ئابوورییاسای نه‌وت و گاز
ئاراستەکان

دادوەر شوێبڵ: حکوومەتی هەرێم مافی بەرهەمهێنان و رێککەوتنەکانی نەوت و گازی هەیە

زێدپرێس- شکۆ شێرکۆ

 

دادوەر ستیڤن شوێبڵ بە ڕوونی پاڵپشتیی خۆی ڕادەگەیەنێت بۆ مافە دەستوورییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی نەوت و گاز و چالاکییە پەیوەندیدارەکانی و بە پێچەوانەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراقیشەوە، پێداگیری لەسەر دەسەڵاتەکانی حکوومەتی هەرێم لە دەرکردنی یاسا و واژۆکردنی گرێبەست و ڕێککەوتنەکان دەکاتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە شیکارییەکی یاساییدا، دادوەر ستیڤن ئێم. شوێبڵ بە ڕوونی پاڵپشتیی خۆی ڕادەگەیەنێت بۆ مافە دەستوورییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، هەروەها بەڕێوەبردنی کارەکانی پێوەست پێیانەوە. ئەو بۆچوونە، وەک ئەوەی حکوومەتی هەرێم بانگەشەی بۆ دەکات “لە تێگەیشتنێکی قووڵی دەستووری عێراق و یاسای جیهانییەوە سەرچاوە دەگرێت”، جەخت لە بانگەشە دەستووری و یاسایییەکەی حکوومەتی هەرێم دەکاتەوە بۆ ئیدارەدانی کاروبارەکانی پێوەست بە سەرچاوەکانی نەوت و گازی خۆی.

شیکارییەکەی شوێبڵ بنکۆڵکاری بۆ دەستووری عێراقی ٢٠٠٥ دەکات، دڵنیایی دەدات کە دابەشبوونی هێز لە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە بەڕێوەبردنی سەرچاوە سرووشتییەکان، پتر لە بەرژەوەندی حکوومەتە هەرێمییەکانە -وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نەک حکوومەتی فیدراڵی. لێکدانەوەکانی بۆ ماددەکانی ١١٠، ١١٤، ١١٥ و ١٢١، کڕۆکی بۆچوونەکەی پێک دەهێنن، کە بەیەکەوە دەسەڵاتی ڕەها بە حکوومەتی فیدراڵی نادەن بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی نەوت و گاز. بەڵکوو، ئەو ماددانە پاڵپشتی لە هەرێمەکان دەکەن بۆ ئیدارەدانی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە چوارچێوەی سنوورەکانیان.

دادوەر شوێبڵ تێڕامانێکی درێژ سەبارەت بە بڕیارەکەی ٢٠٢٢ دەخاتەڕوو، کە لە لایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە دەرکرابوو و یاسای نەوت و گازی ساڵی ٢٠٠٧ی حکوومەتی هەرێمی بە نادەستووری هەژمار دەکرد. تێڕوانینی دادوەرەکە ڕکابەری بڕیاری دادگاکە دەکات و ئاماژە بە دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدات بۆ دەرکردنی یاسا و ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکان بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی کەرتی نەوت و گاز لە مەودای دیاریکراو بە دەستوور.

زیاتر لەوە، بۆچوونەکەی شوێبڵ لەگەڵ شیکارییەکەی پڕۆفیسۆری کۆچکردوو، جەیمس کڕاوفۆرد، یەک دەگرێتەوە. جەخت لەوە دەکەنەوە، کە دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بڕیاردان لەسەر گەڕان بەدوای سەرچاوەی نوێی نەوت و سوودبینین لێیان، درێژ دەبێتەوە، ئەمەش سەربەخۆیی هەرێمەکە پتەوتر دەکات.

حکوومەتی هەرێم، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی شیکارییەکەی ئەو دادوەرە ئەمریکییە، دەڵێ، “بەرەنجام، بۆچوونی یاسایی دادوەر شوێبڵ، دڵنیاییدانێکی گرنگی مافە دەستوورییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەوەش ڕێگە بەرەو حکوومەتێکی هەرێمیی بەهێزتر و سەربەخۆتر خۆش دەکات، بۆ ئیدارەدانی سەرچاوەکانی نەوت و گاز”.

ستیفن ئێم. شوێبڵ ئەمریکاییەکی شارەزای یاسایە و دادوەر، ڕاوێژکار و ناوەندگیرێکی نێودەوڵەتییە. ئەو پێشتر (٢٠١٠-٢٠١٧) وەک دادوەر لە دادگای ئیداریی بانکی جیهانی خزمەتی کردووە، وەک ئەندامێکی دەستەی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە دادگای ناوەندگیری هەمیشەیی، وەک سەرۆکی دادگای ئیداریی پاڵپشتیی دارایی نێودەوڵەتی (١٩٩٣-٢٠١٠)، وەک سەرۆکی دادگای دادپەروەریری نێودەوڵەتی (١٩٩٧-٢٠٠٠)، وەک جێگری سەرۆکی دادگای دادپەروەریی نێودەوڵەتی (١٩٩٤-١٩٩٧)، هەروەها وەک دادوەرێکی دادگای دادپەروەریی نێودەوڵەتی (١٩٨١-٢٠٠٠). پێش پیشە درێژخایەنەکەی لە دادگای دادپەروەریی نێودەوڵەتی، شوێبڵ وەک جێگری ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خزمەتی کردووە (١٩٧٤-١٩٨١)، پێشووتریش، وەک یاریدەدەری ڕاوێژکاری یاسایی هەمان وەزارەت (١٩٦١-١٩٦٧). وەک پڕۆفیسۆری یاساش لە قوتابخانەی یاسای هارڤارد (١٩٥٩-١٩٦١) و زانکۆی جۆن هۆپکینز (١٩٦٧-١٩٨١) خزمەتی کردووە.

ئەوەش تەواوی نووسراوی شیکارییەکەی دادوەر شوێبڵە، لەژێر ناونیشانی “دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەسەر نەوت و گاز لە چوارچێوەی دەستووری عێراق.”

 

دەقی شیکارییەکە

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...