانە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووری”.
زیاتر دەڵێ “ئێمە سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە، کە سەرلەبەری ئەو لێدوانانە دوورن لە ڕاستییەوە و فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڕیاردەر و خاوەن دەسەڵاتی تەواون لە خەرجکردنی مووچەکەیان و هەر بڕە پارەیەک کە دەچێتە سەر هەژمارە بانکییەکەیان.”
لە شوباتی ئەمساڵەوە، حکوومەتی هەرێم پڕۆژەی (هەژماری من)ی ڕاگەیاندووە و دەستی بە جێبەجێکردنی کردووە. پڕۆژەکە بریتییە لە تۆمارکردنی فەرمانبەران و مووچەخۆران و کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بەو جۆرەیش مووچەخۆران مانگانە مووچەکانیان دەخرێتە سەر هەژمارە بانکییەکەیانەوە.
هەفتەی ڕابردوو، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تا ئێستا ٦٥ هەزار فەرمانبەر لە پڕۆژەی (هەژماری من) تۆمارکراون و چاوەڕوان دەکرێت لەماوەی دوو ساڵی داهاتوودا تەواوی فەرمانبەران تۆمار بکرێن.