سیاسیشرۆڤه‌

کاغەزی سپی ئیمزا مەکەن

چیرۆکی حەلبووسی و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی

هاوڕێ تۆفیق – شارەزای یاسایی

 

لە کوردستان و لە عێراقیش بەشێکی زۆری حزبەکان، پێشوەخت کاغەزی دەستلەکارکێشانەوە بە کاندیدەکانیان ئیمزا دەکەن، ئەمە لە کاتێکدا هێشتا کاندید نەک دەنگی بوون بە ئەندامی پەرلەمانی بە دەست نەهێناوە، بەڵکو هێشتا لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەوە بەشێوەیەکی یاسایی تەنانەت وەکو کاندیدیش پەسەند نەکراوە.

 

حزبەکان ئەمە وەکوو پارێزبەندییەک بۆ خۆیان سەیر دەکەن، هەتاوەکو لە داهاتوو کاندید سەنگەری حزبی نەگوازێتەوە بۆ لایەکی تر. حزبی تەقەدووم کە حەلبووسی سەرۆکایەتی دەکات، کوتومت ئەمەی کردووە، لەیس تەمیمی  کەسایەتییەکی سووننەی ناسراوبوو، تازە لە زیندان ئازاد کرابوو، ئەستێرەی جەماوەری لە هەڵکشان بوو، خۆی لەسەر حزبی تەقەدووم کاندید کرد، پێشوەخت کاغەزی دەستلەکارکێشانەوەیان پێ ئیمزا کرد.

 

پێشتر محەمەد حەلبووسی کاغەزی سپی بە لەیس تەمیمی ئیمزا کردبوو، کاتێک ناکۆکی لەنێوان درووستبوو لەدژی بەکاریهێنا و لە پەرلەمان دووریخستەوە

 

ڕۆژگار هات و ڕۆژگار ڕۆیشت، تەمیمی دەنگی بەدەستهێنا و بوو بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق. پاش ماوەیەک کێشە لە نێوان حەلبووسی و تەمیمی درووستبوو، بەبێ یەک و دوو، حەلبووسی کاغەزی کۆنی داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی تەمیمی خستە دەنگدانی پەلەمانەوە و دەستلەکارکێشانەوەکەیان پەسەندکرد. ناوبراو کردی بەهەڵا و گوتی: من داواکاری دەستلەکارکێشانەوەم نەکردووە. بۆ ئەو مەبەستە سکاڵای لە دادگای فیدڕاڵی لە دژی حەلبووسی تۆمارکرد. پاش چەندین دانیشتنی دادگا، بڕیاری کۆتایی دەرچوو.

دادگا دەڵێ: لە ڕووی قانوونییەوە ئیمزاکردن لەسەر کاغەزێکی سپی و پاشان بەکارهێنانی لە کاتێکی تر وەکوو کاغەزی فەرمی کەسێک، کە کەسایەتی قانوونی پێ درووست بکات، ئەوە کارێکی ناقانوونییە، لەهەمان کات سەرۆکی پەرلەمان، نوێنەرایەتی هەموو گەلی عێراق دەکات و لەژێر بەرپرسیاری سوێندی دەستورییدایە و دەبێت بە دەستور و قانوونەوە پابەند بێت. بۆیە داگا ئەم کارەی بە ناپاکی سوێندی دەستوری دانا و لە ئەندامێتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی دەرکرد.

 

ڕوونیشە بڕیاری دادگا ڕەهەندی سیاسی هەیە و هیچ دابڕاو نییە لە بێنەوبەرەی سیاسی! لەگەڵ هەموو ئەو خاڵانەدا، دەرئەنجامێک هەیە؛ حزبەکان کاغەزی سپی پێشوەختە بە کاندیدەکانتان مەنووسن، چونکە هیچ نرخێکی قانوونی نییە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...