دۆسیه‌یاسای نه‌وت و گاز
ئاراستەکان

کۆمپانیا نەوتییەکانی کوردستان داوای جێگیرکردنی گرێبەستەکانیان لە یاسای نەوت و گازی عێراق دەکەن

زێدپرێس-شکۆ شێرکۆ

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (APIKUR)، کە لە ژمارەیەک کۆمپانیای بەرهەمهێنی نەوتی کوردستان پێکدێت، داوای پارێزگاریکردن لە مافە گرێبەستییەکانیان دەکەن لە چوارچێوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵی و یاسای نەوت و گازی عێراق.

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (APIKUR)، کە لە ژمارەیەک لە کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە: دی ئێن ئۆ، گەنەڵ ئینێرگی، گەڵف کیستۆن، ئێچ کەی ئێن و شەماران پێترۆلیۆم، ڕۆژی ١٣ی ئابی ٢٠٢٣، لە ڕێگەی ڕاگەیەنراوێکی تایبەتدا، داوای لە هەردوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لەسەر دانوستانەکان بە ئەنجام بگەن، تاوەکوو مافە گرێبەستییەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت ڕێزیان لێ بگیرێت، هەروەها بکرێنە بەشێک لە پڕۆژە بودجەی عێراق و هەر یاسایەکی پێوەست بە نەوت و گاز لە کۆماری عێراق و هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا.

وەک لە ڕاگەیەنراوەکە هاتووە، “بۆ ئەوەی بەردەوامی بە پیشەسازییەکە لەم هەرێمانە بدرێت، لە پاڵیشیدا گشت ئەو هەلی کارانەی دروست دەکات، پێویستە خەرجیی تێچوون و پارەی قازانجی ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی نەوت لەژێر گرێبەستەکانی هاوبەش لە بەرهەمهێنان لە دانوستانەکاندا ڕەچاو بکرێن”.

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان باس لەوە دەکات، “ئەو مۆدێلەی گرێبەستەکانی هاوبەش لە بەرهەمهێنان، کە لە هەرێمی کوردستاندا بەکار هێنراوە، پێکهاتەیەکی وەبەرهێنانی ڕکابەریکەرانەی هەیە و بە شێوەیەکی فرەوان لە پارێزگا نەوتییەکانی جیهان بەکار دەهێنرێت”. ڕوونی دەکاتەوە “بەگوێرەی گرێبەستەکانی هاوبەش لە بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت بەرپرسیارن لە گشت مەترسییە دارایییەکان و لە ئەگەری سەرکەوتنیش، هەرێمی کوردستان پشکی شێری قازانجەکانی بەردەکەوێت. بۆیە، سوودی ئەم مۆدێلە بۆ کوردستان ڕوونە”.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بە ناوەڕۆکی یاسای نەوت و گازی کوردستان، ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧، پێڕۆیی لە مۆدیلی گرێبەستی هاوبەش لە بەرهەمهێنان کردووە. لەو مۆدێلەدا، کۆمپانیاکان لە سەرەتادا، بە سەرمایەی خۆیان دەست بە گەڕان و پشکنین بە دوای نەوتدا دەکەن، دەشێت لەو قۆناغە سەرەتاییەدا زیاتر لە بیرێکی نەوت وەک بیری ئەزموونی هەڵبکەنن، بۆ دڵنیابوون لە دۆزینەوەی نەوت و توانای بەرهەمهێنانی. بەسادەیی، ئەگەر کۆمپانیاکان لەماوەیەکی دیاریکراودا، کە پێنج تا حەوت ساڵ دەبێت، نەوتیان نەدۆزیەوە، خۆیان بەرپرسیاریەتی هەموو ئەو پارەیە هەڵدەگرن، کە لە قۆناغی گەڕان و پشکنیندا خەرجیان کردووە، بەڵام ئەگەر نەوتیان دۆزیەوە، حکوومەت تێچووەکانیان بۆ دەگێڕێتەوە، بەدڵنیایی لە داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراو.

لەو ڕوانگەیەوە کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان لە هەمان ڕاگەیەنراودا دەڵێ “بۆ دڵنیاییدان بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لەسەر مافە گرێبەستییەکانی لە وەرگرتنەوەی خەرجیی تێچوون و پارەی قازانج لە پڕۆژە سەرکەوتووەکاندا، مۆدێلی گرێبەستەکانی هاوبەش لە بەرهەمهێنانی کوردستان لەڕێگەی یاسای ئینگلیزەوە حوکمی لەسەر دەدرێت و ناکۆکییەکانیش لەڕێگەی دەستەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە دادگەی لەندەن بۆ ناوبژیوانی نێودەوڵەتی چارەسەر دەکرێن”.

دیسان پاڵپشت بە ناوەڕۆکی یاسای نەوت و گازی کوردستان، هەر کێشە و ناکۆکییەک لە نێوان حکوومەت و کۆمپانیاکانی نەوتدا، لە ڕێگەی دەستەی ناوبژیوانی لەندەنەوە یەکلایی دەکرێتەوە، پاش ئەوەی ئەگەر هەر دوو لایەن نەیانتوانی لەڕێگەی دانوستانی نێوان خۆیانەوە، ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن.

کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاماژەیان بەوەش کردووە “سەرەڕای بەربەستە سیاسی، ئەمنی و جیۆلۆجییەکانی ناوچەکە، سێکتەری ژێردەستی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت، بەرهەمهێنانیان لە نزیکەی هیچی ١٥ ساڵی پێش ئێستاوە، بە نزیکەی ٢٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە گەیاندووە”.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئێستا وەک گرینگترین پیشەسازیی کوردستان، سێکتەری نەوت و گاز دەیان هەزار هەلی کاری جۆرێتیی بەرز دروست دەکات؛ ڕاستەوخۆ لەڕێی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت یان ناڕاستەوخۆ لەسایەی کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکان، بەڵێندەران، هەروەها یەکەکانی نیشتەجێبوون و ئۆفیسەکان لەو کۆمەڵگەیانەی هاوسێی شوێنی کاری کۆمپانیاکانن. بەهەرحاڵ، ئەم سەرکەوتنە بە ئاسانی بەدەست نەهاتووە، قازانج-نەویستانە سەدان ملیۆن دۆلار لە لایەن کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە پڕۆژەکانی گەڕان خەرج کراوە، بێ ئەوەی هیچیان مەترسیی یان تێچووی بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەشدا دەڵێن “بەگوێرەی بودجە نوێیەکەی عێراقی فیدراڵی، مەرجە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت و ڕادەستی عێراقی بکات. بۆ گەیشتن بەوەش، هەرێمی کوردستان پشت بەو کێڵگە نەوتییانە دەبەستێت کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کاریان تێدا کردووە”.

لە کۆتایی تەممووزی ٢٠٢٣، کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان، ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوەوە و ئاماژەیان بەوە کردبوو، پاش چوار مانگ لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بووەتە هۆکاری بێکاربوونی سەدان کارمەندی پڕۆژەکانی نەوتی و هەڕەشەیش لەسەر هەزارانی دی هەیە.

لە هەمان ڕاگەیەنراودا، ئەو مەترسییەیان ئاماژە بۆ کردبوو، ڕاگرتنی بەرهەمهێنان و هەناردە نەکردنی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە، دەشێت دواجار گرفت بۆ توانای کێڵگەکان لە ڕادەستکردنی ڕۆژانەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دروست بکات، کە لە یاسای بودجەی فیدڕاڵی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣-٢٠٢٥ پێداگیری لەسەر کراوە.

داوای کۆمپانیاکانی خاوەنکار لە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بۆ جێگیرکردنی مافەکانیان بەگوێرەی مۆدێلی گرێبەستی هاوبەش لە بەرهەمهێنان، لەکاتێکدا دێت، کە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣-٢٠٢٥ پەسندکراوە و دڵنیایی لە دابینکردنی تەواوەتی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت نییە لەلایەک و لەلایەکی دی، ئێستا هەردوو تیمی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیان بە گفتوگۆ و دانوستان بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق کردووە.

بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی کوردستان لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٣ لەلایەن دادگەی فیدڕاڵی عێراقەوە، چالاکییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کەوتنە بۆشاییەکی یاساییەوە. ئێستا سەرنجەکە لەسەر دەرکردنی یاسای نەوت و گازی عێراقە، کە دەستووری عێراق داوای دەکات و بەدرێژایی ساڵانی دوای پەسندکردنی دەستووری نوێی عێراق تا ئێستا، یاساکە دەرنەکراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...