كۆمه‌ڵایه‌تی

ڕەوشی ئافرەتان، منداڵان و کرێکاران لە کوردستان و عێراق

بەشەکانی شەشەم و حەوتەمی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق؛ ٢٠٢٣، تایبەتن بە جیاکاری و پێشێلکارییەکانی کۆمەڵایەتی، بەدیاریکراوی دۆخی ئافرەتان و گرووپە دۆخناسکەکان، هاوکات کرێکاران.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

پێشتر زێدپرێس، لە دوو بەشدا، پێنج بەشی ڕاپۆرتەکەی وەک خۆی بڵاوکردووەتەوە و لەخوارەوەیش دوو بەشی کۆتایی ڕاپۆرتەکە، خراوەتەڕوو.

 

 

بەشی 6. جیاکاریی و پێشێلکاریی کۆمەڵایەتی

ئافرەتان

لاقەکردن و توندوتیژی خێزانیی: یاسای فیدڕاڵ لاقەکردن و دەستدرێژی سێکسیی لەدژی ئافرەت، پیاو و منداڵ وەک تاوان هەژماردەکات، بەڵام بەدیاریکراوی ئاماژە نادات بە لاقەکردنی هاوسەریی. یاساکە سزای بەندکردنی داناوە کە زیاتر نەبێت لە 15 ساڵ، بەڵام سزای هەتاهەتایی دەسەپێنرێت ئەگەر قوربانیی لاقەکردن لە ئەنجامی پەلامارەکە بمرێت. بڕگەکانی یاسا لەسەر لاقەکردن چەمکی “ڕەزامەندیی” پێناسە نەکردوە و بەجێیهێشتووە بۆ شرۆڤەی دادوەریی. یاسا ڕێگەدەدات بە دەسەڵاتەکان کەیسی لاقەکردن دابخەن ئەگەر پێشێلکار هاوسەرگیریی لەگەڵ قوربانیی کرد، لەگەڵ بڕگەیەک بۆ پاراستنی قوربانیی لە تەڵاقدان بۆ ماوەی سێ ساڵ. پیاو دەتوانێت هاوسەر و منداڵ “تەمبێ بکات لە چوارچێوەی هەندێک سنووردا کە یاسا یان عورف دیاریکردوون”، هەروەها سزای کەمکراوە پەیڕەودەکرێت بۆ توندوتیژی یان کوشتن، ئەگەر تۆمەتبار “پاڵنەری شەرەف”ی هەبوو یان ئەگەر تۆمەتبار ژنەکەی یان مێینەیەکی خزمی لەکاتی ئەنجامدانی زینا بگرێت.

وەزارەتی ناوخۆ 16 یەکەی پاراستنی خێزانی هەیە، لەژێر فەرماندەیی پۆلیس و لە بینای جیاواز لەناو بنکەکانی پۆلیس لە سەرانسەری وڵات، کە پێکهێنراون بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە خێزانییەکان و دابینکردنی پەناگەیەکی پارێزراو بۆ قوربانییانی توندوتیژی سێکسیی و جێندەریی. ئەم یەکانە هەوڵ دەدەن ئەولەویەت بدەن بە ئاشتەوایی خێزان زیاتر لە پاراستنی قوربانیی و توانایان نییە بۆ هاوکاریکردنی ڕزگاربووان. ڕێکخراوە ناحکوومییەکان دەڵێن کە قوربانییەکان دەترسن بچنە یەکەکانی پاراستنی خێزان، چونکە گومان دەکەن کە پۆلیس دەستبەجێ خێزانەکانیان ئاگاداربکەنەوە لە گوتەکانیان. هەندێک سەرۆک خێڵ لە باشوری وڵات ڕێگری لە ئەندامانی خێڵەکانیان دەکەن هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بدەن لە ڕێگەی یەکەکانی پاراستنی خێزان، بە بیانووی ئەوەی کە توندوتیژی خێزانیی پرسی خێزانە. یەکەکانی پاراستنی خێزان لە زۆربەی شوێنەکان پەناگەیان نییە. ڕێکخراوە ناحکوومییەکان ڕاپۆرتیانداوە ئافرەتانی ڕزگاربووی توندوتیژی خێزانیی سڵ دەکەنەوە لە ڕاپۆرتدان لەسەر تاوان بە ئەفسەرانی پۆلیسی یەکەکانی پاراستنی خێزان کە زۆرینەیان پیاون.

گێچەڵکردن بە کارمەندانی یاسایی کە هەوڵ دەدەن بەدواداچوون بکەن بۆ کەیسەکانی توندوتیژی خێزانیی بەپێی ئەو یاسایانەی پەلاماردان وەک تاوان دەناسێنن، هەروەها نەبوونی پۆلیس و کارمەندی دادوەریی ڕاهێنراو، ئاستەنگی زیاتریان دروستکردووە بۆ هەوڵەکانی دادگاییکردنی پێشێلکاران. رووپێوێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامگیری کردوە کە نزیکەی 75 لەسەدی ئافرەتان ڕاپۆرت نادەن لەسەر توندوتیژی خێزانیی وەک تاوان، بەهۆی ترس لە تۆڵەسەندنەوە و کەلتووری ئاساییکردنەوەی توندوتیژی خێزانیی.

بەهۆی نەبوونی یاسای فیدڕاڵی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانیی، هەر وەزارەتێکی حکوومەتی ناوەند ڕێگەی تایبەت بەخۆی داهێناوە بۆ کاردانەوەی کاتیی بەرانبەر توندوتیژی خێزانیی. یاسای هەرێمی کوردستان توندوتیژی خێزانیی بە تاوان هەژماردەکات، لەناویاندا پێشێلکاریی جەستەیی و دەروونیی، هەڕەشەی توندوتیژی و لاقەکردنی هاوسەریی. حکوومەتی هەرێمی کوردستان حوکمەکانی یاساکەی جێبەجێ کردووە، هێزێکی پۆلیسی تایبەتی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی توندوتیژی جێندەریی و پێکهێنانی لیژنەی ئاشتەوایی خێزانیی لەناو سیستمی دادوەریی، بەڵام ڕێکخراوە ناحکوومییە ناوخۆییەکان ڕاپۆرتیانداوە کە ئەم پڕۆگرامانە کاریگەر نەبوون.

دوو پەناگەی بەڕێوەبراوی تایبەت و چوار پەناگەی بەڕێوەبراو لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەندێک پاراستن و هاوکاری دابین دەکەن بۆ قوربانییانی مێینەی توندوتیژی جێندەریی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ. شوێن سنووردارە و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان ڕاپۆرتیاندا، خزمەتگوزاریی و چارەسەرە دەروونییەکان لاوازن. ڕێکخراوە ناحکوومییەکان ڕۆڵێکی سەرەکیی دەگێڕن لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، لەناویاندا پێشکەشکردنی هاوکاریی یاسایی بە قوربانییانی توندوتیژی خێزانیی، کە زۆرجار هیچ هاوکارییەک لە حکوومەت بەدەستناهێنن. لەجیاتی بەکارهێنانی چارەسەرە یاساییەکان، زۆرجار دەسەڵاتەکان ناوبژییان کردووە لەنێوان ئافرەتان و خێزانەکانیان تا ئافرەتەکان بتوانن بگەڕێنەوە ماڵەوە. جگە لە هاوسەرگیریی یان گەڕانەوە بۆ ناو خێزان، کە زۆرجار بۆتە هۆی زیاتر بەقوربانیکردنیان لەلایەن خێزان یان کۆمەڵگەوە، بژاردەی کەم هەیە بۆ ئافرەتانی نیشتەجێی پەناگەکان. هاوکات حکوومەتی ناوەند و حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەیانتوانیوە مامەڵەبکەن لەگەڵ زەبری جەستەیی و دەروونیی کە تووشی ئەو ئەو ئافرەتانە بووەتەوە کە لەژێر حوکمی داعشدا ژیاون.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەنتەری جینۆساید لە دهۆک بەڕێوەدەبات بۆ پێشکەشکردنی چارەسەر و هاوکاریی و شیاندنەوە بە ئافرەتانی ڕزگابوو لە ژێردەستەیی داعش، لەگەڵ لێکۆڵینەوە و دۆکۆمێنتکردنی تاوانەکانی لاقەکردن؛ دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستیی و دەروونیی لەناو کەمپەکان.

 

خەتەنەکردنی مێینە: یاسای عێراقی فیدڕاڵ و یاسای هەرێمی کوردستان خەتەنەکردنی مێینەیان قەدەغە کردووە. ڕێکخراوە ناحکوومییەکان ڕاپۆرتیانداوە کە پیادەکردنی خەتەنەکردنی مێینە بەردەوامە لە دابەزین لە هەرێمی کوردستانی عێراق. ڕێکخراوەکان ئەوە دەگەڕێننەوە بۆ بەتاوانکردنی ئەم دیاردەیە و چالاکییە بەردەوامەکانی هۆشیارکردنەوە لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی. خەتەنکردنی مێینە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق دیاردەیەکی بەربڵاو نییە.

 

جۆرەکانی تری تووندوتیژیی جێندەریی و گێچەڵ: یاسای فیدڕاڵ “شەرەف”ی وەک بەرگرییەکی یاسایی قبوڵکردووە بۆ توندوتیژی دژی ئافرەتان، بەڵام یاسای هەرێمی کوردستان قەدەغەی کردووە “شەرەف” وەک “دۆخی سوککەری سزا” بەکاربهێنرێت. کوشتن لەسەر شەرەف هێشتا کێشەیەکی گەورەیە لەسەرانسەری وڵات. بڕگەیەکی یاسا، سزای کوشتنی سنووردار کردووە بۆ سێ ساڵ زیندانییکردن ئەگەر پیاوی دادگاییکراو هاوسەرەکەی یان وابەستەیەکی مێینەی کوشت بەهۆی گومانی ئەوەی قوربانیی خیانەتی هاوسەریی یان کردەی سێکسی لەدەرەوەی هاوسەرگیریی ئەنجامداوە. نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (UNAMI) ڕاپۆرتیداوە کە ساڵانە چەند سەد ئافرەتێک دەبنە قوربانیی کوشتنی شەرەف. هەندێک خێزان کوشتنی شەرەف بەشێوەیەک ئەنجام دەدەن کە وەک خۆکوشتن دەربکەوێت. ئاماری دروست سەبارەت بە کوشتنی شەرەف بەردەست نەبوو.

لە مانگی کانوونی دووەم و شوبات، خۆپیشاندانی بەربڵاو ڕوویدا لە پارێزگای دیوانییە وەک کاردانەوە بەرانبەر سەپاندنی سزای سووک لە کەیسی کوشتنی “شەرەف”ی تیبە ئەلعەلی، کە باوکی حوکمدرا لەسەر خنکاندنی. گرووپەکانی مافی ئافرەتان داوای دادپەروەریی و یاسای توندتریان کرد بۆ پاراستنی ئافرەتان و کچان لە توندوتیژی جێندەریی. نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (UNAMI) و ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International) سەرکۆنەی کوشتنە “دڕندانەکەیان” کرد و ڕایەنگەیاند “یاسای سزادانی عێراقی هێشتا بە نەرمیی مامەڵە دەکات لەگەڵ ئەوەی ناودەبرێت بە ‘تاوانی شەرەف’ کە بریتییە لە کرداری توندوتیژی وەک لێدان و تەنانەت کوشتن.”

لەماوەی ساڵەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە وەزارەتی ناوخۆ، 30 کەیسی کوشتنی شەرەفی لە هەرێمی کوردستانی عێراق پشتڕاست کردەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ژنان و کچان هەندێک کات ڕووبەڕووی ئیستیغلالی سێکسی بوونەتەوە لەڕێگەی ئەوەی ناسراوە بە هاوسەرگیریی کاتیی یان هاوسەرگیریی چێژ، کە بەپێی ئەوە پیاو پارەی مارەیی دەدات بە خێزانی کچەکە یان ژنەکە لەبەرانبەر ڕەزامەندی لەسەر “هاوسەرگیریی” بۆ ماوەیەکی دیاریکراو. ئافرەتی گەنج، بێوەژن یان بێسەرپەرشت لەئەنجامی پەلامارەکانی داعش، بەتایبەتی دۆخناسکن بەرانبەر ئەم جۆرە ئیستیغلالە. لە کەیسی هاوشێوەدا، ڕێکخراوە ناحکوومییەکان ڕاپۆرتیانداوە هەندێک لەو خێزانانەی کچە منداڵەکانیان داوە بەرانبەر پارەی مارەیی، لەو بڕوایەدان کە هاوسەرگیرییەکە ڕاستەقینەیە، بەڵام تەنیا پاش چەند مانگێك کچەکانیان بۆ دەنێرنەوە، هەندێک جار بە دووگیانیی.

بەرپرسانی حکوومەت و ڕێکخراوە ناحکوومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان ڕاپۆرتیانداوە کە نەریتی “بەستنەوە” (نهوة)، واتا کاتێک ئامۆزا، مام یان خزمێکی تری نێرینەی ئافرەت ڕێگری دەکات لە هاوسەرگیریی یان هاوسەرگیرییەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە لەگەڵ کەسێکی دەرەوەی خێزان، هێشتا کێشەیە بەتایبەتی لە پارێزگاکانی باشوور.

 

جیاکاریی: ئەگەرچی دەستوری فیدڕاڵ زامنی یەکسانیی نێوان پیاو و ئافرەت دەکات، یاسا هەمان پێگەی یاسایی نەداوە بە ئافرەتان کە دەیدات بە پیاوان، هەروەها ئافرەتان ڕووبەڕووی جیاکاریی دەبنەوە لە کار و پیشەدا. یاساکانی تاوان، خێزان، باری کەسیی، کار و میرات، جیاکاریی دەکەن لەدژی ئافرەتان. ئافرەتان ئەزموونی جیاکاریی دەکەن لە بوارەکانی هاوسەرگیریی، جیابوونەوە، لەخۆگرتن (حضانة)ی منداڵ، کار، مووچە، خاوەندارێتی یان بەڕێوەبردنی بزنس یان موڵک، پەروەردە، پڕۆسەی دادوەریی و نیشتەجێبوون.

بۆ نموونە، لە دادگا گەواهیدانی ئافرەت نیو بەهای گەواهیدانی پیاوی هەیە لە هەندێک کەیسدا، بەڵام لە هەندێک کەیسی تردا یەکسانن. یاسا بەگشتی ڕێگەدەدات بە ئافرەتان ڕێکاری یاسایی تەڵاق بگرنەبەر لەدژی هاوسەرەکانیان، بەڵام یاسا مافی نەفەقە نادات بە ئافرەت جگە لە خەرجی منداڵ، یان لە هەندێک کەیسدا نەفەقەی دارایی بۆ ماوەی دوو ساڵ، لە هەندێک کەیسی تردا، پێویستە ئافرەت هەموو یان بەشێکی مارەییەکەی بگەڕێنێتەوە یان بەپێچەوانەوەوە بڕێک پارە بدات بە هاوسەرەکەی. بەپێی یاسا باوک سەرپەرشتیاری منداڵە، بەڵام دەکرێت دایکی تەڵاقدراو ئامێزگە (حەزانە)ی منداڵ وەربگرێت تا تەمەنی 10 ساڵان، ئەمەش بە بڕیاری دادگا درێژ دەکرێتەوە تا تەمەنی 15 ساڵان، پاش ئەوە منداڵ دەتوانێت بڕیار بدات لەگەڵ دایک یان باوک بژی.

هەر 18 گرووپە ئایینییە دانپێدانراوەکان دادگای باری کەسیی خۆیان هەیە، کە بەرپرسیارن لە بەڕێوەبردنی هاوسەرگیریی، تەڵاق و پرسەکانی میرات. جیاکاریی لەدژی ئافرەتان لە بوارەکانی باری کەسیی، بەپێی گرووپە ئایینییەکە دەگۆڕێت. شرۆڤەی حکوومەت بۆ شەریعە بنەمایە بۆ یاسای میرات بۆ هەموو هاووڵاتییان، جگە لە گرووپە کەمایەتییە ئایینییە دانپێدانراوەکان. لە هەموو کۆمەڵگەکان، پێویستە نێرینەی جێنشین پاڵپشتی دارایی ئەندامانی مێینە بکات، کە میراتی کەمتریان بەردەکەوێت. ئەگەرنا، ئافرەت مافی هەیە سکاڵا تۆماربکات. یاسا مافی یەکسان دەدات بە پیاوان و ئافرەتان بۆ خاوەندارێتی یان بەڕێوەبردنی زەوی یان موڵکی تر، بەڵام نەریتە کەلتووری و ئایینییەکان بەربەستن لەبەردەم مافەکانی موڵکداری ئافرەتان، بەتایبەتی لە ناوچە گوندییەکان.

یاسا و دابونەریت بەگشتی ڕێز لە ئازادیی جوڵەی ئافرەتان ناگرن. بۆ نموونە، یاسا ڕێگرە لە ئافرەت داوای پاسپۆرت بکات بەبێ ڕەزامەندی وەلی ئەمری نێرینە یان نوێنەری یاسایی. ئافرەتان، بەبێ ڕەزامەندی کەسێکی نزیکی نێرینە، ناتوان بەڵگەنامەی باری شارستانی بەدەستبهێنن، کە پێویستە بۆ دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بەشەخۆراک، چاودێریی تەندروستی، پەروەردە، و خانووبەرە.

ڕێکخراوە ناحکوومییەکان ڕاپۆرتیانداوە لەسەر ئەو کەیسانەی کە تێیدا دادگا تۆماری ئافرەتی ئێزدییان گۆڕیوە بۆ موسوڵمان، بەپێچەوانەی خواستی خۆیان، لەبەرئەوەی بەزۆر هاوسەرگیرییان لەگەڵ جەنگاوەرانی داعش پێکراوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەندێک پاراستنی زیاتر دابین دەکات بۆ ئافرەتان، ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و دەستەی چاودێریی مافی ئافرەتان پێکهێنراون بۆ جێبەجێکردنی یاساکان، ڕێگرتن و کاردانەوە بەرانبەر جیاکارییەکان، بەڵام ئەم پاراستنانە بەشێوەیەکی ناتەبا پەیڕەودەکرێن. یاساکانی تری هەرێمی کوردستان ڕەنگدانەوەی یاسای خێزانی عێراقی فیدڕاڵن، هەروەها ئافرەتان ڕووبەڕووی جیاکاریی دەبنەوە. یاسای هەرێمی کوردستان ڕێگەدەدات بە ئافرەتان مەرجی پێش هاوسەرگیریی دابنێن بۆ کاتی جیابوونەوە لە هاوسەر، لە چەندین دۆخی زیاتر لەوەی یاسای عێراق ڕێگەی پێدەدات، هەروەها هاوکاری دارایی بۆ ئافرەتی جیابووەوە دابین دەکات، بۆ ماوەی پێنج ساڵ پاش چاودێریی منداڵ.

یاسا قەدەغەی دانەناوە بۆ جیاکاریی لەسەر بنەمای تەمەن، ئاڕاستەی سێکسیی یان ناسنامەی جێندەریی. یاسا ڕێگەدەدات بە خاوەنکاران گرێبەستی کرێکاران هەڵبوەشێننەوە کاتێک دەگەنە تەمەنی خانەنشینی، کە بۆ ئافرەت پێنج ساڵ کەمترە.

 

مافی وەچەخستنەوە: هیچ ڕاپۆرتێک نەبوو لەسەر بەزۆر لەباربردنی منداڵ یان خەساندنی ناخۆبەخشانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی حکوومەتەوە.

 

چەندین ڕێبازی ڕێگرتن لە دووگیانیی بەشێوەیەکی بەربڵاو بەردەستن، لە عێراق و هەرێمی کوردستان؛ بەڵام ئافرەتان لە شارەکان بەگشتی دەستگەیشتنی باشتریان هەیە لەوانەی لە ناوچە گوندییەکان دەژین. ژنی مێرددار ناتوانێت وەسفی پزیشک وەربگرێت یان دەرمانی ڕێگرتن لە دووگیانیی بەکاربهێنێت، بەبێ ڕەزامەندی هاوسەرەکەی. ئافرەتی سەڵت کە هاوسەرگیریی نەکردووە ناتوانێت دەرمانی ڕێگرتن لە دووگیانیی بەکاربهێنێت. ئافرەتی جیابووەوە یان بێوەژن هەمان ئاستەنگیان نییە.

چالاکوانان بەتایبەت باسیان لەوە کرد کە مافەکانی وەچەخستنەوە پرسێکی هەستیاری ئایینییە. هەڕەشەی توندوتیژی لەلایەن گرووپە ئایینییە توندڕەوەکان ڕێگربوون لە هەموو دەستپێشخەرییەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی لە بواری مافەکانی وەچەخستنەوە.

بەهۆی ناسەقامگیری گشتی لە وڵات و گرفتەکانی بەشداریی ئابووری، چەندین ئافرەت چاودێریی تەندروستی نەگونجاو وەردەگرن.

لە هەرێمی کوردستانی عێراق، وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتیدا لەسەر پێشکەشکردنی چارەسەر بە ڕزگاربووانی توندوتیژی سێکسیی لە فەرمانگە خۆجێییەکانی تەندروستی و بەشەکانی ئیمێرجنسی. بەڵام دادوەران بەدەگمەن ڕەچاوی بەڵگە کۆکراوەکانی پزیشکی دادوەریی دەکەن. حکوومەت دەڵێت خزمەتگوزاری تەواو پێشکەش دەکات بە ڕزگاربووانی توندوتیژی سێکسیی و لاقەکردن لە هەموو پارێزگاکان، چونکە بەپێی یاسا پێویستە هەموو ڕزگاربووان چاودێریی و چارەسەری تەندروستی تەواو وەربگرن. بەڵام ڕێکخراوە ناحکوومییەکان ڕاپۆرتیانداوە ئەم خزمەتگوزارییانە لاوازن و تەنیا بەردەستن لە هەندێک لە ناوچە شارستانییەکان. ڕێگرتن لە دووگیانی بەپەلە بەردەست بوو وەک بەشێک لە بەڕێوەبردنی چەرپایی (قەرەوێڵەیی) قوربانیی لاقەکردن لە بنکە تەندروستییە حکوومیی و تایبەتەکان، ئەگەرچی ئەو داکۆکیکارانەی کار لەگەڵ ڕزگاربووان دەکەن ڕاپۆرتیانداوە لەسەر هەبوونی چەندین ئاستەنگ بۆ دەستگەیشتی ئافرەتان بە ڕێگرەکان لە دووگیانی، وەک ڕۆتین، داواکردنی بەڵگەنامە، لەکەدارکردنی کۆمەڵایەتی، سەرەڕای هەبوونی چەندین کەلێن لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکە.

 

توندوتیژی و جیاکاریی سیستماتیک لەسەر بنەمای ئیتنیک یان رەگەز

دەستوری فیدڕاڵ یەکسانیی دەدات بە هەموو هاووڵاتییان لەپێش یاسا و بەبێ جیاکاریی لەسەر بنەمای ڕەگەز، ئیتنیک، نەتەوە یان ڕەچەڵەک. دەستور قەدەغەی دەکات هەر قەوارە یان بەرنامەیەک هەستێت بە پەیڕەوکردن، هاندان، ڕێخۆشکردن، پیرۆزکردن، ڕەواجپێدان یان شەرعیەتدان بە ڕەگەزپەرستی و سڕینەوەی ئیتنیکیی. یاسای هەرێمی کوردستانی عێراق قەدەغەی داناوە بۆ “گوتاری ئایینیی، سیاسیی، ڕاگەیاندن، بەشێوەی تاکەکەس یان کۆمەڵ، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، کە لەوانەیە ببێتە هۆی دروستکردنی کینە و توندوتیژی، تیرۆر، بێبەشکردن و پەراوێزخستن لەسەر بنەمای نەتەوە، ئیتنیک یان بانگەشەی ئایینیی یان زمانەوانی.”

هێزە حکوومییەکان، لەناویاندا هەندێک گرووپی دیاریکراوی حەشدی شەعبی، ئەندامانی گرووپەکانی کەمینە ئایینیی و ئیتنیکییەکانیان کردووەتە ئامانج، هەروەها چەکدارە چالاکەکانی داعش هەمان کاریان کردووە. هەندێک هێزی حکومیی، لەناویاندا یەکەکانی حەشدی شەعبی، بەزۆر ئەو کەسانەیان ئاوارە کردووە کە گومانی وابەستەبوون بە داعشیان لێ دەکرێت یان لەبەر هۆکاری ئیتنیکیی و مەزهەبی.

زۆرینەی کەسە بەڕەچەڵەک ئەفریکییەکان، کە هەندێکیان بێدەوڵەتن، لە هەژاریی سەختدا دەژین و ڕێژەی نەخوێندەواریی و بێکاریی لەناویاندا بەرزە. لە سیاسەتدا نوێنەرایەتی نەکراون و دەڵێن کە جیاکاریی لەدژیان بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانن کاری حکومیی بەدەستبهێنن. ئەندامانی ئەم کۆمەڵگەیە کێشەی بەدەستهێنانی قەرەبوویان هەیە بەرانبەر بە زەوییە دەستبەسەرداگیراوەکانیان لەکاتی جەنگی عێراق-ئێران.

یاسا هەمان پێگەی هاووڵاتی دەدات بە کرێکاری کۆچبەری عەرەب، بەڵام هەمان ئەو مافانە نادات بە کرێکاری کۆچبەری ناعەرەب، کە ڕووبەڕووی ڕێوشوینی توندتری نشینگە و ڤیزەی کارکردن دەبنەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان نزیکەی 80 لەسەدی کەسانی بەڕەچەڵەک ئەفریکی بێکارن. لە سیاسەتدا نوێنەرایەتی نەکراون و هیچ پۆستێکی باڵای حکوومییان نییە، هەروەها دەڵێن کە جیاکاریی لەدژیان بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانن کاری حکومیی بەدەستبهێنن. چەندین ڕاپۆرت هەبوون سەبارەت بە کرێکاری بیانیی خەڵکی وڵاتانی ئەفریکا و ئاسیا، کە ڕووبەڕووی توندوتیژی سەخت، کاری زۆرەملێی وەک لەشفرۆشی و ئیستیغلال و توندوتیژی سێکسیی بوونەتەوە. زۆرجار ئەو کرێکارانەی ئاشکرابوون بەنایاسایی نیشتەجێن و کاردەکەن، دیپۆرت کراونەتەوە.

کەسانی بێدەوڵەت ڕووبەڕووی جیاکاریی بوونەوە لە دەستگەیشتن بە کار و دەستەبەری کاریان نییە. زۆربەی کەسە بێدەوڵەتەکان نەیانتوانیوە ناسنامەی باری کەسیی بەدەستبهێنن، ئەمەش بووەتە ڕێگر بۆ و دەستگەیشتن بە کار لە کەرتی گشتی.

 

منداڵ

تۆمارکردنی لەدایکبوون: شکستخواردن لە تۆمارکردنی لەدایکبوون بووەتە هۆی بێبەشبوون لە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک پەروەردە، خۆراک، و چاودێریی تەندروستی. ئافرەتانی سەڵت و بێوەژن زۆرجار کێشەیان هەبووە لە تۆمارکردنی منداڵەکانیان، ئەگەرچی لە زۆربەی کەیسەکاندا دەسەڵاتەکان بڕوانامەی لەدایکبوونیان بەخشیوە پاش تۆمارکردنی لەدایکبوونەکە لەڕێگەی وەزارەتەکانی تەندروستی و ناوخۆ، بەڵام وەک دەگوترێت ئەمە پڕۆسەیەکی درێژخایەن و هەندێک جار ئاڵۆز بووە. ڕێکخراوە مرۆییەکان ڕاپۆرتیانداوە، کێشەی بەربڵاو هەیە بۆ ئەو منداڵانەی لە باوانی داعش یان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لەدایکبوون، بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی لەدایکبوونی حکومیی. لە ئەنجامدا نزیکەی 12.000 منداڵی ئاوارە بەڵگەنامەی مەدەنییان نییە، لەناویاندا بڕوانامەی لەدایکبوون.

 

پەروەردە: پەروەردەی سەرەتایی ناچارەکییە بۆ منداڵانی هاووڵاتی بۆ شەش ساڵی یەکەمی قوتابخانە و تا تەمەنی 15 ساڵی لە هەرێمی کوردستانی عێراق. پەروەردەی گشتی دەوڵەتیی بێبەرانبەر دابین دەکرێت بۆ هاووڵاتییان، بەڵام دەستگەیشتنی یەکسان بە پەروەردە بۆ کچان هێشتا گرفتە، بەتایبەتی لە ناوچە گوندییەکان و ناوچە نائارامەکان.

 

پێشێلکاری بەرامبەر منداڵ: ئەگەرچی دەستوری فیدڕاڵ “هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و پێشێلکاری ناو خێزان” قەدەغەدە دەکات، بەڵام یاسا بەڕوونی توندوتیژی خێزانیی قەدەغە نەکردووە، بەڵکو ڕێگەدەدات بە پیاو، هاوسەر و منداڵەکانی تەمبێ بکات “لە چوارچێوەی هەندێک سنووردا کە یاسا یان عورف دیاریکردوون.” یاسا پاراستن دابین دەکات بۆ ئەو منداڵانەی دەبنە قوربانیی توندوتیژی خێزانی یان لە پەناگەکان، خانەکانی دەوڵەت و خانەکانی بێسەرپەرشتان دەژین، لەگەڵ دابینکردنی چاودێریی تەندروستی و پەروەردە. بەپێی ڕاپۆرتەکان هێشتا توندوتیژی دژی منداڵان کێشەیەکی گەورەیە، بەڵام هیچ ئامارێکی پێشپێبەستراو، دروست و نوێ بەردەست نییە لەسەر ئاستی کێشەکە. حکوومەت بەشێوەیەکی کارا یاساکەی جێبەجێ نەکردووە.

یاسای هەرێمی کوردستان توندوتیژی خێزانیی بە تاوان هەژماردەکات، لەناویاندا پێشێلکاریی جەستەیی و دەروونیی، هەڕەشەی توندوتیژی. حکوومەت حوکمەکانی یاساکەی جێبەجێ کردووە، بەڵام ڕێکخراوە ناحکوومییە ناوخۆییەکان ڕاپۆرتیانداوە، ئەم پڕۆگرامانە کاریگەر نەبوون لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی منداڵان. وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پەروەردە و ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێڵی گەرمی بێبەرانبەریان هەیە بۆ ڕاپۆرتدان لەسەر پێشێلکارییەکان لەدژی مافەکانی منداڵان، یان بۆ وەرگرتنی ڕاوێژ لەم بارەیەوە. چەندین ڕاپۆرت هەبوون سەبارەت بە پێشێلکاریی بەرانبەر منداڵ لەماوەی ساڵەکەدا. چالاکوانان ڕاپۆرتیانداوە لەسەر بەربڵاوی پێشێلکاریی و دەستدرێژی سێکسی لەلایەن کەسی نزیک و هەندێک لە قوربانییەکان ڕاپۆرتیان لەسەر تاوانەکە نەداوە لەترسی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن ئەندامانی خێزانەوە.

 

هاوسەرگیریی منداڵ، هاوسەرگیریی زوو و هاوسەرگیریی بەزۆر: کەمترین تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیریی 18 ساڵە، بەڵام یاسا ڕێگەدەدات بە دادوەران منداڵی تەمەن 15 ساڵان هاوسەرگیریی پێبکەن، ئەگەر لەڕووی جەستەیی و عەقڵییەوە گونجاو بوو و سەرپەرشتیارەکەی هیچ ناڕەزاییەکی گونجاوی نەبوو. یاسا هاوسەرگیریی بەزۆر بە تاوان هەژمارکردووە، بەڵام ئۆتۆماتیکی هاوسەرگیریی ئەنجامدراو هەڵناوەشێنێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان حکوومەت هەوڵی کەمی داوە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە. هاوسەرگیریی زوو و هاوسەرگیریی بەزۆری کچان، لەوانە هاوسەرگیریی کاتیی، لەسەرانسەری وڵات ڕوودەدەن. کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) ڕاپۆرتیداوە لەسەر بەردەوامیی و بەربڵاویی هاوسەرگیریی منداڵ بەهۆی ناکۆکییەکان و ناسەقامگیری ئابووری، لەبەرئەوەی زۆر خێزان هاوسەرگیریی پێشوەختیان ڕێکخستووە بۆ کچەکانیان لەگەڵ ئامۆزای خۆیان یان سەربەهەوێ. هەندێکی تر کچەکانیان وەک منداڵی بووک داوە بە گرووپە چەکدارەکان بۆ زامنکردنی سەلامەتی خۆیان، دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکان یان بۆ بەدەستهێنانی دەرفەتی گوزەران بۆ کۆی خێزانەکە. لە مانگی ئەیلوول، دەسەڵاتی دادوەریی فیدڕاڵ ڕاپۆرتیدا کە مانگانە تێکڕای 6.973 کەیسی جیابوونەوە هەبووە، بەتایبەتی لە ئەنجامی هاوسەرگیریی زوو.

لە هەرێمی کوردستانی عێراق، تەمەنی هاوسەرگیریی یاسایی 18 ساڵانە، بەڵام یاسای هەرێمی کوردستان ڕێگەدەدات بە دادوەر مۆڵەتی هاوسەرگیریی بدات بە منداڵی تەمەن 16 ساڵان، ئەگەر بە ڕەزامەندی خۆیان هاوسەگیریی بکەن و ڕێگەپێدانیان وەرگرتبێت لە وەلی ئەمری یاساییان. یاسای هەرێمی کوردستان هاوسەرگیریی بەزۆر بە تاوان هەژماردەکات و ڕایدەگرێت، بەڵام بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هاوسەرگیریی ئەنجامدراو هەڵناوەشێنێتەوە. بەپێی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، ئاوارە ناوخۆییەکان و پەنابەران لە هەرێمی کوردستانی عێراق، هاوسەرگیریی منداڵ و فرەژنی، بەڕێژەیەکی زیاتر لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەنجام دەدەن. هەندێک پیاوی کورد دەچنە ناوچەکانی تری عێراقی فیدڕاڵ بۆ هاوسەرگیریی لەگەڵ منداڵ، لەبەرئەوەی یاسا فیدڕاڵییەکان وەک یاساکانی هەرێم توندنین.

 

ئیستغلالی سێکسی منداڵ: یاسا ئیستیغلالی منداڵانی بۆ مەبەستی بازرگانیی، فرۆشتن و هەموو جۆرەکانی پۆڕنۆگرافی منداڵ (وێنە و فیلمی سێکسیی منداڵ)ی قەدەغە کردووە. بازرگانیکردنی سێکس بە منداڵان یەکێک بوو لە کێشەکان، هاوشێوەی هاوسەرگیریی کاتیی، بەتایبەتی لەناو ئاوارەکان. تەمەنی سێکسی ئارەزوومەندانە 18 ساڵە. لەبەرئەوەی تەمەنی بەرپرسیارێتی یاسایی تاوان نۆ ساڵە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەند و 11 ساڵە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، دەسەڵاتەکان زۆرجار منداڵی ئیستیغلالکراو وەک تاوانبار مامەڵە دەکەن نەک وەک قوربانیی. هیچ زانیارییەک بەردەست نەبوو لەسەر کاریگەریی جێبەجێکردنی یاساکان لەلایەن حکوومەتەوە.

 

دژەسامی

ژمارەیەکی زۆر کەم هاووڵاتی جوو لە بەغداد دەژین.

یاسا قەدەغەی داناوە لەسەر هەر چالاکییەکی هاندەر بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمە پەیڕەودەکرێت لەسەر هەموو هاووڵاتییان، بەرپرسان و کۆمپانیاکان و بیانییەکان. یاسا قەدەغەی کردووە جووەکان بچنە ڕیزەکانی سوپا یان لە کەرتی گشتی دابمەزرێن.

دروشمەکانی دژەسامیی زیادبوون لەکاتی شەڕی غەزە، کە لە 7 تشرینی یەکەم دەستیپێکرد پاش پەلاماری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل. گێچەڵکردن بە جووەکان لەلایەن گرووپە میلیشیاکانەوە ڕوویداوە.

لە مانگی تەمووز، یەکێتیی شمشێربازیی عێراق هەندێک لە یاریزانەکانی کێشایەوە لە پاڵەوانێتی شمشێربازیی جیهانیی پاش ئەوەی لە گرووپێکدا دانرابوون لەگەڵ ڕکابەری ئیسرائیلی. ئامانجی کشانەوەکە بریتی بوو لە نیشاندانی هاوسۆزیی بۆ فەلەستینییەکان و ڕەتکردنەوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل. لە مانگی ئەیلوول، لیژنەی ئۆڵیمپی عێراق ڕەخنەی گرت لە بەرزکەرەوەی قورسایی حەیدەر حوسێن عەلی لەسەر بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی جیهان لەگەڵ ڕکابەرێکی ئیسرائیلی.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکانی 2003ی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەنێوان 100 تا 250 تاکەکەسی جوو لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەژین. حکوومەتی هەرێمی کوردستان یاسا دژەسامییەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ جێبەجێ ناکات و پشت دەبەستێت بە یاسا جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، کە گەرەنتی پاراستنی مافەکانی ئەندامانی گرووپەکانی کەمینە ئایینییەکان دەکات، لەناویاندا جووەکان. جڤاتی جووەکان بەئاشکرا پەرستشی خۆیان ناکەن، لەترسی تۆڵە، جیاکاریی، یان توندوتیژی لەلایەن بکەرە توندڕەوەکانەوە. وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە حەوت بەڕێوەبەرایەتییەکەی تەرخانکردووە بۆ کاروباری جووەکان.

.

بازرگانیکردن بە مرۆڤ

بڕوانە ڕاپۆرتی بازرگانیکردن بە مرۆڤی وەزارەتی دەرەوە لەم لینکە: https://www.state.gov/trafficking-in-persons-report/.

 

دەرهێنانی ئەندامی جەستە

حکوومەت هەنگاوی ناوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی نایاسایی بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ و بازرگانیکردن بە مرۆڤ. بۆ نموونە لە مانگی ئادار، ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵ ڕاپۆرتیدا لەسەر دەستگیرکردنی چوار کەس بە گومانی بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ لە پارێزگای سەلاحەددین. ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژەیاندا بەوەی گورچیلە ئەو ئەندامەیە کە زۆرترین بازرگانی پێدەکرێت لە عێراق، هەندیک کەس خۆبەخشانە گورچیلەیان دەفرۆشن بەرانبەر 10.000 دۆلاری ئەمریکی. ئەگەرچی فرۆشتنی ئەندامانی جەستە نایاساییە، “بەخشەران”ی ئەندامی جەستە بە “دیاری” قەرەبوو دەکرێنەوە لەلایەن وەرگری ئەندامەکەوە.

 

کرداری توندوتیژی، بەتاوانکردن و پێشێلکاریی تر لەسەر بنەمای ئاڕاستەی سێکسیی، ناسنامە یان دەربڕینی جێندەریی یان خەسڵەتە سێکسییەکان

بەتاوانکردن: یاسای سزادان پەیوەندییەکانی دەرەوەی هاوسەرگیریی بەتاوانکردووە و ڕێگەنادات بە هاوسەرگیریی هاوڕەگەزان، لە ئەنجامدا هەموو جۆرە پەیوەندییەکی هاوڕەگەزیی قەدەغەکردووە. کەسی گەورە کە حوکم دەدرێت بە پەیوەندیی سکێسیی ڕەزامەندانەی دەرەوەی هاوسەریی، هەروەها نێربازیی (کە یاساکە پێناسەی کردووە وەک سێکس لەڕێگەی کۆم لەنێوان دوو پیاو)، لەگەڵ گەورەیەکی تر، لەوانەیە سزابدرێت بە بەندکردن تا حەوت ساڵ، بەڵام حوکمدان دەگمەنە بەهۆی سەختیی پێوەرەکانی بەڵگەسازی (سەلماندن) (واتا دەبێت لەکاتی کردارەکە بگیرێن)، هەروەها بەهۆی دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکانی بێدەنگبوون لەسەر ئەم پرسانە. هەروەها یاساکە هەر “کردارێکی نەشیاو”ی لە شوێنی گشتی قەدەغەکردووە و سزای بەندکردنی تا شەش مانگی داناوە بۆ “هەر کەسێک هەڕەشە لە کەسانی تر بکات بە ئەنجامدانی ئەو شتانەی زیان دەگەیەنن بە ئاکاری گشتی.” ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی (IraQueer) و (Outright) ڕاپۆرتیاندا کە دەکرێت ئەم یاسایە بەکاربهێنرێت لەدژی کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، ڕەگەزگۆڕاو و ڕەگەزتێکەڵ (LGBTQI+) یان دەکرێت لەلایەن خەڵکەوە وەک بەتاوانکردنی کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، ڕەگەزگۆڕاو و ڕەگەزتێکەڵ (LGBTQI+) شرۆڤە بکرێت، لەبەرئەوەی واتای “کرداری نەشیاو” و “ئاکاری گشتی” ڕوون نییە. هیچ کەیسێک نەبوو بۆ بەکارهێنانی “کرداری نەشیاو” لەدژی کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، ڕەگەزگۆڕاو و ڕەگەزتێکەڵ (LGBTQI+).

لە مانگی ئاب، ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی تر ڕەخنەیان گرت لە ڕەشنووسی یاسایەکی ئامادەکراو لەلایەن ئەندامە سەربەخۆکانی پەرلەمان بۆ هەموارکردنی یاساکە و بەتاوانکردنی پەیوەندییە هاوڕەگەزییەکان و هەر دەربڕینێکی ناسنامەی ڕەگەزتێکەڵیی، هەروەها سەپاندنی سزای مردن بۆ کرداری هاوڕەگەزیی و بەندکردن بۆ ڕەگەزتێکەڵیی. ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ ئاماژەیدا بە ڕەشنووسی یاساکە وەک بەشێک لە هەڵمەتی “چەکدارکردنی دروشمەکانی دژە (LGBTQ) و دەرکردنی یاسا بۆ جووڵاندنی جەماوەری زانیاری پێنەدراو لەدژی گرووپێکی پەراوێزخراو” وەک ستراتیژێکی دەوڵەت.

لەنێوان کانوونی دووەم و حوزەیران، وەزارەتی ناوخۆ سەرکردایەتی هەڵمەتێکی کرد بۆ لێدان لە “ناوەڕۆکی نەشیاو” لە ئۆنلاین، بەلای کەمەوە 20 کەس دران بە دادگا، لەوانە یوتیوبەر و تیکتۆچی. لە مانگی تەمووز، سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر بڕیاری 31ی مایسی دادگای بەرایی سلێمانی پەسەندکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوی ڕاسان بەهۆی “چالاکییەکانی لە بواری هاوڕەزخوازیی.” ڕاسان تاکە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ بوو کە ڕاشکاوانە بەشداربوو لە پاڵپشتیکردنی مافەکانی کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، ڕەگەزگۆڕاو و ڕەگەزتێکەڵ (LGBTQI+) لە هەرێمی کوردستانی عێراق. لە مانگی ئەیلوول، ئۆفیسی داواکاری گشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی دەستگیرکردنی دەرکرد بۆ دوو هونەرمەندی ئارایشتی ڕەگەزگۆڕاو لە هەولێر پاش بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆیان لە ئینستاگرام بە پۆشاکی ئافرەتان و جوانکارییەوە. پاش ڕاگرتنیان بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ، ئازادکران و فەرمانیان پێکرا پشکنینی پزیشکی ئەنجام بدەن بۆ یەکلاکردنەوەی جێندەریان.

 

ڕۆژی 8ی ئاب، کۆمسیۆنی پەیوەندییەکان و میدیا قەدەغەکردنی زاراوەکانی “جێندەر” و “هاوڕەگەزخوازی” ڕاگەیاند بۆ کۆمپانیاکانی میدیا نەریتییەکان و  تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لە عێراق کاردەکەن، هەروەها لەسەر ئەو ئەپلیکەیشنانەی مۆبایل کە کۆمیسیۆن مۆڵەتی پێداون. کۆمیسیۆن ئامۆژگاری کۆمپانیاکانی میدیا و پەیوەندییەکانی کرد زاراوەی “هاوڕەگەزخوازی” بگۆڕن بە “لادانی سێکسیی” (الأنحراف الجنسي).

 

توندویژی و گێچەڵ: سەرەڕای هەڕەشەی دووبارە و توندوتیژی دژی کەسانی هاوڕەگەزخواز،  جووتڕەگەزخواز، ڕەگەزگۆڕاو و ڕەگەزتێکەڵ (LGBTQI+)، حکوومەت شکستیخوارد لە دەستنیشانکردن، گرتن و دادگاییکردنی پەلاماردەران یان پاراستنی کەسانی بەئامانجکراو. هەندێک حزبی سیاسیی هەوڵیاندا پۆزش بۆ ئەم پەلامارانە بهێننەوە و لێکۆڵەران ڕەتیانکردەوە ڕێکاری گونجاوی لێکۆڵینەوە پەیڕەوبکەن، یان هەر لێکۆڵینەوە بکەن. هاوکات کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، ڕەگەزگۆڕاو و ڕەگەزتێکەڵ (LGBTQI+) ڕووبەڕووی ترساندن، هەڕەشە، توندوتیژی و جیاکاری دەبنەوە و ئەم کەسانە ڕاپۆرتیانداوە کە ناتوانن بە ئاشکرا و بەبێ ترس بژین لە توندوتیژی لەسەر دەستی ئەندامانی خێزان و کەسانی ناسیاو و نەناسیاو. ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی سەرنجیداوە حزبە سیاسییەکان تادێت زیاتر مافەکانی کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، ڕەگەزگۆڕاو و ڕەگەزتێکەڵ (LGBTQI+) دەخەنە ژێر پرسیارەوە و زۆرجار ئاڵای پەلکەزێڕینە دەسووتێنن و بانگەشە هەڵدەبەستن بۆ لۆمەکردنی هاوڕەگەزخوازی وەک هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی.

لە مانگی شوبات، ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ، ڕاپۆرتیدا لەسەر بەکارهێنانی سەکۆکانی ئۆنلاینی وەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەپلیکەشنەکانی یەکترناسین بۆ دەستنیشانکردن کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، ڕەگەزگۆڕاو و ڕەگەزتێکەڵ (LGBTQI+) و بەئامانجکردنی ئەم جۆرە کەسانە لە ئۆنلاین و لە ژیانی ئاسایی. گرووپە چەکدارەکان سەرانەیان سەندووە لە کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، ڕەگەزگۆڕاو و ڕەگەزتێکەڵ (LGBTQI+) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەپلیکەیشنەکانی یەکترناسین، لەژێر پەردەی هەژماری ساختەی (LGBTQI+) و هەڕەشەیان لێکردوون کە ڕاپۆرت دەدەن بە دەسەڵاتەکان یان لە ئۆنلاین ناویان بڵاودەکەنەوە ئەگەر بڕە پارەیەکی دیاریکراو نەدەن. بەپێی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان، کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، ڕەگەزگۆڕاو و ڕەگەزتێکەڵ (LGBTQI+) کە بەئامانجکراون لە ترسی بەردەوامدا دەژین لە گێچەڵ یان کوشتن لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە و ڕاپۆرتیانداوە کە ناچارکراون شوێنی نیشتەجێبوونیان بگۆڕن، هەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان دابخەن، و ژمارە تەلەفۆنەکانیان بگۆڕن. ڕاپۆرتەکە تێبینی کردووە کە هێزەکانی ئاسایش زیاتر تاکتیکەکانی بەئامانجکردنی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنن بۆ بەئامانجکردنی کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، ڕەگەزگۆڕاو و ڕەگەزتێکەڵ (LGBTQI+) لەسەر بنەمای چالاکییەکانیان لە ئۆنلاین و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ ئەوەی بتوانن دەستگیریان بکەن و بیاندەن بە دادگا. پاش دەستگیرکردن، ئەم کەسانە زۆرجار ئەشکەنجە دەدرێن و مامەڵەی تری خراپیان لەگەڵ دەکرێت، لەوانە گێچەڵی سێکسیی.

 

جیاکاریی: بەپێی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان، ئەو عێراقییانەی ئەزموونی جیاکاریی توند، ئەشکەنجە، برینداریی جەستەیی و هەڕەشەی کوشتن بوونەتەوە لەسەر بنەمای ئاڕاستەی سێکسیی ڕاستەقینە یان گومانلێکراو، شوناس و دەربڕینی جێندەریی و خەسڵەتە سێکسییەکان، هیچ ڕێگەیەکیان نەبووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کردارانە لەڕێگەی دادگاکان یان دامەزراوەکانی حکوومەت. ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتیانداوە لەسەر فشار لەلایەن فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانەوە لەکاتی نوێکردنەوەی مۆڵەت بۆ بەڵێندان بەوەی کار لەسەر پرسەکانی (LGBTQI+) ناکەن. پاراستنی یاسایی نەبوو بۆ ئاڕاستەی سێکسیی یان ناسنامە یان دەربڕینی جێندەریی. لە مانگی ئەیلوول، پسپۆڕانی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان ڕاپۆرتیاندا لەسەر دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن لەدژی کارمەندانی ڕێکخراوی ئازادیی ئافرەتان لە عێراق لەسەر پەنادانی کەسانێک کە ڕووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن بوونەوە لەلایەن خێزانەکانیانەوە، هەروەها فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان ڕێکخراوەکەی بەئامانج گرت لەڕێگەی بەرزکردنەوەی داوایەک لەدژیان.

 

بەردەستبوونی دانپیانانی یاسایی بۆ جێندەر: ڕێکخراوی (IraQueer) ڕاپۆرتیداوە کە ئەستەمە کەسانی ڕەگەزگۆڕاو بتوانن پشتڕاستکردنەوەی جێندەریی بۆ نەشتەرگەری یان چارەسەری گۆڕینی هۆرمۆن وەربگرن. کەسانی ڕەگەزگۆڕاو، لەناویاندا ئەوانەی دەستیاندەگات بە نەشتەرگەری یان چارەسەری هۆرمۆنیی لە دەرەوەی وڵات، ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە بۆ وەرگرتنی بەڵگەنامەی یاسایی کە بەرجەستەی ناسنامەی جێندەرییان بکات.

 

چارەسەری پزیشکیی یان دەروونیی ناخۆبەخشانە یان زۆرەملێ: هیچ ڕاپۆرتیک نەبوو دەربارەی چارەسەری بەزۆر یان ناخۆبەخشانە کە ناودەبرێت بە چارەسەری ڕاستکردنەوە یان نەشتەرگەری “ئاساییکردنەوە” کە لەڕووی پزیشکییەوە پێویست نییە و ئەگەری پێچەوانەبوونەوەی هەیە و زیاتر بۆ منداڵ یان گەورەی ڕەزامەندی نەدەری ڕەگەزتێکەڵ دەکرێت.

 

بەربەستەکانی ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی پێکهێنانی ڕێکخراو و ئازادیی گردبوونەوەی ئاشتییانە: ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ هەڵسەنگاندنی کردووە بۆ چەند ماددەیەکی یاسایی کە دەکرێت بەکاربهێنرێن بۆ بەربەستکردنی ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی پێکهێنانی ڕێکخراو و ئازادیی گردبوونەوەی ئاشتییانەی کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، ڕەگەزگۆڕاو و ڕەگەزتێکەڵ (LGBTQI+). بۆ نموونە، یاسا سزای بەندکردنی تا حەوت ساڵی داناوە بۆ ڕەواجدان بەهەر “بزووتنەوەیەک” کە هەوڵیداوە “پڕەنسیپە بنەڕەتییەکانی دەستور و یاسا بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە بگۆڕێت.” ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ ڕاپۆرتیداوە کە قەدەغەکردنی یاساکە بۆ بڵاوکردنەوەی هەر زانیاری یان بیرۆکە یان شتێکی تر کە “ببێتە هۆی شێواندنی نیزامی گشتی” دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ بەئامانجکردنی چالاکوانانی (LGBTQI+) یان هەر کەسیک خۆپیشاندانی کردبێت بۆ پاڵپشتی (LGBTQI+) یان بە ئاشکرا دروشمەکانی (LGBTQI+) بەکارهێنابێت. یاسا سزای بەندکردنی تا دوو ساڵی داناوە بۆ بەرهەمهێنان، دابەشکردن، هاوردەکردن، بڵاوکردنەوە، نمایشکردن، بەدەستهێنان یان وەرگێڕانی کتێب، بابەتی تری نووسراو یان بابەتی میدیایی کە پێشێلی ئادابی گشتی بکات. چڕین یان پەخشکردنی گۆرانی یان گوتەی نەشیاو لە شوێنی گشتی سزا دەدرێت بە بەندکردن تا یەک ساڵ.

 

کەسانی خاوەن کەمئەندامیی

کەسانی خاوەن کەمئەندامیی دەستگەیشتنی سنوورداریان هەیە بە پەروەردە، کار، خزمەتگوزاری تەندروستی، زانیاری، گەیاندن، بیناکان، گواستنەوە و سیستمی دادوەریی و خزمەتگوزارییەکانی تری دەوڵەت. حکوومەت زانیاری و گەیاندنی بەشێوەیەکی ئاسان بۆ دەستگەیشتن دابین نەکردووە. حکوومەت بەتەواویی ئەو یاسایەی جێبەجێ نەکردووە کە مەرجی داناوە بۆ ئاسانکردنی دەستگەیشتنی کەسانی خاوەن کەمئەندامیی بە بیناکان و شوێنەکانی پەروەردە و کار. لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەیداوە کە بێباکییەکی بەمەبەست هەیە لەلایەن حکوومەتەوە سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ پێداویستییەکانی کەسانی خاوەن کەمئەندامیی.

کەسانی خاوەن کەمئەندامیی بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و گرفتی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی، پەروەردە و کار. چالاکوانانی مافەکانی کەمئەندامان تێبینیان کردووە کە ژمارەی کەسانی خاوەن کەمئەندامیی لە بەرزبوونەوەدایە بەهۆی سیاسەتە چەوتەکان، جەنگ، کردە تیرۆریستییەکان، ناکارایی یاساکانی هاتوچۆ، مینی زەمینیی و لاوازییی چاودێریی تەندروستی.  وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سەرکردایەتی کۆمسیۆنی سەربەخۆی چاودێریی کەسانی خاوەن کەمئەندامیی دەکات، کە هەڵسەنگاندن دەکات بۆ هەر داوایەکی وەرگرتنی خزمەتگوزارییە حکوومییە پەیوەستەکان بە کەمئەندامیی. وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کۆمەڵێک دامەزراوە بەڕێوەدەبات بۆ منداڵان و لاوانی خاوەن کەمئەندامیی. وەزارەت پڕۆگرامی قەرزی درێژخایەن بەڕێوەدەبات بۆ کەسانی خاوەن کەمئەندامیی بۆ مەبەستی ڕاهێنانی پیشەیی.

بەپێی دەستوری فیدڕاڵ، پێویستە حکوومەت زامنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و تەندروستی کەسانی خاوەن کەمئەندامیی بکات، وەک پاراستن لە جیاکاریی و دابینکردنی پڕۆگرامی نیشتەجێکردن و پڕۆگرامی تایبەتی چاودێریی و شیاندنەوە. بەڵام یاسا جیاکاریی لەدژی ئەو کەسانە قەدەغە ناکات کە کەمئەندامیی جەستەیی، هەستەکیی، ژیریی یان مێشکییان هەیە. کۆتای 5 لەسەدی کاری کەرتی گشتی هەیە بۆ کەسانی خاوەن کەمئەندامیی، بەڵام جیاکاریی کار درێژەی هەیە. هاوکاریی تەندروستی مێشکیی (دەروونیی) بۆ بەندکراوانی خاوەن کەمئەندامیی بوونی نییە.

وەزارەتی تەندروستی چاودێریی تەندروستی، کۆمەک و شیاندنەوە، ئەگەر بەردەست بن، دابین دەکات بۆ کەسانی خاوەن کەمئەندامیی، کە هاوکات دەتوانن کۆمەک لە فەرمانگەکانی تر وەربگرن، لەناویاندا نووسینگەی سەرۆک وەزیران.

بریکاری وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەکات، کە پاراستنی کەسانی خاوەن کەمئەندامییش دەگرێتەوە. یاسای هەرێمی کوردستان پاراستنی زیاتر دابین دەکات بۆ کەسانی خاوەن کەمئەندامیی، وەک مەرجی دامەزراندنی 5 لەسەد لە کەسانی کەمئەندام لە دامەزراوەکانی کەرتی گشتی و 3 لەسەد لە کەرتی تایبەت. حکوومەتی هەرێمی کوردستان 100.000 دیناری عێراقی (69 دۆلاری ئەمریکی)ی مانگانە وەک دەرماڵەی کەمئەندامیی دەدات بە فەرمانبەران و 150.000 دینار کۆمەکی کەمئەندامیی دەدات بە کەسانی خاوەن کەمئەندامیی بێکار. نەبوونی بودجە بووەتە هۆی جێبەجێکردنی ناتەواوی ئەم یاسایە.

داکۆکیکارانی مافەکانی کەمئەندامیی لە هەرێمی کوردستان واپۆرتیانداوە، پاراستنەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ کەمئەندامان جێبەجێ ناکرێن، لەوانە مەرجی 5 لەسەد دامەزراندن. نەبوونی دەستگەیشتن هێشتا گرفتە بۆ زیاتر لە 98 لەسەدی باڵەخانە گشتییەکان، پارکەکان، هەروەها هۆیەکانی گواستنەوە ڕێوشوێنی هاوکاریکردنیان نییە بۆ کەسانی خاوەن کەمئەندامیی لە هەرێم. داکۆکیکارانی مافەکانی کەمئەندامان ڕاپۆرتیانداوە، ڕێژەی کارکردن لەناو کەمئەندامان نزمە و زۆر گەنجی خاوەن کەمئەندامیی جەستەیی و مێشکیی دەستگەیشتنیان نییە بە دەرفەتەکانی خوێندن.

کەسانی خاوەن کەمئەندامیی لە هەرێمی کوردستانی عێراق چەندین خۆپیشاندان و مانگرتنیان ئەنجامداوە بۆ داواکردن لە حکوومەت دۆخی دارایی و ژیانیان باشتر بکات. کۆمەڵەکانی کەمئەندامان دەڵێن جیاکارییان لەدژ دەکرێت سەبارەت بە کارکردن و ئەو کۆمەکانەی پاراستنی کۆمەڵایەتی کە لە حکوومەت وەریدەگرن گونجاو نین، بەتایبەتی کە زۆربەیان خەرجیی تەندروستییان هەیە. کەسانی خاوەن کەمئەندامیی لە هەرێمی کوردستانی عێراق ڕاپۆرتیانداوە لەسەر جیاکاریی کۆمەڵایەتی، تەنگپێهەڵچنین، گێچەڵی سێکسیی، هەندێک جار لەلایەن مامۆستایانەوە.

 

توندوتیژی و جیاکاریی تری کۆمەڵایەتی

دانیشتووانی وڵات پێکهاتووە لە عەرەب، کورد، تورکمان و شەبەک، هەروەها کەمایەتییە ئیتنیکیی و ئایینییەکانی وەک کلدان، ئاشووری، ئەرمەنی، ئێزدی، سابیئەی مەندائی، بەهایی، کاکەیی، و ژمارەیەکی کەم جوو. هاوکات لە وڵات کۆمەڵگەی بچووکی دۆم (ڕۆمانی) هەیە، لەگەڵ نزیکەی 1.5 تا 2 ملیۆن هاووڵاتی بەڕەچەڵەک ئەفریکی، کە زیاتر لە بەسرە و پارێزگاکانی دەوروبەری دەژین. لەبەرئەوەی ئایین، سیاسەت و ئیتنیک زۆرجار پێکەوەبەستراون، سەخت بوو پۆلێنی ڕووداوەکان بکەین تەنیا لەسەر بنەمای شوناسی ئیتنیکی یان ئایینیی.

 

یاسا ڕێگەی بە هەندێک گرووپی ئایینیی نەداوە، وەک بەهایی، زەردەشتی و کاکەیی، خۆیان وەک ئایینی دانپیانراو تۆماربکەن، ئەگەرچی ئەمانە لە هەرێمی کوردستان دانپیانراون، بەڵام هێشتا لە عێراق دانپیانراو نین و نایاسایین. یاسا ڕێگەنادات بە موسوڵمان بچێتە سەر ئایینێکی تر. لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئەم یاسایە بەدەگمەن جێبەجێ دەکرێت و تاکەکەسەکان بەگشتی ئازادن لە گۆڕینی ئایین بەبێ دەستوەردان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە. بە گوتەی سەرکردە ئایینییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی، لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئاستەنگەکانی ئازادیی ئایین و توندوتیژی و گێچەڵ لەدژی ئەندامانی گرووپە کەمینەکان، کە هێزەکانی ئاسایشی عێراق ئەنجامیان دەدەن، هێشتا بەربڵاون.

بڕوانە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوە (ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی) لەم لینکە: www.state.gov/religiousfreedomreport/

 

بەشی 7. مافەکانی کرێکاران

  1. ئازادیی پێکهێنانی ڕێکخراو و مافی دانوستانی بەکۆمەڵ

دەستوری فیدڕاڵ دەڵێت کە هەموو هاووڵاتییان مافی پێکهێنان و پەیوەندیکردنیان هەیە بە سەندیکا و ڕێکخراوی پیشەییەوە. بەڵام، یاسا قەدەغەی دەکات لەدەرەوەی فیدراسیۆنی گشتی کرێکارانی عێراق، کە لەلایەن حکوومەتەوە کۆنتڕۆڵکراوە، سەندیکای سەربەخۆ لە شوێنی کار پێکبهێنرێت، هەروەها لەلایەن کەمتر لە 50 کرێکارەوە. یاسای کار لەسەر فەرمانبەرانی کەرتی گشتی جێبەجێ ناکرێت. هاوکات یاساکە ئەو کەسانەی کار بۆ کۆمپانیا دەوڵەتییەکان دەکەن وەک فەرمانبەری کەرتی گشتی هەژماردەکات (کە پێکهێنەری 10 لەسەدی هێزی کارن). کرێکارانی کەرتی تایبەت لەو شوێنانەی کار کە زیاتر لە 50 کرێکاریان هەیە دەتوانن لیژنەی کرێکاران پێکبهێنن، کە لقی سەندیکان و مافی سنوورداریان هەیە، بەڵام زۆربەی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کەمتر لە 50 کرێکاریان هەیە. یاسای کار جیاکاریی دژەسەندیکایی قەدەغە ناکات و ئەو کرێکارانە ناگەڕێنێتەوە سەر کار کە بەهۆی چالاکی سەندیکاییەوە دەرکراون. یاسای کار بەڕوونی دەستوەردان لە کاروباری سەندیکا قەدەغە ناکات. یاساکە ڕێگە بە کرێکاران دەدات نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن بۆ دانوستانی بەکۆمەڵ، تەنانەت ئەگەر ئەندامی سەندیکاش نەبن، هەروەها ماف دەدات بە کرێکاران زیاتر لە یەک سەندیکایان هەبێت لە شوێنی کار.

یاساکە بەڕوونی گەرەنتی مافی بەشداریکردن لە دانوستانی بەکۆمەڵ یان مافی مانگرتن ناکات لە کەرتی تایبەت، بەڵام ڕێنمایی دەرکردووە بۆ بەڕێوەبردنی پیادەکردنی ئەم مافانە. قەدەغەیە فەرمانبەرانی مەدەنیی و کرێکارانی خزمەتگوزارییە گرنگەکان بەشداری بکەن لە مانگرتن. گفتوگۆکانی دانوستانی بەکۆمەڵ پێویستی بە وادەیەکی دیاریکراوی 30 ڕۆژی هەیە، پاش ئەوە حکوومەت دەسەڵاتی هەیە دەستوەردان بکات بۆ سەپاندنی ڕێگەچارەیەک. ڕێککەوتنەکانی دانوستانی بەکۆمەڵ مەرج نییە هەموو کرێکارانی یەکەی دانوستانکار بگرێتەوە. بەپێی یاساکە پێویستە کرێکارانی مانگرتوو ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە پێشکەش بکەن، بۆ دەستپێکردن، پێویستە ڕازیکردنی ناچارەکیی، نیوەندگیریی پابەندکار یان هەردووکیان پێشکەش بکەن بەو دادگایانەی لەلایەن وەزاتەتی کارەوە دیاریکراون. یاساکە کرێکاران ناپارێزێت لە دەرکردن یان تۆڵەسەندنەوە لەسەر بەشداریکردن لە مانگرتنەکان. حکوومەت هەندێک کات مافەکانی دانوستانی بەکۆمەڵی کرێکارانی کەرتی تایبەتی پێشێلکردووە. هەندێک لە سەندیکاکان نەیانتوانیوە ڕۆڵی پاڵپشت بگێڕن لە ناکۆکییەکانی کار. سەندیکاکان مافیان هەیە پێداگری بکەن لەسەر ناوبژیوانیی لەلایەن حکوومەتەوە.

دادگاکانی کار دەسەڵاتیان هەیە بۆ تاوتوێکردنی پێشێلکارییەکانی یاسای کار و ناکۆکییەکان، بەڵام هیچ زانیارییەک بەردەست نەبوو لەسەر جێبەجێکردنی یاسا بەرکارەکان، لەناویاندا ئایا ڕێکارەکان خێرا و کاران یان ئایا سزاکان گونجاون لەگەڵ یاساکانی تری پەیوەست بە بێبەشکردن لە مافە مەدەنییەکان، وەک جیاکاریی. مانگران و ڕابەرانی سەندیکا پێشتر ڕاپۆرتیانداوە کە بەرپرسانی حکوومەت هەڕەشەیان لێدەکەن و گێچەڵیان پێدەکەن. لە مانگی ئاب، یاسای نوێی دەستبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت کۆمەڵێک چاکسازیی کرد لە سیستمی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت. یاساکە ڕووماڵی یاسایی سیستمی دەستبەری کۆمەڵایەتی فرەوانتر کرد، بۆ لەخۆگرتنی هەموو کرێکاران، بە کرێکارانی نافەرمیی، خودکار و بەشدار لە کاری خێزان. هاوکات یاساکە مەودای جیاوگەکانی فرەوانتر کرد بۆ لەخۆگرتنی دەرماڵەکانی دایکایەتی و بێکاریی بۆ جاری یەکەم. یاساکە بیمەی تەندروستی دابین دەکات، کە وەردەگیرێت  لە دابینکارانی گشتی، هەرەوەزیی و تایبەت.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاریگەرانە یاساکانی جێبەجێکردووە بۆ پاراستنی ئازادیی پێکهێنانی ڕێکخراو، دانوستانی بەکۆمەڵ و مافی مانگرتنی کرێکاران. وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکات لەسەر مافەکانی کرێکاران. یاسای کاری هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یاسای فیدڕاڵییە.

لە هەرێمی کوردستانی عێراق 15 سەندیکا، کۆمەڵە و یەکێتی هەبوون. سەرۆکی هەموو یەکێتی و سەندیکاکان پیاون، بەڵام ئافرەت لەناو دەستەی کارگێڕییان هەیە. هەر یەکێک لە سەندیکاکان لیژنەیەکی جیاوازی ئافرەتانی هەیە بۆ کاروباری کرێکاری ئافرەت. بەپێی ڕاپۆرتەکان ڕێکخراوە ناحکوومییەکان پاڵپشتی لیژنەکەی کرد، ئەمەش بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی یەکسانیی جێندەریی و زیادکردنی سەرکردایەتی ئافرەتان لە سەندیکاکانی هەرێمی کورستانی عێراق. کۆنفیدراسیۆنی کرێکارانی کوردستان ڕێکخراوی چەترە بۆ هەماهەنگیکردن لەنێوان ئەم گرووپانەدا.

 

قەدەغەکردنی کاری زۆرەملێ یان ناچارەکیی

بڕوانە ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوە لەسەر بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەم لینکە: https://www.state.gov/trafficking-in-persons-report/.

  1. قەدەغەکردنی کارکردنی منداڵ و کەمترین تەمەنی کارکردن
  2. بڕوانە ئەنجامگیرییەکانی وەزارەتی کار لەسەر خراپترین جۆرەکانی کارکردنی منداڵ لەم لینکە:

https://www.dol.gov/agencies/ilab/resources/reports/child-labor/findings/.

  1. جیاکاریی (بڕوانە بەشی 6)
  2. دۆخی پەسەندکراوی کار

یاساکانی مووچە و کاتژمێرەکانی کارکردن: بەپێی یاسای کاری فیدڕاڵی، کەمترین مووچەی نیشتمانیی، لەسەروو هێڵی هەژارییەوە دانراوە. زۆرینەی کارمەندان کار بۆ حکوومەت دەکەن. یاسا کاتژمێرە ستانداردەکانی کارکردنی ڕۆژانەی سنووردار کردووە بۆ هەشت کاتژمێر، لەگەڵ یەک یان زیاتر لە پشوویەک کە بگاتە 30 خوولەک تا یەک کاتژمێر، هەروەها کاتژمێرە ستانداردەکانی کارکردن لە هەفتەدا 48 کاتژمێرە. یاسا ڕێگەدەدات بە کارکردنی زێدەکیی تا چوار کاتژمێر لە ڕۆژێکدا و مەرجی پارەدانی بەرزی داناوە بۆ کاری زێدەکیی. لە کاری پیشەسازیدا، کاری زێدەکیی نابێت زیاتر بێت لە یەک کاتژمێری کار لە ڕۆژێکدا. پێشێلکارییەکانی یاساکە باون لە کەرتەکانی خۆشنوودی، بیناسازی و پیشەسازیی.

 

سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی: حکوومەت ستانداردەکانی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی دادەنێت. ستانداردەکانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی گونجاون بۆ پیشەسازییە سەرەکییەکان. یاساکە دەڵێت کە بۆ کاری مەترسیدار و تواناپڕووکێن، پێویستە خاوەنکار کاتژمێرەکانی کارکردنی ڕۆژانە کەمبکاتەوە. یاساکە مافی داوە بە کرێکاران بۆ دوورکەوتنەوە لە دۆخێک کە مەترسی لەسەر تەندروسی و سەلامەتیان هەبێت، بەبێ زیان گەیاندن بە کارەکەیان بەڵام ئەم مافە نادات بە فەرمانبەرانی مەدەنی یان کرێکارانی بیانیی، کە پێکەوە زۆرینەی هێزی کاری وڵات پێکدەهێنن.

چوارچێوەی یاسایی و ڕێکخستن، هاوشان لەگەڵ ئاستی بەرزی توندوتیژی و نەبوونی ئاسایش لە وڵات، بەرزیی ڕێژەی بێکاریی، کەرتی نافەرمیی گەورە و نەبوونی ستانداردی ڕاستەقینەی کار، بوونەتە هۆی دروستبوونی دۆخی خراپ بۆ زۆربەی کرێکاران. برینداربوون لە شوێنی کار زۆر ڕوودەدات، بەتایبەتی لەناو کرێکارانی دەستیی؛ بەڵام هیچ داتایەک بەردەست نییە لەسەر ژمارەی دیاریکراوی ڕووداوە پیشەسازییەکان کە بوونەتە هۆی مردن یان برینداربوونی سەخت.

 

لە مانگی ئەیلوول، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ڕاپۆرتیدا لەسەر تۆمارکردنی 7.000 پێشێلکاریی مەرجەکانی سەلامەتی لەلایەن خاوەنکارەکانی وەک چێشتخانەکان، هۆتێلەکان و هۆڵەکانی ئاهەنگ. هەڵمەتەکە دەستیپێکرد پاش ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵێکی ئاهەنگ لە قەرەقووش لە نەینەوا، کە نزیکەی 119 کەس مردن و زیاتر لە 90 کەس برینداربوون لە هۆڵێکی ئاهەنگ کە ڕێوشوێنەکانی سەلامەتی تێدانەبوو. دواترین زانیاری دەربارەی برینداربوون لەسەر کار نیشانی دەدات کە لە ساڵی 2022 نزیکەی 522 کرێکار برینداربوون لە کەرتی حکوومیی، و 4.011 کرێکار برینداربوون لە کەرتی تایبەت، بەزۆری لە کەرتەکانی خزمەتگوزارییەکان و بیناسازی.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە مەرجەکانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی دیاریکراو لە یاسای فیدڕاڵی. دادگاکانی کار لە هەرێمی کوردستان ناکۆکییەکان یەکلایی دەکەنەوە لەنێوان خاوەنکار و کرێکار، بەوانەشەوە کە یاسای کار ڕووماڵی نەکردوون.

جێبەجێکردنی مەرجەکانی مووچە، کاتژمێری کارکردن و سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی: حکوومەت بەشێوەیەکی کارا یاساکانی کەمترین مووچە، کاتی زێدەکیی یان یاساکانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی جێبەجێ نەکردووە و سزای نەسەپاندووە لەسەر پێشێلکارییەکان. وەزارەتی کار دەسەڵاتی هەیە لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە مووچە، کاتژمێری کارکردن و سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی. حکوومەت بەشێوەیەکی کارا ڕێنماییەکانی جێبەجێ نەکردووە کە پرسەکانی مووچە و مەرجەکانی کارکردن بەڕێوەدەبەن. کارمەندانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی وەزارەت لە سەرانسەری وڵات کاردەکەن. بەڵام ڕوون نییە بەرپرسیارێتی یاسایی بۆ دەستنیشانکردنی دۆخە ناسەلامەتەکان دەکەوێتە ئەستۆی پسپۆڕانی ستانداردەکانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی یان کرێکاران. سزاکانی پێشیلکردنی ستانداردەکانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی هاوشێوە نین لەگەڵ سزاکان بۆ تاوانی هاوشێوە، وەک ساختەکاری و پشتگوێخستن (أهمال – negligence).

لە تەموزی 2022 ڕووپێوی هێزی کاری نیشتمانیی بە هاوکاریی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO) ئەنجامدرا، کە ئەمە یەکەم ڕووپێوی لەم جۆرە بوو لە دەیەی ڕابردودا، بەپێی ئەنجامەکانی ڕووپێوەکە نزیکەی 55 لەسەدی کۆی کارەکان لە کەرتی نافەرمیی بوون و ژمارەی ئەو کەسانەی کاریان هەیە لە کەرتی نافەرمیی بریتییە لە 67 لەسەد لە کۆی کارەکان. ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی مەزەندەی کردووە کە زۆرینەی کرێکاران لە کەرتی تایبەت، کە پێکهێنەری 40 تا 50 لەسەدی کۆی هێزی کارە، کاردەکەن بۆ پێکهاتەکانی کەرتی نافەرمیی. (ILO) تێبینی کردووە کە کرێکارانی کەرتی تایبەت، کە زۆرینەیان نافەرمیین، پاراستنەکان و سوودەکانی شوێنی کاریان نییە و زۆرجار مووچەی کەمتریان پیدەدرێت لە تێکڕای مووچە لە هاوتاکانیان لە کەرتی گشتی. (ILO) ئاماژەیکرد بەوەی پەنابەران و پەناخوازان بەگشتی لە کەرتی نافەرمیی کاردەکەن، کە لەو کەرتە ڕووبەڕوون لەگەڵ مەرجی خراپی کارکردن، لەبەرئەوەی ڕووبەڕووی ئاستەنگی سیستماتیک دەبنەوە بۆ کارکردن لە کەرتی فەرمیی.

ڕۆتین و مەرجە فەرمییەکان لە پارێزگایەکەوە بۆ یەکێتی تر جیاوازن و هەندێک کات بەپێی کەیسە دیاریکراوەکان بڕیاردەدرێت، ئەمەش سەختی کردووە بۆ زۆربەی پەنابەران بتوانن مەرجە یاساییەکان بەدیبهێنن بۆ دەستکەوتنی کاری فەرمیی. نەبوونی سەرپەرشتیی و چاودێریی گرێبەستەکانی کار بۆتە هۆی لاوازبوونی کرێکاری بیانی بەرانبەر دۆخی خراپی کارکردن و مامەڵەی بەدکارانە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...