شرۆڤه‌كۆمه‌ڵایه‌تی

مارکسیزم و چینی کۆمەڵایەتی

 

کارڵ مارکس لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا دەڵێت: مێژووی هەموو کۆمەڵگایەک تا ئەمڕۆ جگە لە مێژووی خەباتەکان (خەباتی چینایەتی) هیچی دی نەبووە. گەلی ئازاد، کۆیلە، ئاغاکان، خەڵکی ئاسایی، فیوداڵەکان، کۆیلەکان، و پیشەوەران، مامۆستا، دروستکەر، واتە بە کورتی ستەمکاران و گۆشەگیرکراوان، بەردەوام لە ململانێدا بوون لەگەڵ یەکتر و خەباتێکی بێوچانیان ئەنجامدا، خەباتێک کە هەندێکجار شاراوە و هەندێکجاریش کراوە بوو. هەرجارە بە گۆڕانێکی شۆڕشگێڕانە بۆ هەموو کۆمەڵگا، یان بە داڕمانی یەکێک لە چینە ناکۆکەکان کۆتایی پێهات. بەم شێوەیە کۆمەڵگا لە سەردەمە مێژووییەکانی پێشوودا، دەبینین کە نزیکەی لە هەموو شوێنێکدا بە چینە جیاوازەکان و بەپێی پلە و پلەی کۆمەڵایەتی جیاواز ڕێکخراوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەم ئاڕاستەیەی مارکس، کە لە مانفێستی کۆمۆنیستی باسی کردووە، بەندە بە تیۆری مێژوو لای مارکس، کە ئەمەش بەشێکە لە ماتریالیزمی میژوویی، بەڵام ئەگەر بە وردی توێژینەوە لەسەر پێناسەی چین لە بواری سۆسیۆلۆجی و ئابوورییەوە لای مارکس بکرێت، بۆمان دەردەکەوێت، کە بەکارهێنانی ئەم چەمکە لای مارکس شێوازێکی پراکتیکی لە ڕەوشێکی مێژوویی و کۆمەڵگایی دیاریکراو وەرگرتووە.

لە بەشی سێیەمی سەرمایەدا مارکس ئاماژە بەوە دەکات، کە بوونی چین لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا و بوونی ململانێی چینایەتی لەلایەن ئەوەوە نەدۆزراوەتەوە و، پێش ئەو، هەندێک لە مێژوونوسان ئاماژەیان بە دابەشبوون و پەرەسەندنی تێکۆشانی مێژوویی چینەکان لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا کردووە و، بەشێک لە ئابووریناسە بۆرژواکان ناکۆکی ئابووری نێوان چینەکانیان خستۆتەڕوو. بەڵام ئەوەی کە نوێیە و مارکس دایهێناوە ئەوەیە، کە بوونی چین پابەندە بە قۆناغە جیاواز و جۆراجۆرەکانی وەبەرهێنان.

بەشێوەیەکی گشتی لە هزری مارکسیدا، لە دیدێکی سۆسیۆلۆجی و بە شێوەیەکی پراکتیکی و لە چوارچێوەی بەکارهێنانی چەمکی چین لە هەلومەرجی جیاواز و، لە بازنەی شیکردنەوەی بەرجەستەکراو بۆ واقیعی بەرجەستەکراو، بە ڕەچاوکردنی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، لێکدانەوە بۆ چەمکی چین کراوە و ئەمەش بەشێکە لە میتۆدی بازدان بەسەر دۆگما لە شیکردنەوەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان لە چوارچێوەی هزری مارکسیدا.

 

کاتێک مارکس وەک زانایەکی بواری سۆسیۆلۆجی باس لە چین دەکات، ئەوا کۆمەڵێک دەستەواژەی نوێ بەرهەمدەهێنێت، کە پەیوەندی بە هۆشمەندی چینایەتییەوە هەیە، وەک هۆشمەندییەکی کاریگەر لە باری بزاڤی کۆمەڵایەتی و پڕۆسەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی

 

کاتێک مارکس لە چوارچێوەی فەلسەفەی مێژوو باس لە چین دەکات، ئەوا باس لە دیدی خۆی بۆ مێژووی کۆمەڵایەتی و ڕێڕەوی پەرەسەندنی ئەو مێژووە دەکات. بەڵام کاتێک مارکس لە دیدی خۆی وەک زانایکی ئابووریناس باس لە چین دەکات، ئەوا ئاماژە بۆ بابەتی هۆکاری سەرهەڵدانی دیاردەی چین بە وابەستەبوونی ئەو دیاردەیە بە شیواز و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە و شوێنەواری ئەو چینە لە خاوەندارێتی ئەو ئامرازانە و شوناسی شێوازەکانی بەرهەمهێنان لە قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراودا.

بەڵام کاتێک مارکس وەک زانایەکی بواری سۆسیۆلۆجی باس لە چین دەکات، ئەوا کۆمەڵێک دەستەواژەی نوێ بەرهەمدەهێنێت، کە پەیوەندی بە هۆشمەندی چینایەتییەوە هەیە، وەک هۆشمەندییەکی کاریگەر لە باری بزاڤی کۆمەڵایەتی و پڕۆسەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی.

لەم بوارە سۆسیۆلۆجییە دەستەواژەی (چین وەک خود) و (چین بۆ خودی خۆی) دەبینین، کە مەبەستی مارکس لە دەستەواژەی دووەمیان ئەوکاتەیە، هۆشمەندی چین دەگاتە ئاستێک کە لە بەرژەوەندییەکانی خۆی حاڵی دەبێت و پشت بە یەکبوونی بەرژەوەندییەکانی خۆی و پێکهاتەکی لە ململانێ دژ بە چینەکانی دیکە بۆ پاراستن و داکۆکیکردن لە بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی خۆی دەبەستێت. بەم جۆە ململانێی چینایەتی لای مارکس پشت بە دووفاقی ناکۆکی نێوان چەوسێنەر و چەوساوەکان دەبەستێت و لەم بوارەشدا دوو سەرچاوەی بۆ سەرهەڵدانی چەمکی چینی کۆمەڵایەتی دەستنیشان کردووە، کە بریتین لە داهات و پەیوەندی خاوەندارێتی بە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان.

 

چینی کرێکار خاوەنی هیچ کام لە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان نییە، چینی سەرمایەداری خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە، خاوەن زەویش بەهۆی خاوەندارێتی زەوی وەک ئامرازێکن لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا

 

لە دەقێکی تردا مارکس باس لە پێکهاتەی چینایەتی دەکات لە کۆمەڵگەی سەرمایەدارییدا، واتە (خاوەن هێزی کار و خاوەن سەرمایە و خاوەن زەوییەکان، کە سەرچاوەی داهاتیان کرێ و قازانج و کرێی زەوی (کرێی خانووبەرە)، واته ‌‌‌(ریع) كه سەرچاوەی ئابووری بەرخۆرە، واتە کرێکارانی مووچەخۆر و سەرمایەدار و خاوەن زەوی، سێ چینە سەرەکییەکە پێکدەهێنن لە کۆمەڵگای مۆدێرندا ە لەسەر بنەمای شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری.

لەم دەقەدا مارکس چینێک بە سەرچاوەی داهاتەکەی پێناسە دەکات، واتە سەرچاوە و پێکهاتنی چینەکان لە چوارچێوەی دابەشکردنی داهاتدا ڕوودەدات. مووچە سەرچاوەی دروستبوونی پرۆلیتاریایە، ئەو چینە کرێکارانەی کە تەنیا خاوەنی هێزی کاری خۆیانن، قازانج سەرچاوەی ئەو سەرمایەدارانە پێکدەهێنن، کە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانن، کرێی خانووبەرەش(ریع) چینی خاوەن خانووەکان دروست دەکات. لەم دەقدا جگە لە ڕۆڵی داهات، چەمکی چینایەتی لە ڕێگەی پێگەی خۆی لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکەی بە ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە، دەگرێتەوە. چینی کرێکار خاوەنی هیچ کام لە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان نییە، چینی سەرمایەداری خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە، خاوەن زەویش بەهۆی خاوەندارێتی زەوی وەک ئامرازێکن لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا.

مارکس لە هەژدەهەمی برومێر لویس پۆناپارتدا دەنووسێت: جووتیاره  بچووکەکان جەماوەرێکی زەبەلاح پێکدەهێنن، کە ئەندامەکانیان لە هەلومەرجێکی هاوشێوەدا دەژین، بەڵام بەبێ ئەوەی بچنە ناو پەیوەندییە ئاڵۆزەکانەوە لەگەڵ یەکتردا و، شێوازی بەرهەمهێنانیان لەبری ئەوەی پاڵیان پێبدات بۆ کارلێکی هاوبەش، لە یەکتر جیایان دەکاتەوە .

مارکس لەم دەقەدا هەلومەرجی نوێ بۆ مامەڵەکردن بە شێوەیەکی ڕێکارانە لەگەڵ چەمکی چینی کۆمەڵایەتی دەخاتەڕوو. بەس نییە گرووپێکی گەورە لە بارودۆخێکی هاوشێوەدا بژین و چالاکیی هاوشێوە ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی چینێک پێکبهێنن. واتە تەنیا پێویستی بە بەشداری واقیعی و بابەتییانە نییە لە شێوازەکانی بەرهەمهێنان و شێوازەکانی ژیاندا، بەڵکو پێویستی بە هاودەنگی و یەکگرتوویی بەرژەوەندییەکان هەیە، بەمەش هۆشیاریی یەکگرتوویی و یەکگرتوویی بەرژەوەندییەکانیشی دەوێت.

واته گواستنەوەی چین لە ژیان لە هەلومەرجێکی هاوشێوە و لە بەشداریکردنی بابەتیی لە شێوازەکانی ژیانیدا، واتە لە چینەوە بە خۆیەوە، بۆ بنیاتنانی هاودەنگی و یەکگرتوویی خۆی بەرانبەر چین یان چینێکی دیکە، واتە بۆ چین بۆ خۆی، یان ئاگاداربوون لە خۆی، بەجۆرێک کە دەبێت خەبات بکات دژی ئەو چینانەی کە دژایەتی یەکگرتوویی بەرژەوەندییەکانن و خۆیان ڕێکدەخەن.

لەم ڕوانگەیەوە هۆشمەندی و ئاگایی چینایەتی بریتییە لە هۆشداریبوون بە بەشداری بەردەوام لە نێوان پێکهاتەی ئەو چینە لە داکۆکیکردنی بەرژەوەندییەکانیان و پاراستن و کارکردن لە ڕوانگەی یەکبوونی بەرژەوەندی چینایەتییان.

 

گواستنەوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە شێوازێکی بەرهەمهێنانەوە بۆ شێوازێکی دیکە بنەمای ناکۆکی نێوان چینەکانی دروست دەکات

 

لە سەرجەم بۆچونەکانی مارکس بە وابەستیی بە چەمکی بوونی خاوەندارێتی، کە بنەمای شوناسی چینە لای مارکس، ئاماژە بۆ چوار شێوازی کۆنی بەرهەمهێنان کراوە: کۆیلایەتی و فیوداڵی و بۆرژوا (بوونی کاری کرێگرتە) و شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی، هەرچەندە لەو توێژینەوانەی سەبارەت بە کتێبی (گرۆندریسە)ی مارکس کراوە، لە وردەکاریدا مارکس ئاماژەیەکی بە شێوازی سلاڤی بەرهەمهێنان وەک تایبەتمەندییەک کردووە.

بوونی ئەم شێوازانەی بەرهەمهێنان، کە جیاوازی و تایبەتمەندی لە بواری ڕێکخستنی بەرهەمهێنانی کاڵا لە سەر بنەمای بەرژەوەندییەکان دروست دەکات، دابەشبوونی چینایەتی دروست دەکات و، بۆیە چەمکی چین و شوناسی چینایەتی پەیوەندی بە خاوەندارییەتییەوە هەیە و بنەمای شیکردنەوەی ئەم بابەتەش لای مارکس بەندە  بە ژێرخانی ئابوورییەوە، واتە هێزی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان.

گواستنەوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە شێوازێکی بەرهەمهێنانەوە بۆ شێوازێکی دیکە بنەمای ناکۆکی نێوان چینەکانی دروست دەکات.

لە باسکردنی پێهکاتەی چین لە نێو کۆمەڵگادا، بەتایبەتی لە کۆمەڵگای سەرمایەدارییدا، مارکس ئاماژەی بە هەندێک وردەکاری کردووە، بەبێ ئەوەی ڕیزبەندی چینایەتی بە داخراوی و بە حاڵەتی کۆتاییبوون و چەقبەستوویی بەجێبهێڵێت. لە کتێبی (تێکۆشانی چینەکان لە فەڕەنسا 1848ـ1850) مارکس جیاوازی نێوان بۆرژوای دارایی و بۆرژوای بازرگانی و بۆرژوای پیشەسازی و، وردە بۆرژوا و جووتیاران و پرۆلیتاریا و پرۆلیتاریای داماو، دەکات.

مارکس لە باسکردنی چەمکی چین سێ تێڕوانینی گرێدراو بە یەکتر دەخاتەڕوو، کە بریتین لە هەلومەرجی چینایەتی و،  چین وەک خودی خۆی، بە واتای لەیەکچوونی بابەتی ڕەوشی ژیان و چین وەکوو شوناس، کە پشت بە کۆمەڵێک دیاردەی بابەتی دەبەستێت وەک پلەی لەیەکچوون و گونجاوی و هاوبەشبوون لە ئاگایی و هۆشمەندی چینایەتی.

 

فەلسەفەی ئایدیایی ئەڵمانی مرۆڤی لە هۆشدا و گرنگی چالاکی مرۆڤایەتیشی لە چالاکی هۆشدا کۆدەکردەوە و ئەمەش لەلایەن مارکسەوە ڕەتکرایەوە و تیۆری زانست لای مارکس یەکبوونی چالاکی هۆش و هزر و چالاکی دەستی دەگرێتەوە

 

سێیەمین تێڕوانینی مارکس بنەمایە، کە چینی کرێکار ببێتە کارلێکەرێکی مێژوویی لە ڕێگای کاری هاوبەش و، داواکاریی هاوبەشی پشتبەستوو بە هۆشمەندیی و ئاگایی و، هەر ئەمەش بنەمایە بۆ گەڵاڵەبوونی چەمکی پێشڕەوی چینی کرێکار و دروستبوونی دەستە و کۆمەڵە و سەندیکا و حزبی چینی کرێکارە، کە شێوازی گەلێکی ڕێکخستنی بە ئاگابوو و، هۆشمەندانی چینی کرێکارە و لە پێناوی باشترکردنی ژیانی خۆیان و تا دەگاتە تێکۆشان بۆ دیموکراسی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و سۆشیالستی وەک جێگرەوەیەکی سیستەمی سەرمایەداری تێدەکۆشن و، بەم جۆرەش باس لە شۆڕشگێڕیی چینی کرێکار دەکرێت، نەک لە ڕوانگەی هەڵوێستی تاکێک کە نەگەیشتبێتە ئەو تێڕوانینە سێیەمەی، کە مارکس ئاماژەی پێکردووە و، بوونی ئەو جۆرە پێکهاتەیە، کە نەگەیشتبێتە ئەو ئاستە بنەمای پەیدابوونی هەلپەرستی لە شێوازە جۆراجۆرەکانی ڕێکخستنەکانی چینی کرێکار بووە؛ لە سەندیکاوە تا دەگاتە حزبی سیاسی و بەم جۆرەش هاوڕێ فەهد دامەزرێنەری حزبی شیوعی باسی ڕەگەکانی هەلپەرستی لە کتێبە بەناوبانگەکەی (حزبی شیوعی نەک سۆشیال دیموکرات) دەکات.

هاوڕێ فەهد لە ڕوانگەیەکی مارکسیستانەوە، جیاوازی نێوان کاری دەستی یان جەستەیی، کە بە دەستەواژەی نوێ بە (یەخە شینەکان) ناودەبرێن، لەگەڵ کاری هزری، کە بە (یەخە سپییەکان) ناودەبرین، نەکردووە و، لەم بابەتەدا ڕەخنەی مارکس بۆ بۆچوونەکانی هیگڵ بریتیبووە لەوەی، کە ناکرێت چالاکی هۆش و هزر لە سەرجەم چالاکی مرۆیی، کە چالاکی دەستیش دەگرێتەوە، جیا بکرێتەوە. فەلسەفەی ئایدیایی ئەڵمانی مرۆڤی لە هۆشدا کۆدەکردەوە و گرنگی چالاکی مرۆڤایەتیشی لە چالاکی هۆشدا کۆدەکردەوە و، ئەمەش لەلایەن مارکسەوە ڕەتکرایەوە و تیۆری زانست لای مارکس یەکبوونی چالاکی هۆش و هزر و چالاکی دەستی دەگرێتەوە.

بە وابەستەیی ئەم بۆچوونە بە بابەتی سەرهەڵدانی هەلپەرستی لە نێو بزووتنەوەی چینی کرێکاردا، ئەوا بە شێوەیەکی تیۆری و لە ڕوانگەی ئەزموونی پراکتیکییەوە ئەگەری ئەوە هەیە و پێشتریش هەبوو، کە هەلپەرستی لە ڕیزی یەخە شینەکان و یەخە سپییەکانیش دروست بێت.

بنەمای پێناسەکردنی چینی کرێکار لای مارکس پشت بەو پێکهاتە چینایەتییە دەبەستێت، کە لە سایەی پەیوەندی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا کاردەکەن و زێدەبایی دروست دەکەن و، چینی کرێکار لەو کەسانە پێکدێن، کە هێزی کاریان بە سەرمایەداران دەفرۆشن و، ئەوانیش بۆ بەرهەمهێنانی زێدەبایی بەکاریدەهێنن و، ئەو چینە هیچی دیکەیان نییە و، بەم جۆرە کرێکار ئەو کەسەیە، کە زێدەبایی دروست دەکات و ئەمەش بواری کاری پیشەسازی و بەرهەمی کشتوکاڵی و خزمەتگوزاری جیاواز دەگرێتەوە و، بەم جۆرە لە دەستەواژەی سیاسیی هاوچەرخدا دەستەواژەی (ڕەنجدەرانی بیروبازوو) بەکاردێت و، لە ئایندەشدا هەر چالاکییەکی ئابووری، کە کەسانێک ئەو زێدەباییە دروست بکەن، کە لەوانەیە ئەو ئەندازیارانە بگرێتەوە لە بواری ژیری دەستکرد بۆ کۆمپانیاکان کاردەکەن، ئەوا بەشێک لە چینی کرێکار بە توێژە جیاجیاکانەوە پێکدەهێنن.

 

چینەکان لای لینین کۆمەڵە کەسانێکن کە هەر کۆمەڵێک دەتوانێ ئەوەی دیکە بچەوسێنێتەوە و ئیستغلالی کاری ئەوەی دیکە بکات بەگوێرەی شوێنەواری خۆی لە سیستەمی ئابووری لە کۆمەڵگادا

 

بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم خاڵە ئاماژە بۆ نموونەی کاری بەرگدروو دەکەم، کە لە چ دۆخێکی بەرهەمهێنانی کاڵا بە چینی کرێکار دەژمێردرێت و، لە چ دۆخێکدا بە شوناسی چینایەتییەکی دیکە. بەرگدروو کە بۆ خودی خۆی کار بکات و کاڵا بەرهەمبهێنێت و بیفرۆشێت ئەوا زێدەبایی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی بۆ خۆی دەگەڕێتەوە، بەڵام لە کاتێکدا هەمان بەرگدروو تەنیا لە کارگەیەکی جلوبەرگ کە سەرمایەدارێک خاوەنی بێت و کار بکات، ئەوا کرێی بەکارهێنانی هێزی کارەکەی وەردەگرێت و زێدەبایی دەچێتە گیرفانی سەرمایەداری خاوەن کارگە و ئەو بەرگدرووە کرێکارە.

لە توێژینەوەکانی سەبارەت بە سەرمایەداری لە ڕووسا، لینین پێناسەی چین دەکات بەو پێیەی کۆمەڵگەیەک و پێکهاتەیەکی گەورەی مرۆڤ پێکدەهێنن، کە بە شوێنی خۆیان لە سایەی سیستەمێکی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا، کە لە ڕووی مێژووییدا دیاریکراوە، پەیوەندییەکی هاوبەشیان هەیە و بە ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە وابەستکراون و، بە ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و ڕێکخستنی خۆیان لەیەکتر جیادەکرێنەوە و، جیاوازی شوێن لە سیستەمی ئابووری ــ کۆمەڵایەتیدا بنەمای جیاکردنەوەیە و، لەسەر ئەم بنەمایەش پشکی خۆیان لە سامان وەدەستدەهێنن. چینەکان لای لینین کۆمەڵە کەسانێکن کە هەر کۆمەڵێک دەتوانێ ئەوەی دیکە بچەوسینێتەوە و ئیستغلالی کاری ئەوەی دیکە بکات بەگوێرەی شوێنەواری خۆی لە سیستەمی ئابووری لە کۆمەڵگادا.

ئەم پێناسەیەی لینین، کە ڕوونکردنەوەی بۆچوونەکانی مارکسە، بنەمایەکە، کە بەفرەوانی و کرانەوە بڕوانینە خوێندنەوەی ڕیزبەندی چینایەتی لە کۆمەڵگای هاوچەرخی مرۆڤایەتی، بەتایبەتی مێژوو لای مارکسیستەکان دانەخراوە و بە کراوەیی و لە چوارچێوەی یاساکانی ململانێدا ماوەتەوە و، سەرمایەداری هاوچەرخ بۆ قورتاربوون لە قەیرانەکانی، جگە لە دروستکردنی زێدەبایی بە شێوازی دیکە، بواری دیکەی دەربازبوون لە قەیران و متبوونی نییە و، ئەمەش بە چەوساندنەوەی هەژاران و  ئەو توێژ و پێکهاتنە دەبێت، کە جگە لە فرۆشتنی هێزی کاریان بە سەرمایەدارن هیچی دیکەیان نییە.

 

هۆکارەكانی شێوازی ژیان و سەرچاوە ئابوورییەکان ڕۆڵی خۆیان لە بنیادنانی گرووپی كۆمەڵایەتی لە نێو یەك چیندا بینیوە

 

گرنگیدانی ماركس بە چەمكی چین و ئاماژەكردنی بەم چەمكە لە چەندین حاڵەتی جیاوازدا و، جەختكردنی لەسەر شوناسی پراكتیكی بەكارھێنانی، ئاماژەكردنە بەوەی ماركس تەماشای چەمكی چینی وەك دەستەواژەیەكی سۆسیۆلۆجی دابڕاو لە بواری ژیانی كۆمەڵایەتی و ئابووری و بوونی نایەكسانی و ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی بەھۆی ململانێی چینایەتی نەكردووە و، بە پێچەوانەوە ئەم بابەتی بە دوو لایەنی گرنگی سۆسیۆلۆجیا بەستۆتەوە. یەكەمیان بابەتی بزاوتی كۆمەڵایەتییە، واتا توانا و ئەگەری جوڵە لە ڕیزبەندی چینایەتی. دووەمیان بابەتی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتییە، كە ئەمەش لەلایەكەوە بابەتی سەرەكی ماتریالیزمی مێژووییە، كە بەشێكە لە فەلسەفەی ماركسیزم و لە لایەكی دیكەوە بەندە بە تیۆری مێژوو لای ماركس. ئەم میتۆدەی ماركس، كە ھەردەم بە كراوەیی و دوور لە دۆگما و بە ڕەچاوكردنی تیۆری خۆی بۆ مێژوو و دانەخراوەیی ژیانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بووە، وای كرد تێڕوانین بۆ چەمكی چین لە لایەن تیۆرڤانە گەورەكانی بواری سۆسیۆلۆجی دوای ماركس بە ڕەچاوكردنی گۆڕانكارییەكان، بەرھەمی نوێیان سەبارەت بە چەمكی چین ھەبێت.

یەكێك لەوانە ماکس ڤێبەرە ( ١٨٦٤ – ١٩٢٠)، كە كارتێكردنی ماركسی بەسەرەوە دیارە. ڤێبەر کۆمەڵناس و مێژوونووس و یاساناس و ئابووریناسی سیاسی ئەڵمانی بووە و، بە یەكێك لە گرنگترین تیۆریستەکانی گەشەسەندنی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوای مۆدێرن دادەنرێت. بیرۆکەکانی بە قووڵی کاریگەرییان لەسەر تیۆری کۆمەڵایەتی و لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی هەبوو. هەرچەندە ڤێبەر وەک یەکێک لە شاسوارەكانی کۆمەڵناسی شانبەشانی ماركس و ئۆگست کۆنت و ئیمیلی دۆرکهایم ناسێندرا، بەڵام خۆی بە کۆمەڵناس نەدەزانی و زیاتر خۆی لە مێژوونووسییدا بینیەوە.

سەبارەت بە چین ڤێبەر لە کتێبی (ئابووری و کۆمەڵگا)دا تیشکی خستۆتە سەر فۆڕمەکانی دروستبوونی گرووپ.

بەپێی ڕای ڤێبەر، كە باس لە چەمكی گرووپەكان دەكات ئاماژە بە گرووپ لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ماددی و، گرووپ لەسەر بنەمای دەسەڵات دەكات، كە بەشێك لەو گرووپانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ماددی بە درێژایی مێژوو دروستبووە و فۆڕمی جۆراوجۆریان گرتووە، بۆ نموونە  گرووپ لەسەر بنەمای مەزهەبی خێزانییەکان، یان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکی ماددی هاوبەش، یان بە مەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی بازرگانی و قۆرخکاری لە بواری بەرھەمھێنانی كاڵایەكی دیاریكراو.

 

تێڕوانینی نوێ لە کۆمەڵناسیدا سەبارەت بە گرووپە تەقلیدییەكان ئەوەیە، کە ئەگەر ئەم گرووپانە هەبن، ئەوا گرنگییەکی لاوەکییان هەیە و ناگەنە ئاستی چینێكی كۆمەڵایەتی تایبەتمەند

 

هۆکارەكانی شێوازی ژیان و سەرچاوە ئابوورییەکان ڕۆڵی خۆیان لە بنیادنانی گرووپی كۆمەڵایەتی لە نێو یەك چیندا بینیوە.

ھەندێك لەو گرووپانە جۆرە وزە و ڕەوابوون لەسەر بنەمای پێگەی ئاینی و خێڵەكی یان لە ئاكامی كاری وەزیفی و حزبایەتی وەردەگرن و لەم ڕێگایەوە پرستیژ و مەقام و دەسەڵاتیان وەرگرتووە.

نموونەی ئەم جۆرە گرووپانە لە وڵاتانی سەرمایەداری وابەست و جیهانی سێیەم بوونی ھەیە.

ئەگەر بۆ بۆچوونەكانی ماركس سەبارەت بەم بابەتە بگەڕێینەوە، دەبینین، كە ماركس ئاماژەی بە توێژی كۆمەڵایەتی جۆراجۆری نێو چینێكی دیاریكراو كردووە، و تایبەتمەندی ماركس لەوەدا بووە، كە تێكڕای ئەم دابەشبوونە بە چین و توێژی كۆمەڵایەتی لە سایەی پەیوەندییەكانی بەرھەمهێنان و شێوازی بەرھەمێنانی سەرمایەداری و پاشماوەی شێوازەكانی دیكەی پەرەسەندنی قۆناغەكانی مێژووی مرۆڤایەتی بووە.

تێڕوانینی نوێ لە کۆمەڵناسیدا سەبارەت بە گرووپە تەقلیدییەكان ئەوەیە، کە ئەگەر ئەم گرووپانە هەبن، ئەوا گرنگییەکی لاوەکییان هەیە و ناگەنە ئاستی چینێكی كۆمەڵایەتی تایبەتمەند.

 

بۆردیۆ پێی وابوو چین بە بڕی ئەو سەرمایە ئابووری و کەلتوورییە دیاری دەکرێت کە خاوەنیەتی و کردەوەی خۆبەخشانە بەرهەم دەهێنێت

 

ھەروەھا لە بواری توێژینەوە سەبارەت بە چەمكی چین گرنگە ئاماژە بە پیەر بۆردیۆ ( ١٩٣٠ –  ٢٠٠٢) بكەین، كە  کۆمەڵناسێکی فەڕەنسی بوو، بۆردیۆ یەکێک بوو لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی ژیانی کەلتووری و فیکری لە فەڕەنسا و یەکێک بوو لە تیۆرڤانە نێودەوڵەتییە دیارەکانی کۆمەڵناسی هاوچەرخ و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر زانستە مرۆییەکان و زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی بیستەمەوە ھەبووە.

بۆردیۆ کتێبی میراتگرانی لە ساڵی ١٩٦٤ (لەگەڵ ژان کلۆد پاسێرۆن) و کتێبی وەچەخستنەوە لە ساڵی ١٩٧٠ (لەگەڵ هەمان نووسەر) بڵاوکردەوە.

لە ساڵی ١٩٧٩ ئەم نووسەرە كتێبە بە ناوبانگەکەی بە ناوی جیاكاری بڵاوكردەوە و لە کۆتایی تەمەنیدا چوونە نێو خۆپیشاندان لەگەڵ گرووپی ناڕازی و مانگرتوودا دژ بە ڕەوشی ئابووری فەڕەنسا.

بۆردیۆ پێی وابوو چین بە بڕی ئەو سەرمایە ئابووری و کەلتوورییە دیاری دەکرێت کە خاوەنیەتی و کردەوەی خۆبەخشانە بەرهەم دەهێنێت.

گفتوگۆی نوێ لە کۆمەڵناسیدا سەبارەت بە چینی كۆمەڵایەتی بە چەند چەمکێکی دیكەوە وابەست بوو، وەك هەژاری، بێكاری، چینی ناوەڕاست، ڕۆشنبیران و پیشە و، ناوەڕۆكی ئەم ئاڕاستەیەش گەڕانەوەیە بۆ تێڕوانینی گشتگیرییانەی ماركس سەبارەت بە چین.

لە ڕەوتە هاوچەرخەکان لە کۆمەڵناسیدا دوو قوتابخانەی نوێ ھەن، جۆن گۆڵدتۆرپ و ئێریک ئۆلین ڕایت.

ئەوان لەگەڵ قوتابخانەی مارکسیست هاوڕان، بەوەی کە پەیوەندی چینایەتی لە ژێر ڕۆشنایی پێگە لەناو سیستەمی بەرهەمهێناندا دیاری دەکرێت و پەیوەندی چینایەتی ڕۆڵێکی ناوەندی هەیە لە ژیانی تاکەکان و تێگەیشتن لە دیاردە سروشتییەکان، بەڵام باس لە هەندێک فرەوانی لە دابەشکردنی چینەکان دەكەن و بەپێی ڕای جۆن گۆڵدتۆرپ  ٧ بۆ ٨ چین و توێژی کۆمەڵایەتی هەن.

گۆڵدتۆرپ ئاماژە بە بەرژەوەندی سەرەکی توێژینەوەکان لە بوارەکانی چینبەندی کۆمەڵایەتی، جووڵە و ماکرۆکۆمەڵناسی دەكات. هەروەها لەسەر پرسە میتۆدۆلۆژییەکان دەنووسێت سەبارەت بە یەکخستنی توێژینەوەی تیۆری، بە گرنگیدانێکی تایبەت بە پرسەکانی هۆکارگەرایی و جووڵەی کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی كرێكاری دەوڵەمەند.

 

پریكاریا چینێکی سەربەخۆ لە خۆیدا نییە، بەڵكو گرووپی هەمەچەشنن، کە تاڕادەیەك بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی هاوشێوەیان هەیە

 

نۆێترین توێژینەوەی سۆسیۆلۆجیستی لە بواری چین و توێژ و گرووپی كۆمەڵایەتی كتێبە بەناوبانگەكەی گای ستاندنگە بە ناوی (پریكاریا مەترسدارترین چین).

نووسەر پێناسەی پریكاریا دەكات، كە گرووپێكی کۆمەڵایەتی جیاوازە و ئەو ڕاستییە کۆیان دەكاتەوە، کە پێگەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی ناجێگیریان ھەیە و لە پڕۆلیتاریا دەچن، بەو پێیەی جگە لە هێزی کاری خۆیان خاوەنی هیچی دی نین.

پریكاریا كۆمەڵێك توێژی کۆمەڵایەتین، کە هۆشیاری دەستەجەمعی و شوناسی چینایەتی سەربەخۆی خۆی گەڵاڵە نەبووە، واتە بۆ خۆی نەچووەتە بازنەی چینایەتییەوە و، ئەگەر بۆ ماركس بگەڕێینەوە پریكاریا چینێکی سەربەخۆ لە خۆیدا نییە، بەڵكو گرووپی هەمەچەشنن، کە تاڕادەیەك بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی هاوشێوەیان هەیە و تێکچوونی بارودۆخی ژیانیان لە ناوخودا بەهۆی سیاسەتی دەوڵەت و سیستەمی ئابووری جیهانییەوەیە.

پریكاریا گرووپی کۆمەڵایەتی بێبەشەکان پێكدەھێنن، کە لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە پەراوێزخراون و، لە ماوەی یەک لە دوای یەکدا لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییە ئابوورییانەی، کە کاریگەرییان لەسەر پێکهاتەی ئابووری و پیشەسازی جیهانی دروستکردووە و، لە ئەنجامی ئابووری بازاڕ و نیولیبڕالیزم لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە و، بەهۆی وازهێنان لە سیاسەتەکانی خۆشگوزەرانی له ئەوروپا و، بەهۆی شکستی تاقیکردنەوەکانی گەشەپێدان و مۆدێرنیزاسیۆن لە وڵاتانی جیهانی سێیەمەوە، بەفرەوانتر لە ژیانی كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەوە پەراوێزدەخرێن و ھەژاری وەك میراتێك بۆیان دەمێنێتەوە.

كاوه‌ مه‌حموود

سیاسه‌تمه‌دار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...