سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

فرەوانبوونی ڕەهەندی نێونەتەوەیی لە تێكۆشانی چەپی جیهانیدا

لێكدانەوە و شیكردنەوەی قورسایی و بوونی فشار لەسەر ڕەوشی سیاسی و هاوسەنگی هێزی سیاسی و ڕەوتی هزری لە پڕۆسەی گۆڕانكاریەكاندا، كە چەندین ساڵە لە ئاستی جیهانیدا لە بەرژەوەندی هێزی چەپدا نییە، لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا ئەرك و لێپرسراوی مێژوویی بەردەوام دەخاتە بەردەم ڕەوایەتیی بوون و بەردەوامبوونی هێزی چەپ لە تێكۆشان و پڕۆسەی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەم ڕەوشە و ئەم لێپرسراوییە دانەبڕاوە لە پێداویستی كاركردن بۆ زیادكردنی قورسایی و كارتێكردنی هێزی چەپ و پێشكەوتنخواز لە ئاستی تێكۆشانی نیشتمانی هێزی چەپ لە ئاستێكی ناوخۆییدا، بەڵام لەهەمان كاتدا دیوێكی دی بریتییە لە تێڕوانین بۆ ڕەوشی ئەمڕۆی جیهان، كە پێداویستییەكی بابەتی گرنگ بۆ خستنەڕووی پڕۆژەیەكی سەرانسەری نێونەتەوەیی چەپ لە جیهانی ئەمڕۆدا دەخاتەڕوو.

 

ئەم پێداویستییە لە ناكۆكی و ململانێیەكان لە ئاستی نێودەوڵەتی و گۆڕانكارییە خێراكانی بواری ئابووری و پڕۆسەكانی جیهانگیری و فرەوانبوونی بازرگانیی نێودەوڵەتی و نزیكبوون و چڕبوونەوەی پەیوەندییەكان و جیهانیبوونی كێشەكانی بواری ئاسایشی جیهان، كە بواری بەردەوامبوونی چاوگەكانی بارگرژی و چەنگ و شەڕە هەڕێمایەتییەكان و شەڕی نێوان دەوڵەتان و تاوانی گرووپە چەكدارەكان و زیادبوونی دیاردەكانی دەمارگیری و توندڕەویی و تیرۆر دەگرێتەوە، جگە لە بێكاری و هەژاری و  قەیرانی ژینگە و گرفتەكانی بواری گەشەپێدان، كە تێكڕای ئەم بابەتانە هاوكات لەگەڵ ڕەهەندی نیشتمانی و لۆكاڵی كۆمەڵگاكان، ڕەهەندی گرفت و كێشەی جیهانی و نێودەوڵەتی هەیە و ئاستەنگ و ئاڵانگارییەكی دژوارە و دووچاری مرۆڤایەتی دەبێتەوە.

 

كڕۆكی هۆكاری ئەم كێشانە بۆ سیستمی نێودەوڵەتی ئەمڕۆی جیهان و بابەتی تاكەجەمسەری دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەم هۆكارەش بەندە بە قەیرانی سەرمایەداری هاوچەرخ و ئاڕاستەی نیولیبڕاڵ، كە نموونەیەكی بەسەر دەوڵەتاندا سەپاندووە ئاكامەكەی هێشتنەوەی وابەستەییە بە ناوەندەكانی سەرمایەداری هاوچەرخەوە و، گرفت و قەیرانە سەرانسەرییەكان بۆ دەوڵەتانی سەرمایەداری وابەست لە بواری شكستی گەشەپێدان و دوواكەوتوویی و ململانێی ناوخۆیی و دەرەكی دروست دەكات و بە شێوەیەكی گشتگیر دەبێتە شوناسی سەرانسەری ناوچە و هەرێمی بەرفرەوانی جیهان و، لە كۆتاییشدا كێشەی بواری ئاسایشی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و تەواوی جیهان شوناسێكی جیهانگیری وەردەگرێت.

 

بەم جۆرە جیهان لە بەردەم دوو شێوازی جیهانگیری واتە گڵۆبالیزمدایە: جیهانێك كە بەهۆی پەیوەندی و بازرگانی و جوڵەی ئازادانەی سەرمایە و وەبەرهێنانی كۆمپانیا فرەڕەگەزە مۆنۆپۆڵەكان، بۆتە یەك گوند و سامان لە ناوەندێكی تەسكی ئۆلیگارشی دارایی كەڵەكە دەبێت. لەبەرانبەریشدا جیهانێك بەهۆی نەبوونی ئاسایشی جیهانی و گرفتەكانی بواری ژینگە و زیادبوونی دیاردە و شێوازەكانی تیرۆر و توندوتیژی و زیادبوونی ڕێژەی هەژاری و بێكاری بە هەمان شێوە بۆتە یەك گوند.

 

خوێندنەوەی هەمەلایەن بۆ ئەم تابلۆیە لە بواری نیشتمانی و نێودەوڵەتی، جگە لەوەی ئەركی نیشتمانی لە چوارچێوەی هەر نیشتمان و هەر كۆمەڵگایەكی لۆكاڵی بەسەر هێزی چەپدا وەك پێداویستییەكی بابەتی دەسەپێنێت، لە هەمان كاتدا ئەركێكی هاوبەشی نێونەتەوەیی سەبارەت بەو بابەتانە لەسەر ئاستی جیهاندا بۆ ئەجێندای هێزی چەپی جیهانی دەخوازێت، كە ئەم بوارانە دەگرێتەوە:

 

1ـ پاراستنی ئاسایشی گشتی جیهان، بەتایبەتی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، كە پێویستییان بە هەماهەنگی نێوان دەوڵەتاندا هەیە و، هۆكارەكانی نەبوونی ئاسایش و مەترسییەكان لەسەر ئاشتی جیهان بۆ ناكۆكی و ململانێی هێزە سەرمایەدارەكان دەگەڕێتەوە و، لەمەشدا چەندین ئەركی سەرەكی نیشتمانی و نێونەتەوەیی ڕووبەڕووی هێزی چەپ دەبێتەوە، لەوانە:

ـ تێكۆشان بۆ كەمكردنەوەی خەرجی سەربازی و چەك داماڵین، بەتایبەتی چەكی ئەتۆمی بە مەبەستی كەمكردنەوەی بارگرژی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و كاركردن بۆ ئاشتی.

 

ـ جەختكردن لەسەر ڕێوشوێنی دیپلۆماسی و گرتنەبەری ڕێگای دانوستان و گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان و ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە مافی چارەنووسی گەلانەوە هەیە، لە جیاتی ڕێگای هەڕەشە و بەكارهێنانی هێز و ڕێگای سەربازی.

 

ـ جەختكردنەوە لەسەر بەهاكانی مافی مرۆڤ و یەكسانی و دۆزینەوەی ڕایەڵەی پێویست بۆ هەماهەنگی و هاوسەنگی، بۆ دابینكردنی سەقامگیری ناوخۆیی و كەمكردنەوەی هەڵگیرسانی پێكدادانی سەربازی.

 

2ـ كاركردن بۆ گەشەپێدانی هاوبەشی جیهانی بە ئاڕاستەی یەكخستن و هەماهەنگی هەوڵەكانی سەرجەم كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ وەدیهێنان و چەسپاندنی  گەشە و بوژانەوەی ئابووری و كۆمەڵایەتی لە سەرجەم جیهاندا بە شێوازێكی بەردەوامی دادپەروەرانە، لەم ڕێگایانەوە:

 

ـ كاركردن بۆ دادپەروەری ئابووری لە ڕێگای كەمكردنەوە كەلێن و بۆشایی نێوان دەوڵەمەندان و هەژاران بە گرتنەبەری سیاسەتی دابەشكردنەوەی دادپەروەرانەی داهات و بەرزكردنەوەی باج بەپێی بەرزبوونی داهات و كۆمەكی چینی كرێكار.

 

ـ كاركردن بۆ كەمكردنەوەی كەلێنی نێوان وڵاتانی تازە پێگەیشتوو و وڵاتانی پێشكەوتوو لە ڕێگای هاوكاری و كاری پشتگیریكردن لە بواری گۆڕینەوەی زانیاری و تەكنۆلۆجیا و هاوكاری دارایی و هونەری.

 

ـ جەختكردن لەسەر چەمكی بەردەوامبوونی گەشەپێدان لە چوارچێوەی گونجاندنی لەگەڵ پاراستنی ژینگە و داهات و سەرچاوەكان بۆ نەوەی ئایندە.

 

ـ پاراستنی بابەتی گشتگیری لە بواری گەشەپێدان بە جۆرێك ئەم پڕۆسەیە توێژە هەژار و پەراوێزخراوەكان بگرێتەوە.

 

ـ ئاڕاستەكردنی گەشەپێدان بەرەو وەبەرهێنان لە بواری خوێندن و فێربوون و تەندروستی.

 

3ـ نەهێشتنی هەژاری و ئەم ئەركەش بنەمای سەرەكی گەشەپێدانە لەم ڕێگایانەوە ئەنجام دەدرێت:

 

ـ دابەشكردنەوەی سامان و داهاتی نیشتمانی بە جۆرێك خۆشگوزەرانی دابینبكات و پشتگیری بەرنامە كۆمەڵایەتییەكان و بوژانەوەی ژیانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و كەلتووری هەژاران بێت.

 

ـ بوونی سیستمەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی و بیمەی بێكاری و تەندروستی و پشتگیری بەساڵاچووان و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان.

 

ـ جەختكردنەوە لەسەر بەخۆڕاییكردنی خوێندن و فێربوون و دروستكردنی هەلی نوێی كار و زامنكردنی هەلی یەكسان لە وەرگرتنی وەزیفەی گشتیدا.

 

ـ پشتگیریكردنی پڕۆژەكانی نیشتەجیبوون و شوێنی شیاو بۆ توێژە هەژار و كەمدەرامەتەكان.

 

4ـ ڕووبەڕووبوونەوەی بێكاری، كە تەواوكەری ئاڕاستەی گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوامە لەم ڕێگایانەوە:

 

ـ پاراستنی مافەكانی كرێكار و ڕەنجدەرانی بیروبازوو و كەمكردنەوەی کاتژمێرەکانی كاركردن و باشكردنی هەلومەرجی كاركردن و دابینكردنی كرێی گونجاو، كە لەگەڵ ئاستی بژێویدا بگونجێت.

 

ـ بایەخدان بە فێربوون و خوێندنی پیشەیی بە مەبەستی ئامادەكردن و شیاوبوونی بێكاران بۆ بازاڕی كار.

 

ـ پشتگیریكردنی پڕۆژەی بچووك و ناوەند لە ڕێگای ئاسانكاری هونەری و دارایییەوە.

 

5ـ سیاسەتەكانی ئابووری هەمووكەیی كە بواری سیاسەتی دارایی و دراویی دەگرێتەوە، بابەتی گرنگی ئەركە نیشتمانی و نێونەتەوەییەكانە، كە دەبنە هۆی هاندانی ئابووری و گەیشتن بە بابەتی بازرگانی دادپەروەرانەی نێوان دەوڵەتان، كە بەرهەمی نیشتمانی بپارێزێت و ڕێگا لە پێشبڕكێی نادادپەروەرانە بگرێت.

 

هێزی چەپی جیهان لە كاروانی تێكۆشان بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەركە نێونەتەوەییانە پێویستی بە دەستپێشكەری حزبە كۆمۆنیست و كرێكارییەكانی جیهان هەیە بە ئاڕاستەی بنیاتنانی بەرەیەكی فرەوانی سەرجەم هێزی چەپ و بزووتنەوەی گەلانی تێكۆشەر بۆ ڕزگاری نیشتمانی بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی تاكە جەمسەری و سیستمی ناڕەوای نێودەوڵەتی و هێرشی ناوەندە سەرمایەدارەكان و سیاسەتی سەپاندنی نموونەی نیولیبڕالیزم بەسەر وڵاتانی جیهاندا.

كاوه‌ مه‌حموود

سیاسه‌تمه‌دار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button