شرۆڤه‌كۆمه‌ڵایه‌تی

لەبارەی توندوتیژییەوە

 

بۆ ئەوەی لە سۆسیۆلۆژیای توندوتیژی و زەبروزەنگ تێبگەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ هۆکارەکان، شێواز و چۆنیەتی بەرهەمهێنانی توندوتیژی لە ناو خانە و یەکە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خێزان، عەشیرەت، کۆمەڵگە خۆجێیەکان و کۆمەڵگە بەگشتی. ئەوەی زیاتر جێگەی تێڕامان و بیرکردنەوەیە، ئامێری ئەو توندوتیژییە و دینامیکیەتی توندوتیژییە، کە بەپێی کات و شوێن، سەردەم و هۆکارەکانی بەرهەمهێنان و نەریتەکان خۆی دەگۆڕێت و بەشێوەی تر خۆی تازە دەکاتەوە. وەک چۆن سیستەمی خانە و پێکهاتەکانی لە جەستەی مرۆڤ بەردەوام لەدایک دەبن و گەشە دەکەن و دەمرن و دووبارە بەشێوەی تر خۆیان درووستدەکەنەوە.

 

لەبنەڕەتدا، هۆکارەکانی توندوتیژی دوو ڕشتە و کاتیگۆرین: یەکەم: هۆکاری ڕەگ-ڕیشەیی Root Causes دووەم: هۆکاری یارمەتیدەر Contributing Factors  بەڵام دەبێت بزانین ئەم دوو هۆکارە چۆن بەیەکەوە کاردەکەن و بینای پەیوەندییەکانیان دەکەن بەتایبەت کاتێک زەبروزەنگ وەک دیاردەیەکی سایکۆ-سۆسیۆلۆژی لەگەڵ مرۆڤدا ئامادەیی هەمیشەیی هەیە.

هۆکارە بنەڕەتییەکان زیاتر کەلتوور، داب و نەریت و بیرۆکە و بیروباوەڕی چەقبەستووی کۆمەڵگە لە خۆدەگرێت. لەزمانی ئینگلیزیدا بەم حاڵەتە دەگوترێت Stereotype دەکرێت ئێمە ناوی بنێین بیروباوەڕی زاڵ و نادادپەروەر و ناڕاستی زۆرینەی کۆمەڵگە کە بووە بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی-ئابووری و دەستکاریکردن و گۆڕینی کات و پڕۆژەیەکی گەورە و فرەوانی دەوێت.

هۆکاری یارمەتیدەر زیاتر ژینگە، پەروەردە و تەکنەلۆژیا و چوارچێوەی کۆمەڵایەتییە. بۆ نموونە: کەسێک لە ڕەگەزی مێ لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی و زەبروزەنگ و هەڕەشە دەبێتەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی ئاسایی خۆیەوە. بیروباوەڕی زاڵ و ناڕاستی کۆمەڵگە لەزۆرینەی حاڵەتەکاندا تاوانبارکردنی ڕەگەزی مێینەیە لەکاتێکدا قوربانییە Victim دەبێت هاوکاری بکرێت.

هۆکاری یارمەتیدەر لێرە ژینگەی نێو تەکنەلۆژیایە کە بەهۆی تەکنەلۆژیا و لاوازی پەروەردەوە لەلایەن ئەوی ترەوە، ڕەگەزی بەرانبەر <مێینە> لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا بەئامانج دەگرێت و دەیکات بە چەقی زەبروزەنگ و توندوتیژییەکە بەتایبەت کاتێک سیستەمی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای <شەرمە و لۆمەکردن Shaming & Blaming> دادەڕێژرێت و فۆڕمێکی تەواو نێرسالارانە وەردەگرێت و شەرعیەت بە پڕۆسەی کارکردنی زەبروزەنگەکە دەدات. لێرەوە هەردوو هۆکارەکە وەک دووانەیەک بەیەک ئاڕاستە دەبن بە کارخانە بۆ توندوتیژی و دابەشکردنەوەی بەها و بیرۆکە نایەکسان و نادادپەروەرەکان لە کۆمەڵگەدا.

 

تواناسازی وەک پێشگریکردن

تواناسازی-بنیاتنانی تواناکان بەتایبەت لە کۆمەڵگەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەجۆرێک لە پێشگریکردن Prevention دادەنرێت بۆ وەستان لە بەرانبەر زەبروزەنگدا. سەرەتا گرنگە لە چەمکی تواناسازی Empowerment تێبگەین. دیارە تواناسازی ڕەگەزێکە لە گەشەپێدانی مرۆیی لەپاڵ ڕەگەزەکانی وەک: ١-بەرهەمدارێتی Producing ٢-داد و دادوەرێتی Equity ٣-بەردەوامێتی Sustainability ٤-تواناسازی Empowerment ئەم چەمکە لێرە ئاماژەیە بۆ پاڵپشتی و ڕاهێنان و بەرزکردنەوەی توانای ڕابەرایەتیکردن، بەڕێوەبردن، بەشداری لە درووستکردنی بڕیار و حکومڕانی و داڕشتنی سیاسەتەکان. لێرەوە کردەی تواناسازی دەرگایەکی گەورە دەکاتەوە بۆ پێشگریکردن لە بنیادی توندوتیژی و زەبروزەنگ بەتایبەت هۆکارە بنەڕەتی و یارمەتیدەرەکان و ستیریۆتایپەکانی نێو کۆمەڵگە.

پەیڕەو ئەنوەر

نووسه‌ر و توێژەر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...