شرۆڤه‌كه‌لتووركۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

لەبارەی ناشرینییەكانمان لە بەكارهێنانی فەیسبووكدا

 

  1.  هەموومان هەست دەكەین چیتر فەیسبووكەكەمان وەك جاران خۆش و چێژبەخش نییە. بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە فەیسبووك هیچ نەگۆڕاوە و بگرە خزمەتگوزارییەكانیشی زیاتر كردوون، ئەوەی گۆڕاوە و بۆتە هۆی وەدیهێنانی ئەم ناخۆشبوون و بێچێژییە، بریتییە لە شێوازی بەكارهێنانی ئێمە بۆ ئەم مینبەرە. فەیسبووك وەك سیستەمێكی پەیوەندیگرتن لە چۆنێتی بەكارهێنانەكانی جیا بكەینەوە، كە هەر یەكەمان وێنەی خۆمانی پێدەبەخشین. ئەوە ئێمەین وەك جاران بەكاری ناهێنین و هەرگیز نەمانتوانی بیكەینە پردێكی پەیوەندیی نێوانمان. ئەگەر شیرینی و چێژ و سوود لە فەیسبووكدا نەماوە، ئەوە خۆمانین كە شیرینیمان لەدەستداوە و وەك جاران خۆش و قۆشمە و هاوڕێ نین. كەواتە پەندێكی كوردی هەیە دەڵێت: “پێشئەوەی سووژنێك بە خەڵكیدا بكەین، پێویستە دەرزیییەك لە خۆمان ڕۆكەین”. ئێشی ئەو دەرزییە بیرخەرەوەی ئێشی ئەو سوژنەیە. من ئەم قسانە بۆ هاووڵاتییانی خۆم دەنووسم كە پێشتریش پرسم پێكردوون و خۆتان هانتاندام دوایین بیركردنەوەكانی خۆم، لە دوای كتێبی (مرۆڤ و ئینتەرنێت)، بۆ ئێوە بنووسم. هەتا پێشم بكرێت ڕوون و ڕاشكاوبم و هەرچی ئەوەی بە سوودی دەزانم بیڵێم، تا ئاشتیی ڕۆحی بۆ هەریەكەمان بگەڕێتەوە. چونكە خراپبەكارهێنانی فەیسبووك لە ئێستەی كۆمەڵگەی ئێمەدا، نیشانەكانی بیمارییەكی ڕۆحییان پێوەیە و ئەوە ئاشكرا دەكات، مرۆڤی ئێمە هاوسەنگ و ئارام نییە و خۆی لەدەستداوە.

 

2. فەیسبووك خۆی لە خۆیدا ناشیرین و جوان نییە. جەوهەری فەیسبووك وەك میدیایەك بریتییە لە پەیوەندیگرتن و سات و سەودا. میدیۆم، یان گۆڕەپانێكە و ئێمە دەتوانین ئەو گۆڕەپانە بكەینە شوێنی پەیوەندی یانژی دابڕان و تیكچوون. ئەوە ئێمەین جوانیی و ناشیرینی بەو شوێنە دەبەخشین. ئێمە حوكمی فەیسبووك دەكەین، نەك بە پێچەوانەوە. ئێمە خاوەنی خودێكین، كە ویست و حەز و هزری هەیە، فەیسبووك نە ویستی هەیە، نە خودی هەیە و نە حەز و نە هزر. ئەو، دەفرێكە ئێمە ناوەڕۆكی بۆ درووستدەكەین. ئێمەش هەر یەكەمان بەپێی ئەوەی چین و كێین و چیمان لە باردایە.

 

3. بەڵام فەیسبووك ئێستا وەك ماڵێكی هاوبەشی بەكاربەرانی لێهاتووە. لە هەر ماڵێكدا چەند كەسێك: دایك و باوك و منداڵەكانیان دەژین. پاشان هەر ماڵەی دراوسێ و دەرگابەدەرگای ماڵانی ترە. كەواتە ماڵ شوێنێكی ئاشكرا و ناسراوی ئێمەیە. بگرە ماڵ ئەو شوێنەیە كە ئێمە تێیدا نیشتەجێین و لێوەی پەیوەندییەكانمان ڕێكدەخەین. كەس خۆی لە ماڵی خۆیدا بۆ ناشاردرێتەوە، چونكە سرووشتی ماڵ ئەوەیە ئاشكرامان دەكات: ئەمە ماڵی تۆیە، ئەوە ماڵی منە و ئەوەش ماڵی ئەوانی ترە. وەلێ، ماڵ بە كەسەكان و پەیوەندییەكانیانەوە كاراكتەر و ڕێز و سامی خۆی هەیە. دەرگای ماڵ، پەنجەرەكانی، ڕاڕەوی و گشت ئەو شوێنانەی دیكەی پێكهێنەری ماڵن، ئەگەر بە دروستی بەكارنەهاتن، ماڵیش ئەو سام و شكۆیەی نامێنێت كە بۆ كەسەكانی ناوی پێویستن. بەمجۆرەش، ئەگەر فەیسبووك وەك ماڵێكی هاوبەش تەماشا بكەین، پێویستە شیوازی بەكارهێنانەكەشی بە هەمان گرنگییەوە بێت، كە ماڵەكانمان بەكار دەهێنین. فەیسبووك وەك ماڵێكی ڕاستەقینە نییە، بەڵكو ماڵئاسایە، بەڵام ئەگەر دروست بەكارمان نەهێنا دەتوانێت ماڵی ڕاستەقینەت تێكبدات.

 

4. لەم ڕوانگەیەوە، دوای ئەوەی مۆڵەتم لە ئەزیزان وەرگرت، ئەم چەند سەرنجەتان لەبارەی ناشیرین بەكارهێنانی فەیسبووك بیر دەخەمەوە، كە دەبێتە هۆكاری ناشیرینبوونی كەسایەتیمان. وشەی (ناشیرین) لێرەدا بە واتایەكی تایبەت و سنووردار بەكاردەهێنم: زیانگەیاندن بە كەسایەتی خۆمان كە پێچەوانەی ئەوەیە پێوەی ناسراوین، یان لەگەڵ كەسایەتیمان نایەتەوە و لە شیرینیمان كەمدەكاتەوە. كەس بۆخۆی شیرینە، دەشتوانێت هەروا بە شیرینی بمێنێتەوە، كەچی زمانی ئێمە بە پێشخستنی ئەو (نا)یە كارەساتی بۆ كەسێتیمان ناوەتەوە. ناشیرین: سنووری نێوان دوو قۆناغ و ژیانە. ئەمەش دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی دیدێك لەبارەی خۆمانەوە و خۆخستنە ناو قاڵبێكەوە، كە لەمەودوا خەڵك لێوەی كەسایەتیمان دەبینێت و بگرە دەبێتە هۆی بە سووك تەماشاكردنمان، كە هیچمان خۆمانی بەشایانی نازانین و ڕەنگە خەڵكانێكی دڵسۆزی دەوروبەریشمان ئەوە بزانن، بەڵام ڕوویان نایەت پێمان بڵێن، یان لە ترسی ئەوەی لەدەستمان نەدەن، بێدەنگەی لێدەكەن. دۆخێكی ئەوەندە ناخۆشە، كە نزیكترین كەسەكان، بە بۆنی دەم و بنباڵمان قەڵس دەبن، بەڵام بۆ ئەوەی لە دەستمان نەدەن، هەرگیز پێمان ناڵێن كێشەیەكی ئەوتۆمان هەیە. بەكارهێنانی هەڵەی فەیسبووكیش وەك بۆنی بنباڵ و دەمی لێهاتووە، ئەوەندە لێمانەوە نزیكە و ئەوەندەش هەراسانكەرە، كەس پێمان ناڵێت سەرووی چاوت برۆی پێوەیە.

 

5. لە زمانەوە دەستپێدەكەم: زمان كەسایەتی ئێمەی پێوە بەندە و بگرە شوناسی سەرەكیی ئێمەیە. زمانی فەیسبووك زمانی نووسینە، كە چەند شتێك دەگرێتەوە (ڕێنووس، خاڵبەندی، داڕشتن و جوانكاری و ڕوونی.). مەرج نییە مرۆڤ شارەزای تەواوی لەم بابەتانەدا هەبێت، بەڵام گرنگە لەبیرمان بێت كاتێك لە فەیسبووك دەنووسین، پێویستە ڕەچاوی ئەوە بكەین، زمان وێنەیەكی ڕاستەوخۆمان لەلای خوێنەر و بینەرەكان بۆ درووستدەكات. ئاستی كەسایەتی و هۆشەكی و دنیادیدەیی و خوێندەواری ئێمەی پێوە بەندە و بگرە زمان دەبێتە نوێنەری پسپۆڕی و پیشە و ئەو كەسایەتییەی لە كۆمەڵگەدا هەمانە. من ناڵێم هەریەكەمان بچین كۆرسێكی تایبەت لەمبارەیەوە بخوێنین و ئەوسا فەیسبووك بەكاربهێنین، یان كۆمێنتی تێدا بنووسین. بەڵام ڕەچاوكردنی لایەنی كەمی ئەم بابەتە: نووسین بە فۆنتی كوردی، بەكارهێنانی تەختەكلیلی كوردی، ڕێكخستنی كوردییانەی ڕستە و دانانی نیشانەكانی خاڵبەندی لە شوێنی خۆیدا بە گرنگ دەزانم و ئەوەش ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر خۆمان و یەكتریش هەیە. بە هەمان شێوەی كە لە زمانی قسەدا دەمانەوێت بە ڕوونی و پوختی خۆمان دەرببڕین، لە فەیسبووكیشدا بەكارهێنانی زمانی نووسین، هەمان گرنگی و پێگەی هەیە. زمان هەر تەنیا هۆكاری ناسینەوەی كەسێتی خودی خۆمان نییە، بەڵكو هۆكاری جیاوازیی شوناسی نەتەوەییشمانە. بۆیە هەر كەسێك دەتوانێت لە ڕێگەی زمانەوە، خەبات بۆ شوناسی نەتەوەیی خۆی بكات و بەشداربێت لە شۆڕشێكدا كە هەمیشە بیرمان دەخاتەوە: من/ئێمە كێین!

 

6. وێنەدانان: هیچ پێویست ناكات بۆ هەموو پۆستێكی فەیسبووك وێنەیەكی خۆمان دابنێین. وێنەدانانی هەمیشەیی كاریگەریی لەسەر كەسایەتیمان دەبێت. ویست و حەزی خەڵك و هاوڕێیان بۆ بینینمان دەكوژێت. لەبەرچاو دەكەوین، قسەمان دێنێتە سەر و دەبینە مایەی پلارتێگرتنی ڕاست و ناڕاست. ئەوە ڕاستە (كات)ی وێنەدانان خۆمان هەڵیدەبژێرین، بەڵام (كاتی بینینی) بەدەست ئێمە نییە. كێشەكە ئەوەیە، وێنە: گرتەی چركەیەكە لە كەسایەتی ئێمە، بەڵام خۆی واپیشان دەدات ئەوە بۆ هەمیشە هەموو خۆمانین. وێنە لە ساتێكدا گیراوە و ئێمە تیایدا بەشێوەیەك دەرچووین، كەچی خۆی واپیشان دەدات كە ئێمە بۆ هەمیشە واین. پەیوەست بەوەی كێ و لە چ كات و میزاج و دۆخێكدا وێنەكەمان دەبینێت، بەڵام لەسەر ئەو وێنەیەوە بڕیار لەسەر گشت كەسایەتیمان دەدات. بە بڕوای من هەتا دەكرێت وێنەتایبەتییەكانمان لەگەڵ دانانی پۆستەكانمان كەم بكەینەوە.

 

7. كۆمێنت: كۆمێنتنووسین ئەگەر لە نەشارەزاییەوە بێت، وەك ئەوەیە چاوتیان بەستبێت و بەسەر كێڵگەی لوغمدا بڕۆیت! بۆیە ئەگەر هەر نەتتوانی خۆت لە نووسینی كۆمێنت بە دوور بگریت، ئەوە پێویستە بزانیت كۆمێنتنووسین شێوازی خۆی هەیە، یەكەم: دەستپێكردنی كۆمێنت هەمیشە بە پێزانین و سوپاس دەبێت. بە دەستخۆشیكردن و خستنەڕووی منەتباری. بە كەمكردنەوەی ماندوویی ئەوەی كە پۆستێكی نووسیوە. دووەم: خۆت لە پەرچەكردار بەدوور بگرە. هێرش مەكە، شتی ناڕەوا مەنووسە. سێیەم: لە بابەتی پۆستەكە دەرمەچۆ، بۆ نموونە ئەگەر كەسێك لە پۆستەكەیدا باسی شتێكی كردووە، هیچ پەیوەندیی بە سیاسەتەوە نییە، باسی دۆڵمە و سەیران دەكات، تۆ مەچۆ كۆمێنتێكی سیاسییانە بنووسیت و لە زەوقی بدەیت.. كۆمێنت هەتا كورت و پووخت و ئامانجدار بێت كاریگەریی زیاترە. چوارەم: كۆمێنت شیاوی چاككردن، ڕاستكردنەوە و سڕینەوەیە. ئەگەر زانیت كۆمێنتەكەت شیاوی بەهەڵە تێگەیشتنە، لە دۆخێكی دەروونی نالەباردا نووسیوتە، یان بەهەڵەداچوویت و ناڕاستە، یانژی بەرانبەرەكەت پێ بریندار كردووە، یان پێت ناخۆشە كۆمێنتی ئاوات بۆ بنووسرێت؛ دەتوانیت چاكی بكەیت، پێیدا بچیتەوە، یان بیسڕینەوە. ناشیرینترین جۆری كۆمێنتنووسین ئەوەیە، كۆمێنتی نەشیاو بۆ كەسێك بنووسیت (هاوڕێت نەبێت)، لەوەش ناشیرینتر ئەوەیە كۆمێنتی نەشیاو بۆ كەسێك بنووسیت خۆت داوای هاوڕێیەتیت لێكردبێت و كەچی لە پشتەوە پەلاماری بدەیت. بەڵام لەمانەش ناشیرینتر ئەوەیە لە ئەكاونتێكی دیكەی كەسێكی دیكە كۆمێنتی نەشیاو بۆ كەسێك بنووسیت، كە هاوڕێت بێت. لەوانەش هەمووی كە ناشیرینمان دەكات كاتێك بەدرێژایی ساڵان خۆمان كردووە بە (هاوڕێ)ی یەكتر و كەچی یەك كۆمێنتیشی بۆ نانووسین، تا ئەو كاتەی ئەو كەسە گڵۆڵەی دەكەوێتە لێژی، ئەوسا تۆ وەك دووپشكێك پەیدا دەبیت و پێوەی دەدەی. یان هەرگیز هەر كۆمێنت نانووسیت. لێرەدا دەبێت لە خۆمان پرسین: ئێمە بۆچی خۆمان كردووە بە (هاوڕێ)ی یەكتر؟ دەبێت من لەخۆم پرسم: بۆچی لەلای فڵان و فیسار خۆم كردۆتە هاوڕێ؟ سیفەتم چییە؟ خەریكی چاودێریكردنیم، یان خۆم لەبەرگی هاوڕێیەتیدا مەڵاس داوە.. لە هەموو ئەو كۆمێنتانەش ناشیرینتر ئەوەیانە كە كۆمێنتێكی نەشیاو بۆ كەسێك لەسەر پەیجێكی بەربڵاو دەنووسین بەبێ ئەوەی بیناسین یان دوور و نزیك پەیوەندیی بە ئێمەوە هەبێت. لێرەدا بەشدارییی لە كوشتنی كەسایەتی ئەو كەسەدا دەكەین، كە ڕەنگە ڕۆژگارێك ببێتە هاوڕێ و ناسیا و دراوسێمان..

 

8. خەڵك تۆمەتبار و تاوانباركردن: فەیسبووك پڕە لە گشتاندن و سەپاندن. پڕە لە ناوبانگزڕاندن و چوونە سەر سفرەی حەشامات. مەترسیدارترین شت ئەوەیە خۆت هیچ بەڵگەت بە دەستەوە نەبێت لە تۆمەتدانە پاڵ كەسێكی دیكە و شوێن جەماعەت بكەویت. ئەوە زۆر لە كەسایەتیمان دادەبەزێنێت. لە كەسایەتیمان دەخات و خەڵك بە كەمهۆش و ناژیرمان تێدەگات. عالەم هەریەكەی بەپێی تێڕوانینی خۆی بۆ كەسایەتیمان ڕێزمان لێدەگرێت، بەڵام كاتێك دەمانبینێت ئێمەش هەمان شت دەكەین كە عاممە دەیكەن، یەكسەر پێی دەشكێن و لەخۆدادەمێنن. لە خۆیان دەپرسن: چۆن فڵانی وایكرد و شوێن حەشامات كەوت؟ كەی ئەوە ئیشی ئەوە؟ باوەڕ ناكەن من، تۆ و ئەوانی تر كە هەریەكەمان لە كۆمەڵگەدا كەسایەتی خۆمانمان هەیە، وا بكەین. بۆیە گرنگترین شت لە بەكارهێنانی فەیسبووكدا ئەوەیە پەلە نەكەین. پەلە نەكەین لە نووسینی كۆمێنتێك، كە خۆمان ناینووسین بەڵكو حەشامات پێمان دەنووسێت. تۆمەتباركردنی هەر كەسێك واتە تەنیاهێشتنەوەی و ڕێگرتن لەوەی كە بتوانێت بەرگریی لە خۆی بكات. كاتێك هەمووان بە هەمان زمان و شێواز هەمان قسە و كۆمێنت و تۆمەت دووبارە بكەنەوە، چ ئازادییەك بۆ بەرگریكردن لە خۆ دەمێنێتەوە؟ ئێمە بەو كارەمان وای پیشاندەدەین كە ئەم كۆمەڵگەیە لە هێرشكردنە سەر جیاوازیدا چوونیەكین. ئەوەش مەترسیدارە كە نەهێڵین كەس لە ئێمە جیاواز بێت. لێرە بەڵگەیەك دەخەینە ڕوو كە ویژدانمان لە كوێیە كاتێك ناتوانین خۆمان بخەینە جێی ئەو كەسەی ڕووبەڕووی هێرشی كۆمەڵایەتی دەكەینەوە؟

 

9. پڕۆفایلی داخراو و هاوڕێیەتی: بۆچی دەبێت كاتێك پڕۆفایلی خۆمان داخستبێت، داوای هاوڕێیەتی لە كەسانی دیكە بكەین. ڕەنگە بۆ هەندێكمان ئەمە پاساوی خۆی هەبێت و بە ڕێككەوتن لە نێوان خۆماندا بگەینە دوا بڕیار، ئاخۆ ببینە هاوڕێی یەكتر یان، یان نا؟ بەڵام بۆ زۆرینەی كەسەكان ئەمە جێی گومانە: تۆ دەرگات بە ڕووی مندا داخستووە و كەچی دەتەوێت بتكەمە هاوڕێی خۆم! تۆ دەرگا لە من ناكەیتەوە و دەتەوێت من دەرگات بۆ ئاوەڵا بكەم!

 

10. لە كۆمێنت نووسیندا بیرمان بێت ئێمە بە چی ناسراوین: با بۆ نموونە شاعیرێك یان باوەڕدارێك وەربگرین: شاعیر و باوەڕدار یا شاعیر و باوەڕدار نین، یان هەموو كاتێك شاعیر و باوەڕدارن. ناكرێت لە پۆستێكدا مژدەی دوا دیوانمان بڵاو بكەینەوە و لە پۆستێكی دیكەدا هێرش بكەینە سەر كەسێك كە بە دڵی ئێمە ڕەفتاری نەنواندووە و بە ناشرینترین شێوەی زمانبەكارهێنان، بەڵام ناشاعیرانە بنووسین! هەروەك چۆن ناكرێت ئەوپەڕی بانگەشەی باوەڕداری بكەین و پڕۆفایلەكەمان بە ئایەت و فەرموودە ڕازاندبێتەوە و كەچی وەك شاعیرەكە، بە زمانێكی ناباوەڕدارانە هێرش بكەینە سەر كەسانێك كە بە پێچەوانەی باوەڕەكەی ئێمە، یان دژی باوەڕداری ئێمە جوڵاونەتەوە. فەیسبووك شوێنێكە هەم دەتوانین تیایدا شاعیرانە و هەمیش باوەڕدارانە ئامادەییمان هەبێت. ئەگەر نەمانتوانیی، واتای ئەوەیە لە هەردووكیاندا شكستمانخواردووە. بۆیەش ئەم نموونەیەم هێنایەوە، چونكە لە كەسایەتی مرۆڤی ئێمەدا هەردوو كاراكتەرەكە بە توندی ئامادەن: كاراكتەری شاعیر و كاراكتەری باوەڕدار و كەسیشمان نكوڵی لەوە ناكەین كە هەردووكیان كاراكتەرێكی ناوەندگەرا و (معتدل)ن، واتە خاڵی هاوبەشیان ئەوەیە كە دڵفرەوان و لێبووردەن. نازانم ئێمەی بەكاربەرانی فەیسبووك كامیانین، بەڵام گرنگە بەو ڕۆحییەتەوە فەیسبووك بەكار بهێنین. ئەوەش دەكەوێتەوە سەر هەر یەكەمان. پێچەوانەی ئەوەی دەمانەوێت پێوەی بناسرێین ڕەفتاركردن و بیركردنەوە، لەلای خەڵك وەك دووڕوو و درۆزن دەمانناسێنیت.

 

11. گەنجبوونی خۆمانمان بیرنەچێت: گەنجایەتی جوانترین قۆناغی تەمەن و ترۆپكی پیشاندانی كەسایەتیمانە. مەبەستم لە گەنجبوون تەنیا تەمەن نییە، بەڵكو هزرین و بیركردنەوە و جیهانبینییە. جۆری ڕوانین و جۆری تێگەیشتنە لە دنیا و لە مرۆڤەكان و لە ژیان. گەنجبوون سەرمایەیەكی ڕەمزییە، كە دەتوانین بیكەینە سەرمایەی ئابووری و پێگەیی. بۆیە بیرمان بێت وەك گەنج، بەكارهێنانی فەیسبووك مەترسیدارە. ئەوەی سبەی دەبێتە خاوەن كارەكەمان و پێگە و ئەركمان دەداتێ چاوێك لە بەكارهێنانی فەیسبووكەكەمان دەكات. فەیسبووك بۆ خاوەنكارەكان، ئاوێنەی ناخی ئیمە و بۆ دەروونشیكارەكانیش بریسكانەوەی نهێنییەكانمان و ڕاپۆرت لە كەسایەتیمان دەدات.. من ناڵێم خۆت مەبە، چونكە گەنجایەتی واتە خۆبوون و یەكڕوو بوون و ڕاشكاوی. لەگەڵ ئەوەشدا گەنجایەتی دەتوانێت شمشێرێكی دووسەر بێت: هەم ئەوی تر بپێكیت، هەم خۆمان. لە فەیسبووكدا گەنجایەتی لە ڕاستگۆبوونیدا جوانە، بەڵام ڕاستگۆیی لە كەسایەتی درۆزنانە جیا بكەینەوە. هەندێك وشە و ڕستە هەن، بەكارهێنانیان زیانی ڕاستەوخۆ لە گەنجایەتیمان دەدەن. هێرشكردنە سەر ژنان و خانمان، گەنجایەتیمان ناشرین دەكات با قۆزترین پیاوی دنیاش بین. بۆیە وەك نالی فەرموویەتی: بەكارهێنانی زمان داوێكە و نابێت پێوەی ببین.

 

12. ڕەگەزی خۆمان بیر نەچێت: ڕەگەز بەشێكی پێكهێنەری گرنگە لە كەسایەتی ئێمەدا. مرۆڤ لە چوارچێوەی ڕەگەزەكەیدا بیر دەكاتەوە و جەستەی ئەو، گوزارشە لە میزاج و بایۆلۆژیا و شوناسی ئەو. ئێمە كاتێك فەیسبووك بەكاردەهێنین، جەستە و ڕەگەز و خودێتیمان نمایش دەكەین و خۆمان بەو جۆرە دەنوێنین، كە جەستە و ڕەگەزمان دەیخوازێت. زمانی ئێمە پێش ئەوەی پەیڕەوی لە دەستووری زمان و لە زمانی فەرمی بكات، پەیڕەوكاری جەستە و ڕەگەزی خۆمانە. ئێمە بە ڕەگەزی خۆمانەوە هەین و مێیینەیی و نێرینەیی لە ئێمەدا ئەو قسانەمان پێدەكات، كە دەیانكەین. هەرچەندە ئەكاونتەكەمان ساختە بێت، وێنەی ڕەگەزی بەرانبەری لەسەر بێت، بەڵام زۆر ڕێگە هەن بۆ ئاشكرابوونی ڕەگەزییمان. زمان لە خۆیدا یەك ڕەهەند نییە و فرە ڕەهەندە، بۆیە گوتراوە: مرۆڤ بە زمانیدا دەناسرێتەوە. لە ئیمامی عەلییەوە تا مێشێل فۆكۆ لەسەر ئەو بڕوایەبوون: مرۆڤ لە زمانیدا خۆی شاردۆتەوە! ڕاستگۆترین بەكاربەری فەیسبووك ئەوەیە، كە گوزارش لە ڕەگەزی خۆی دەكات و ڕێز لە ڕەگەزەكانی بەرانبەری دەگرێت. چەندە ڕێز لە خودی خۆمان بگرین، ئەوەندەش ڕێزمان لێدەگیرێت، پیچەوانەكەشی هەر ڕاستە. ئەمڕۆ زۆر میتۆدی زمانی، ئاخاوتن، گوتارشیكاری، دەروونزانی و دەروونیشكاری هەن، كە ڕاستەقینەی شاراوەكان ئاشكرا دەكەن. هەرگیز بیرمان نەچێت، مرۆڤ كاتیك خەونیش دەبینێت، بێڕەگەز خەون نابینێت.

 

13. توندوتیژی ئاشكرا و توندوتیژی شاراوە: فەیسبووك مەیدانی ئاشكرابوونی توندوتیژی شاراوە و پەنهان و نهێنی و گۆڕینیەتی بۆ توندوتیژی ئاشكرا. ڕۆژگاری ئەمڕۆ، كەس ناتوانێت توندوتیژی بشارێتەوە و بگرە خودی توندوتیژی لە ڕۆژگاری ئێمەدا نایەوێت خۆی حەشار بدات و بچێتە ئەودیو پەردەوە! ئەی تۆ هەستناكەیت بەبێ ئەوەی بە خۆمان بزانین، توندوتیژتر بووین؟ (لایكێك) و (قاقا)یەك و یەك (هاهاها..)، بەسە بۆ ئەوەی وەك توندوتیژ دەربكەوین. لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و زانایی خەڵكی، ئاستی تێگەیشتنیشیان بۆ زمانی هێمایی و ئاماژەیی بەرز دەبێتەوە. هەموو ئەمەش وامان لێدەكات بە ئاسانی كلیك لەسەر هیچ شتێك نەكەین، تەنانەت دڵ و ئامێز و گوڵیش.. ئاخر كاتێك (قاقا) وەك توندوتیژی و لێدان خۆی ئاشكرا بكات، گەرەنتی چییە بۆ ئەوەی ئاستەكانی دیكەی زمانی ئاماژەش بە هەڵە لێكنەدرێنەوە: كاتێك كەسێك بنووسێت: (ئێستا دایكم كۆچی دوایی كرد و خودا بە بەهەشتی بەرینی شاد بكات)، چ نیشانەیەكی بۆ دابنێین؟ بە شێوەیەكی ئاسایی خەڵك نیشانەی خەم و فرمێسك دادەنێن، ئەوەش بە واتای هاوبەشی خەمتانین. بەڵام دەتوانین نیشانەی دڵیش دابنێین وەك پەسەندكردنی بەشی دووەمی ڕستەكە: (خودا بە بەهەشتی بەرینی شاد بكات). بە هەمان شێوە دەكرێت نیشانەی تووڕەییش دابنرێت: بە واتای ئەوەی نەدەبوو هێشتا دایكت بمرێت!

 

14. خزمەكان: هەموومان خزم و خوێشمان هەن. بەپێی پەیوەندییەكانی خزمایەتی، خزمان چاوەڕوانییان لەیەكتر هەیە و پێویستە پشتگیری یەكتر و هاندەری یەكتریش بن. بەڵام توێژینەوەكان و ئەزموون ئاشكرایان كردووە، كەمترین كۆمێنت خزمەكان بۆ یەكتری دەنووس و ئیرەیی لە نێوانیاندا زۆرە. چاودێریی یەكتری دەكەن، بەڵام خۆیان لەیەكتری تێناگەیەنن. لە دڵ و ناخەوە یەكتری بەسەر ناكەنەوە و لە شێوازی یەكتری باش تێدەگەن. بۆیە زۆربەی كات ساردییەك لە نێوان خزمە فەیسبووكییەكاندا درووستدەبێت و پاشان دەكشێت بۆ ساردی لە نێوان خزمە ڕاستەقینەكان و پەیوەندییەكان تێكدەچن. هەروەها خزمەكان لە نێوان خۆیاندا قسەت لەسەر دەكەن و هیچت پێناڵێن و ئەمەش تووڕەیی بەرهەم دەهێنێت. پێشنیاز دەكرێت مرۆڤ كەمترین خزمی لە ئەكاونتەكەیدا وەك هاوڕێ هەبێت، یان پاش تاقیكردنەوەیان و چاودێریكردنی هەڵوێستیان، بڕیاری كەمكردنەوەیان بدەین.

 

15. خاڵی دیكە بۆ جوانكردنی فەیسبووك و كەسایەتیمان زۆرن، بەڵام ئەمانەی باسمكردن ئەو خاڵانەن كە هەركەس دەتوانێت بەبێ كەمترین زەحمەت كەمیان بكاتەوە و شیرینی بگێڕێتەوە بۆ كەسایەتی خۆی.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...