سیاسی
ئاراستەکان

پشووی غەدیر؛ گەڕانەوەی سەدر بۆ ناو سیاسەت

یەكەم جوڵەی موقتەدا سەدر بە ئاڕاستەی گەڕانەوەی بۆ گۆڕەپانی سیاسی بە نیمچە شكست لێكدەدرێتەوە، لەکاتێکدا ئەمڕۆ ڕەشنووسی یاسای پشووی غەدیر، لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ نەكرا، بۆ ئەوەی ئەو ڕۆژە بكرێتە پشووی فەرمی، لایەنگران و ئەندامە باڵاكانی؛ دوو پەرلەمانتار بە هۆكار دەزانن، بەڵام پەرلەمانتارە شیعەكان دەڵێن: ئەو یاساییە پێویست نییە.

بڕیار بوو؛ لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، ڕەشنووسی یاسای پشووی غەدیر خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت، لایەنگران و چاودێرانی نزیك لە موقتەدا سەدر، هەردوو پەرلەمانتار یاسر سخیل و حەنان فەتلاوی تۆمەتبار دەكەن بەوەی ڕێگربوون لەوەی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت.

موقتەدا سەدر، لە دوایین پەیامی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس، كە لە ڕۆژی 19ی نیسان، بڵاوی كردەوە و لە نووسینەكەیدا هاتبوو، زۆرینەی میانڕيوی نیشتمانی، داوا دەكات بە یاسایەك ڕۆژی 18ی هەموو مانگێكی حاجیان، بكرێتە پشووی فەرمی، كە ئەمەش هاوتای ڕۆژی غەدیرە، بۆیە داوای لە باڵە سیاسییەكەی کرد هەموو ڕێگایەكی ئاشتییانەی یاسایی بگرنەبەر بۆ ئەوەی ئەو ئەو یاسایە لە پەرلەمان تێپەڕێن.

بەر لە سێ ڕۆژ، ڕەشنووسی یاسای پشووی غەدیر، بە واژووی 30ی پەرلەمانتار، ڕادەستی موحسین مەندەلاوی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران بەوەكالەت كرا، ئەویش خستییە بەرنامەی كارەوە.

لەو چوارچێوەیەدا، نزیكەكانی موقتەدا سەدر، ئەو دوو پەرلەمانتارە تۆمەتبار دەكەن، بەوەی لەگەڵ مەندەلاوی ڕێككەوتوون، تا دانیشتنەكەی هەڵبگیرێ و ڕێگریی لە تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساکە بكرێت.

هاوكات حەسەن كەعبی جێگری پێشووی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كە لە ڕەوتی سەدر بوو، پەیامێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت: “ئەو پەرلەمانە ماوەی 20 ساڵە گوتاری مەزهەبی تەنیا بۆ هەڵبژاردن گوتووەتەوە؟ ئێستا دژی دەركردنی یاسای پشووی غەدیر دەوەستنەوە، كە جەژنی نیشتمانی عێراقییەكانە.”

لەلایەكی دیكەوە د. یاسین تەها شارەزا لە كاروباری عێراق، لە نووسینێكی لەبارەی پشووی غەدیر بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە كردووە، سەرچاوە متمانەدارەكانی هەردوو ئایینزای شیعە و سووننە لەوەدا كۆكن؛ پاش حەجی ماڵئاوایی(١٠ك/٦٣٢ز)، پەیامهێن لە ناوچەیەك كە پێی دەگوترێت “غەدیری خوم”، گوتاری بۆ حاجیان داوە و جەختی لەوە كردووەتەوە: ئەو مەولای هەركەس بێت ئەوە “عەلی”ش بە هەمانشێوە (من كنت مولاه فعلی مولاه)، بەڵام هەردوولا لەبارەی مانا و ڕاڤەی ئەم فەرموودەیە ناكۆكی و ناجۆری و دژیەكی زۆریشیان هەیە.

لەدانیشتنەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، حكوومەتی عێراق یاسای پشووی فەرمیی ناردووە و پێویست ناكات یاسایەكی دیكە بەناوی یاسای پشووی غەدیر دەربكرێت.

تا ئێستا دیار نییە كە ڕەشنووسی یاسای پشووی غەدیر بەو جۆرەی موقتەدا سەدر و لایەنگرەكانی دەیانەوێت لە پەرلەمان دەكرێتە یاسا و تێدەپەڕێ، یان لایەنگرانی ڕەوتە نوێیەكەی موقتەدا سەدر، بەناوی “ڕەوتی نیشتمانی شیعە”، بە فەرمانی ڕێبەرەكەیان ڕێگای دیكە دەگرنەبەر؟، كە ئەمە وەك یەكەم تاقیكردنەوەی موقتەدا سەدر دوای ساڵێك دووركەوتنەوەی لە پڕۆسەی سیاسی لێكدەدرێتەوە.

ئا: زریان تەها

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...