چەکی ئابووری هەمیشە یەکێک بووە لە بژاردەکانی شەڕ. یەکەم کتێب لەو بارەیەوە کە بە مانگێک پێش لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین چاپکرا، کتێبێکی نیکۆلاس مۆلدەر بوو بەناوی “چەکی ئابووری”. کتێبەکە گرنگییەکی زۆری لەلایەن میدیاوە پێدرا بەهۆی ئەو سزایانەی کە لە کاتی جەنگدا خرانە سەر کەسایەتیی و بازرگانەکانی ڕووسیا و سیستمی بانکی ئەو وڵاتە. لە ڕوانگەی کتێبەکەوە مێژووی بەکارهێنانی چەکی ئابووری دەگەڕێتەوە بۆ ١٩١٩، کاتێک چەکی ئابووری لە قۆناغی ئاشتیدا بەکارهێندرا لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجی سەربازی، واتە دوای وەستانی جەنگی یەکەمی جیهان. لەوکاتەدا سەرکەوتووەکان لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا “چەکی ئابووری”یان خزاندە ناو ماددەی ١٦ی پەیمانی “کۆمەڵەی گەلان”، کە چەندین سزای قورسی ئابووری بەکۆمەڵیان بەسەر هەر دەوڵەتێکدا سەپاند کە لە ڕێی شەڕێکی دوژمنکارانە پەلاماری ئەندامێکی کۆمەڵەکە بدات. بەو جۆرە ئەو چەکەیان لە کاتی شەڕدا گۆڕی بۆ چەکێک لەکاتی ئاشتی. بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا دەکرێت هەرێمی کوردستان چەکی گەمارۆی ئابووری دژ بە داگیرکەرانی کوردستان بەکار بێنێت؟ ئایا دەتوانرێت ئەو چەکە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبێت؟
لەڕاستیدا، دۆخی کوردستانیان لە هیچ نەتەوەیەکی دنیا ناچێت. بەهۆی ئەو دابەشبوونەی سەد ساڵ بەر لە ئێستا دروستبووە و دابەشبوونەکەش بۆتە هۆی دابەشبوونی مێژوو و خاک و چارەنووسی کورد و کوردستان بە گشتی. بۆیە، هەر چی بکرێت دژ بە داگیرکەرانی کوردستان، پڕوشکی بەر دیوەکانی دیکەی کوردستانیش دەکەوێت. ئەوەش لە شەڕی بزووتنەوەی چەکداری باکوور دژ بە تورکیا و ڕۆژهەڵات دەیبینین. جارێکیان دوای داگیرکردنی عەفرین لەگەڵ کوردێکی باکوور کەوتمە گفتوگۆ سەبارەت بە بایکۆتکردنی کەلوپەلی تورکی و پێم گوت ئەوە زیاتر لە دە ساڵە بایکۆتی کەلوپەلی تورکیم کردووە، ئێمە لەماڵەوەش هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین کەلوپەلی تورکی نەکڕین! لە وەڵامدا گوتی، ئەوە هەڵوێستێکی نیشتمانی دڵخۆشکەرە، بەڵام ئایا دەزانی بایکۆتکردنی کەلوپەلی تورکی، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بایکۆتکردنی کەلوپەلی خەڵکی باکووریشە؟ ئایا دەزانی بەشێکی زۆر لەو کەلوپەلانە خاوەندارێتیان بۆ کوردستانیان دەگەڕێتەوە!
تا ئەوڕۆش بیر لەو قسەیەی ئەو هەڤاڵەی باکوور دەکەمەوە. کوردستانیان دارێکیان بەدەستەوەیە هەردوو سەری ئاگرە. لەنێوان بەرداشی داگیرکەردا هەر چوار دیوەکان دەهاڕدرێن. بۆیە، کێشەی هەرە گەورە، داگیرکەر نییە، چونکە ئەو داگیرکەرە و تا دوا هەناسەش شەڕی هەژموون و داگیرکاری خۆی بەپێی بنەمای “شەڕ و نیوە شەڕ هەر یەکە” پەرە پێ دەدات و بەردەوام دەبێت. کێشە لەخودی کورد و کوردستانە، کە دابەشبۆتە سەر چەندین حزب و گرووپ و خێڵ و ئایدیۆلۆجیا. تا ئەمڕۆش نەیانتوانیوە ئەو کۆسپ و تەگەرانە تێپەڕێنن و ڕوانگەیەکی نیشتیمانییانەیان هەبێت بۆ ئایندەی نەتەوەکەیان.
باوەڕم بە کوردستانی گەورە هەیە، بەڵام باوەڕم بەوە نییە بتواندرێت ڕۆژێک لە ڕۆژان لە سایەی ئەو پەرتەوازەیی و دابەشبوونە، یەک بخرێتەوە. لەهەمان کاتیشدا، باوەڕی ڕاستەقینەم بە ئازادی یەکە یەکەی پارچەکانی کوردستان هەیە. باوەڕم بەوەیە ڕۆژێک دێت هەر پارچەیەکی کوردستان بۆخۆی ببێتە بەڕێوەبەری خۆی و لەژێر هەژموونی داگیرکەر دەربچێت. لەو پێناوەشدا، دەبێت ستراتیجییەتی هاوبەشی هەموو حزب و گرووپە سیاسییەکانی هەر چوار پارچە هەبێت و تێگەیشتنیان هەبێت بۆ بارودۆخی یەکدی، لەپێناو ئازادی هەر یەکێک لەو پارچانە. بەو مانایەی کە هاوکاری یەک بن بۆ ئازادی پارچەکانی کوردستان لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی یەکدی، ئەگەر بە ئاشکراش نەبێت، بە نهێنی، چونکە لەوە بووینەتەوە کە ڕەهەند و قوڵایی ستراتیجی هەر پارچەیەکی کوردستان پارچەکانی دیکەی کوردستانن. ئەو ستراتیجییەتەش هەر هیچ نەبێت، دەکرێت بەرەنگاری ئەو سیاسەتە ببێتەوە کە داگیرکەران بە هاوبەشی گرتوویانەتە بەر و بەردەوامیشن لە گرتنەبەری.
ئەوەی تورکیا دەیکات، داگیرکارییەکەی هەم لە باکوور و هەم لە دەرەوەی سنوورە دەستکردەکەی تورکیا، بەزاندنی هەموو بنەما مرۆیی و ئەخلاقییەکان و یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانە. بە کوردی و بە کورتی، تیرۆری دەوڵەتە دژ بە بزووتنەوەی سیاسیی باکوور، بەتایبەتیش ئەوەی لە ڕۆژاڤای کوردستان دەیکات، تاوانی جەنگە بە هەموو پێوەرە یاسایی و ئاسمانییەکان.
ئێرانیش وەکوو داگیرکەرێکی دیکەی پارچەیەکی گەورەی کوردستان، بەهەمان لۆجیک پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدات لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی. کەم نین ئەو سیاسی و چالاکوانە کوردانەی کە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران لە هەردوو زۆنی سەوز و زەردی هەرێمی کوردستان تیرۆری کردوون. ئەوەی ڕژێمی ئیسلامیی دەیکات تیرۆری دەوڵەتە و ئەوڕۆش نییە ئەو لۆجیکەی هێز بەکار دێنێت.
لێرەدا چەکی ئابووری دژ بە هەر یەکێک لەو پارچانە دەبێت لەسەر بنەمای لێکدانەوە و بەرژەوەندییەکی ستراتیجی قووڵ بێت. هەموومان دەزانین کورد بە شەڕ دەرەقەتی ئەو دەوڵەتانە نایەت. هەرچۆنیش خۆی بجوڵێنێت شەڕەکە دەکەوێتە ناو شار و لادێکانی کوردستان. بێجگە لەوە، هەر چوار لای کوردستان گەمارۆ دراوە بە سنووری دەوڵەتانی داگیرکەر، بۆیە ئەگەر دانایی جارێک بۆ نەتەوە و وڵاتانی دنیا ئەرک بێت، بۆ کورد دەبێت چەندین جار ئەرک و خەم و پێویستیی بێت، بۆ ئەوەی چیتر نەتەوە و نیشتمانی کوردستان نەکەونە بەر دەستدرێژیی و بێویژدانیی داگیرکەر و شەپۆڵی ڕژانی خوێنی کوردستانیان بوەستێت.
ئەوەی ژووری بازرگانی هەولێر دەیەوێت بیکات لە بایکۆتی کەلوپەلی ئێرانی، بەر لە هەموو شتێک دەزانێت کە هەرێم دابەشبووە و هەولێریش بیکات، سلێمانی نایکات. ئەم دۆخە لە بەرانبەر تورکیاش هەر وایە. بۆیە، کاتێک سیاسییەکانی کوردستان بیر لە بەکارهێنانی هەر چەکێک دژ بە داگیرکەر دەکەنەوە، دەبێت بیر لە کاریگەریی ئەو چەکە بکەنەوە. هەروەها بیر لە واقیعیبوونی ئەو چەکە بکەنەوە داخۆ تا چەند دەکرێت جێبەجێ بکرێت، یان داخۆ کاریگەری دادەنێت؟
شەڕ جۆرێکە لە سیاسەت. هیچ شەڕێکیش بە هاشوهوش و خۆگیڤکردنەوە نابێت. بەڵکو بە داڕشتنی سیاسەتێکی نیشتمانی و تێگەیشتن لە ڕەهەندە ستراتیجییەکان دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ستراتیجییەتی داگیرکەر. ئایا ئەو سیاسەتە نیشتمانییە هەیە؟ بەش بە حاڵی خۆم نەمبینیووە و لەو باوەڕەشدا نیم ئاوا بە خێرایی بێتە ئارا. ئەوەی هەشە و ئەوەش کە دەگوزەرێت لەکاردانەوە و کەفوکوڵێکی کاتیی تێپەڕ ناکات. کاتێکیش دەزانین ئەو سیاسەتە کاریگەری نابێت کۆمەڵێک هۆکار هەن، لەوانەش تێنەگەیشتن لە سیاسەتی داگیرکەر و بەرژەوەندی ستراتیجی ئەو داگیرکەرە لە هێشتنەوەی کوردستان لە پەراوێزدا.
ئینجا هەر داگیرکەرێکیش، لەپێناو هێشتنەوەی ئەو بەشە داگیرکراوەی کوردستانی ژێر دەستی خۆیان لە پەراوێزدا، پێویستییان بەوەیە هەمیشە هاوکار بن لەنێوان خۆیاندا، واتە لەگەڵ داگیرکەرانی بەشەکانی دیکە، بۆ ئەوەی کوردستانیان لە هیچ بەشێک دەستپێشخەریی سیاسەتیان نەکەوێتە دەست و نوزەیان نەیەت. هەر حزب و گرووپێکی کوردستانیش لەو هاوکێشەیە تێنەگات مەحکوم دەبێت بە شکستی بەردەوام، وەکو ئەوەی کە ساڵەهایە مەحکومن بە شکستە بەردەوامەکانییان.