سیاسیشرۆڤه‌

شۆڕش؛ دەرمان یان ژەهر

‎ئەوەی لەو ماوەیەدا بە ڕێگای میدیا و سۆشیال میدیا، بەدواداچوونی بۆ بارودۆخی ئیران کردبێت، زۆر بە ئاسانی هەست بەو گۆڕانکارییە دەکات کە لەو وڵاتە ڕوویداوە. لێرەدا مەبەست گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان نین، کە ئەوانیش بە نۆرەی خۆیان گرنگن لە مێژووی پێشکەوتنی گەلان بۆ دەربازبوونیان لە کۆمەڵگایەکی نەریتی یان لە قۆناغی ڕاگوزەر بۆ قۆناغی مۆدێرن، بەڵکو لێرەدا مەبەستم لە ڕووی بوێری دەربڕینی ڕای جیاوازی سیاسی و هەبوونی ئارگۆمێنتی جیاوازە کە لە میدیا و سۆشیال میدیا بە ئاشکرا بڵاو دەکرێنەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەو گفتوگۆیانە بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دوو سەردەمی جیاواز، تا ڕادەیەک بە هاوشێوەی سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی دوای ڕووخانی ڕژێمی شا دێنە بەرچاو، کە ئەوکات بۆ ماوەیەکی کەم دەرفەتی گفتوگۆی بیروبۆچونە دژەکان لە ئێران هەبوو .

‎لە سەرەتادا کەشوهەوایەکی سیاسی ئەوتۆ هەبوو کە تەنانەت کیانووری سکرتێری گشتی حزبی کۆمۆنیستی (تودە) لەگەڵ دکتۆر بەهەشتی کە بە کردار کەسی دووەم بوو لە کۆماری ئیسلامی، لە تەلەفزیۆنی ئيران لە گفتوگۆیەکی ڕووبەڕوو بەرانبەر یەکتری وەستانەوە، کە هەریەکە لەو دوو کەسایەتییە خاوەنی دید و فەلسەفەی جیا و دژ بە یەک بوون. ئەگەرچی کۆتایی حزبی تودە و خودی کیانووریش لە ناو کۆماری ئیسلامی باش نەبوو.

‎ئەوەی بە ڕوونی دەردەکەوێت ژمارەیەکی بەرچاو لە نوخبەی ڕۆشنبیر و ئاکادیمی لە ئێران گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە ئێران پێویستی بە گۆڕانکاری و ڕیفۆرمێکی سیاسی و ئابووری هەیە. هەندێکیان سەرەڕای گلەییان لە بارودۆخی ناوخۆیی بە تایبەت لە بواری ئابووری و ئازادییەکان، بەڵام لە ڕووی ئاسایشی نیشتمانییەوە کۆماری ئیسلامیان پێ سەرکەوتووە، کە توانیویەتی ئاسایش و خاکی ئێران بپارێزێت. هەروەها بە هەبوونی هاژەک و دڕۆنەکانی کاریگەری و هەژموونی لە ناوچەکە هەیە. کەچی هەندێکی دیکە بە ئاشکرا دژی دەستوەردانی ئێرانن لە ناوچەکە و پێیان وایە ئەو کارەی ئێران دژی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیەتی.

‎گرووپێکی دیکە ڕادیکاڵانەتر بیر دەکەنەوە و پێیان وایە ئێران پێویستی بە شۆڕشێکە، لەبەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی ڕیفۆرم ناکات و خەڵک چیتر سەبری نەماوە.

‎جان مێرشایمێر زانای بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دەمێکە لەو باوەڕەدایە کە نادادپەروەری و ئەنجامنەدانی چاکسازیی ئەو خاڵانەن کە شۆڕشگیڕان سوودی لێ وەردەگرن. مێرشایمێر دەڵێت: شۆڕشگێرەکان دەسەڵاتی وڵاتەکەیان بە نادادپەروەر ناودەبەن و لە ڕوانگەی ئەوان توانای چاک بوونی نییە، هەر بۆیە شۆڕش بە دوایین ئەلتەرناتیڤ دادەنێن.

‎بەڵام دکتور بێژەن عەبدولکەریمی مامۆستای فەلسەفە، شۆڕش بۆ ئێران بە ژەهر وەسف دەکات، دەڵێت گەلی ئێران جارێک شۆڕشی کردووە و ئەنجامەکەی باش نەبووە، ئەو پێی وایە کە شۆڕشی سیاسی چارەسەر نییە، بەڵکو شۆڕشێک پێویستە  کە ستراکچەری کۆمەڵایەتی بگۆڕێت، لەبەر ئەوەی بە گۆڕینی ستراکچەری کۆمەڵایەتی زۆر بە ئاسانی ستراکچەری سیاسییش دەگۆڕدرێت.

‎ئەوەی کە بە ڕوونی دیارە و بەگشتی هەستی پێ دەکرێت و خاڵی هاوبەش و نەگۆڕی هەم لایەنگرانی شۆڕشی ئیسلامی و ئەوانەشە کە دژی کۆماری ئیسلامیین، ڕەتکردنەوەی هەر هێرشێکی سەربازی دەرەکییە بۆ سەر وڵاتەکەیان.

بەشێک لە نوخبەی ئەکادیمی و ڕۆشنبیران هەروەها ترسی خۆیان لە نائارامی و ناسەقامگیری وڵاتەکەیان ڕاگەیاندووە بە جۆرێک پێیان وایە دابەشبوونی  کۆمەڵگا و جەمسەربەندی ناوخۆیی، سەردەکێشێت بۆ شەڕی ناوخۆ، تەنانەت ئەگەری دابەشبوونی ئێران بە دوور نازانن. دابەشبوونی ئێرانیش لای زۆربەی ئۆپۆزیسیۆنی دژ بە کۆماری ئیسلامی کە باوەڕیان بە ئێرانە، وەکوو نیشتمانی  گەورە و پیرۆزی خۆیان بە تەواوی ڕەتکراوەتەوە.

هەروەکو چۆن شۆڕشی کۆماری ئیسلامی بە یەکێک لە ڕووداوە گرنگەکانی سەدەی ڕابردوو هەژمار دەکرێت، هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە ناوخۆی ئەم وڵاتە ڕووبدات، جا ئەگەر ڕیفۆرمێکی ڕاستەقینەی دڵخوازی خەڵکی بێت، یان جۆرێکی تر، کاریگەری زۆر لەسەر کۆی ناوچەکە درووست دەکات.

نەزهەت حالی

نووسه‌ر و سیاسه‌تڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button