لە بی بی سی هەواڵێكم خوێندەوە، باسی لەوە دەكرد كە ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، دانیشتنێكی لەبارەی ژیریی دەستكرد یان زیرەكیی دەستكرد هەیە. دانیشتنەكە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو نیگەرانیانەیە كە لەبارەی ژیریی دەستكردەوە مێشكی زانایان و كۆمەڵناسان و پیاوانی ئایینی و سیاسییەكانی بەخۆوە سەرقاڵ كردووە و وەك هەڕەشەیەكی جددی لەسەر شارستانیەتی مرۆڤایەتی لێكی دەدەنەوە. مەترسی یان سوودەكانی ژیریی دەستكرد فرەڕەهەند و ئاڵۆز و بەرفرەوانە. لە ڕاستیدا قسەكردن لەسەر ئەو بابەتە پسپۆڕی و لێزانینی گەرەكە و كاری كەسانی شارەزایە. بەڵام مەبەستم لە ئاماژەدان بە بابەتی ژیریی دەستكرد تەنیا بیرهێنانەوەی ئەوەیە، كە ئێمە لە جیهانێكدا دەژیین كە تژییە لە گۆڕانكاری و خێرایی سەرسووڕهێنەر، كە تەنانەت دەرفەتی ئەوەشمان نابێت خۆمانیان لەگەڵ ڕابێنین. هەر بەم پێیەش ئەگەر جاران ئاستی ژیان لەنێوان میللەتان جیاوازیی هەبووبێت، بە دڵنیاییەوە لە ئایندەدا ئەو جیاوازییە دە هێندە و بگرە زیاتریش دەبێت.
سەدەی بیستەم سەدەی ململانێی نێوان هێزەكان و ئایدیۆلۆژیا جیاوازەكان بوو. شكستی نازیسم لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، وای كرد جیهان بەسەر دوو بەرەی كۆمۆنیزم و لیبڕالیزمدا دابەش ببێت. دواتر ڕووخانی سۆڤییەت لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی بیستەم، ئەو قەناعەتەی لای زۆربەی جیهانیان دروستكرد، كە ئیتر ئەوە لیبڕالیزم و مۆدێلی ژیانی ڕۆژئاواییە بەختەوەری بۆ مرۆڤایەتی بەدی دەهێنێت و فۆكۆیاما ئەو باڵادەستییەی بەها ڕۆژئاواییەكانی بە كۆتایی مێژوو وەسف كرد. بەڵام سەدەی بیستویەك چیڕۆكێكی تری وەخۆهەڵگرتووە. دێوەزمەی تیرۆر و هەڕەشەی تێكچوونی ژینگە و پێشكەوتنی خێرای تەكنەلۆژیا و ژیانی دیجیتاڵی، بەهێزتربوونەوەی بەرەی ئیستبداد لە ڕۆژهەڵاتی جیهان، پێمان دەڵێت، تیۆرییەكەی فۆكۆیاما و كۆتایی مێژوو و جاڕی سەركەوتنی لیبڕالیزم زۆر واقعبینانە نەبووە.
ڕووداوە جیهانییەكان، كاریگەری لەسەر ڕووداوە هەرێمییەكان دادەنێن و ئەوانیش دواجار كاریگەرییان لەسەر سیاسەت و قاڵببەندییە لۆكاڵییەكان و فۆڕمی ژیانی تێكڕای دانیشتوانی جیهان دادەنێن
ئەمە بنەمایەكی زانستییە كە هەردەم، ڕووداوە جیهانییەكان و هەڕەشە و دەرفەتە گەورەكان، كاریگەری لەسەر ڕووداوە هەرێمییەكان دادەنێن و ئەوانیش دواجار كاریگەرییان لەسەر سیاسەت و قاڵببەندییە لۆكاڵییەكان و فۆڕمی ژیانی تێكڕای دانیشتوانی جیهان دادەنێن، تەنانەت لە دوورەدەستترین شوێنەكانیش. ئێمە ئێستا لە سەردەمی خێرایی و گۆڕانكارییە دراماتیكەكاندا دەژیین. پتر لە هەر ساتەوەختی مێژوو، پێشبینیكردنەكان زەحمەتن، پلانەكان وەك پێویست بەڕێوە ناچن، ئێمە نازانین چیی ڕوودەدات و ڕووداو و گۆڕانەكان بەرەو كوێمان دەبەن. ئێمە لە ڕاستیدا لە ئاڵۆزترین ساتەكانی مێژوودا دەژیین.
داهاتووی مرۆڤایەتی ئاوسە بە هەموو ئەگەرێك، لە برسیەتی و شەڕ و قڕبوون بگرە هەتا ئاشتی و فرەیی و بەختەوەریی مرۆڤ. لایەنی خراپی ئەو دۆخە ئاڵۆزە ترسە، ئەویش ترسە لە داهاتوو، لەوەی كە بوونت بكەوێتە ژێر هەڕەشە یان لە كاروانی بەشەرییەت دوابكەویت، یانیش بكەویتە چوارچێوەی گەلە هەرە هەژار و پەراوێزخراوەكان. ئەو ترسە لە هەموو وڵاتێكدا هەیە. شەڕی ئۆكرانیا و دەرئەنجامەكانی تەنگی بە ئەوروپییەكان هەڵچنیوە. تێكچوونی ژینگە و وشكەساڵی و بەهێزبوونەوەی ڕژێمە ئیستبدادییەكان و توندڕۆیی ئایینی و نەتەوەیی و ڕاگەیاندن و سۆشیاڵمیدیای پڕ لە ئاشوب و بەمدواییانەش ژیریی دەستكرد، بەسەریەكەوە كەشێكی وای خوڵقاندووە، مرۆڤ دووچاری پەرێشانی ببێت و لە ترس لە داهاتوو خۆی وێكبێنێت.
لایەنێكی نێگەتیڤی ئەو دۆخە تازەیە، دەركەوتنی دووبارەی لۆژیكی هێز یان گەڕانەوەی بنەماكانی یاسای دارستانە لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتان و میللەتان، بە تایبەتیش كە ئێستا ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و لەسەرووی ئەوانیشەوە نەتەوە یەكگرتووەكان بێدەستەڵات و لاوازن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕۆڵیان لە هاوكێشەكان و یەكلاییكردنەوەی كێشەكان كەمتر دەبێت.
هەر شەپۆڵێكی گەورە لە ئاستی جیهان لە بوارە جۆراوجۆرەكانی سیاسی و ئابووری و جیۆگرافی و ژینگەیی و زانستی و تەنانەت كولتووریش ڕووبدات، بێهێزەكان زیانمەندی یەكەم دەبن.
بمانەوێ یان نا لۆژیكی هێز بڕیاری كۆتایی لەسەر پەیوەندییەكان دەدات. پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە چارەنووسی وڵاتە هەژار و بێهێزەكان لە ئایندەدا چیی دەبێت؟ بەپێی هەموو لێكدانەوەكان وڵاتە هەژارەكان و پەراوێزنشینەكانی جیهان لەگەڵ كێشەی زۆر گەورە دەستەویەخە دەبن. هەر شەپۆڵێكی گەورە لە ئاستی جیهان لە بوارە جۆراوجۆرەكانی سیاسی و ئابووری و جیۆگرافی و ژینگەیی و زانستی و تەنانەت كولتووریش ڕووبدات، بێهێزەكان زیانمەندی یەكەم دەبن.
لەو میانەدا چارەنووسی گەلی كوردستان بەداخەوە زۆر تەمومژاوی و ناڕوونە. ئەگەر میللەتانی هەژار سیادە و پاسپۆرت و گەیت و نوێنەرایەتی و باڵیۆزخانەیان هەبێت و بیانەوێ وەك پەرژینێك بۆ ئەگەرە تاریك و تاڵەكانی داهاتوو بەكاری بێنن، كوردستان ئەوانەشی نییە. زلهێزەكان و خودی كوردیش بەرانبەر بە كورد ستەمكار بوون. ئەوان هۆكار بوون لەوەی كورد دەوڵەتی نەبێت. ئەمە چیڕۆكێكی ڕوون و دوورودرێژە و هەموومان بە باشی دەیزانین. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە كورد و كوردستان بۆ ئەو داهاتووە پڕ لە دەرفەت و مەترسییە دەبێ چیی بكەن؟
هەر لەو نووسینەدا باسی لۆژیكی هێز كرا، كە لە هەموو هاوكێشەیەكدا قسەی خۆی هەیە. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەپۆڵە گەورەكانی ئایندە دەبێ كوردستان خۆی ئامادە بكات و بەهێز ببێت. مەبەست لە بەهێزبوون ئەوە نییە مووشەك و زرێپۆش و بۆمبی هەبێت. ئێمە ئەگەر بمانەوێ پشت بە چەك ببەستین، بە دڵنیاییەوە ناتوانین لەگەڵ نەیار و دەوروپشتمان براوەی لۆژیكی هێز بین. كوردستان دەبێ پشت بە سەرچاوی تری هێز ببەستێت، كە ڕەسەن و كاریگەرن و دەبنە هۆی بەهێزبوونی مرۆڤی كوردستانی. هەرێمی كوردستان حاڵیحازر نوێنەرایەتیی دۆزی گەلی كوردستان دەكات. بۆ گەلێكی شەست ملیۆنی تاكە هیوایە، بۆیە هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی زۆر پڕ بەهایە و دەبێ بپارێزرێت و بەهێز بكرێت.
دیموكراتیبوون و پابەندبوون بە بنەماكانی شەرعیەت لە ناوچەیەكی گرژ و نادیموكراتیی وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێگە و هێز دەبەخشێتە كوردستان
سەرچاویەكی گرنگی بەهێزیی هەرێمی كوردستان شەرعیەتە. پێویستە لە هەرێمی كوردستاندا پڕۆسەی دیموكراسی و هەڵبژاردنەكان بە هیچ شێوەیەك نەوەستن. چەندە شەرعیەت و دیموكراسی و بەشداریی گەل لە ژیانی سیاسیدا بەهێز بێت، ئەوەندەش هەرێمی كوردستان بەهێز دەبێت و دەتوانێت خاوەن قسە بێت. دیموكراتیبوون و پابەندبوون بە بنەماكانی شەرعیەت لە ناوچەیەكی گرژ و نادیموكراتیی وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێگە و هێز دەبەخشێتە كوردستان لەچاو دەوروبەری.
سەرچاوەیەكی تری هێز لە هەرێمی كوردستان دامەزراوەكانن. پێویستە لە توانایی دامەزراوە ئەساسییەكانی كوردستان كەم نەكرێتەوە، بەڵكوو بەهێزتر بكرێن و ببنە ئامرازێك بۆ بەهێزبوونی كوردستان، لە تەك ئەوەشدا دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەبێ ڕەنگ و ڕووی ڕاستەقینە وەربگرن.
كۆڵەگەی سێیەمی بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان، بەهێزبوونی هاووڵاتییانی كوردستانە. هاووڵاتی یەكە و ئاڵقەی یەكەمی كۆمەڵگەیە. هەر وڵاتێك هاووڵاتییانی بەهێز و خوێندەوار و تەندروست و هۆشیاربن، كە ئەرك و مافەكانیان بە باشی دەناسن، بێگومان وڵاتەكە بەهێزتر دەبێت و باشتر دەتوانێ بەڕووی تەحەددیات و هەڕەشەكانی داهاتوو بوەستێت و باشتریش دەتوانێ سوود لە دەرفەتەكان وەربگرێت.
خاڵی چوارەم و كۆتایی دەكەوێتە سەرشانی لایەنە سیاسییەكان، جیاوازیی بیروڕا و ڕەنگاوڕەنگی دیاردەیەكی تەندروستە. بەڵام دەبێ لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ ناكۆكییەكانیان، بڕواشیان بە كۆمەڵێك هێڵ و پڕەنسیپی گشتی هەبێت، كە مان و نەمانی وڵاتی پێوە بەندە. بەداخەوە بەشێكی زۆری لایەنە سیاسییەكان زۆر لۆكاڵی و كاتی و سنووردار بیر دەكەنەوە. دەبێ تۆزێك سەر بەرز بكەن و ئاسۆكان و هەڕەشەكان ببینن و ستراتیژی بیر بكەنەوە و وریای شەپۆڵەكانی ئایندە بن، كە ڕەحم بەوانە ناكەن بچووك بیر دەكەنەوە.