هه‌واڵ

وەرگرتنی پارە لە سەیرانگە و هاوینەهەوارەکان قەدەغە کرا

زێدپرێس

هەر كۆمپانیایەكی گەشتیاری لە بەرانبەر هاتنەژوورەوەی گەشتیاران بۆ ناو سەیرانگە و هاوینەهەوار و شوێنە گەشتیارییەكان پارە لە گەشتیاران وەربگرێت، دووچاری لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە. بڕیارەکە تەنیا کۆمپانیا گەشتیارییەکان دەگرێتەوە، نەک بنکە و خودی سەیرانگە و پڕۆژە گەشتیارییەکان.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی دەستەی گەشتوگوزاری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە بەرانبەر هاتنە ژوورەوەیان بۆ سەیرانگە و هاوینەهەوار و شوێنە گەشتیارییەکان هیچ بڕە پارەیەک لە گەشتیاران وەرناگیرێت

لە بەشێكی تری ڕاگەیەندراوەكەی دەستەی گەشتوگوزاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هاتووە: سەرجەم کۆمپانیا گەشتیارییەکان ئاگادار دەکەینەوە بە هیچ شێوەیەک نابێت پارە لە بەرانبەر چونەژوورەوەی گەشتیاران بۆ سەیرانگە و هاوینەهەوار و شوێنە گەشتیارییەکان وەربگیرێت و بەپێچەوانەوە لایەنی سەرپێچیکار ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.

هەر ئەمڕۆ سێشەم ١٨ی تەمووزی ٢٠٢٣، دەستەی گەشوگوزار لە ڕوونکردنەوەیەکدا، گوتی، دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران سکاڵایان کرد لەوەی کە بە بیانووی جیاواز هەندێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان داوای بڕێک پارەیان لێ دەکەن لە بەرانبەر چونەژوورەوەیان بۆ هاوینەهەوار و سەیرانگەکان، دەستەی گەشتوگوزار بەدواداچوونی کرد و دەرکەوت کە وەرگرتنی پارە لە گەشتیاران لە لایەن هەندێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە حاڵەتەوە بۆتە دیاردە.

زیاتر ڕوونی دەکاتەوە، بۆ رێگەگرتن لە تەشەنەکردنی ئەم دیاردەیە و لە پێناو بەرژەوەندی گەشتیاران بڕیاردرا کە سەرجەم کۆمپانیا گەشتیارییەکان ئاگادار بکرێنەوە بۆ خۆبەدوورگرتن لەم کارە نایاساییە و بە هیچ شێوەیەک لە ژێر هیچ پاساو و بیانوویەک داوای پارە لە گەشتیاران نەکەن، لە بەرانبەر چونەژووەەوە بۆ سەیرانگە و هاوینەهەوارەکان. ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت، کە مەبەست لە راگەیەنراوەکەی دەستەی گەشتوگوزار تەنیا کۆمپانیا گەشتیارییەکانە، نەک خودی سەیرانگە و هاوینەهەوار و بنکە گەشتیارییەکان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...