هه‌واڵ

وردەکارییەکانی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەکەی سۆران

زێدپرێس

 

شەوی ڕابردوو، ئاگر لە باڵەخانەیەکی ناوەندی سۆران کەوتەوە و بەهۆیەوە ١٤ کەس گیانیان لەدەستدا و لانیکەم چوار کەسی دیکەیش برینداربوون، بەپێی لێدوانی لایەنە پەیوەندیدارەکان باڵەخانەکە هیچ مەرجێکی سەلامەتی تێدا نەبووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە دوای کاتژمێر ٨:٠٠ی شەوی ڕابردوو، ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، ئاگر لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە ناوەندی شاری سۆران کەوتەوە و بەهۆیەوە ١٤ کەس گیانیان لە دەستدا، کە لەناویاندا چەند مامۆستا و خوێندکاری خوێندنی باڵای زانکۆی سۆران هەبوون. جگە لە برینداربوونی لانیکەم چوار کەسی دیکە کە نیشتەجێی باڵەخانەکە بوون.

باڵەخانەکە لە چوار نهۆم پێکهاتووە. ١٢ یەکەی نیشتەجێبوون(شوقە) لەخۆدەگرێت. ڕووداوەکە لە ڕۆژی هەینی ڕوویدا، کە زۆر لە نیشتەجێبووەکان لە باڵەخانەکە نەبوون و بەو جۆرەیش ئەگەر ڕووداوەکە لەکاتێکدا بووایە، کە هەموو نیشتەجێبووەکان لەوێ بوونایە، چاوەڕوان دەکرا ژمارەی قوربانییان زۆر بەرزتر بێت.

لەگەڵ کەوتنەوەی ئاگرەکەدا، نیشتەجێبووانی باڵەخانەکە، هاوار و بانگی بەهاناوەچوونیان دەکرد، بەڵام وەک شایەدحاڵەکان ئاماژەیان پێدا، بەهۆی ئەوەی باڵەخانەکە هیچ ڕێڕەوێکی خۆدەربازکردن و مەرجێکی سەلامەتی تێدا نەبوو، نەتوانرا قوربانییەکان دەرباز بکرێن.

تیمی بەرگری شارستانی سۆران، کە دوای ڕووداوەکە گەیشتنە شوێنەکە، لەڕێگەی سەلەی کارەباوە، لە دیوی دەرەوەی باڵەخانەکەوە هەوڵی دەربازکردنی خەڵکەکەیان دەدا.

قوربانییەکان خەڵکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و شارەکانی دیکەی عێراقن. لەناویاندا ئەو مامۆستایانەی لە زانکۆی سۆران وانە دەڵێنەوە یان لە خوێندنی باڵای ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکە دەخوێنن.

بەڕێوەبەری بەشەناوخۆیی سۆران بە میدیاکانی ڕاگەیاند، باڵەخانەکە سەر بە بەشەناوخۆییەکانی زانکۆکەکە نییە، باڵەخانەیەکی تایبەتە و ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ و خوێندکاری خوێندنی باڵا و کاسبکار تێیدا دەژین، بەڵام پێش سێ ساڵ باڵەخانەکە لەلایەن زانکۆی سۆرانەوە بەکرێگیراوە و وەک بەشەناوخۆیی بەکارهاتووە.

د. شێروان قۆرتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران شەوی ڕابردوو، بە میدیاکانی ڕاگەیاند، مامۆستایەکی فاکەڵتیی یاسا و دوو خوێندکاری خوێندنی باڵا، کە یەکێکیان هاوسەرەکەیشی لەگەڵ بووە، گیانیان لەدەستداوە، جگەلە برینداربوونی مامۆستایەکی دیکەی زانکۆکە.

سەرۆکی زانکۆی سۆران ئاماژەی بەوەشدا، کە تا سێ ساڵ پێش ئێستا، باڵەخانەکە لەلایەن زانکۆی سۆرانەوە بەکرێگیراوە، بەڵام ئێستا هیچ پەیوەندییەکی بە زانکۆکەوە نییە.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەرئەوکات بە میدیاکانی ڕاگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت. لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکدەهێنرێت، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە بکرێت، لەکاتێکدا باڵەخانەکە پەیژەی چوونەدەرەوەی هەبووە لەناوەوە و نازانرێت بۆچی بەکارنەهاتووە.

بەگوتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمڕۆ شەممە، لێژنەی لێکۆڵینەوەکە دەستبەکاردەبێت و دواتر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنرێت.

هەموو قوربانییەکان بە خنکان گیانیان لەدەستداوە، نەک بە سووتان و پرسیارێکی جددی درووستبووە لەسەر ئەوەی بۆچی ئەو قوربانییانە نەیانتوانیوە دەربچن و گیانیان لەدەستداوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...