بودجه‌ی عێراقدۆسیه‌شرۆڤه‌

بودجەی عێراق چیمان پێدەڵێت؟

 

گەورەترین بودجە لە مێژووی عێراقدا تێپەڕی. یەکێک لە دووفاقییەکانی ئەم بودجەیە ئەوەیە کە کەمترین خەڵکی عێراق لێی سوودمەند دەبێت. یەکەم خوێندنەوەی بودجە ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت، کە لە عێراقدا کۆمەڵێک نوخبەی سیاسی هەیە کە ململانێی سەرەکی لە نێوانیاندا بردنی زۆرترین سامانی وڵاتە. ئەم خەسڵەتە، بەشێکی وەک ناچارییە، چونکە لە ئەنجامی ململانێکان و ئاسانی بردنی سامانی وڵات ململانێی گرووپەکان هەتا بێت پێویستی بە پارەی زیاترە. بە گشتی سیاسەت لە عێراقدا ئێجگار گرانە، بەتایبەتی کاتێک سیاسەت هیچ بنەمایەکی نییە جگە لە پارە نەبێت. سەرباری ئەوەی کە بودجە لە کاتێکدا داڕێژراوە، کە نرخی نەوت زۆر گرانە، بەڵام هێشتا کورتهێنان تیایدا زیاتر لە شەست و چوار تریلیۆنە.

 

بودجە فەلسەفەی تایبەتی خۆی هەیە. یەکەم خەسڵەتی ئەوەیە کە حکوومەت بە خەڵکی بڵێت ئەمە داهاتەکەتانە و بەم شێوەیە خەرج دەکرێت و دەهێنرێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی نوێنەرانی ئێوە (خەڵک) لێی بە ئاگابن، گفتوگۆی بکەن، ململانێی لە سەر بکەن، ئەگەر توێژێک، ناوچەیەک، گرووپێک، فەرامۆشکرابێت، ئەوا قەرەبوو بکرێتەوە. بەڵام بودجەی عێراق پێویستی بە خوێندنەوەی جیاوازترە.

هیچ گەرەنتییەک نییە کە نرخی نەوت وەها بە بەرزی بمێنێتەوە، چونکە فاکتەری سەرەکی بەرزی نرخی نەوت شەڕی ڕووسە دژ بە ئۆکرانیا

 

سەرەتا بوونی بودجە بۆ سێ ساڵ، جێگای سەرنجە، کە خۆی لە تەمەنی ئەم حکوومەتەدا دەبینێتەوە. بەم پێیە ئەم حکوومەتە نایەوێت جارێکی تر بودجە دابڕێژێتەوە. لە کاتێکدا لە وڵاتێکی وەک عێراقدا کە زۆربەی زۆری داهاتی پشت بە نەوت دەبەستێت و سەرجەم داهاتەکانی تری ناگەنە خەزێنەی حکوومەت، بەڵکو لووش دەدرێن، ئەوا هیچ گەرەنتییەک نییە کە نرخی نەوت وەها بە بەرزی بمێنێتەوە، چونکە فاکتەری سەرەکی بەرزی نرخی نەوت شەڕی ڕووسە دژ بە ئۆکرانیا، بەڵام بە گشتی بوونی بودجە باشترە لە نەبوونی وەک لە هەرێم.

بودجە بە گشتی نامۆیە بە عێراق، بۆیە جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان چیەتی بودجە، لە بەرانبەر چۆنێتی بودجە لە عێراقدا. بودجە بە گشتی چەند پرۆسەیەک لە خۆی دەگرێت: یەکەم، بەیانکردن و پلاندانان. دووەم، دابەشکردن، سێیەم، شەرعاندن.

کەواتە بەم پێیە بودجە بریتیە لەو پلانە داراییەی بەپشتبەستن بە داهاتی چاوەڕوانکراوی وڵات، دادڕێژرێت لە پێناو ئامانجێکی گەورە و هەروەها کۆمەڵێک پرەنسیپدا. هێنانی بودجە بۆ پەرلەمان بۆ بەیانکردن و گفتوگۆکردن و شەرعاندنیەتی. بەڵام لە ڕاستیدا کاری پەرلەمان لە پاش تێپەڕینی بودجە کۆتایی نایەت، بەڵکو دەستپێدەکات. بەڵام بە گشتی لە عێراقدا بەو شێوەیە نییە.

ئەگەر بودجەی عێراق پلانێکی گەورە لە خۆی بگرێت، ئەوا هەڵاوسانی زیاتری کەرتی ئاسایش یان چەکداری وڵاتە. لە بەرانبەردا لە مادەی پانزەدا دەڵێت دامەزراندن و گرێبەست لە دائیرەکانی دەوڵەتدا قەدەغە یان کۆتایی پێدەهێنرێت. [منع التعیین و التعاقد فی دوائر الدولە].

بەم پێیە ئامانجی گەورەی بودجە تەرخانکردنی زۆرترین داهاتی وڵاتە بۆ کەرتی چەکداریی، کە بە نزیکەی ٧٠٪ داهاتی وڵات دەخەمڵێنرێت. دیارە لە عێراقدا زیاتر لە چوار ملیۆن و نیو فەرمانبەر هەیە، کە ڕێژەی کارکردنی هەریەکەیان لە حەوت خولەک تێناپەڕێت لە ڕۆژێکدا.

لە سەر ئەم بنەمایە عێراق گرانترین دۆخی ئاسایشی هەیە لە دونیادا. ئەم دابینکردنی دۆخی ئاسایشییە، کە دۆخێکی ناوازەیە، دەرخەری خەسڵەتی تایبەتی دەوڵەتی عێراقییە، کە دەوڵەتی میلیشیا یان دەوڵەتی ئیکسێپشنە، یان (استسنا). چەمکی ئیستیسنا زیاتر لە بیست و سێ جار لە بودجەدا هاتووە، بە قسەی لێکۆڵەری عێراقی مونقز داغر.

بودجە دەفتەرێکە کە تیایدا نایاسایی یاسایی دەبێت. بۆ نمونە لە بڕگەی شانزەدا، لێبوردن هەیە بەرانبەر ئەو پارانەی کە پێشتر سەرفکراون، کە بەگشتی (دزی سەدە)ش دەگرێتەوە.

 

پێم باشە ئیستێک لە سەر پەیوەندی نێوان ئیستسنا و یاسا بکەم. بۆ ئیستیسنا، ئیکسێپشن، چەمکی ناوازە بەکاردەبەم بە کوردی.  لە کتێبی تیۆلۆجیای سیاسیدا کارل شمت ڕستەیەکی ناوازە دەڵێت. ئەو لەوێدا پێناسەی دۆخی ناوازە یان دۆخی عورفی وەها دەکات کە بریتییە لە ئەو بڕیارەی کە سەروەر دەیدات. بەم قوتابخانەیە لە فەلسەفەی یاسادا دەڵێن بڕیارگەرایی. ئەگەر ئەم دیدە بگوێزینەوە بۆ ناو دۆخی عێراق و بە تایبەتی دۆخی بودجە، ئەوا، ئەوەی بودجەی داڕشتووە، کە دەزانرێت، بەڵام، ناگوترێت کە کێن، دەکرێت وەک سەروەر ناویان بەرین. ئەم سەروەرانە بڕیاریان داوە کە زیاتر لە بیست دۆخی تایبەت کە ناوازەیە، بە یاسایی بکرێت. کەواتە بودجە دەفتەرێکە کە تیایدا نایاسایی یاسایی دەبێت. بۆ نمونە لە بڕگەی شانزەدا، لێبوردن هەیە بەرانبەر ئەو پارانەی کە پێشتر سەرفکراون، کە بەگشتی (دزی سەدە)ش دەگرێتەوە.

لە بودجەدا عێراق لە دەرەوە قەرز دەکات، بۆ ڕەواییدان بەم قەرزانە هەمیشە بۆ هەردوو کەرتی کارەبا و تەندروسییە. هەموو کەس دەزانێت کەم ئەم دوو کەرتە لە هەموو کەرتێکی تر زیاتر وێرانن لە عێراقدا. بەڵام لە هەموو کەرتەکانی تر زیاتر پەیوەستن بە ژیانی خەڵکییەوە.

بە گشتی پلانەکانی بودجە ئەمانەن:

  1. گەرەنتی مانەوەی ئەم حکوومەتە، کە دەنگی کەمترین خەڵکی عێراقی بە دەستهێناوە، بۆ سێ ساڵی تر.

  2. بەشکردنی داهاتەکان لە نێوان نوخبە سیاسییەکانی ناو حکوومەت.

  3. گەورەکردنی زیاتری حەشدی شەعبی و هێزی چەکدار، بۆ گەرەنتی مانەوەی نوخبەی حوکمدار.

  4. خەساندنی هەرێمی کوردستان و لاوازکردنی.

هەرچی پەیوەستە بە کوردستانەوە لە بودجەدا، یارییەکی سەرنجڕاکێش بوو لە حوکمداری لە ڕێگای یاسا و زۆرینەوە.

بەشی کوردستان لە تەونێکی ئاڵۆزی کۆمەڵێک یاری پێچرابوو. بێتوانایی یەکێتی و پارتی لە سەر دۆزینەوەی هاوبەشی، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە بەرژەوندی بچووک نەک کوردستان زاڵترە. چونکە دەکرێت بە ئاسانی هاوبەشی زەقبکرێتەوە لە بەرانبەر جیاوازیدا.

لە سەرەوە کەسە دیارەکانی شیعە کۆمەڵێک هەنگاوی پۆزەتیف دەنێن، لە خوارەوە کەسە سەربەخۆکان، کە بە هیچ جۆرێک سەربەخۆنین رێگریی لەم هەنگاوانە دەکەن.

 

یەکێتی هەوڵیدا کە حکوومەتی عێراقی بەشێک بێت لە هاوکێشەی پەیوەندی لەگەڵ پارتیدا. پارتی ئەم هاتنە ناوەوەی عێراقی پێ باش نییە. بەڵام هەوڵی هەژموونیخوازی پارتی هۆکاری ئەوەیە کە یەکێتی پەنا بۆ عێراق بەرێت. هاتنی عێراق بۆ دروستکردنی هاوسەنگی یان باشکردنی پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی نییە، بەڵکو عێراق ئەجیندای خۆی هەیە. میکانیزمی یارییەکە هەمان میکانیزمە کە لەگەڵ سوننەدا دەکرێت. لە سەرەوە کەسە دیارەکانی شیعە کۆمەڵێک هەنگاوی پۆزەتیف دەنێن، لە خوارەوە کەسە سەربەخۆکان، کە بە هیچ جۆرێک سەربەخۆنین، خەڵکانی وەک موستەفا سەنەد و ئەوانیتر، رێگریی لەم هەنگاوانە دەکەن.

هەنگاوەکانی بودجە بە تایبەت لە پەیوەست بە نەوت و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا، دەرخەریی ئەو پلانە بوون کە بەغدا دەیەوێت نەوت لە ئەلیف هەتا یای لە ژێر دەستی خۆیدا بێت، لە هەناردە و پارە و جۆری پارە و شوێنی پارە، هەموو بە سەرپەرشتی دەزگا دەوڵەتییەکانی حکوومەتی عێراقی بێت. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان دەبێت بخەسێنرێت و هیچ توانایەکی هاوسەنگی هێز یان ململانێی نەبێت لەگەڵ ناوەندا، کە لە ڕابردوودا هەیبوو.

شیعەکان بە پشتیوانی ئێران زۆرباش دەزانن و دەتوانن مامەڵە و یاری لەگەڵ نوخبەی کوریدا بکەن، بە ورد و دڕشتیانەوە.

 

پارتی زۆر دڵخۆش بوو، بەوەی لە میانەی پرۆسەی دروستکردنی حکوومەتدا پەیمانی باشی پێدراوە، بەڵام وەها دیارە هەتا ئێستا بەباشی لە ڕێسای یارییەکە تێناگات. شیعەکان بە پشتیوانی ئێران زۆرباش دەزانن و دەتوانن مامەڵە و یاری لەگەڵ نوخبەی کوریدا بکەن، بە ورد و دڕشتیانەوە.

بودجە لە پەیوەست بە کەرتی نەوتەوە، ئەو هیوایانەی لای پارتیش پووکاندەوە کە دەکرێت یاسایەک بەدڵی ئەو لە بواری نەوت و گازدا تێپەڕێت لە داهاتوودا.

بە گشتی بودجە، پرۆسەی دابەشکردنی داهاتی وڵات نەبوو بە سەر کۆمەڵگا و بەشەکانی، دیاریکردنی ئەو قەیرانانە نەبوو کە وڵات ڕووبەڕووی دەبێتەوە و چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵکو پرۆسەی خۆبەهێزکردنی حکوومەتێکە کە هەشتا لە سەدی خەڵکی وڵات دەنگی پێنەداوە. لە عێراقدا ساڵانە ٢٠٠ هەزار کەس لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەردەچن، بەبێ بوونی هیچ هیوایەک بۆ دۆزینەوەی کارێک لە بوارەکانیاندا. لە کاتێکدا بڕگەیەک هەبوو لە بودجەدا کە ڕێگەبدات بە زانکۆ ئەهلییەکان بەشی خوێندنی باڵا بکەنەوە، (بەڵام تێنەپەڕی)، یەکێکی ترە لە هەوڵەکان بۆ درێژەدان بە ئابووری شەهادە، هەروەها ڕیسوابوونی زیاتری کەرتی مەعریفە.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...