سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

تەمتومانی کشانەوە: ئەمریکا لە عێراق

 

هەرایەکی زۆر هەیە دەربارەی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق. ئەم هەرایە بە تەمتومان ناودەبەین، بە سوودبینین لەو شانونامە و دۆکیۆمێنتارییە بەناوبانگەی کە لەگەڵ ڕۆبەرت مەکنەمارادا لە ژێر ناونیشانی تەمتومانی شەڕدا ئامادەکرابوو. تەمتومان یانی ناڕوونی و لە ئەنجامدا ئەگەری زۆری بەهەڵەچوون. یەکەم هەڵە لەم پرسەدا دەکرێت ئەوەیە کە وەها دەبینرێت کە پرسەکە لە نێوان عێراق و ئەمریکادایە، بەڵام لە ڕاستیدا لە نێوان ئەمریکا و ئێراندایە لە عێراق. چونکە کاتێک لە ڕوانگەی عێراق و ئەمریکاوە لێی دەڕوانین، ئەوە بە کۆمەڵێک هەڵەدا دەچین، هەرە دیارترینیان، بینینی گرژی لە نێوان بەرە شیعەکانی نزیک بە ئێران، گوایە هەندێک فشار دەکەن بۆ کشانەوە، وەک نوجەبا، هەندێکی تریش حەز بە کشانەوە ناکەن، وەک ئیتارییەکان، بەڵام ئەمە هەڵەیە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

هەڵەی دووەم، ئەوەیە کە گوایە فشار لە سەر حکوومەت هەیە بۆ کشانەوە، بەڵام حکوومەت ناچارە یان هەوڵدەدات هەردوولا ڕازی بکات لە ڕێگای دواخستن و هەوڵی نەزۆکەوە، وەک دروستکردنی لێژنە. لێژنە لە ئەدەبیاتی سیاسی عێراقیدا یانی دەستی لێ بشۆ.

 

کەواتە هەمووان دەزانن کشانەوە نابێت، بەڵام ئەوەی چییە کە ڕوودەدات؟

 

کاتێک دەڵێین ئەوەی دەگوزەرێت لە نێوان ئێران و ئەمریکادایە، ئەوا دەبێت لە ڕۆڵ و پێگەی عێراق قسە بکەین لە نێو ئەم پڕۆسەیەدا. عێراق شوێنی بەریەککەوتن و ململانێیە، بۆیە کاتێک عێراق خۆی یاریکەری سەرەکی نییە، بەڵکو یاریپێکراوە، ئەوا دەبێت بزانین یاریکەرە سەرەکییەکان چۆن یاری بەم یاریپێکراوە دەکەن.

پێش ئەوە دەبێت ئەوەش ڕوون بکەینەوە، کە حکوومەتی عێراقی، وەک حکوومەت، بێدەسەڵاتترین بەشی ناو ئەم یاریەیە، چونکە حکوومەت، لە لایەن سیاسییەکانەوە بەڕێوەدەبردرێت، سیاسییەکانیش لە لایەن ئێرانەوە، لە پڕۆسەیەکی پرۆکسیدا کە پێی دەڵێین ئەسێمبڵج assemblage. بۆیە حکوومەت نەک خاوەنی بڕیار نییە، بەڵکو ئەوانەش لە پشتی حکوومەتەوەن خاوەنی بڕیارنین.

ئەم چەمکە لە دۆلۆز و گواتارییەوە وەردەگرم. دیارە وەک زانیارییەکی زیادە بەڵام گرنگ، هیچ فەیلەسوفێک نییە هێندەی دۆلۆز فەیلەسوفی شەڕە جۆراوجۆرەکانی ئەم سەردەمە بێت.

ئەسێمبلیج بە فەلسەفییانە یانی پێۆسەی پێکەوە گرێدانی کۆمەڵێک یەکە و پەیوەندی جیاواز بۆ کاتێکی دیاریکراو، لە دۆخێکی شلی بەردەوام گۆڕاودا.

بەم پێیە ئەسێمبلیج لە میانەی پەیوەندی عێراق و ئێراندا یانی چی؟ ئێران لە پڕۆسەی بەڕێوەبردنی پرۆکسییەکانیدا سوود لە ئەسێمبلیج دەبینێت، بەو مانایە هەمیشە چەندین یەکەی جیاوازن، بەردەوام هەوڵدەدات پەیوەندی جیاواز لە نێوانیاندا دروست بکات، هەم لەگەڵ یەکتر و لە ناوخۆیاندا هەروەها لەگەڵ ئەوانی تری دەرەوەیاندا. بۆ نمونە، کاتێک ئەو گرووپانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقین، کە دۆخی لە دەرەوەبوونیان، دەرئەنجامی ئەوە نییە کە عێراق ناتوانێت بە سەریاندا زاڵ بێت، چونکە عێراق توانای زاڵبوونی بە سەر هیچ لایەکدا نییە، بەڵکو لە دەرەوەن وەک پێداویستی کار و ڕۆڵیان لە میانەی ئەسێمبلجیدا، ئەگینا ئەوانیش دێنە ناو حەشدی شەعبی یان بە ڕۆژ حەشدن و بە شەو موقاوەمە، بۆ نمونە.

وەک شارەزایەکی کاروباری ئێران لە عێراق پێی گوتم، تەنیا دابەشکردنی ڕۆڵەکانە. دیارە چەمکی دابەشکردنی ڕۆڵ یان کار، کە ئادەم سمیپ دایهێنا، کەمێک کورت دەهێنێت، چونکە دابەشکردنی کار یان ڕۆڵ جۆرێک لە جێگیریی و هەمیشەیی تیادایە، بەڵام ئەسێمبلیج ناجێگیر و مۆلەقە.

پاش ئەوەی میتۆدەکەمان ڕوونکردەوە، با ئێستا هەوڵی وەڵامدانەوەی پرسیارەکە بدەین. بە کورتی ئێران نایەوێت ئەمریکا بڕوات، ئێران دەزانێت ئەمریکا لە ژێر فشاردا ناڕوات، وەک بەرپرسێکی باڵای پێشووی سەردەمی ترەمپ پێی گوتم، چونکە ئەگەر لە ژێر فشاردا بڕوات ئەوا ئابووری عێراق دادەڕمێت و بە زیانی ئێرانە، کەواتە ئێران چی دەوێت؟

یەکەم، ئێران دەبێت لە ڕێگای وەکیلەکانیەوە جوڵە بکات، بە تایبەتی پاش هێرشی غەززە، بۆ ئەوەی خیتاب و هەیبەت و سیقە لە دەست نەدات لە ناوچەکە، بە تایبەتی لای ئەوانەی کە پشتی پێدەبەستن. بەڵام ڕوونە لە کاتی سەختیدا پرسە کرۆکییەکان جیاوازە لە پرسە ئامرازییەکان.

دووەم، ئێرانی ئەمڕۆ لە شۆڕشدا لە دایکبووە و لە شەڕدا گەورە بووە. سوودێکی زۆری بینی لە شەڕی عێراق-ئێران بۆ بونیادنانی دەزگاکانی و پاکتاوکردنی نەیارە ناوخۆییەکانی. بۆیە لە سوودبینی لە جەنگ و قەیراندا ئەزموونی هەیە. لە ڕاستیدا نایەوێت هێندە زیاتر تیۆری بم، بەڵام شەڕ و بونیادی دەوڵەت کرۆکی پڕۆسەی دەوڵەتسازیی بوو لە ئەوروپا وەک چارلز تیللی ئاماژەی پێدەدات. ئێران زۆر بیژیانەتر سوودمەندبوو لە قەیرانی عێراق هەتا ئەمریکا.

سێیەم، ئێران ئەم جوڵانە دەکات وەک ئیهانەکردنی ئەمریکا، وەک دروستکردنی فشار و ناچارکردنی بە پەنابردن بۆ کاری سەربازی، لە کاتێکدا ئەمریکای بایدن هەوڵی دەدا خۆی لەم بوارە بەدووربگرێت. بۆ نمونە هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی سوودانی بۆ کۆشکی سپی یان دواخستنی یەکێکە لە دەرئەنجامەکان کە ڕەنگە ئێران پێی باش بێت.

چوارەم، ئێران لایەنە دۆستەکانی لە عێراق، کە زۆرێکیان بەهۆی دەوڵەمەندبوون و بوونی پێگەوە خۆیان لە جیهاد و “ئیشااللە شەهیدشودی” و ئەو شتانە بە دوور دەگرن، بەڵام هەم لە ئەمریکا دووری خستنەوە و هەم لە ئەگەری بێگوێیی ئێران بە ئاگایی کردنەوە، وەک لە هەندێک سەرکردەی ئیتاردا بینیمان.

پێنجەم، بە سوودبینین لەم پرسە ئێران هەوڵدەدات لایەنی کوردی زیاتر و زیاتر بهێنێتە ژێڕ ڕکێفی خۆی. لێدانی بارەگا و ناوەندەکانی ئینتیلیجینس، ناردنی پەیام بوو لەو ڕووەوە، بە تایبەتی بۆ چەند کەسایەتییەک.

شەشەم، ئێران دووپاتیکردەوە کە توانای دروستکردنی قەیرانی هەیە لە ناوچەکە، بۆیە نابێت ناوچەکە بەبێ ئەو هیچ هەنگاوێکی گەورە بنێت. ئەمە بە تایبەتی کە دۆخی سیستەمی جیهانی زەمینەی ئەوەی تیادا نییە کە ئێران بکرێت بە ئامانج.

حەوتەم، ئێران پێی باشە ئەمریکا لە ڕووی سەربازییەوە بڕوات، بەڵام نەک لە ڕووی دیپلۆماسی و مەدەنییەوە، هەتا بتوانێت لە دۆخی عێراق وەک سەرچاوەیەک و ناوەندێک بۆ دنیا سوودمەندبێت.

 

ئایا بەرەو کوێ دەچین؟

ئەمریکا ناڕوات، عێراق ئێستا ناتوانێت داوایەکی وەها لە ئەمریکا بکات، چونکە لە دۆخی ناسەقامگیریدا داوای وەها ناکرێت، بەڵکو دەبێت لە ساتەوەختی سەقامگیریدا بکرێت. ئێران ڕەنگە عێراق ناچار بکات کە ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق جارێکی تر هەوڵی داڕشتنەوەی بدرێت. لە کاتێکدا ئەمریکا هەوڵی دەدا ڕێککەوتنەکە زیاتر بچەسپێت و لە بوارەکانی تری وەک ئابووری و دارایی تۆکمە بکرێت، بەڵام عێراق بە هۆی ئێرانەوە توانای بەردەوامی لە دەستدا. دەرئەنجام عێراق لە توانایدا نییە پەیوەندییەکی ئاسایی لەگەڵ ئەمریکادا هەبێت. بەڵکو دەبێت بەشێک بێت لە پڕۆژەیەکی گەورەی ململانێی جیۆپۆلەتیکی لە نێوان زلهێزێک و هێزێکی ئیقلیمیدا. یەکێک لە بێتامترین نوکتەکانی ئەم ململانێیە جەختکردنەوەیە لە سەر سەروەریی.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...