شرۆڤه‌

لە سۆما و سۆرانەوە بۆ هاووڵاتییانى كوردستان چاوەڕوانى كارەساتى دیكەش بن

 

دووبارەبوونەوەى كارەساتەكان بە یەك شێوە جگە لە كەمتەرخەمى و گوێپێنەدانى سەرپەرشتیارانى ئەو شوێنانە لەناو جومگەكانى فەرمانڕەوایى هیچ تەفسیرێكى دیكە هەڵناگرێت. ئەگەر یەك تۆز كار بەو پێوەرانە بكرێت كە بۆ هەر كارێك داندراوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ساڵانە ئەو هەموو رووداوە جەرگبڕە دووبارە نابێتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لەو چەند ساڵەى ڕابردوو چەندین هوتێل و باڵەخانە ئاگریان تێبەربووە، خەڵكیشیان تێیدا سووتاوە. ئێمە تەنیا ئاماژە بە دوو ڕووداوى گەورە دەكەین، كە بەهۆى زۆرى قوربانییەكان دەنگدانەوەى گەورەى هەبووە، ڕووداوى یەكەم سووتانى هوتێل سۆما بوو لە سلێمانى و ڕووداوى دووەم كارەساتەكەى شەوى ڕابردووى باڵەخانەیەكى سۆران بوو.

شەوى ڕابردوو كەسێك  لە كەناڵى ڕووداو قسەى كرد، گوتى، تێلیان بۆ كردین داواى هاوكاریان دەكرد، كە ئاگر و دووكەڵ لێیان نزیك دەبێتەوە شوێنێك نییە لێى دەرچن، بۆیەش ئەگەر سەیر بكەین لە پەنجەرەكانى دەرەوە خەڵك بە ئامێرى كارەبا بە هاوكاریان دەچوون.

ئەو دیمەنە ئەومان پێ دەڵێت، ئەگەر شوێنى دەرچوونیش هەبێت، هەر لە تەنیشت قادرمەى سەرەكى بووە، یاخود شوێنێكە لە ناوەوە، لە كاتێكدا ڕێڕەوى سەلامەت دەبێت لە دەرەوەى باڵەخانە بێت نەك لە ناوەوەی، هەر شەوى ڕابردوو كەسێك قسەى دەكرد، گوتى، زۆرینەى ڕەهاى باڵەخانەكان ئەو ڕێڕەوەیان نییە، ئینجا باسى لەو ماددانە كرد كە هەمووى وەك بەنزینە ئەو باڵەخانانەى لێ درووست دەكرێت.

 

تا دادگا و بەرپرسە سەرمایەدارەكان بەو جۆرە یەك بن، ئەوا دەیان سۆما و سۆرانى دیكە بە چاوى خۆمان دەبینین

 

زۆربەمان لەبیرمانە لە مانگى حەوتى (٢٠١٠) بە یەك شەو بەهۆى سوتانى هوتێل سۆما (٢٧) كەس گیانیان لەدەست دا، كە بەشێكیان خەڵكى بیانى بوون،  بەرپرسیارى یەكەم كێ بوو؟ هۆكار چى بوو؟ تا چاوپۆشییەكان لەو ڕووداوانە بەردەوام بێت دەبێت چاوەڕوانى كارەساتى لەو جۆرە بكەین، هەر یەك لە كەسوكارى ئێمەش بە سەلامەتى دەرناچن، چونكە كەس نییە ڕێگەى نەكەوێتە ئەو جۆرە شوێنانە.

بەداخەوە چاوچنۆكى و پولپەرستى واى كردووە، ڕەچاوى هیچ سەلامەتییەك نەكرێت.

كەچى لەدواى سێ ساڵ دادگا سەرجەم ئەو كەسانەى ئازاد كرد، بە تۆمەتى ئەو دۆسیە دەستگیركرابوون.

بۆیە تا دادگا و بەرپرسە سەرمایەدارەكان بەو جۆرە یەك بن، ئەوا دەیان سۆما و سۆرانى دیكە بە چاوى خۆمان دەبینین.

ئەگەر لایەنى پەیوەندیدارى حكوومەتى هەرێم دوو باڵەخانە و هوتێلى لەسەر نەبوونى كوالێتى سەلامەتى دابخستایە و بۆ ڕای گشتى ئاشكراى بكردابوونایە، ئەو هەموو كارەساتە بەو جۆرە دووبارە نەدەبۆوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...