ئابووریژینگه‌

وڵاتە دەوڵەمەندەکان وڵاتانی کەم داهات دەخەنە ژێر باری قەرزی زیاترەوە

زێدپرێس

جێبەجێنەکردنی بەڵێنی پێدانی ١٠٠ ملیار دۆلار وەک پاڵپشتی دارایی بۆ کەشوهەوا لە لایەن وڵاتە دەوڵەمەندەکان، مەترسی تێکچوونی ڕێککەوتنەکان و ڕێکارە ژینگەیییەکانی لێدەکەوێتەوە.

سیستەمە ژمێریارە هەڵەدارەکان وێنەی ڕاستەقینەی پاڵپشتییە دارایییەکان بۆ کەشوهەوا پیشان نادەن.

وڵاتە دەوڵەمەندە پیسکەرەکان سێ ساڵە بەڵێنی پێدانی ١٠٠ بلیۆن دۆلاری ساڵانەیان بە وڵاتە داهات کەم و مام ناوەندەکان بەجێ نەگەیاندووە.

 

لە کاتێکدا کاریگەرییەکانی دیاردەی پەنگخواردنەوەی گەرمی لە جیهاندا لە هەڵکشاندایە و گۆڕانی کەشوهەوا وێرانە بەسەر ئەو خەڵک و شوێنانە جێدەهێڵێت، کە بەرپرسیارێتییەکی کەمیان لە ئاست ئەو کێشەیە لە ئەستۆدایە، وڵاتە دەوڵەمەندە پیسکەرەکان سێ ساڵە بەڵێنی پێدانی ١٠٠ ملیار دۆلاری ساڵانەیان بە وڵاتە داهات کەم و مام ناوەندەکان بەجێ نەگەیاندووە.

ئۆکسفام دەڵێت، ئەوەی کێشەکان خراپتر دەکات ئەوەیە کە ئەو پاڵپشتییە دارایییەی دەنێردرێت بڕەکەی زۆر کەمترە لەو ژمارەیەی ڕاپۆرتەکان ئاماژەی پێدەدەن، هەروەها زۆرینەشی وەک قەرز دەدرێن و دەبێت بدرێنەوە.

ڕاپۆرتی تایبەت بە پاڵپشتییە دارایییەکان بۆ کەشوهەوا ٢٠٢٣، کە لەلایەن ئۆکسفام بڵاوکرایەوە، پیشانی دەدات، لە کاتێکدا وڵاتە بەخشەرەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن ٨٣.٣ ملیار دۆلاریان لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ئەم بابەتە بەگەڕخستووە، بڕی ڕاستەقینەی خەرجییەکان بە لایەنی زۆرەوە ٢٤.٥ ملیار دۆلارە. ئەو ٨٣.٣ ملیار دۆلارەی باسی لێوە دەکرێت زیادخەمڵێنراوە، بەهۆی لەخۆگرتنی ئەو پڕۆژانەی کە تێیاندا ئامانجە ژینگەیییەکان زیادەڕۆییان تێدا کراوە یان نرخی ڕواڵەتی قەرزەکان تێیاندا تۆمارکراون.

بە پێدانی قەرز لەبری بەخشینی دارایی، ئەگەری هەیە ئەو کۆمەکانە زیان بە کۆمەڵگە ناوخۆیییەکان بگەیەنن لەبری ئەوەی سوودیان هەبێت، بەهۆی زیادبوونی قەرزی ئەو وڵاتانەی کە خۆیان نوقمی قەرزن –بە تایبەت لەم کاتەدا کە ڕێژەی سوودی قەرز لە بەرزبوونەوەدایە.

وڵاتە بەخشەرەکان ئامانجی سێیەکی هاوکاری ماددی فەرمیان دەگۆڕن بۆ ئامانجە ژینگەیییەکان لەبری ئەوەی پارەی دیکەی بۆ تەرخان بکەن، ئەمەش لە کاتێکدا کە زیاد لە نیوەی ئەو پاڵپشتییە دارایییە وەک قەرز بۆ هەژارترین وڵاتانی جیهان دەچێت.

لە ٢٠١٩-٢٠٢٠، لە بانکەکانی گەشەپێدانی فرەلایەن، وەک بانکی جیهانی، ٩٠ لە سەدای پاڵپشتی دارایی بۆ کەشوهەوا وەک قەرز دابینکراون.

 

فەڕەنسا ٩٢٪ پاڵپشتییە دارایییەکەی لەمەڕ پرسی کەشوهەوا وەک قەرز دەنێرێت و لە سەرەوەی لیستی ئەو وڵاتانە دێت کە بەبێ ناوەندێکی نێوەدەوڵەتی پارە ڕەوانە دەکەن. هەندێکی دیکە لەو وڵاتانەی کە زۆرینەی هاوکارییە دارایییە نێردراوەکانیان قەرزن لەبری بەخشش، بریتین لە نەمسا ٧١٪، یابان ٩٠٪، ئیسپانیا ٨٨٪. لە ٢٠١٩-٢٠٢٠، لە بانکەکانی گەشەپێدانی فرەلایەن، وەک بانکی جیهانی، ٩٠ لە سەدای پاڵپشتی دارایی بۆ کەشوهەوا وەک قەرز دابینکراون.

نافکۆت دابی، سەرۆکی سیاسەتی گۆڕانی کەشوهەوا لە ئۆکسفام، گوتی، “ئەمە بەڕاستی ناڕەوایە. وڵاتە دەوڵەمەندەکان بە ڕقەوە مامەڵە لەگەڵ وڵاتە هەژارەکان دەکەن. بە ئەنجامدانی ئەمەش، ڕێککەوتنە ژینگەیییە چارەنووسسازەکان دەخەنە ژێر مەترسییەوە. ئەوان یارییەکی مەترسیدار دەکەن و تێیدا هەموومان دەدۆڕێین.”

لە نزیکبوونەوە بۆ دەستپێکی لوتکەی بۆن بۆ کەشوهەوا (٥ – ١٥ حوزەیران)، ئۆکسفام ئەوە دەدۆزێتەوە کە پڕۆژەی پەرەپێدانە دارایییەکانی پێوەست بە کەشوهەوا بە گشتی کوێرن لە ئاست جێندەردا. تەنیا ٢.٩٪ بەخشینە دارایییەکان پرسی یەکسانی جێندەرییان بەهەند وەرگرتووە. سێیەکی پڕۆژە دارایییە ژینگەیییەکان لە ساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠ پێویستییە تایبەتییەکان، ئەزموون و کێشەکانی هەردووک ئافرەتان و پیاوانیان لەبەرچاو گرتوون.

پارەی تەرخانکراو لە ساڵی ٢٠٢٠ لە لایەن وڵاتە دەوڵەمەندەکان بۆ پاڵپشتیکردنی ڕێکارە ژینگەیییەکان لە وڵاتە داهات کەم و مام ناوەندەکان ٢١ بۆ ٢٤.٥ بلیۆن دۆلاره‌

 

ئۆکسفام بەهای ڕاستەقینەی پارەی تەرخانکراو لە ساڵی ٢٠٢٠ لە لایەن وڵاتە دەوڵەمەندەکان بۆ پاڵپشتیکردنی ڕێکارە ژینگەیییەکان لە وڵاتە داهات کەم و مام ناوەندەکان بە ٢١ بۆ ٢٤.٥ ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت، لەوەش، تەنیا ٩.٥ بۆ ١١.٥ ملیار دۆلاری بە تایبەت ئاڕاستەی ئەو پڕۆژانە کردووە، کە ڕاستەوخۆ کار لەسەر گونجاندنە ژینگەیییەکان دەکەن –دابینکردنی پارە بۆ ئەو پڕۆژە و پڕۆسانەی یارمەتی وڵاتانی لاواز لە ئاست کێشە ژینگەیییەکان دەدەن، بەهەند وەرگرتنی کاریگەرییە بەردەوام و زیانبەخشەکانی گۆڕانی کەشوهەوایە.

“وا بیر مەکەنەوە کە ١١.٥ ملیار دۆلار هێندەی پێویستە بۆ ئەوەی وڵاتە داهات کەم یان مام ناوەندەکان یارمەتی خەڵکیان پێ بدەن کە زاڵبن بەسەر لافاوی زیاتر و گەورەتر، زریان و تۆفان، ئاگرکەوتنەوە، وشکەساڵی یان هەر کارەساتێکی دیکە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا ڕوویدابێت،” دابی گوتی. “خەڵک لە ئەمریکا ساڵانە چوار ئەوەندە زیاتر لە خۆراکی پشیلە و سەگەکانیان خەرج دەکەن.”

ئۆکسفام زۆر ناڕەحەتە کە پارەی خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا سەرنجێکی کەمی لەسەرە، لە کاتێکدا لە سێ ساڵی ڕابردوو، هیندستان، پاکستان، ناوەڕاست و باشووری ئەمریکا ڕیکۆردی خۆیان لە پلەکانی گەرما تۆمارکردووە، لە پاکستان دواتر ڕوودانی لافاو زیانی بە زیاتر لە ٣٣ ملیۆن کەس گەیاند، هەروەها ڕۆژهەڵاتی ئەفریقاش تووشی خراپترین وشکەساڵی هاتووە لە ٤٠ ساڵی ڕابردووەوە، سەرەنجام، ئاستە مەترسیدارەکانی برسێتی بەرزتر کردووەتەوە.

دابی گوتی، “سەرەڕای لاوازی لەڕادەبەدەری هەژارترین وڵاتانی دنیا بۆ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، بە تایبەت ئەو وڵاتانەی کەمترین گەشەیان کردووە و هەرێمە دوورگەیییەکان، هێندەی پێویست پاڵپشتی ناکرێن. لەجێی ئەوە، زیاتر نوقمی قەرز دەکرێن.”

پێشبینی بەگەڕخستنی وەبەرهێنەرە تایبەتییەکان لە وڵاتە داهات کەم و مام ناوەندەکان بۆ دابینکردنی پارەیەکی زۆر بۆ پرسی کەشوهەوا بە واقعی بەرجەستە نەبووە، بە دابینکردنی تەنیا ١٤ ملیار دۆلاری ساڵانە، کە ئەویش بۆ کەمترکردنەوەی زیانەکانە. ئۆکسفام دەڵێت پەیداکردنی زانیاری ورد لەسەر چۆنییەتی بەکارهێنان و بەرژەوەندییە کەسییەکانی ئەم سەرچاوە تایبەتییانە سەختە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تازەی ڕێکخراوی هەماهەنگی ئابووری و گەشەکردن (OECD)، پارەی بەگەڕخراوی وەبەرهێنەرە تایبەتییەکان لە ١.٩ ملیار دۆلار لە ٢٠١٨ بەرزبووەتەوە بۆ ٤.٤ ملیار دۆلار لە ٢٠٢٠، بە تایبەت بەهۆی پڕۆژەیەکی گەورەی وزەی گازی سروشتی شلکراوە لە مۆزەمبیق کە هیچ چالاکییەکی خۆگونجاندنیان پێوە دیار نییە.

بە خەمڵێنراوی پێشبینی ئەوە دەکرێت کە وڵاتە داهات کەم و مام ناوەندەکان ساڵانە ڕووبەڕووی سەروو ٥٨٠ بلیۆن دۆلار خەرجی ببنەوە لە ٢٠٣٠.

 

ئۆکسفام نائاسوودەیە کە تەرخانکردنی پارە بۆ “زەرەر و زیانە حەتمییەکان” –ئەو کاریگەرییە کەشوهەوایییانەی کە ناتوانرێت کەم بکرێنەوە یان کەم نەکراونەتەوە یان نەگونجێنراون- تاوەکوو ئێستا هیچ جێگەیەکی پێشبینیکراوی لە بەرنامەی دارایی نێودەوڵەتی کەشوهەوادا نییە. پێویستییە دارایییەکانی زەرەر و زیانە حەتمییەکان پێویستی ڕاستەوخۆن و بە خەمڵێنراوی پێشبینی ئەوە دەکرێت کە وڵاتە داهات کەم و مام ناوەندەکان ساڵانە ڕووبەڕووی سەروو ٥٨٠ ملیار دۆلار خەرجی ببنەوە لە ٢٠٣٠.

ئۆکسفام دەڵێت گفتوگۆی بەردەوام لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی کۆنگرەی گۆڕانی کەشوهەوا (UNFCCC) بۆ دانانی ئامانجێکی جیهانی بۆ بەگەڕخستنی پاڵپشتی دارایی بۆ کەشوهەوا لە ٢٠٢٥ بەولاوە، دەرفەتێکە بۆ دووبارە بنیادنانەوەی متمانە لە نێوان وڵاتە داهات زۆر و کەم و مام ناوەندەکان. بەڵام ئەگەر هەڵەکانی ڕابردوو ڕاست نەکرێنەوە و دووبارە بکرێنەوە، ئەم هەوڵە شکست دەهێنێت بەر لەوەی دەست پێ بکات.

پێویستە ئەو لایەنانەی پاڵپشتی دارایی بۆ کەشوهەوا دابین دەکەن هەوڵەکانیان چڕتر بکەن و لەسەر هەر کەیسێکی یارمەتیدراو ڕاپۆرت بدەن، جەخت لەسەر ئەو بڕە ڕاستەقینانە بکەنەوە کە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی زیانەکان و خۆگونجاندن کراون. بە هەمان شێوە زیادبوونی بەخشینە دارایییەکان بۆ ڕێکارە ژینگەیییەکان پێویستە، هەروەها کەمکردنەوەی بەقەرزکردنی ئەو پارەیەی بەڵێنیانداوە بیدەن.

  • لە ئینگلیزییەوە: شکۆ شێرکۆ
سه‌رچاوه‌
سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی وتاره‌كه‌

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...