سیاسیشرۆڤه‌

هێزە کەنداوییەکان؛ ئیماڕات و سعودیە

 

<کەنداو> لە ڕوواڵەت، ڕووخسار و دەرەوەدا، یەکەیەکی جیۆپۆلەتیکی و جوگرافییە. لەناوەوە شتێکی ترە. بەزمانی ئینگلیزی پێی دەگوترێت Gulf  وەک ساتەوەختێک بۆ بەیەکەوەلکان و دابڕانی چەند هێزێکی جیاواز. ئەم هەفتەیە کەنداوی عەرەبی زیاتر لە هەموو کات و مێژوویەک جێگەی باس و هەواڵ و سەرزارانە. پێدەچێت لە دنیادا کەس هێندەی <ماکندەر و دووگین> کەنداوی عەرەبی نەناسن و نەچووبنەوە نێو قوڵاییەکانییەوە. هەریەک لەمانە بەدوو چاویلکەی جیاوازەوە لە گرنگی کەنداوی عەرەبی دەڕوانن لەسەر نەخشەی جیۆپۆلەتیکی جیهاندا، بەتایبەت کاتێک نەوت و سامانی سروشتی لەو ناوچەیە دید، ئاگایی و ستراتیژی هێزە گەورەکان دەگۆڕێت بۆ بەڕێوەبردن و ململانێکان لەو ناوچەیەدا. بابگەڕێینەوە بۆ کەنداو، بۆ ئیماڕات و سعودیە.

میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب United Arab Emirates و شانشینی سعودیەی عەرەبی The Kingdom of Saudi Arabia ناوی هەریەکەیان جێگەی تێڕامانە. میرنیشین و یەکگرتن هێمایە بۆ دەسەڵاتی کلاسیک و پەرتبوون، یەکگرتن ئاماژەیە بۆ کۆبوونەوە و بەیەکەوەبوونێک لە ڕێگەی میرەوە! دەسەڵاتی پشتاوپشتەوە. شانشینیش بەهەمانشێوە. ناو بەشێکی ناسنامە و پڕۆژەیە بۆ دەوڵەت وەک چۆن ناو بۆ کەسی ئاسایی زیاتر دۆخێکی سایکۆلۆژی و تاکەکەسییە. ئەم هەفتەیە ناسنامەی زاڵی ئەم دوو ئەکتەرە COP28 و فیستیڤاڵی فیلمی دەریای سوورە.

ئیماڕات لە ڕێگەی پرسی ژینگەوە، زۆر سەرکردەی دنیا کۆدەکاتەوە. سندووقی کۆمەک بنیاتدەنێن، دەیەوێت وڵاتەکەی بگۆڕێت بۆ جۆرێک لە مەڵبەند بۆ سیاسەت و حکومڕانی لە ناوچەکە. سعودیە خەریکی داڕشتنەوە و دیزانکردنەوەی کۆمەڵگەی سعودییە. دیارە سەرەتا لە هونەرەوە دەستیپێکردووە. هونەر وەک کەناڵێکی خێرا و کاریگەر. دیارە هەوڵ و ستراتیژی هەردوولا تێکەڵەیە لە هێزی نەرم Soft Power  و هێزی تیژ Sharp Power، بەڵام هەردوولا کاردەکەن بۆ ئەوەی بەخێرایی ببن بە زلهێزی ناوچەیی Regional Power و ئەوانی تر بەتایبەت قەتەڕ جێبهێڵن.

ڕاستییەکەی، ئیماڕات و سعودیە بەدوای ڕۆڵی ڕابەرایەتی و سەرکردایەتی لە ناوچەکەدا دەگەڕێن و نایانەوێت قەتەڕ قووتیان بدات، بەتایبەت کاتێک قەتەڕ دەیەوێت جیاوازبێت و ڕۆڵی میسری جاران ببینێت لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا. ئیماڕات لە ڕێگەی دیپلۆماسی و سعودیەش لە ڕێگەی هونەرەوە کاردەکەن بۆ بنیاتنانی <ناسنامە Identity>  بۆ جیابوونەوە لەوانی تر و ئۆتۆنۆمبوون لە سیاسەتی دەرەوەدا، بەڵام پڕۆسەی بنیاتنانی ناسنامە ئاسان و سادە نییە.

مۆدێلی حکومڕانی، سیاسەت، یاسادانان، حکومڕانی باش، گەشەپێدانی سیاسی، شێوەی بنیاتنانی دەوڵەت ڕۆڵ دەبینن لە شەرعیەتدان بە ناسنامە و بەها و کاریگەرییەکانی. کەنداوی عەرەبی پڕە لە هێز، زۆرینەی بەدوای درووستکردنی ناوەندە، بەڵام ناوەند کاتێک دەتوانیت بیجوڵێنیت و ببێت بەسەرچاوەی هێز و مەعریفە کاتێک لە ناوەوە کاری بۆ کراوە، بڕیار و حکومڕانی و بەڕێوەبردنی تێدا بە عەقڵانیکراوە.

<لوسیان پای> باس لە ڕۆڵی ناسنامە و بەشداری سیاسی و ئاوێتەبوون Integration دەکات لە گەشەپێدانی سیاسیدا، هەرسێکیان لەناوەوە سەرەتا گەشەیان پێدەدرێت، دواتر لە سیاسەتی دەرەوە دەبن بە بەهای سیاسی و کەرەستەی مامەڵەکردن لەگەڵ دنیادا. کەنداو دەتوانێت بجوڵێت، جوڵە بەشێوەی تر!

پەیڕەو ئەنوەر

نووسه‌ر و توێژەر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...