سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

لێچکوونێکی نێوان ھەرێمی کوردستان و فەڵەستین: پارتی-یەکێتی و فەتح-حەماس

ھەر وەک چۆن جیاوازی ھەیە لە نێوان دۆزی کورد و دۆزی فەڵەستین، ھاوکات، جیاوازی ھەیە لە نێوان ئیسڕائیل و داگیرکەرانی کوردستان، لێکچوونیش لەنێوانیاندا ھەیە. بەراوردکردنی ئەو دوو پرسە بە یەکدی، دەکرێت سوودی ھەبێت بۆ کورد، چ لەسەر ئاستی تیۆری و چ لەسەر ئاستی پراکتیک، بۆ بەرچاوڕوونی و ناسینەوەی ھەندێک لە کێشە و ڕێگرییەکان. لێرەدا تەنیا ئاماژە بە یەک لایەن و ڕەھەندی ئەو لێکچوونە دەکەم کە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و فەڵەستین ھەیە، ئەم ڕەھەندە ھەرێمی کوردستان و فەڵەستینی لاواز کردووە، ئەویش دابەشکردنی حکوومەت و وڵاتە بەسەر دوو بەش و زۆن لەسەر بنەمای دوو گرووپی سیاسی.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دامەزراندنی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستینی (فەتح) لە ١٩٦٤، دوای ھەوڵدانێکی زۆر لە لایەن بەشێک لە گرووپ و کەسایەتییە فەڵەستینییەکان و وڵاتە عەرەبییەکان، بە تایبەتی میسر، ھەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ گۆڕینی دۆزی فەڵەستینییەکان لە دۆزی ئاوارە و پەنابەرانەوە بۆ دۆزێکی سیاسی و نەتەوەیی و نیشتمانی. لە ١٩٧٤ وڵاتانی عەرەبی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش فەتح وەک تاکە نوێنەری فەرمی و شەرعی فەڵەستینییەکان ناساند و، پلەی چاودێری نادەوڵەتی پێدرا لە نەتەوە یەکگرتووەکان. لە ١٩٨٨ فەتح دەوڵەتی فەڵەستینی ڕادەگەیەنێت و لە ھەمان ساڵدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ناوی فەتح دەگۆڕدرێت بۆ “فەڵەستین”. لە ١٩٩٣ ئیسڕائیل دان بە فەتح دەنێت وەک نوێنەری گەلی فەڵەستین. لە ھەمان ساڵدا ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ لە نێوان فەتح و ئیسڕائیل ئیمزا دەکرێت کە دەبێتە مایەی سەرھەڵدانی چارەسەری دوو دەوڵەتی و لەدایکبوونی دەسەڵاتی فەڵەستینی کە ئێستا لە کەناری ڕۆژئاوادا کاربەدەستە. ئەم دەسەڵاتە لە لایەن فەتح دامەزرا وەک حکوومەت و تاکە نوێنەری فەرمی فەڵەستین کە دەبێت کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەزە حوکم بکات. پاشان لە ٢٠١٢ فەڵەستین پلەی دەوڵەتی چاودێری نائەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەردەگرێت. فەتح توانی دانپێدانانی زیاد لە ١٠٠ دەوڵەت بۆ دەوڵەتی فەڵەستین بەدەست بھێنێت.

ئەم کورتەیە ئەوە دەردەخات کە فەڵەستینییەکان دوای ھەوڵ و کاتێکی زۆر توانیان ببنە خاوەن حکوومەت و نوێنەرێکی فەرمی بۆ دۆزی فەڵەستین. ئەم نوێنەرە فەرمی و یاسایی و شەرعییە، دانپێنراوە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی عەرەبی و خودی ئیسڕائیل. واتە پاڵپشتی نێودەوڵەتی و یاسایی ھەیە.

بۆ ئیسرائیل، بە تایبەت بۆ باڵی توندڕەوەکان کە باوەڕیان بە درووستبوونی دەوڵەتێکی فەڵەستینی نییە، سەرەڕای ئەوەی لە ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ-ئیسرائیل بە فەرمی دانی بە چارەسەری “دوو دەوڵەتیی” ناوە، زۆر گرنگ بوو کە دۆزی فەڵەستین لە دەست فەتح (دەسەڵاتی فەڵەستینی ئێستا) دەربێت و بدرێتە گرووپێکی دی، کە نە ئەندامە لە فەتح، نە پاڵپشتی و دانپێدانانی نێودەوڵەتی و عەرەبی ھەیە. بەمەش دۆزی فەڵەستین پاڵپشتی نێودەوڵەتی و یاسایی لاواز دەبێت. دەرکەوتن و بەھێزبوونی حەماس، لەم لایەنەوە، خزمەتێکی گەورە بوو بۆ ئەو ئامانجەی ئیسرائیل. ھەر بۆیە نەتانیاھو تا پێش ھێرشەکەی ٧ ی ئۆکتۆبەری حەماس، ھەمیشە  پشتگيری ئەوەی کردووە کە حەماس لە غەزە حوکم بکات نەک دەسەڵاتی فەڵەستینی.

حەماس (کە پێشووتر ئیخوانییەکانی فەڵەستین بوو) ھەر لە سەرھەڵدانییەوە ئامادە نەبوو لە چوارچێوەی ئەو ڕێکخراوە فەرمییە کار بکات و بەڵکو دژایەتیشی دەکرد. دوای کشانەوەی ئیسڕائیل لە کەرتی غەزە لە ٢٠٠٥، دەرەفەتێک بوو بۆ دەسەڵاتی فەڵەستینی کە تەواوی کەرتەکە حوکم بکات و لەگەڵ بەشێک لە کەناری ڕۆژئاوا. بەڵام ھەر زوو لە ٢٠٠٦ لە ڕێگەی ھەڵبژاردنەوە حەماس براوە دەبێت و شەڕی ناوخۆ لە نێوان حەماس و فەتح درووست دەبێت و کەرتەکە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حەماس و دەسەڵاتی فەڵەستینی لەوێ دەردەکرێن. لەو کاتەوە دەسەڵاتی فەڵەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا حوکم دەکات و حەماس لە غەزە. ھەل و دەرەفەتەکەی کشانەوەی ئیسڕائیل لە غەزە، گۆڕا بۆ دابەشبوونی فیعلی فەڵەستین و دۆزەکەی لە نێوان فەتح و حەماس. دوو حکومەت و زۆنی دژ بە یەکدی درووست دەبن. ئەمە خزمەتێکی گەورەی بە ئیسڕائیل کرد و زیانێکی گەورەی لە دۆزی فەڵەستین دا.

کاتێک لەم لایەنەوە بەراوردی ھەرێمی کوردستان دەکرێت بە فەڵەستین، لێکچوونێکی گەورە ھەیە لە نێوانیاندا. وەک چۆن لە دوای ١٩٩١ دەرەفەتێک درووست بوو بۆ باشوور کە حکوومەتێکی کوردستانی درووست ببێت و ببێتە ھەنگاوی یەکەم بۆ سەربەخۆیی پارچەیەکی کوردستان. کەچی ئەو دەرفەتە گۆڕا بۆ سەرھەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە نێوان پارتی و یەکێتی. پاشان لەدوای ٢٠٠٣ ـەوە باشووری کوردستان دەرەفەتێکی دیکەی بۆ ڕەخسا، ئەویش بە یاسایی و دەستوورییکردنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بوو. دانپێدانانی عێراقی و نێودەوڵەتی بۆ حکوومەتی ھەرێم، پاشان فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆیی، دەکرا بکرێن بە بەردی بناغەی سەربەخۆیی. بەڵام دابەشبوونی ھەرێمی کوردستان، لە نێوان پارتی و یەکێتی، کە لە واقعدا ھاوشێوەی فەڵەستین، دوو حکوومەت ھەیە، حکوومەتی زۆنی سەوز، حکوومەتی زۆنی زەرد، گورزی گەورەی لەو دەرفەتە مێژووییە دا. ھاوشێوەی فەتح لە فەڵەستین، پارتی خاوەنی حکوومەتە فەرمی و دانپێدانراوەکەیە. لەبەرابەردا ھاوشێوەی حەماس، دەسەڵاتی یەکێتی ھیچ پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتی و یاسایی نییە. چۆن خودی فەتح دەسەڵاتی فەڵەستینی بە حزبی کردووە و ھۆکارێکە بۆ ئەو دابەشبوونە، سەرکەوتووش نەبووە لەوەی حەماس و گرووپەکانی نزیک لە حەماس بھێنێتە ناو حکوومەتە فەرمییەکە، یاخود ناچاریان بکات ببنە بەشێک لێی، پارتیش تا ڕادەیەکی زۆر حکوومەتی ھەرێمی بە حزبی کردووە و سەرکەوتوو نەبووە لەوەی یەکێتی و زۆنی سەوز بکاتە بەشێک لەو حکوومەتە.

لەلایەکی دیکەوە، حەماس ھاوشێوەی یەکێتیی، لەبەر مانەوەی دەسەڵاتی خۆی، ئامادە نییە لەپێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی ھەندێک سازش بکات و زۆنی سەوز بکاتە بەشێکی ڕاستەقینە لە حکومەتی ھەرێم. ئەو لاوازییەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرامبەر بە عێراق و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی دی، ھۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی واقع، دوو حکوومەت و دوو دەسەڵاتی دژ بە یەکدی ھەیە.

ئەو دابەشبوونەی نێوان حەماس و فەتح، فەڵەستینی کردووە بە زۆنی ھەژموونی دوو بەرەی ئیقلیمی. کەرتی ڕۆژئاوا (فەتح و دەسەڵاتی فەڵەستینی) لەژێر ھەژموونی بەرەی سعودییە و ئیماڕات و میسرە، کەچی غەزە (حەماس) لەژێر ھەژموونی ئێران و قەتەرە. ململانێی ئەو دوو بەرە ئیقلیمییە ڕەنگی داوەتەوە لەناو فەڵەستین. ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆزی فەڵەستین جیاوازە و بەشێک نییە لەو ململانێیە.

لە ھەرێمی کوردستانیش، ئەو دابەشبوونە، ھەرێمەکەی کردووە بە گۆڕەپانێکی ململانێی نێوان ئێران و تورکیا. ھەر وەک چۆن حەماس بۆ مانەوەی خۆی پشت بە ئێران و فەتح پشت بە سعودییە دەبەستێت، پارتی بە تورکیا و یەکێتیی بە ئێران. ئەمەش لە ھەردوو نموونەکە، زیانی بۆ ناوخۆ ھەیە و سوودەکەی تەنیا بۆ دەوڵەتە ئیقلیمییەکانە. لەلایەکی دیکەوە، ئەو دابەشبوونەی حەماس و فەتح بووەتە مایەی ئەوەی کە فەڵەستین دوو سیاسەتی دەرەوەی دژ بە یەک پەیڕەو بکات. سیاسەتی دەرەوەی غەزە جیاواز و دژە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی دەسەڵاتی فەڵەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا. ھەمان دۆخ لە ھەرێمی کوردستان پەیرەو دەکرێت، پارتی، بەناوی حکوومەتی ھەرێم، سیاسەتی دەرەوەی جیاوازە لە پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ دەرەوە.
ئەو دژایەتییەی کە لە نێوان حەماس و فەتح دا ھەیە، ڕەنگدانەوەی کۆمەڵایەتی گەورەی ھەیە. وەک دەبینین لە کاتێکدا کە غەزە کاول دەکرێت، کەناری ڕۆژئاوا تاڕادەیەکی زۆر ھەڵوێستی لاوازە و فەڵەستینییەکانی ئەوێ جەنگیان ڕانەگەیاندووە و بەشێک نیین لەو جەنگە. تەنانەت دەنگۆ ھەیە کە چەند ئەندامێکی دەسەڵاتی فەڵەستینی بە نهێنی پشتگیری خۆیان بۆ ئیسڕائیل ڕاگەیاندوە لەم جەنگەدا بۆ لەناوبردنی حەماس.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، سەرەڕای ئەو ھەموو کاولکاری و کوژراو و بریندارەی ناو غەزە، ئەو جەنگە وەک جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەناسرێت، نەک جەنگی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین. ھەمان دۆخ لە ھەرێم ھەیە، پارتی بە ناڕاستەوخۆ پشتگیری تورکیا دەکات لە ھێرشەکانی بۆ سەر زۆنی سەوز و سزادانی فڕۆکەخانەی سلێمانی. یەکێتی پشتگیری حەشد و عێراق دەکات لە ململانێکانی نێوان ھەرێم و عێراق. یاخود ھەڵوێستی میدیاکانی پارتی و یەکێتی لە کاتی پەلاماری داعش بۆ شەنگال و مەخمور، ھەروەھا لە کاتی ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دا.

ھاوکێشەی حەماس-فەتح وەک ھاوکێشەی پارتی-یەکێتی بووەتە مایەی ئەوەی کە دوو ھێزی چەکدار درووست ببن و ڕێ لە درووستکردنی سوپایەکی نیشتمانی بگرن. ئەو دوو ھێزە چەکدارە ئەوەندەی دژی یەکدین، ئەوەندەی زیانیان بۆ وڵات و نیشتمان و نەتەوەکەی خۆیان ھەیە، ئەوەندە دژی داگیرکەر نین. لە کاتێکدا چ کوردستان و چ فەڵەستین، بە پێی تەرازووی ھێز، لە نەیار و داگیرکەرەکانیان لاوازترن. تاکە ئامرازی بەھێز ئەگەر ھەبێت بۆ ھەردوولا، ئەوا شەڕکردن و بەرخۆدانە لە ڕێگەی یەک ھێزی نیشتمانییەوە، کە بتوانێت پاڵپشتی زۆرینەی کۆمەڵگا بەدەست بھێنێت.

کاتێک نەتەوەیەک یان وڵاتێک، لاوازە لە ڕووی سەربازی و تەکنەلۆجییەوە، ئەوا دابەشکردنی ھێزە سەربازییەکەی بەسەر دوو گرووپدا، دەیان جار لاوازتری دەکات. چونکە ئەو دابەشبوونە تەنیا دابەشبوونێکی سەربازی نییە، بەڵکو دەبێتە دابەشبوونێکی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و ئینتیمایی و سیاسیی و ئابووریی. واتە لە ھەموو ئەو ئاستانە، تواناکە نیوەی دەڕوات، کێشەکەش ئەوەیە کە ئەو نیوەیە بۆ دژایەتی یەکدی دەڕوات نەک دژایەتی داگیرکەر.

بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەو دۆخەی نێوان ھەرێمی کوردستان و فەڵەستین و لێکچوونیان، ئەوا ئەم نموونەیە بەسوودە. گریمان غەزە زۆنی سەوزی ھەرێمە، حەماس یەکێتییە. کەرتی ڕۆژئاوا و دەسەڵاتی فەڵەستینی حکومەتی ھەرێم و زۆنی زەردە. ئەوا یەکێتیی بە پلانی ئێران جەنگ دژ بە تورکیا بەرپا دەکات. تورکیاش لە وەڵامدا بە فڕۆکە و مووشەک و تانک زۆنی سەوز وێران دەکات، زۆرینەی دانیشتوانەکەی ئاوارە دەکات و بە دەیان ھەزار خەڵک دەکوژێت. بۆ وەستاندنی ئەم دۆخە، یەکێتی دەبێت ڕای بگەیەنێت کە ئیتر زۆنی سەوز حوکم ناکات و زۆنەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی ھەرێم. بەڵام یەکێتی ئامادەیە ھەموو زۆنی سەوز کاول بکرێت و زۆرینەی خەڵکەکەی بە کوشت بدات و ئاوارە بکات، تەنیا دەسەڵاتی زۆنی سەوز ڕادەستی ھەولێر نەکات، ھەولێر نەک تورکیا. لە لایەکی دیکەوە، حکوومەتی ھەرێم و پارتی (وەک فەتح) لە زۆنی زەرددا تەماشاکەرن و بەشداری جەنگەکە ناکەن دژ بە تورکیا بۆ بەرگری لە سلێمانی، بەڵکو بە نھێنی پشتگیری تورکیا دەکەن بۆ ئەو کاولکارییە تەنیا لەبەر ئەوەی یەکێتیی لاببردرێت و خۆیان زۆنی سەوز حوکم بکەن. لەم دۆخەکەدا ھەرێمی کوردستان و فەڵەستین، پارتی-یەکێتی و فەتح-حەماس دەکەونە لاوازترین دۆخ بەرانبەر بە داگیرکەر. وەک ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە جەنگی ئیسڕائیل لە غەزە، یاخود پێگەی ھەرێمی کوردستان بەرانبەر بە عێراق و تورکیا و ئێران.

وەک دەردەکەوێت، لەم ڕووەوە ھەرێمی کوردستان و فەڵەستین، دۆزی کورد و دۆزی فەڵەستین لێکچوونێکی دیار و گەورەیان ھەیە. ھەردوو لا بە ھۆی پێشخستنی بەرژەوەندی حزبی پاشخستنی بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی ھەمیشە خۆیان لە دۆخی لاوازدان و نەیارەکانیان لە دۆخی بەھێز. دواجار خودی حزبەکانیش لاواز دەبن بەرانبەر بە داگیرکەر، واتە خۆیان و نەتەوە و نیشتمانیان لاواز دەکەن. ھەموویان ئەم ھەقیقەتە دەزانن، بەڵام ئامادە نین سنوورێک بۆ ئەو خۆکوژییە دابنێن.

ڕه‌نج نه‌وزاد

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...