سیاسیشرۆڤه‌

عێراق بەرەو کوێ؟

لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەند ڕووداوێک ڕوویاندا کە چەندین مانا و کاریگەری جیاوازی هەیە. هاتنەوەی ترەمپ و ساردی و هەتا هەڕەشەش لە عێراق. سەردانی سودانی بۆ لەندەن، واژۆی گرێبەستی کۆمپانیای نەوتی بی پی بۆ نەوتی کەرکووک، لەگەڵ هاتنەوەی کازمی بۆ عێراق.

 

لە ئەنجامی هاتنەوەی ترەمپ و هەڵاتنی ئەسەد و توڕەیی ئیسرائیل و دۆخی ئێران، نوخبەی سیاسی شیعەی عێراقی لە ژێر فشاردان. بۆیە هەوڵدەدەن کە مامەڵە لەگەڵ ئەم فشارەدا بکەن بە شێوازی جیاواز.

 

یەکەم هەنگاو هەوڵدانی نوخبەی عێراقییە بۆ گەیشتن بە ئیدارەی نوێ، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە. کاتێک وڵاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرکەوتوو نابێت لە گەیشتن لە بە کۆشکی سپی، ئەوا هەوڵدەدەن لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە بیکەن، بەڵام عێراق ناتوانێت ئەمە بکات.

 

کاتێک عێراق ئەم بژاردەیەی نییە، هەوڵدەدات لە ڕێگای بەریتانیاوە ئەم کارە بکات، چونکە نوخبەی سیاسی عێراقی هێشتا تەقلیدییانە بیردەکەنەوە کە گوایە پەیوەندییەکی سپێشاڵ یان تەیبەت هەیە لە نێوان بەریتانیا و ئەمریکادا. ناونانی ئەم پەیوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ چەرچڵ، بەڵام بەریتانیا وەک جاران نییە. بایدن پەیوەندییەکەی ساردبوو، بەڵام ئیدارەی ترەمپ دژە. کییەر ستامەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، پیتەر ماندڵسنی دەستنیشانکردووە بۆ باڵوێزی بەریتانیا لە واشنتۆن. بەڵام یەکەم وەڵام لە واشنتۆنەوە ئەوە بوو کە با ماندڵسن لە ماڵەوە بمێنێتەوە. دیارە ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئەو قسەیەی زۆر بە بازاڕیی کردووە.

 

بەریتانییەکان بە سودانییان نەگوت کە ناتوانین هیچ بکەین، بەڵکو هەوڵیاندا کە زۆرترین سوود لەم لاوازییەی عێراق ببینن. بە تایبەتی کە ئابووری بەریتانیا خراپە و بەرەو لاوازی دەڕوات. نوخبەی عێراقی وەک بیرکردنەوەی تەقلیدی پەنایان بۆ نەوت برد وەک ئامرازی دیپلۆماسی. گرێبەستی کەرکووک بی پی لەم چوارچێوەدایە.

 

بەریتانییەکان دەرزییان بۆ عێراقییەکانیان کردووە، وەک لە بازاڕی سلێمانی دەڵێن. مەبەست ئەوەیە ئەوەی داوایان کردووە بۆیان کراوە، چونکە ئامانجی عێراق سیاسی و دیپلۆماسییە نەک ئابووری. بۆ نمونە گرێبەستەکە بۆ ماوەی پەنجا ساڵە، بەرمیلی بە ١٧ دۆلار. ئەمە لە کاتێکدا کە نەوتی کەرکووک هیچ ڕسکێکی تیادا نییە، چونکە دڵنیای کە نەوت هەیە، هەروەها تێچوونی دەرهێنانی زۆر کەمە.

 

بەڵام بەریتانیا ناتوانێت هیچ بکات بۆ عێراق چونکە کێشەی هەرە گەورەی بەریتانیا، هەمان کێشەی ئەوروپایە کە ئەمریکا دەستبەرداریان دەبێت. وەک دەڵێن بەریتانیا ناتوانێ کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات، لێگەڕێ کێشەی عێراق.

تیمی کازمی وەک کەسێک ڕۆژانی ڕابردوو لە خانەیەکی بیری بەریتانی پێی گوتم، زۆر شپرزە و فرە ئەجیندایە. ئامانجی سەرەکییان نمایشی میدیاییە نەک دەستکەوتی ڕاستەقینە.

 

هاتنەوەی کازمی بە هەمان شێوە دەچێتە خانەی ئەو هەوڵانەی نوخبەی عێراقی بۆ کردنەوەی کەناڵێک.

 

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button