سیاسیشرۆڤه‌

ئایا چاوەڕوانی قەیرانێکی گەورەتر بین؟

کاتێک لەسەر هەر ئاستێک قەیرانێک دروست دەبێت دوو پێشهاتی لە پێشن:

یەکەم: دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەر.

دووەم: ئەنجام و لێكەوتە خراپەکانی.

هەندێ قەیران هەن مرۆڤ خۆی دروستیان دەکات و هەندێکیشیان هەن بەبێ دەستی مرۆڤ دروست دەبن، بەڵام لەهەردوو حاڵەتەکەدا ئەرکی لایەنی بەرپرسە کە هەوڵی چارەسەرکردن، یان لانی کەم کەمکردنەوەی لێکەوتە خراپەکانی بدات.

ئێستا هەرێمی کوردستان لەناو قەیرانێکی گەورەدایە، چونکە قەیرانەکەی چەند ڕەهەندییە: ئابووری، دارایی، سیاسی، کارگێڕیی و وا خەریکە کۆمەڵایەتیشی دەچێتە سەر. کۆی ئەو قەیرانانە ئەگەر بەیەک قەیرانی گەورە یان چەند قەیرانێک ببینین ئەنجام هەر یەکە، چونکە هەر یەکەیان کاریگەری لەسەر ئەوی تریان هەیە. ناکرێ بڵێین ئەو قەیرانانە دەستکردی خۆمان نین، چونکە هەموویان بەهۆکاری کارەساتی سروشتی و هێزی لە ڕادەبەدەری مرۆڤ سەریانهەڵنەداوە.

ئەگەر بە وردی سەیری نەخشەی سیاسی بکەین دەبینین ناکۆکییەکان لە ئاستێکدان، کە چاوەڕوانی بەغدا دەکەین بەنموونە کێشەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانمان بۆ چارەسەر بکات، لە کاتێکدا خۆمان دەمانتوانی لێرە کوردستان بکەین بە چوار بازنەی هەڵبژاردن و لەسەر کۆتاکانیش ڕێکبکەوین. کەواتە سەرەڕای ئەوەی قەیرانەکە دەستکردی خۆمانە ناشمانەوێ چارەسەری بکەین!

لەلایەکی دیکەوە بەهۆی نەدان و دواکەوتنی مووچە، مانگرتن و نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەئاشکرا و هەولێر و دهۆکیش لە ژێرەوە، واتە بە پەنهانی گەیشتوونەتە ئاستی تەقینەوە. ڕەنگە هەبێت ئۆباڵی نەبوونی مووچە بخاتە ئەستۆی دەوڵەتی عێراق، ئەوەش لەم قۆناغەدا تا ڕاددەیەک ڕاستە، بەڵام کێ ڕۆژەکەی بەم ڕۆژە گەیاند؟ کێ بەرپرسیارە کە لەماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا لەداهاتی کوردستان بایی سێ مانگ مووچەی فەرمانبەرانی دانەکرێ و ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش هەڵنەگیرێ؟

بەهەرحاڵ کۆیی ئەو قەیرانانە یان قەیرانە گەورەکەی کوردستان مەترسییەکی گەورەیە و پێویستە بەهەند وەربگیرێت. بێگومان لە جیهان هەر کوردستان نییە ڕووبەڕووی قەیران دەبێتەوە، بەڵام جیاوازی ئیمە و وڵاتانی تر ئەوەیە، لە کاتی قەیران ئەوان زوو بەدوای هۆکارەکاندا دەگەڕێن، ڕێگاکانی چارەسەر دەدۆزنەوە و لێپرسراوە باڵاکان و حکوومەت یەکسەر ئۆباڵەکە دەخەنە ئەستۆی خۆیان، بەڵام ئێمە بەپێچەوانەوە ئامادەنین ئۆباڵی تەنانەت ئەو شکستانەش هەڵگرین کە بەهۆی هەڵەکانمانەوە دێنە پێشەوە و زیان بە گەلەکەمان دەگەیەنن، بۆیە لە جیاتی دۆزینەوەی هۆکاری ڕاستەقینە و ڕێگاچارەی گونجاو پەنا بۆ تومەتبەخشینەوە و ئۆباڵخستنە ئەستۆی ئەوی تر دەبەین، ئەو جۆرە سیاسەتکردنەش هەرگیز دادمان نادات.

بەداخەوە تا ئێستا هیچ هەوڵێکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و خستنە ناو بازنەیان نابیندرێت، کەواتە لەو حاڵەتدا دەبێت چاوەڕوانی دوو ئەگەر بین:

یەکەم: تەقینەوەی بارودۆخەکە و لە کۆنتڕۆڵ دەرچوونی بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات، کە ئەوەش جگە لە ماڵوێرانی زیاتر چاوەڕوانی ئەنجامێکی باشتری لێ ناکرێت.

دووەم: پەنا بردنە بەر دروستکردنی قەیرانێکی گەورەتر. ئەوەش بۆ ئەوەی قەیرانەکانی تر لەبیر بچنەوە. بێگومان ئەوەش چارەسەر نییە، بەڵام پەردەپۆشکردن و خۆدزینەوەیە لە ئەرکی ڕاستەقینەی سەرشان، لە پێناوی مانەوە و درێژەدان بەهەمان سیستەمی سەقەتی حوکمڕانی کوردستان!

ئێستا بەش بەحاڵی خۆم ئەگەری دووەم بەدوور نازانم، گوێی شەیتان کەڕ بن.

ئارێز عەبدوڵا

سیاسەتمەدار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...