دۆسیه‌یاسای نه‌وت و گاز
ئاراستەکان

نەوت لە پەرلەمانێکی کڵۆڵدا

یاسای نەوت و گازی کوردستان چۆن پەسندکرا؟

ڕێککەوتنی پێشوەختە

پێش پێکهێنانی کابینەی پێنجەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان/کابینەی یەکگرتنەوە لە ٢٠٠٦دا، ڕێککەوتنێکی تایبەت لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ تێکەڵکردنەوەی هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی ئیمزاکرا. هەردوو حزبەکە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی وەزارەتێکی تایبەت بە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت لە هەرێمی کوردستان پێک بهێنرێت و ئەو وەزارەتەش لەلایەن پارتییەوە بەڕێوە ببردرێت.

(ڕێککەوتننامەی یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی هەرێمی کوردستان) کە لەلایەن مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەکرابوو، دواتر وەک پڕۆژەیەک بۆ پەسندکردن خرایە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و لە دانیشتنی ژمارە (١)ی نائاسایی ڕۆژی ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٦ بە کۆی دەنگی پەرلەمانتارانی کوردستان وەک بەڵگەنامەیەکی فەرمی پەسندکرا و هەرئەوکات جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانی و مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکرات، کە لە دانیشتنەکەی پەرلەمان ئامادەبوون، ئیمزایان لەسەر ڕێککەوتنەکە کرد(١).

لێرەوە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەپێی ڕێککەوتنێکی سیاسی لە نێوان هەردوو حزبەکە، ڕادەستی پارتی دەکرێت و یەکێتی پاشەکشەیەک دەکات.

پەرلەمانی کوردستان لە ٧ی ئایاری ٢٠٠٦ متمانەی بە کابینەی پێنجەم بەخشی. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم/کابینەی پێنجەم لە بەردەم پەرلەمان کارنامەی حکوومەتەکەی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، “دۆزینەوەی نەوت و گاز لە هەرێم دا دەستی پێکردووە و بەرنامەی زیاتریش بەڕێگاوەیە، ئێمە دەزانین کێشەی زۆرمان هەیە لە ئاکامی سوودوەرنەگرتن لەم سەرچاوە سروشتییە، ئێستا دەتوانین بە بڕواوە پێتان ڕابگەیەنین لەگەڵ کۆمپانیای جیهانی ئاستبەرز کار دەکەین بۆ سوودوەرگرتن لەم سامانە سروشتییە”(٢).

 

پێشنیازکردنی هەورامی بۆ ئەو پۆستە، لەلایەن بەرهەم ساڵح جێگری سکرتێری گشتی یەکێتییەوە خرایە بەردەم نێچیرڤان بارزانی

 

لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە، ئاشتی هەورامی بۆ وەزیری سامانە سروشتییەکان کاندیدکرا، کە لەو کابینەیەوە تا کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێم لە هەمان پۆستدا مایەوە. هەرچەند ئاشتی هەورامی لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە بۆ وەزیری سامانە سروشتییەکان کاندید دەکرێت و وەزارەتەکەش لە پشکی پارتییە، بەڵام پێشنیازکردنی هەورامی بۆ ئەو پۆستە، لەلایەن بەرهەم ساڵح جێگری سکرتێری گشتی یەکێتییەوە خرایە بەردەم نێچیرڤان بارزانی. بەڵکوو بەرهەم ساڵح هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و ئاشتی هەورامی بەیەک ناساند. ئاشتی هەورامی خۆی دەیگێڕێتەوە، کە لە ئازار یان نیسانی ٢٠٠٦، “كاك بەرهەم تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی وابزانم ئیشێكی گەورەمان پێتە، چاوەڕێی تەلەفۆنێك بكە لە كاك نێچیرڤانەوە، تەلەفۆنت بۆ دەكات و خۆی بۆت باس دەكات، دوای ئەوە كاك نێچیرڤان تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی من فڵانە كەسم، یەك جار كاك نێچیرڤانم بینیبوو لە كۆنگرەیەكدا و سڵاوێكم لێكردبوو، تا ئەو وەختە قەت نەمبینیبوو، گوتی من فڵانە كەسم، لەگەڵ كاك بەرهەم قسەم كردووە و زۆر مەدحی تۆ دەكات و ئێستا وەكو كوردێك پێویستمان پێتە”(٣). ئەوە، ئاماژەیەکە بە ویست و ئاگایی ئەو کارەکتەرەی یەکێتیی نیشتمانی بۆ کارکردن لە دۆسیەی نەوت دا.

 

ڕاگەیاندنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان

لە ٧ی ئابی ٢٠٠٦، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکی تایبەتدا، کە لە بەشی ئینگلیزی ماڵپەڕی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڵاوکرایەوە، ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی کوردستان و ڕەشنووسی پێشنیازکراوی مۆدێلی هاوبەش لە بەرهەمهێنانی بڵاوکردەوە. بڵاوکردنەوەکە بۆ گفتوگۆکردن و خستنەڕووی سەرنج و تێبینی بوو لەسەر هەردوو ڕەشنووسی یاسای نەوت و مۆدێلی پێشنیازکراوی گرێبەستی نەوتی کوردستان(٤).

لەماوەیەکی زۆر کورت، لە نێوان ٧ی ئاب تا ٢٢ی ئابی ٢٠٠٦دا، هەزار و ٨٣٠ جار دەقی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی کوردستان لە ماڵپەڕی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە بینرابوو، چەندین کەسیش بەڕێگەی نووسراو سەرنج و تێبینییەکانیان بە حکوومەتی هەرێم گەیاند(٥).

جێی سەرنجە، کە هیچ تێبینییەک لەسەر ناوەڕۆکی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان و مۆدێلی پێشنیازکراوی گرێبەستی نەوتی(گرێبەستی هاوبەش لە بەرهەمهێنان) کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە ڕاگەیەنرابوون، لە ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لەلایەن هێزە سیاسییەکان، ناوەندە ئەکادیمییەکان و میدیاکانەوە لەبارەی ئەو ڕەشنووسانەوە نەخرانەڕوو، بەڵکوو وەک هەواڵێکی میدیاییش بە بایەخەوە مامەڵە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و مۆدێلی پێشنیازکراوی گرێبەستی نەوتی کوردستان نەکرا.

 

هیچ تێبینییەک لەسەر ناوەڕۆکی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان و مۆدێلی پێشنیازکراوی گرێبەستی نەوتی لەلایەن هێزە سیاسییەکان، ناوەندە ئەکادیمییەکان و میدیاکانەوە نەخرانەڕوو

 

پاش دەستبەکاربوونی کابینەی پێنجەم و دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، پێویستی دەکرد لە پەرلەمانی کوردستانەوە هەم یاسایەک بۆ وەزارەتە نوێیەکە دەربچێت و هەم یاسای نەوت و گازی کوردستان پەسند بکرێت و مۆدێلی گرێبەستی نەوتیش لە یاساکەدا جێگیر بکرێت.

بەڵام پێش ئەوەی وەزارەتەکە یاسایەکی بۆ دەربکرێت و هەروەها پێش ئەوەی یاسای نەوت و گازی کوردستان پەسندبکرێت، ژمارەیەک گرێبەستی نەوتی لەلایەن ئیدارەی هەولێر و سلێمانی ئیمزا کرابوون. ئەو گرێبەستانە، بەناوی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بە ئیمزای وەزیری سامانە سروشتییەکان هەموارکرانەوە و دوای پێداچوونەوە، دووبارە پەسندکرانەوە. ئەوە لە دۆخێکدا، کە هێشتا نە یاسای نەوت و نە یاسای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پەسندنەکرابوون. لە ناویاندا:

١. گرێبەستی کۆمپانیای هەولێر ئینێرژی و ئەی تی پێترۆلیۆم بۆ کارکردن لە کێڵگەی نەوتی بنەباوێ، لە ٢٦ی شوباتی ٢٠٠٧ و بە ئیمزای ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان(٦).

٢. گرێبەستی کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس بۆ کارکردن لە کێڵگەی نەوتی کوردەمیر، لە ٢٦ی شوباتی ٢٠٠٧ بە ئیمزای ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان(٧).

٣. گرێبەستی کۆمپانیای پێت ئۆیڵ و تریلاکس ئۆیڵ و شاکەل پرۆدیوکشن، بۆ کارکردن لە کێڵگەی نەوتی شاکەل بە ئیمزای ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٠٧دا(٨).

ئەو هەموارکردنەوە و گۆڕانکارییانەی لە گرێبەستەکانی پێشوودا کراون، لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، کە دوای دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، حکوومەتی هەرێم خاوەندارێتی لە مۆدێلێکی دیاریکراوی گرێبەستی نەوتی دەکات، ئەو مۆدێلەش گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنانە. هەموارکردنەوەکانیش ئەوە دەگەیەنن، کە گرێبەستەکانی پێشوو لە ناوەڕۆکدا جیاواز بوون لەو مۆدێلە گرێبەستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیاری لەسەر داوە کاری پێ بکات.

 

پێش ئەوەی دەسەڵاتی یاسادانان مۆدێلی گرێبەستی هاوبەش لە بەرهەمهێنان پەسند بکات، حکوومەت دەستی بە پیادەکردنی ئەو مۆدێلە لە گرێبەستی نەوتی کردووە، کە هەر خۆی بڕیاری لەسەر داوە.

 

دەستکردن بە هەموارکردنەوەی گرێبەستەکانی پێشتر ئیمزا کرابوون، پێش دەرکردنی یاسای نەوت و گازی کوردستان و بڕیاردان لە مۆدێلی گرێبەستی هاوبەش لە بەرهەمهێنان، ئاماژەیەکە بە لاوازی ڕۆڵی دەسەڵاتی یاسادانان لە کوردستان دا و بە پێچەوانەوە زاڵیەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن. لەبەرئەوەیە پێش ئەوەی دەسەڵاتی یاسادانان مۆدێلی گرێبەستی هاوبەش لە بەرهەمهێنان پەسند بکات، حکوومەت دەستی بە پیادەکردنی ئەو مۆدێلە لە گرێبەستی نەوتی کردووە، کە هەر خۆی بڕیاری لەسەر داوە.

لەڕاستیدا، بە ساڵێک پێش پەسندکردنی هەردوو یاسای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و یاسای نەوت و گازی کوردستان، ئاشتی هەورامی دووپاتی لەسەر ئەوە کردبوویەوە، کە پڕۆسەی دانوستانیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت دەستپێکردووە و چاوەڕوانی پەرلەمان ناکەن تا یاسایەکە دەردەکات و پاشان دەست بە پڕۆسەکە بکەن. هەورامی لە ٢٢ی ئابی ٢٠٠٦دا گوتی، “ئێمە پێشتر دەستمان بە پڕۆسەکە کردووە. پێویستە گفتوگۆ و کاتمان هەبێت بۆ دانوستان لەگەڵ کۆمپانیا ئارەزوومەندەکان، بۆیە تا ئەو کاتەی یاساکە پەسەند دەکرێت پێویستە لە دۆخێکدا بین کە ژمارەیەک گرێبەستی نوێ ئیمزا بکەین”(٩).

خاوەندارێتیکردن لە مۆدێلێکی دیاریکراوی نەوتی لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە، ئاماژەیە بە هاتنەکایەی قۆناغێکی نوێ لە چالاکییەکانی نەوت و گازی کوردستان، کە لەگەڵ دەرکەوتنی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان دەست پێدەکات.

 

 

پەسندکردنی یاسای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان

لە ٩ی تەموزی ساڵی ٢٠٠٧، پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەردوو پڕۆژەیاسای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان کرد. هه‌ردوو پڕۆژەیاسایه‌كه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانەوە پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان كرابوون.

لێرەوە هەوڵ دەدەین بەشدارییەکانی پەرلەمانتاران لە گفتوگۆکردنی مادە و بڕگەکانی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان وەک خۆی بخەینەڕوو، ئەوە، یارمەتیدەر دەبێت لە تێگەیشتن لە ئاڕاستەی ململانێ ناوخۆییەکان لەلایەک و لەلایەکی دی ڕۆڵ و تێگەیشتنی پەرلەمان و پەرلەمانتاران لە دۆسیەیەکی گرنگ و هەستاری وەک نەوت ڕوون دەکاتەوە.

لەو کۆبوونەوەیەی په‌رله‌ماندا، كه‌ ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان ئامادەبوو، پاش خوێندنەوەی دەقی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، عەدنان موفتی سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گوتی: “ئەم پڕۆژەیە ماندووبوونێکی زۆری پێوە دیارە، دەستخۆشی لە هەموو ئەوانە دەکەین، بەشدارییانکردووە لە نووسینی ئەم پڕۆژەیە، دیقەتی تێدایە، وردبینی تێدایە، ڕەچاوی دەستووری عێراقی کردووە”(١٠).

سەرۆکی پەرلەمان هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، دڵنیایی بە وەزیری سامانە سروشتییەکان دا، پاش ڕەوانەکردنی پڕۆژەکە بۆ لێژنەی یاسایی، پیشەسازی و خستنە بەردەستی پەرلەمانتاران، لە ماوەیەکی نزیکدا و بەمەبەستی پەسەندکردن دەیخەنە بەرنامەی کارەوە. موفتی لەسەر بنەمای بەڵێنەکەی، گفتوگۆکردنی هەردوو پڕۆژەیاسای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستانی خستە بەرنامەی کاری دانیشتنی ڕۆژی ٢٣ی هەمان مانگەوە.

 

پەرلەمانتاران تەنیا (١٤) ڕۆژیان بەدەستەوە بوو بۆ خوێندنەوە و دیراسەکردنی ئەو دوو پڕۆژەیاسایە. لە ماوەی ئەو (١٤) ڕۆژەشدا، پڕۆژەیاسای بودجەی کوردستان ڕەوانەی پەرلەمان کرابوو

 

لەو ماوەیەدا، کە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای نەوت و یاسای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کرا، لەڕاستیدا، پەرلەمانتاران تەنیا (١٤) ڕۆژیان بەدەستەوە بوو بۆ خوێندنەوە و دیراسەکردنی ئەو دوو پڕۆژەیاسایە. لە ماوەی ئەو (١٤) ڕۆژەشدا، پڕۆژەیاسای بودجەی کوردستان ڕەوانەی پەرلەمان کرابوو. پەرلەمان بە خوێندنەوە و پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە خەریک بوو. پێناچێت هیچ پەرلەمانتارێک دەرفەتی خوێندنەوەی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان و پڕۆژەیاسای وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەبووبێت. بەڵام دیسان نابێت، ڕەچاوی ئەو ڕاستییە نەکرێت، کە لە ساڵێک پێشترەوە، ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی کوردستان لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە بڵاوکرابوویەوە و لەبەردەست هەر کەسێکدا بوو.

کاتێکیش پڕۆژەکان خرانە بەردەم پەرلەمانەوە، حکوومەت پەلەی بوو لە پەسندکردنیان. چەند هۆکارێک لە پشت پەلەکردن لە دەرکردنی یاسای نەوت و گازی کوردستان هەن؛

١. حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیویست دەستی خۆی پێش بەغدا بخات، لەکاتێکدا بەغدا هەوڵی هەموارکردنەوەی دەستوور و سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی کوردستانی دەدا. جگە لەوەی ڕێککەوتنی هەردوو حکوومەتی عێراق و کوردستان بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گازی عێراق، جێبەجێ نەبوو. لایەنی عێراقی بەئاسانی نەدەهاتە ژێرباری دەرکردنی یاساکەوە.

٢. لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە حکوومەتی هەرێم لە ئیدارەکانی سلێمانی و هەولێر، چەندین گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیاکانی بیانی ئیمزا کردبوو، دەبوو لە ڕێگەی پەرلەمانەوە ڕەوایەتی یاسایی بەو پڕۆسەیە بدرێت و مۆدێلێکی دیاریکراویش لە گرێبەستی نەوتی بسەپێنرێت. جگە لە دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی حکوومەتی هەرێم لەبەڕێوەبردنی کەرتی نەوت بەپێی دەستووری نوێی عێراق.

٣. ئەو یاسایە پاڵپشتییەکی بەهێز بوو بۆ هاتنی زیاتری کۆمپانیاکانی نەوت، سەرباری ئەوەی حکوومەتی هەرێم فشاری کۆمپانیاکانی لەسەر بوو بۆ دیاریکردنی چوارچێوە یاساییەکە. وەک ئەوەی خودی وەزیری سامانە سروشتییەکان لە دانیشتنێکی پیشتری پەرلەمان دووپاتی لەسەر کردبووەوە(١١).

٤. لەگەڵ بڕیاردان لە پێکهێنانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم و دەستبەکاربوونی ئاشتی هەورامی لە بەڕێوەبردنی چالاکییەکانی نەوتدا، پێش دەکردنی یاسای نەوت ئاشتی هەورامی مۆدێلی گرێبەستی هاوبەش لە بەرهەمهێنانی لەسەر کۆمپانیاکانی خاوەنکار لە کەرتی نەوت و گازی کوردستان جێبەجێ کردبوو، ئەوەش پێویستی دەکرد بنەمایەکی یاسایی بۆ دیاری بکرێت.

٥. پەرلەمان بەشێک نەبوو لە داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژیەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر ناوەندێک بوو بۆ ڕەوایەتیدان بەو بڕیارانەی سەرکردایەتی سیاسی لە دەرەوەی پەرلەمان دروستی دەکردن. لەبەرئەوە گرنگییەک لەوەدا نەدەبینرا پەرلەمان و پەرلەمانتاران ئەو پڕۆژەیە بخوێننەوە و دیراسەی بکەن، ئەرکی ئەوان تەنیا ڕەوایەتیدانەکە بوو.

دانیشتنەکە بە ئامادەبوونی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان دەستی پێکرد، یەکەمجار گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کرا. سەرۆکی پەرلەمان داوای لە لێژنەی پیشەسازی کرد، وەک لێژنەی تایبەتمەند ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکە و تێبینییەکانیان لەوڕووەوە پێشکەش بکات. ئایدن عوسمان سەرۆکی لێژنەکە، بە گورجی هەستایە سەر پێ و ڕوو لە سەرۆکی پەرلەمان گوتی: “بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەن، ڕاپۆرتمان نییە، بەڵام لەگەڵ ڕای لێژنەی یاسایینە سەد لە سەد!)(١٢).

ئایدن عوسمان سەرۆکی لێژنەی پیشەسازی و وزە لە پەرلەمانی کوردستان، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی و بریکاری وەزارەتی پیشەسازی و وزە بوو لە کابینەی پێشووتری حکوومەتی هەرێمدا.

 

تەنیا پەرلەمانتارێک لە سەر لیستی پارتی (نازناز محەمەد) لە بەرانبەر ئەو بێهەڵوێستییەی لێژنە تایبەتمەندەکە بەدەنگ هات

 

لێژنەی پیشەسازی وەک تاکە لێژنەی تایبەتمەند بە دۆسیەی نەوت، هیچ تێبینییەکی لەسەر مادە و بڕگەکانی پڕۆژەیاسایەکە نەبوو. تەنیا پەرلەمانتارێک لە سەر لیستی پارتی (نازناز محەمەد) لە بەرانبەر ئەو بێهەڵوێستییەی لێژنە تایبەتمەندەکە بەدەنگ هات؛ “من تەعەجوب دەکەم، لێژنەیەکی موختەس و پەیوەندیدارمان هەیە بۆ ئەو مەوزوعە، چۆن دەبێت ڕاپۆرتی نەبێت، یان ڕاپۆرتی هاوبەشی نەبێت لەگەڵ لێژنەی یاسایی!”(١٣).

سەرۆکی لێژنەی پیشەسازی ڕوخسەتی لە سەرۆکی پەرلەمان خواست بۆ وەڵامدانەوە، “سەد لە سەد لەگەڵ لێژنەی قانونینە، چونکە مادەکانی (پڕۆژەیاسایەکە) زۆربەیان قانونینە، کەمیان شتی فەنی تێدایە، فەنییەکانیش هەمووی شتی ڕاستەقینەیە، بۆیە ئیتفاقمان کرد و دانیشتین و قەراری خۆمان لێدا”(١٤).

ئێستا کارەکە لە سەر ڕاپۆرتی لێژنەی یاسایی ماوەتەوە، سەرۆکی پەرلەمان داوا لە لێژنەی یاسایی دەکات ڕاپۆرتەکەی پێشکەش بکات، کەریم بەحری برادۆست لە لێژنەی یاسایی و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی، ڕاپۆرتەکە دەخوێنێتەوە. بەپێی قسەکانی، لێژنەکەیان بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەکان کۆبوونەتەوە و چەند ڕاسپاردە و پێشنیازێکیان گەڵاڵە کردووە.

ئەو ڕاسپاردە و پێشنیازانەی لێژنەی یاسایی لەبارەی پڕۆژەیاسای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گەڵاڵەی کردوون، کۆمەڵێک وردە تێبینین لە شێوازی داڕشتنی ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەیاسایەک. بە هیچ شێوەیەک کاریگەری لەسەر ناوەڕۆکی یاسایەکە دروست ناکەن، لەوەی پێوەندی بە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی وەزیر و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، شێواز و بوارەکانی کارکردنی وەزارەتەکەوە هەیە.

پاشتر خستنەڕووی ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەیاسایەکە بۆ گفتوگۆ و پەسەندکردن دەست پێدەکات، کۆمەڵێک پەرلەمانتار بەشداری لە گفتوگۆکەدا دەکەن. زۆرێکیان داوا دەکەن بابەتەکەیان بۆ ڕوون بکرێتەوە، ژمارەیەکیان ناڕوونی لە ماددە و بڕگەکان دەبینن، زۆرێک تێبینییان لەسەر هەڵەکانی زمانەوانی هەیە، ماددەکان یەک لە دوای یەک، بە ڕەچاوکردنی تێبینییەکانی لێژنەی یاسایی و پەرلەمانتاران پەسند دەکرێن و پاشتر کۆی پڕۆژەیاسایەکە دەخرێتە دەنگدانەوە و بە دەنگی تێکڕای پەرلەمانتاران پەسەند دەکرێت.

 

وەزیری سامانە سروشتییەکان هەندێک دڕدۆنگی بەو گۆڕانکاریی و هەموارکردنەوە ڕووکارییانە هەیە، کە لە پڕۆژەکەیدا کراون

 

سەرۆکی پەرلەمان پیرۆزبایی لە وەزیری سامانە سروشتییەکان دەکات، وەزیر هەندێک دڕدۆنگی بەو گۆڕانکاریی و هەموارکردنەوە ڕووکارییانە هەیە، کە لە پڕۆژەکەیدا کراون و دەڵێ؛ “ئەم یاسایە بە شێوەیەک دانرا بوو، هەموو سیغەکەی گۆڕا، جارێکی تر دەزانم چی بکەم، زۆر سوپاس و دەستتان خۆش بێت، بەڵام قانوونەکەی تر کە دێتە مەحەزەر ئەوە شتێکی تازەیە”(١٥).

مەبەستی وەزیری سامانە سروشتییەکان لە قانوونەکەی دی، پڕۆژەیاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانە و دەیەوێت هۆشدارییەک بە پەرلەمانتاران بدات، بەوەی پەنجەیان لە تەک ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەیاسایەکە نەرم بکەن، چونکە بوارێکی تازەیە و بە دیوێکی تردا ئەوان لە پەرلەمان شارەزاییان لەو بوارەدا نییە. ئاشکرایە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بەسەر ناوەڕۆکی یاسای وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا نەهاتووە، بەڵام وەزیری سامانە سروشتییەکان زیرەکانە دەیەوێ ئەو گۆڕانکارییە ڕووکارییانەی لەکاتی پەسندکردنی پڕۆژەیاسای وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا کراون، وەک دەرفەتێک بقۆزێتەوە بۆ گەیاندنی هۆشدارییەک بە پەرلەمان تا دەستکارییەک لە ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەیاسای نەوت و گازدا نەکات، کە ئامانجە سەرەکییەکە لەوێدا دەپێکرێت.

لە دانیشتنی ٢٣ی تەمووزدا، پەرلەمان تەنیا دەرفەتی پەسەندکردنی یاسای وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەبوو، پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان، کەوتە ڕۆژی دواتر.

 

 

بایکۆت لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتییەوە

ڕۆژی ٢٤ی تەمووز، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی نائاسایی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٠٧ی بۆ گفتوگۆکردن و پەسندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت ساز کرد.

لەگەڵ کردنەوەی دانیشتنەکە لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە، عوسمان بانیمارانی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی و ئەندامی سەرکردایەتی حزبەکە، ڕوخسەتی قسەکردنی لە سەرۆکی پەرلەمان خواست؛ “لەسەر خاڵی یەکەمی پڕۆژەکە من مولاحەزەم هەیە، ئامادەنین بۆ موناقەشە، بۆیە داوا دەکەم سەعاتێک مۆڵەت بدەیت لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆبوونەوەیەک بکەین بۆ موناقەشەکردنی خاڵی یەکەمی پڕۆژەکە”(١٦).

پەرلەمانتارانی پارتی بە قسەکانی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی تەواو نیگەران بوون. شێروان حەیدەری سەرۆکی لێژنەی کاروباری یاسایی و پەرلەمانتاری پارتی، داوای کرد پڕۆژەکە بە هیچ شێوەیەک دوانەخرێت، چونکە، “پڕۆژەکە بەشێوەیەک داڕێژراوە، سەد لە سەد لەگەڵ دەستووری عێراقی دەگونجێت، لە ڕووی داڕشتنی ماددەکانییەوە داڕشتنێکی زۆر ڕێک و پێکی هەیە، لە هەمووی گرنگتر ئەو پڕۆژەیە پێوەندی بە ئایندەی گەلەکەمان و بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان هەیە”(١٧).

 

کاتێک دانیشتنەکە دەستی پێ کردەوە، تەنیا (٥٤) ئەندام ئامادەبوون، ڕێژەیی یاسایی پەرلەمان تەواو نەبوو

 

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان چارەگە سەعاتێک کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکانی ڕێکخست، بەڵام فراکسیۆنی یەکێتی بۆ هۆڵی کۆبوونەوە نەگەڕایەوە و بایکۆتی دانیشتنەکەی پەرلەمانیان کرد. کاتێک دانیشتنەکە دەستی پێ کردەوە، تەنیا (٥٤) ئەندام ئامادەبوون، ڕێژەیی یاسایی پەرلەمان تەواو نەبوو. پەرلەمانتارانی پارتی تەواو نیگەران بوون. کەمال کەرکووکی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی گوتی، “ئەو یاسایە، پێوەندی هەیە بە ئەمنی قەومی کوردستان، شەرمەزارییە لێی ڕابکەین”(١٨).

لەکاتێکدا سەرۆکی لێژنەی یاسایی وەک ئەندامێکی فراکسیۆنی زەرد هەوڵی دەدا بە هەر شێوەیەک بێت پڕۆژەیاسایەکە تێپەڕ بکرێت، پاساوی بۆ تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی دەهێنایەوە و دەیویست بۆ ڕێژەی یاسایی پەرلەمان، دانیشتنی یەکەم بە بنەما بگیرێت، چونکە لە دانیشتنی یەکەم ڕێژەی یاسایی تەواو بووە و ئیتر گرنگ نییە لە دانیشتنی دووەمدا ڕێژەی یاسایی تەواو یان تەواو نییە.

سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند کە فراکسیۆنی یەکێتی داوای کردووە کاتێکیان هەبێت بۆ ئەوەی لە ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسایەکە تێبگەن، چونکە کاتێکی کەمیان بەدەستەوە بووە و زۆریان لە یاسایەکە تێناگەن، پێویستیان بەوە هەیە شارەزا بێنن بۆ گفتۆگۆکردن لەسەر پڕۆژەکە. هەروەک پێشنیازی کرد، گفتوگۆکردنی پڕۆژەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دوابخرێت، چونکە ڕێژەی یاسایی دانیشتنەکە تەواو نییە و لە هەفتەی داهاتووش کێشەکە چارەسەر دەکرێت.

ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان بەهەمان شێوە هەوڵی دەدا پەرلەمان پڕۆژەکە تێپەڕ بکات، “ئەم یاسایە یاسایەکی تازە نییە، دەگەڕێتەوە بۆ دەستووری دوو ساڵ لەومەوپێش، ساڵێکە لە ژێر موناقەشەدایە، هەموو کەس دەزانێت قانوونی نەوت باسی لەسەر چییە”(١٩).

 

ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان، ناڕاستەوخۆ بە پەرلەمانتارانی گوت، شارەزایتان لەو بوارەدا نییە، بۆ ئەوەی دەستکاری لە ماددە و بڕگەکانی نەکەن و وەک خۆی پەسندی بکەن

 

هەورامی لە کۆتایی کۆبوونەوەی ڕۆژی پێشتری پەرلەماندا، دەیگوت، یاسای نەوت و گاز یاسایەکی تازەیە، ناڕاستەوخۆ بە پەرلەمانتارانی گوت، شارەزایتان لەو بوارەدا نییە، بۆ ئەوەی دەستکاری لە ماددە و بڕگەکانی نەکەن و وەک خۆی پەسندی بکەن، بەڵام پاش ٢٤ سەعات، بارودۆخێکی خراپ و لە دەرەوەی چاوەڕوانییەکان ڕوویدا، ئێستا هەموو کەس دەزانێت “باسی نەوت لەسەر چییە و قانوونەکە تازە نییە”.

وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕوونکردنەوەی زۆریدا، بە ڕاستەوخۆ ستایشی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی کرد بۆ گەیشتن بە قۆناغی ئامادەکردنی یاسای نەوت و گازی کوردستان و گوتی، “ساڵێکە ئێمە خەریکین لە ڕێکخستن و ئامادەکردنی ئەم یاسایە، ئەمە تازە دەست پێ نەکراوە و هەموو حکوومەت بەشداربووە لەو قانوونە، زۆر کەس ماندووبوونە لەسەری، لە وەزارەتی ئێمە، لە وەزارەتی عەدل، بەتایبەتی کاک نێچیرڤان بارزانی خۆی سێ هەفتە لەگەڵمان بووە لە بەغدا”(٢٠).

ئەو زانیارییانەی وەزیری سامانە سروشتییەکان لە بارەی مانەوەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ماوەی سێ هەفتە لە بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوت و ستایشکردنەکانی بۆ بەرپرسانی باڵای پارتی، ئاماژەی ڕوونن بۆ ئامادەیی زۆری پارتی لە پشت ئاڕاستەکردنی دۆسیەی نەوتی کوردستانەوە. ئەو ئاماژەدانەی وەزیری سامانە سروشتییەکان بۆ کارەکتەرانی باڵای پارتی، بۆ ئەوە بوو، زیاتر هانی پەرلەمانتارانی پارتی بدات بۆ پێداگیری لەسەر پەسندکردنی یاسای نەوت و گازی کوردستان، لەکاتێکدا پەرلەمانتارانی یەکێتیی بایکۆتی دانیشتنەکەیان کردبوو.

 

بارودۆخێکی نائاسایی دروست ببوو. ئەوە یەکەمجار بوو فراکسیۆنێکی گەورە بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بکات

 

پەرلەمانتارانی پارتی تەواو لە هەڵوێستی فراکسیۆنی یەکێتی نیگەران بوون، بارودۆخێکی نائاسایی دروست ببوو. ئەوە یەکەمجار بوو فراکسیۆنێکی گەورە بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بکات، بەتایبەت لەو قۆناغەدا، کە یەکێتیی و پارتی دوای شەڕی ناوخۆیی و تێکەڵکردنەوەی ئیدارەی هەولێر و سلێمانی لە حکوومەتێکی یەکگرتوودا، هەلومەرجەکە تەواو هەستیار بوو، بۆشایی متمانە لە نێوان لایەنەکان کەم نەبوو، لەبەرئەوە پەرلەمانتارانی پارتی وا وێنای هەڵوێستەکەی فراکسیۆنی یەکێتییان دەکرد، بەوەی ئەو هەڵوێستە هەر لەوێوە سەرچاوە ناگرێت، کە پەرلەمانتارانی یەکێتی دەیانەوێ دەرفەتێکیان پێ بدرێت بۆ خوێندنەوە و دیراسەکردنی پڕۆژەکە، بەڵکو لەو باوەڕەدابوون سەرکردایەتی یەکێتی لە ڕێگەی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکەیەوە، دەیەوێ بەربەست لەبەردەم دەرکردنی یاسای نەوت و گازی کوردستان دابنێت.

خورشید سەلیم شێرە پەرلەمانتاری پارتی، ڕوونتر لە هەڤاڵەکانی قسەی کرد، “من پێم وایە تەوجیهێکی سیاسی هاتووە بە قەناعەتی خۆم، ئیشاڵلا غەڵەتیشم”(٢١).

سەرۆکی پەرلەمان دڵنیایی دا، بەوەی هیچ تەوجیهێکی سیاسی لە ئارادا نییە. بە بیری هێنانەوە، جێگری سەرۆکی حکوومەت یەکێتییە و دوو ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی لە ئەنجوومەنی وەزیرانن و پڕۆژەکەش لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە هاتووە. موفتی داوای لە خورشید شێرە کرد، بچێت هەوڵ لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی بدات بۆ ئەوەی بێنەوە ناو هۆڵی پەرلەمان، ئه‌ویش وای کرد، بەڵام کە هاتەوە ناو هۆڵی پەرلەمان، بۆچوونەکەی هەندێک گۆڕابوو، بە ئامادەبووانی ناو هۆڵی کۆبوونەوەی گوت، “برادەرانم دیت، دەڵێن چەند ڕۆژێک دوابخرێت، جەنابی مام جەلالیش سبەینێ دێتەوە لەگەڵ جەنابی کاک مەسعوود قیادەی سیاسییش کۆدەبنەوە، بە هەفتەیەک یان پێنج شەش ڕۆژێک هیچی لێ نایەت”(٢٢). دوای قسەکانی خورشید شێرە، سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی بە دانیشتنەکەی پەرلەمان هێنا.

 

جەلال تاڵەبانی دەستێوەردان دەکات

بایکۆتکردنی دانیشتنەکەی پەرلەمان لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتییەوە، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە ئاستی میدیاکانی ناوخۆی کوردستان لێکەوتەوە، ئەوە یەکەمین ناکۆکی نێوان هەردوو حزبە هاوپەیمانەکە بوو لە دوای ڕێککەوتنی نێوانیان و پێکهێنانی کابینەی یەکگرتووی حکوومەت، هەرچەند ناکۆکییەکە لە ئاستی باڵای حزبەکاندا نەبوو.

کەواتە یەکێتی لە ئاستی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکەیدا، بە گومانەوە تەماشای پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان دەکات و لە بەرانبەردا فراکسیۆنی پارتی بە هەموو توانای خۆیەوە پشتگیری دەکات. ئەوە هەر خۆی ئاماژەیەکی ئاشکرایە، لە کاریگەری پارتی لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت و گازی کوردستاندا. لەڕاستیشدا، بایکۆتکردنی دانیشتنەکە لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتییەوە، لەوێوە سەرچاوەی دەگرت، کە پەرلەمانتارانی یەکێتی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستانیان بە پڕۆژەی پارتی دەزانی، کە لەو ڕێگەیەوە دەیەوێت دەست بەسەر نەوتی کوردستاندا بگرێت و لە بەرژەوەندی خۆی بەکاری بێنێت(٢٣).

یەکێک لە ترسەکانی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکەی یەکێتی لەو پڕۆژەیاسایە، دامەزراندنی کۆمپانیاکانی نیشتمانی بوو لە کەرتی نەوت و گازی کوردستاندا و ئەوان وا بیریان دەکردەوە، پارتی دەیەوێ لە ڕێگەی دامەزراندنی ئەو کۆمپانیایانەوە، نەوت و گازی کوردستان بۆ خۆی قۆرخ بکات. دەشێت ترسەکە لۆژیکی بێت، بەڵام تێگەیشتنیان بۆ چۆنیەتی کۆنتڕۆڵکردنەکە و بەتایبەت ترس لە کۆمپانیا نیشتمانییەکان هەندێک گاڵتەجاڕانە بوو.

 

ناڕوونییەکە هەر تەنیا پێوەست نەبوو بە پەرلەمانتارانی یەکێتییەوە، بەڵکوو دۆسیەکە بۆ هەموو پەرلەمانتاران هیچ ڕۆشنییەکی تێدا نەبوو

 

هیچ کام لە پەرلەمانتاران تێگەیشتنیان بۆ دۆسیەی نەوت و ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز نەبوو. ناڕوونییەکە هەر تەنیا پێوەست نەبوو بە پەرلەمانتارانی یەکێتییەوە، بەڵکوو دۆسیەکە بۆ هەموو پەرلەمانتاران هیچ ڕۆشنییەکی تێدا نەبوو. بەڵام دوو بەرەی سیاسی لە ناو پەرلەمان هەبوون، پارتییەکان پڕۆژەکەیان بە پڕۆژەی حزبەکەیان دەزانی و بایەخێکیان بۆ ناوەڕۆکەکەی نەبوو، ئەرکی ئەوان تەنیا پشتیوانی بوو لە پڕۆژەیەکی حزب. هەرچی یەکێتییەکان بوون، بە پێچەوانەوە، گومانیان لە ناوەڕۆکی پڕۆژەکە هەبوو، بەڵکو بە پڕۆژەیەکی قۆرخکاری پارتییان دادەنا.

ئەو ناتێگەیشتنەی پەرلەمانتاران لە پڕۆژەیاسایەکە، لە گفتوگۆ و خستنەڕووی سەرنجەکانیان لەوبارەیەوە لە دانیشتنەکانی دواتری پەرلەماندا بەڕۆشنی دەردەکەوێت. بۆ ئەوە، گرنگە بەشدارییەکانی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەکانی دواتردا بە وردی بخەینەڕوو، بەڵام گرنگە ڕووداوەکانی پاش بایکۆتکردنی دانیشتنەکەی پەرلەمان لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتییەوە باس بکرێن.

هەڵوێستەکەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، نەک هەر پەرلەمانتارانی پارتی لە ئاستی پەرلەمان، بەڵکو سەرکردایەتی پارتی نیگەران کردبوو. بە دانپێدانانی ئاشتی هەورامی هەر لەگەڵ بایکۆتکردنی دانیشتنەکە نێچیرڤانی بارزانی ئاگەدار کراوەتەوە و ئەویش ڕاستەوخۆ پێوەندی بە جەلال تاڵەبانی و بەرهەم ساڵح کردووە. تاڵەبانی لە بەغداوە ڕەخنەی لە هەڵوێستی فراکسیۆنی یەکێتی گرتووە و پێداگیری لەسەر دەرکردنی یاسایەکە کردووەتەوە و بەو جۆرەیش پەرلەمانتارانی یەکێتی ملیانداوە بۆ گفتوگۆکردنی پڕۆژەکە. بەگوێرەی ئاشتی هەورامی فراکسیۆنی یەکێتی لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە ئاڕاستە یان ڕاسپێردراون بۆ بایکۆتکردنی دانیشتنەکە و دروستکردنی بەربەست لەبەردەم پەسندکردنی یاسای نەوت و گازدا، “تەوجیهیان بۆ هاتبوو كە دەبێت بڕۆنە دەرەوە، تەوجیهەكەش لە سلێمانییەوە هاتبوو، وابزانم لە جێگری سكرتێری گشتی یەكێتییەوە هاتبوو كە ئەوكات كاك نەوشیروان مستەفا بوو، بەشێكیان هەر مەجبوور بوون بچنە دەرەوە و بەشێكیشیان دەیانویست بچنە دەرەوەو كاك عەدنان موفتی زۆر محاوەلەی كرد بیانهێڵێتەوە چونكە یاساكەی بەدڵ بوو دەیزانی ئەمە بۆ بەرژەوەندی گشتییە، ئێمەش لەڕێگای خۆمانەوە، كاك نێچیرڤان تەلەفۆنی كرد بۆ بەغدا بۆ د. بەرهەم و بۆ جەنابی مام جەلال، مام جەلال زۆر پێیناخۆش بوو بەڕاستی من بۆ مێژوو دەیڵێم، گوتی ئەمە هەڵسوكەوت نییە و ئەگەر بەدڵیان نییە با بچن لەقاعەی پەرلەمان باسی بكەن، بەڵام كوردستان پێویستی بەیاسایە. دوای ئەوە هاتنەوە ژوورەوە و كەشەكە ئارام بووەوە”(٢٤). پاش ئەوەی جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتیی یەکێتی گەڕایەوە کوردستان، ڕاستەوخۆ عوسمان بانیمارانی لە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دوورخرایەوە و پەرلەمانتارێکی دیکەی یەکێتیی بە ناوی کوێستان محەمەد(وەزیری ئێستای کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە پشکی گۆڕان) خرایە شوێنەکەی.

 

پاش ئەوەی جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتیی یەکێتی گەڕایەوە کوردستان، ڕاستەوخۆ عوسمان بانیمارانی لە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دوورخرایەوە

 

ئەو ڕووداوە، کە لە بایکۆتکردنی دانیشتنی پەرلەمان لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتییەوە دەست پێدەکات و پاشتر بە لەکارخستنی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بە بڕیاری سەرکردایەتی باڵای حزبەکە کۆتایی دێت، چه‌ند گریمانەیه‌ك هەڵدەگرێت: یەکێتی لە ئاستی باڵای سەرکردایەتییەکەیدا، هەڵسوکەوت لەتەک دۆسیەی نەوت دەکات و بە هەر هۆکارێک بێت نایەوێت یەکێتی لە ئاستی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکەیدا بەشداری و دەستێوەردانی تێدا بکات، یان ئەوەی سەرکردایەتی باڵای یەکێتی بەتەواوی دۆسیەی نەوتی بۆ پارتی جێهێشتووە و بە ئەرکی خۆی نازانێت دەستێوەردانی تێدا بکات، بگرە سەرکردایەتی باڵای یەکێتیی نیشتمانی لە بەرانبەر پارتی دیموکراتدا ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵدەگرێت، کە لە لایەنی یەکێتییەوە هیچ بەربەستێک بۆ ڕێگری لە بەڕێوەبردنی چالاکییەکانی نەوت دروست نابێت و لەو چوارچێوەیەشدا لابردنی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمان، دەکرێت وەک پێدانی دڵنیاییەک بێت لەلایەن سەرکردایەتی باڵای یەکێتییەوە بۆ پارتی.

هەر کام لە گریمانەکان ڕاست بن، هاوکێشەکە لەوە زیاتر هەڵناگرێت، کە لە ئاستی یەکێتیی نیشتمانییدا، نەوت وەک هەر دۆسیەیەکی گرنگ لەلایەن سەرکردایەتیی باڵای حزبەکە بڕیاری لەسەر دەدرێت، ئەو هاوکێشەیە بەهەمان شێوە بەسەر پارتی دیموکرات دەچەسپێت.

لەبەرئەوەیە هەرچەند فراکسیۆنی یەکێتی دانیشتنەکەی ڕۆژی ٢٤ی تەمووز بایکۆت دەکات، بەڵام ئەو هەڵویستە نابێتە هۆی پەکخستنی پەسەندکردنی یاسای نەوت و سەرۆکایەتی پەرلەمان پەسەندکردنی ئەو پڕۆژەیەی خستە دانیشتنی ڕۆژی ٣١ی تەمووزەوە. ئەوەش دەیسەلمێنێت، بایکۆتکردنەکە بڕیارێکی سەرکردایەتی باڵادەستی یەکێتی نەبووە بۆ دروستکردنی کۆسپ لەبەردەم پەسەندکردنی یاسای نەوت و گازی کوردستان، بەڵکو تەنیا هەڵوێستی فراکسیۆنی یەکێتی و سەرۆکی فراکسیۆنەکە بوو.

 

بانیمارانی ڕوونکردنەوە دەدات

لە سەرەتای دانیشتنەکەی ٣١ی تەمووزدا، عوسمان بانیمارانی ڕوونکردنەوەیەکی دا و ڕەتی کردەوە هەڵوێستەکەیان لە ٢٤ی تەمووزدا پێوەندی بە بڕیارێکی سیاسییەوە هەبووبێت، بەڵکو بۆ ئەوەی گەڕاندەوە، کە ماوەیەکی کەمیان لەبەردەست بووە بۆ دیراسەکردنی پڕۆژەیاسایەکە و ویستوویانە دەرفەتێک بە پەرلەمانتاران بدرێت بۆ دیراسەکردن و تێگەیشتن لە ناوەڕۆکی پڕۆژەکە، بەو مانایەی کە فراکسیۆنی یەکێتیی پاڵپشت بە بڕیارێکی سیاسی بایکۆتی دانیشتنەکەی نەکردووە لە پێناو ڕەتکردنەوەی پڕۆژەیاسای نەوت، بەڵکو تەنیا پەرلەمانتارەکان ویستوویانە ماوەیەکیان هەبێت بۆ دیراسەکردنی ناوەڕۆکی پڕۆژەکە. ئەو ڕوونکردنەوەیە زیاتر پاکانەیە بۆ هەڵوێستی گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرانبەر بە پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان و پێدەچێت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی لە ژێر بار و فشاری سەرکردایەتی باڵای حزبەکەی ڕوونکردنەوەکەی دابێت.

ڕوونکردنەوەکەی بانیمارانی، چوار خاڵی سەرەکی لەخۆگرت بوو، لە خاڵی سێیەمیاندا دووپاتی لەوە کردەوە، “هەڵوێستی فراکسیۆنی یەکێتی نە بۆ دژایەتی هیچ لایەنێک و نە بۆ ڕەتکردنەوەی پڕۆژەیاسایەکە بووە، بەڵکو تەنیا بۆ ئەوە بووە دەرفەتێکی باشتر بە پەرلەمانتاران بدرێت”. لە خاڵی چوارەمیشدا بە ڕوونی دووپات لەسەر مەترسی لە مۆنۆپۆڵکردنی نەوتی کوردستان دەکات، “ئێمە دەمانویست، ئێستەش دەمانەوێت، یاسایەکە کەلەبەری مۆنۆپۆڵکردنی نەوتی کوردستانی تێدا نەبێت، کۆمپانیا شارەزا و زەبەلاحەکانی نەوت نەتوانن هەلی ناڕەوای بقۆزنەوە و لەلایەکی ترەوە کاروباری دەزگەکانی نەوت و گازیش بە هەموو بوارەکانییەوە ڕێک و پێک و بێ گرێ و کۆسپ ڕێک بخرێن”(٢٥).

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بەڕاشکاوی ئەو گومان و ترسە دەخاتەڕوو، کە لە ڕێگەی ئەو پڕۆژەیەوە نەوت و گازی کوردستان لەلایەن پارتییەوە مۆنۆپۆڵ بکرێت.

بەم شێوەیە لە گفتوگۆکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستاندا، جگە لە لێژنەی یاسایی، لێژنەی پیشەسازی وەک لێژنەی تایبەتمەند هیچ ڕاپۆرتێکی نەبوو، هەروەک ئەو لێژنەیە، لەبارەی یاسای وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیشەوە هەر ڕاپۆرتێکی نەبوو.

 

نەوت لە پەرلەمانێکی کڵۆڵدا

یاسای نەوت و گاز بۆ پەرلەمانی کوردستان و تێکڕای پەرلەمانتاران بوارێکی تازە بوو، جگە لە دیوە زمانەوانییەکە، لەوەی پێوەندی بە داڕشتنی چەمک و زاراوە یاساییەکان هەیە، پەرلەمانتاران بەکۆی گشتی نەیانتوانی تێبینی و سەرنجی ورد لە سەر ناوەڕۆکی پڕۆژەکە بدەن. سەرنج و بەشدارییەکانی پەرلەمانتاران لە بارەی زۆر چەمک و زاراوەی ناو پڕۆژەکە، بەتەواوی ناشارەزایی ئەوانی لەو بوارەدا دەردەخست.

هەندێک لە پەرلەمانتاران باسی خاوەندارێتی نەوتیان بۆ کەسی بەرهەمهێن(کۆمپانیای خاوەن مۆڵەت) لە شوێنی بەرهەمهێناندا، بەوە لێک دەدایەوە، کە ئەو خاوەن زەوییەی نەوت لە زەوییەکەیدا دەردەهێنرێت، بەشێکی لە نەوتەکەدا هەیە. هەندێک داوایان دەکرد لە یاسایەکەدا نرخی نەوت دیاری بکرێت، بەو مانایەی حکوومەتی هەرێم خۆی نرخی نەوتەکەی دیاری بکات. هەندێک تەنانەت دژی ئەوە دەوەستانەوە، کە خاوەندارێتی نەوت بۆ خەڵک بێت، ئەوەیان بەو مانایە دەزانی، ئەگەر خاوەندارێتی نەوت هیی خەڵک بێت، ئەوە مانای ئەوەیە نەوت و گازی کوردستان دەبێت بە موڵکی تاکەکەسێک و ئه‌وه‌ش به‌ موئامه‌ره‌یه‌ك تێگه‌یشت بوون، كه‌ چه‌ند كاره‌كته‌رێكی ده‌ستڕۆیشتووی سیاسی بەتایبەت لەناو پارتیدا ده‌یانه‌وێت له‌ پشت ئه‌و یاسایه‌وه‌، نه‌وت و گازی كوردستان بكه‌نه‌ موڵكی تاكه‌كه‌سی خۆیان.

زۆرێک لە پەرلەمانتاران لە کۆبوونەوەکانی پەسندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان، دانیان بەوەدادەنا، هیچ شارەزاییەکیان لە بوارەکەدا نییە، بەتایبەت پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی، زۆر بە ڕاشکاوی دانیان بەو ڕاستییە دادەنا. دەکرێت خستنەڕووی دانپێدانان و بەشدارییەکانی پەرلەمانتاران لەو ڕووەوە، زیاتر لە ئەنجامێکی گرنگ بەدەستەوە بدات. بۆ نموونە، سەرباری ئەوەی پەرلەمانتارانی پارتی دان بەوەدادەنێن هیچ لە پڕۆژەکە تێناگەن، بەڵام بە هەموو توانای خۆیانەوە پشتگیری لە پەسندکردنی پڕۆژەکە دەکەن. ئەوەش مانای وایە، لە ئاستی سەرکردایەتی حزبەوە بۆ پشتیوانیکردنی پڕۆژەکە ڕاسپێردراون. هەرچی پەرلەمانتارانی یەکێتییە، سەرباری هەڵوێستەکانیان، پڕۆژە و بەرنامەیەکیان بۆ دۆسیەی نەوت نییە و لە ئاستی سەرکردایەتی حزبەکەشدا تەنیا ڕاسپێردراون، بۆ پشتیوانی پڕۆژەکە و ڕەزامەندی لەسەردانی.

 

پەرلەمانتارانی یەکێتی بەرانبەر بە پڕۆژەکە دڕدۆنگییەکی تەواویان هەیە و بە نابەدڵی دەستی (بەڵێ)ی بۆ بەرز دەکەنەوە، لەکاتێکدا پارتییەکان بەبێ هیچ پێشەکییەک و بەوپەڕی متمانەوە بەڵێ بەڵێ دەکەن

 

کەواتە هەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی، پشتیوانی لە دەرکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان دەکەن، ئەوەش وەک داواکارییەک یان بڕیارێک لە ئاستی سەرکردایەتی باڵای حزبەوە، بەڵام پەرلەمانتارانی یەکێتی بەرانبەر بە پڕۆژەکە دڕدۆنگییەکی تەواویان هەیە و بە نابەدڵی دەستی (بەڵێ)ی بۆ بەرز دەکەنەوە، لەکاتێکدا پارتییەکان بەبێ هیچ پێشەکییەک و بەوپەڕی متمانەوە بەڵێ بەڵێ دەکەن. پێدەچێت ئەو شێوە مامەڵەیەی پەرلەمانتارانی پارتی بۆ سروشتی ڕێکخستنەکان و شێوازی دەرکردنی بڕیار یان ناوەندی دروستکردنی بڕیار لەناو پارتی بگەڕێتەوە، بەوەی کە بڕیارەکان لە ناوەندێکی سنوورداردا دروست دەکرێن و لە خوارەوە جێبەجێ دەکرێن، ئەوەش وا دەخوازێت پەرلەمانتارانی حزبەکە، تەنیا بە جێبەجێکردنی بڕیار ئەرکدار کرابن نەک بە دروستکردنی بڕیار.

پەرلەمانتارەکانی پارتی، لەلایەک دانیان بەوە دادەنا ئەوان کڵۆڵن لە بوارەکەدا و لەلایەکی دیکە، بە شان و باڵی پڕۆژەیاساکەیاندا هەڵدەدا، هەڵسەنگاندنی کڵۆڵێک بۆ پڕۆژەیەک، یان ڕەتکردنەوە دەبێت یان پیاهەڵدان، ئەگەر پڕۆژەکە لەلایەن حزبەوە خاوەندارێتی بکرێت، پیاهەڵدان و ئەگەر حزب خاوەندارێتی نەکات، ڕەتکردنەوە.

د. شوکریە ڕەسوڵ یەکێک لە ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی ئاوا دان بە کڵۆڵی خۆی دادەنێت و ئاواش بە پڕۆژەکەدا هەڵدەڵێت؛ “من خۆم بە کڵۆڵ دەزانم لە ئاستی ئەم یاسایەدا، کە بەڕاستی هەست دەکەم پسپۆڕێک نووسیویەتی، لەوانەیە پڕۆفیسۆر بێت لەو بابەتە، کە ئێمە زۆربەی زۆرمان دەڵێم شارەزای ئەم بابەتە نین، بەڵام لەهەمان کاتیشدا کە من خوێندمەوە زۆر دڵشادم بەوەی کە بەڕاستی بە پوخت و بە جوانی و بە ڕێکوپێکی هەموو هاتووە، بە زاراوەسازی، فەسڵ، ماددە، مەبحەس، هەمووی ڕوونکردۆتەوە”(٢٦).

ئەدهەم بارزانی یەکێکی دیکەیە لە ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی، گوتی؛ “ئەز بخۆ یەک لوا کەسا مە، کە هیچ دڤێت مەجالا نییە نزانم، بەلکی زۆر لە هەڤال و برادەرێت منیش لە پەرلەمانێ دڤێت مەسەئلێدا پسپۆڕ نینە”(٢٧). ئەوە دانپێدانانێکی ڕاشکاوانەی پەرلەمانتارێکە، کە جگە لەوەی خۆی شارەزایی لە بوارەکەدا نییە، دڵنیایی دەدات لەوەی زۆرێک لە هاوتاکانی لە پەرلەمان شارەزاییان لەو بوارەدا نییە.

گفتوگۆکردنی ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان، پەرلەمانتاران ماندوو دەکات، هەندێک پێیان وایە، گفتوگۆکردنی ماددەکان نەک هەر پێویست نییە، بگرە بەو هۆیەوە سەر لە خۆیان و وەزیری سامانە سروشتییەکان شێواوە و ڕەوتی پڕۆژەیاسایەکەش تێک دەدەن.

 

خورشید شێره‌: لەو موناقەشاتانە، من هەست دەکەم سەرمان لە وەزیریش شێواند، ئەوەی ئەو دایناوە قاعیدەیەکی عیلمی خۆی و قەناعەتی پێ هەیە، ئەوەی ئێمە پێشنیاز دەکەین ئەو پێی هەزم ناکرێت، بەڕاستی خەریکە هەموو ماددەکان تێک و پێک دەدەین

 

خورشید شێرە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی وەها بەشداری دەکات؛ “من بەخۆم هیچی تێناگەم، موناقەشەشی ناکەم، بەڵام وەکوو موناقەشەی خوشک و برایان کردیان لەگەڵ جەنابی وەزیر، ئەوەی من بیری لێدەکەمەوە، ئەو قانوونە کە دانراوە، ئەسڵەن هەموو مەتەفیق بکەین لەسەر هەندێ خوبەرا و خەڵکی موختەس دایانناوە، لەو موناقەشاتانە، من هەست دەکەم سەرمان لە وەزیریش شێواند، ئەوەی ئەو دایناوە قاعیدەیەکی عیلمی خۆی و قەناعەتی پێ هەیە، ئەوەی ئێمە پێشنیاز دەکەین ئەو پێی هەزم ناکرێت، بەڕاستی خەریکە هەموو ماددەکان تێک و پێک دەدەین، لە قاعیدەی خۆی دەرچووە، لە قاعیدە عیلمیەکەش دەرچووە، ئەو موناقەشەیە بەو شکلە قانوونەکەشی تێکداوە”(٢٨).

بەشدارییەکەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، هیچ لێکدانەوەیەکی دیکە هەڵناگرێت جگە لەو ڕاستییەی کە پەرلەمانتاربوون لانی کەم لەو وێستگەیەدا، ئەرکی دروستکردنی بڕیاری پێ نەسپێردراوە و پەرلەمان ناوەندێکی دروستکردنی بڕیار نییە، بەڵکو ئەرکێکی تەواوکاری هەیە کە خۆی لە جێبەجێکردندا دەبینێتەوە.

بەدیوێکی دیکەدا بۆچوونی ئەم پەرلەمانتارە لە هەڵسەنگاندنی ئاڕاستەی گفتوگۆکان و تێکدانی ئامانج و ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسایەکە لەلایەن ئەو پەرلەمانتارانەی وەک ئەو بێدەنگ نەبوون و سەرنج و تێبینییەکانیان دەخستەڕوو، ئەوەندەش ناڕاست نییە. پەرلەمانتاران نەیاندەتوانی لە ناوەڕۆکی پڕۆژەکە تێبگەن، بەڵکو لە زۆر شوێندا، کە پڕۆژەکە لە قازانجی شەفافیەت لە داهاتی نەوت، بە دامەزراوەییکردنی کەرتی نەوت و دەسەڵاتی پەرلەمان لە ئاڕاستەکردن و چاودێری کەرتی نەوت دەشکایەوە، ئەگەر بۆچوونی پەرلەمانتاران زاڵ بکرابووایە، پڕۆژەکە بەتەواوی تێک دەچوو، لەکاتێکدا وەزیری سامانە سروشتییەکان بەردەوام پەرلەمانی ئاگەدار دەکردەوە، لەوەی خەریکە بە ئاڕاستەیەکی خراپ هەنگاو دەنێن و پێویستە پەرلەمان بەوریاییەوە مامەڵە بکات.

بەهۆی ئەوەی پەرلەمانتاران بەردەوام دووپاتیان لە ناشارەزایی و ناتێگەیشتن لە ناوەڕۆکی پڕۆژەکە دەکردەوە لەلایەک، لەلایەکی تر ئەوەندە لێکدانەوەی هەڵە لە ماددە و بڕگەکان زۆر بوون، سەرۆکی پەرلەمان داوای لە فرسەت ئەحمەد سکرتیری پەرلەمان کرد، ڕوونکردنەوەیەک لەسەر بابەتەکە بۆ تێگەیشتنی زیاتری پەرلەمانتاران بدات.

سکرتێری پەرلەمان ئاوا ڕوونکردنەوەی دا؛

“موستەلەحەکە قانونییە و زۆر وازیحە و زۆر ڕوونە و زۆر ئاشکرایە، تکا دەکەم لە برادەران ئەو موستەلەحانە، بەخوا منیش بە ترس تەماشای دەکەم، بەس خەڵکێکی خەبیر و شارەزا دایناوە و موستەلەحی عالەمینە، ئێمە حەقمان نییە بیگۆڕین”(٢٩).

فرسەت ئەحمەد سکرتێری پەرلەمان و ئەندامی فراکسیۆنی پارتی، وەک کەسێکی بە ئەزموون لە ڕووی یاسادانانەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرا و لە کابینەی ئێستای حکوومەتیشدا پۆستی وەزیری دادی وەرگرتووە.

 

نەوت پرسێکە لە سەرووی توانای پەرلەمانتاران، زیاتر لەوەش پڕۆژەکە، کۆمەڵێک چەمک و دەستەواژەی جیهانی لەخۆگرتووە، کە لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا بکات

 

ڕوونکردنەوەکەی سکرتێری پەرلەمان، ئەو مانایە هەڵدەگرێت کە پەرلەمانی کوردستان لە ئاست تێگەیشتی ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسای نەوت و گازدا نییە، نەوت پرسێکە لە سەرووی توانای پەرلەمانتاران، زیاتر لەوەش پڕۆژەکە، کۆمەڵێک چەمک و دەستەواژەی جیهانی لەخۆگرتووە، کە لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا بکات، بگرە خودی سکرتێری پەرلەمان وەک شارەزایەک لە بواری یاساداناندا، بە ترسەوە تەماشای ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەکە دەکات. ئەو ڕوونکردنەوانە، جگە لە دروستکردنی پشتیوانی لە ڕێگەی سەرسامکردن و تۆقاندنەوە، ڕۆشنی و تێگەیشتنێک دروست ناکەن.

 

بەشدارییەکانی ئاشتی هەورامی

پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ئاڕاستەی پەرلەمان کرا بوو، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان-لانی کەم سەرکردایەتی باڵای حزبە حوکمڕانەکانی وەک پارتی و یەکێتی ڕەزامەندییان لەسەر دەرکردنی یاسایەکە هەبوو، هاوکات پەرلەمانتاران شارەزاییان لە بوارەکەدا نەبوو، لەبەرئەوە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە بەرانبەر هەر پێشنیاز یان سەرنجێکی پەرلەمانتاران لە بارەی ماددە و بڕگەکان، بە بایەخەوە بۆچوونی وەزیری سامانە سروشتییەکانی وەردەگرت، زۆربەی جارەکان قسەی وەزیرەکە بابەتەکەی یەکلایی دەکردەوە.

ئامادەیی و بەشداری وەزیری سامانە سروشتییەکان لە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازدا بەتەواوی گرنگ بوو، ئەگەر وەزیر بەشدارییەکی کارای تێدا نەبووایە، ئاڕاستە و ئامانجی یاسایەکە لە زۆر ڕووەوە بە شێوەیەکی بنچینەیی دەگۆڕا، بەڵام گۆڕانکارییەکان بە هەموو شێوەیەک خراپ بوون، بەڵکو ئەو پێشنیازانەی لەلایەن پەرلەمانەوە دەخرانەڕوو، هۆکار دەبوون بۆ ئەوەی یاسای نەوت و گازی کوردستان بە جۆرێک دابڕێژرێت، کە هەر بە یاسا، بەڕێوەبردنی کەرتەکە شێوەیەکی تەواو مەرکەزییانە وەربگرێت. بگرە چەند کەسێکی دیاریکراو کۆنتڕۆڵی هەموو دۆسیەکە بکەن و هەموو دامەزراوەی بەڕێوەبردنی نەوت و گاز لە تەنیا وەزیر و وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا کورت بکرێتەوە.

 

زۆرێک پێیان وابوو، نابێ ئەنجوومەنەکە دەسەڵاتێکی ئەوەندە فرەوانی هەبێت، بەڵکو لەو باوەڕەدابوون وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەخۆی ئەو ئەرکانە جێبەجێ بکات

 

یەکێک لەو گۆڕانکارییانەی پەرلەمانتاران دەیانویست لە پڕۆژەیاسایەکەدا بکرێت، بچووککردنەوەی ڕۆڵی ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و گازی کوردستان بوو، زۆرێک پێیان وابوو، نابێ ئەنجوومەنەکە دەسەڵاتێکی ئەوەندە فرەوانی هەبێت، بەڵکو لەو باوەڕەدابوون وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەخۆی ئەو ئەرکانە جێبەجێ بکات. لە ناویاندا عەدنان موفتی سەرۆکی پەرلەمان و کەمال کەرکووکی جێگری سەرۆکی پەرلەمان دووپاتیان لەوە دەکردەوە، “وەزیرەکانی ئەندام لەو ئەنجوومەنە، وەک وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان، ئەگەر ئەرکی زۆریان لەناو ئەو ئەنجوومەنەدا هەبێت، دەبێت واز لە ئەرکەکانی وەزارەتەکانی خۆیان بێنن و بە سەرپەرشتیکردنی چالاکییەکانی نەوت خەریک بن”(٣٠).

بەو حاڵەشەوە، پەرلەمان هەندێک لە ڕووبەری ئەنجوومەنەکەی لە ڕووی دەسەڵات و ئەندامێتییەوە بچووک کردەوە، تەنانەت پێشنیازێک هەبوو بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی مۆرکردنی گرێبەست لە ئەنجوومەنەکە، بەڵام وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕەزامەندی لەسەر نەدا. هەروەک، بەپێی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان، وەزیری کارەبا یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و گازی پێک دێنا، بەڵام لەلایەن پەرلەمانەوە ئەو ماددەیە گۆڕانکاری بەسەردا هات و وەزیری کارەبا لە ئەندامێتی ئەنجوومەنەکە ڕەت کرایەوە، ئەوەش بە پێشنیازی عەدنان موفتی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بوو.

 

عه‌دنان موفتی: دەبێت وەزیری سامانە سروشتییەکان بۆمان ڕوون بکاتەوە، بۆچی وەزیری کارەبا لێرە دانراوە؟ چونکە لێرە پێویست نییە

 

لەگەڵ خوێندنەوەی ماددەکە، سەرۆکی پەرلەمان ڕاستەوخۆ سەرنجەکەی خستەڕوو، “دەبێت وەزیری سامانە سروشتییەکان بۆمان ڕوون بکاتەوە، بۆچی وەزیری کارەبا لێرە دانراوە؟ چونکە لێرە پێویست نییە”(٣١). ئاشتی هەورامی، ڕوونی کردەوە؛ “لەبەرئەوە داماننا، چونکە تاقە لەگەڵ نەوت و غاز زۆرجار بەشدار دەبن لە مەشرووعدا، یەعنی عیلاقەی هەیە، تاقە و نەوت و غاز، هەر لەبەرئەوە بوو، بەڵام پێویست ناکات ئەگەر دەڵێن”(٣٢).

ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و گاز بەپێی یاسای نەوت و گازی کوردستان باڵاترین دەسەڵاتی کەرتی نەوت پێک دێنێت. ئەو ئەنجوومەنە، بە شێوازی پێکهێنان و ئەندامەکانی، یەکێک لە خاڵە گرنگەکان لە بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گازی کوردستان پێکدێنێت، لەلایەک بازنەی بەڕێوەبردنی کەرتەکە فراوانتر دەکات و لەلایەکی دی وا دەکات زیاتر لە لایەنێکی سیاسی بەشداری لە داڕشتنی سیاسەتی نەوت و ئاگەداری لە بەڕێوەبردنی چالاکییەکانی نەوت هەبێت، چونکە بەشێوەیەکی گشتی، ئەگەر سەرۆکی حکوومەت لە حزبێک بێت، جێگرەکەی لە حزبێکی دی دەبێت، هەروەک حزبەکانی دیکە دەتوانن لە ڕێگەی وەرگرتنی پۆستەکانی وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سروشتییەکان و وەزیری پلاندانان بەهەمان شێوە بەشدارییان لەو ئەنجوومەنەدا هەبێت.

 

دژایەتیکردنی کۆمپانیا نیشتمانییەکان

پەرلەمان لە دانیشتنی ٣١ی تەمووزی ٢٠٠٧دا، تەنیا دەرفەتی پەسەندکردنی چەند ماددەیەکی لە یاسایەکەدا هەبوو، هەموو ئەو ماددانە بە دەنگی تێکڕای پەرلەمان پەسەندکران و تەواوکردنی پڕۆژەکە بۆ دانیشتنی ڕۆژی دواتر هەڵگیرا. لە ١ی ئابی ٢٠٠٧دا، دانیشتنی ژمارە ٤ی نائاسایی پەرلەمان بۆ تەواوکردنی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بەسترا.

لەو دانیشتنەی پەرلەماندا، کۆمەڵێک ماددەی گرنگ و بنچینەیی لە پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان گفتوگۆیان لەسەر دەکرا، لە ناویاندا، ڕاکێشانی لولەکانی گواستنەوەی نەوت و ڕێگەدان بە کەرتی تایبەت بۆ هاوبەشیکردن و خاوەندارێتیکردنی دروستکردنی لولەکانی گواستنەوەی نەوت، هەروەک بەشی دامەزراندنی کۆمپانیا گشتییەکانی بواری نەوت و گازی کوردستان گفتوگۆی لەسەر دەکرا.

 

بەپێی پڕۆژەیاسایەکە، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکان لەناو پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی زۆرینەی ڕەهای پەرلەمانتاران هەڵدەبژێردران

 

دامەزراندنی چەند کۆمپانیایەکی نیشتمانی وەک کۆمپانیای گشتی لە کەرتی نەوت و گازی کوردستاندا، خاڵێکی گرنگ بوو لە پڕۆژەیاسای نەوت و گازدا. ئەو کۆمپانیایانە، لەلایەک چوارچیێوەی بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گازیان فرەوان دەکرد و نامەرکەزیەتییەکیان لە ئیدارەدانی کەرتەکە دەڕەخساند، لەلایەکی دی، شێوازی دیاریکردنی ئەندامێتی لە دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکان، گرنگییەکی دیکەی دروست دەکرد، چونکە بەپێی پڕۆژەیاسایەکە، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکان لەناو پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی زۆرینەی ڕەهای پەرلەمانتاران هەڵدەبژێردران، ئەوەش هۆکار بوو بۆ ئەوەی کەسانێک لە دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکان دابنرێن، کە ڕەزامەندی زۆرینەی هێزەکانی سیاسی لەسەر بێت، چونکە زۆرینەی ڕەهای پەرلەمان بەبێ ڕەزامەندی زۆرینەی فراکسیۆنەکان مسۆگەر نابێت.

گفتوگۆکردن لەسەر دامەزراندنی کۆمپانیاکانی نیشتمانی کوردستانی دەستی پێکرد، فراکسیۆنی یەکێتی لەگەڵ دامەزراندنی کۆمپانیاکان نەبوو، لانی کەم دەیانویست تەنیا یەک کۆمپانیا دابمەزرێت و ئەو کۆمپانیایە چەند لقێکی بەپێی تایبەتمەندێتییەکان هەبێت. بەدیاریکراوی (١٠) پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی، لەناویاندا “عەدنان موفتی، ڕەمەزان عەبدولڕەحمان، کەریم مەجید شەریف، بەکر فەتاح حوسێن، ئارێز عەبدوڵا، عادل محەمەد ئەمین، کەریم بەحری، ڕەشاد ئەحمەد ئیبراهیم، سەردار سەباح و عوسمان بانیمارانی” دژی دامەزراندنی کۆمپانیاکان بوون و بە زیادیان دەزانی و لە ڕێگەی خستنەڕووی چەند زانیارییەکی هەڵەوە هەوڵیان دەدا ئەو بۆچوونە پشتڕاست بکەنەوە کە تەنیا یەک کۆمپانیای نیشتمانی بەسە(٣٣).

یەکەمین پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی کە بەو ئاڕاستەیە قسەی کرد، (د. ڕەمەزان عەبدولڕەحمان حەمەد) بوو. ئەو گوتی، “بەڕاستی کۆمپانیاکان هەرچەند دانەمەزراون، بەڵام ئێمە بە حەجمی قەوارەی پرۆسێسی نەوتی خۆمان بزانین، کۆمەڵێک شەریکات کە دادەنرێت لە لای ئێمە، یەعنی دامەزراوە، دانانی بینا و کادیر و ئەوانە، تاکو ئێستا لە عێراق و زۆربەی وڵاتانی تر کۆمپانیایەکی نیشتمانی ئەو وڵاتە هەیە، ئەوانی تر وەکو بەش تێیدا ئیش دەکەن، ئێمە حەجممان چەندە، کە بەشێکین لە فیدڕاڵ تا بێین کۆمەڵێک دەزگەی تر (دروست بکەین)، منیش قەناعەتم وایە، بەشێک لە گەندەڵی دروست دەکات، کۆمپانیایەکی نیشتمانیمان هەبێت، دوایی ئەو بەشێکی لێ ببێتەوە، بەپێی نەشاتەکان و بەپێی ئیختیساسەکانی”(٣٤).

 

ئەو بۆچوونە کە پاساوی بەوە دەهێنایەوە، لە عێراق هەر یەک کۆمپانیای نیشتمانی هەیە و ئەوانی دیکە وەک لقێک لەو کۆمپانیایەدا کار دەکەن ڕاستییەک نییە

 

پاشان پەرلەمانتارەکانی دیکەی یەکێتی پشتگیریان لەو بۆچوونە کرد. ئەو بۆچوونە کە پاساوی بەوە دەهێنایەوە، لە عێراق هەر یەک کۆمپانیای نیشتمانی هەیە و ئەوانی دیکە وەک لقێک لەو کۆمپانیایەدا کار دەکەن ڕاستییەک نییە، چونکە هەموو کۆمپانیاکانی نیشتمانی عێراقی لە بواری نەوتدا، لەلایەک وەک کۆمپانیای سەربەخۆ بەپێی یاسای کۆمپانیاکانی گشتی عێراق تۆمارکراون، لەلایەکی دیکە عێراق لە هەموو بوارە تایبەتەکانی پەیوەست بە چالاکی و پیشەسازییەکانی نەوت و گاز، کۆمپانیای نیشتمانی هەیە.

هەریەک لەو کۆمپانیایانە لە بوارێکی تایبەت بە پیشەسازی نەوت و گازی عێراق کار دەکەن یان سەرپەرشتی چالاکییەکی تایبەت دەکەن و دەستەی جیاوازی بەڕێوەبردنیان هەیە. ئەوە وا دەکات چالاکییە تایبەتمەندەکان لەلایەن دامەزراوەی تایبەت بەڕێوەببردرێن، جگەلەوەی بەڕێوەبردنی کەرتەکە، لە دەست تەنیا وەزیرێک یان وەزارەتێکی بچووک قەتیس ناکات و باشتر دەتوانرێت کۆنتڕۆڵی چالاکییە تایبەتمەند و جیاوازەکان بکرێت.

لە پرسی سنووردارکردنی قەبارەی گەندەڵیش، هەبوونی چەند دامەزراوەیەکی خاوەن ڕۆڵ لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت، وا دەکات قەبارەی گەندەڵی کەمتر ببێت، چونکە ئەو دامەزراوانە، بەڕێوەبردنێکی نامەرکەزی دروست دەکەن، نەک ئەوەی تاکەکەسێک ئیدارەی هەموو دۆسیەکە بدات، بگرە زیاتر لە کەس و دامەزراوەیەک ئامادەییان لە بەڕێوەبردنی چالاکییەکاندا دەبێت.

 

سەرۆکی پەرلەمان پێشنیازەکەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی بەناوی کەمکردنەوەی ژمارەی کۆمپانیاکان خستە دەنگدانەوە و بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران ڕەت کرایەوە

 

پاش خستنەڕووی داواکارییەکانی پەرلەمانتارەکان دژ بە هەبوونی چەند کۆمپانیایەکی نیشتمانی بۆ سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنی چالاکییە جیاجیاکانی نەوت و گازی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان داوای لە وەزیری سامانە سروشتییەکان کرد، بۆچوونی خۆی بخاتەڕوو. دیسان وەزیری سامانە سروشتییەکان بە فریای پڕۆژەیاسایەکە کەوت و پێویستی هەبوونی کۆمپانیا جیاجیاکانی ڕوونکردەوە. ڕوونکردنەوەکەی وەزیری سامانە سروشتییەکان کاریگەری لەسەر بڕیاری پەرلەمان دانا(٣٥)، پاشتر سەرۆکی پەرلەمان پێشنیازەکەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی بەناوی کەمکردنەوەی ژمارەی کۆمپانیاکان خستە دەنگدانەوە و بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران ڕەت کرایەوە و هەر چوار کۆمپانیا نیشتمانییەکە جێگیرکران(٣٦).

پاش جێگیرکردنی دامەزراندنی چوار کۆمپانیا نیشتمانییەکەی بواری نەوت، دەبوو پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر شێوازی دامەزراندن و دیاریکردنی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردن و سنووری چالاکی هەریەک لە کۆمپانیاکان بکات.

بەپێی ناوەڕۆکی ئەو پڕۆژەیاسایەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشکەشی پەرلەمان کرا بوو، سەرۆک و دەستەی کارگێڕی هەریەک لە کۆمپانیاکان پاش ئەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەستنیشان دەکرێن، ناوەکانیان ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت و هەریەک لەوان بە دەنگی زۆرینەی ڕەهای پەرلەمانتاران پەسند دەکرێت، واتە لە پڕۆژەیاساکەدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان یان ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و گاز، دەسەڵاتی دانانی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکانی نەوتیان نییە، بەڵکو دوابڕیار بۆ پەرلەمان دەگەڕێتەوە، ئەویش پاش ئەوەی زۆرینەی ڕەهای پەرلەمانتاران دەنگ بەو کاندیدانە دەدەن.

ئەوە خاڵێکی گرنگ بوو لە زاڵکردنی دەسەڵاتی پەرلەمان بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن. جگەلەوەی دانانی مەرجی زۆرینەی ڕەهای دەنگی پەرلەمان بۆ پەسندکردنی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی کۆمپانیاکان، بارودۆخێک دروست دەکات کە هیچ کەسێک نەتوانێت ئەو پۆستانە کۆنتڕۆڵ بکات ئەگەر ڕەزامەندی زۆرینەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی لەسەر نەبێت، ئەوەش مانای ئەوەیە، هەر کەسێک بۆ دەستەی کارگێڕی کۆمپانیاکان دادەنرێت، کەسێکی شیاوە بەپێی بڕیاری هەموو یان زۆرینەی لایەنەکانی سیاسی، چونکە زۆرینەی ڕەهای پەرلەمان بە تەنیا لایەنێکی سیاسی مسۆگەر ناکرێت.

 

کاتێک زۆرینەی ڕەهای پەرلەمان بڕیار دەدات، هەم ئەگەری قۆرخکردنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیا و دامەزراوەکان سنووردار دەکات و هەم دەرفەتەکانی گەندەڵی کەمتر دەکاتەوە

 

ئەو ڕێوشوێنە لەوکاتەدا بەتایبەت گرنگییەکەی دەردەکەوێت، کە تەنیا لایەنێکی سیاسی بیەوێت کۆی چالاکییەکانی نەوت بۆ خۆی کۆنتڕۆڵ و قۆرخ بکات، بەڵام کاتێک زۆرینەی ڕەهای پەرلەمان بڕیار دەدات، هەم ئەگەری قۆرخکردنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیا و دامەزراوەکان سنووردار دەکات و هەم دەرفەتەکانی گەندەڵی کەمتر دەکاتەوە. زۆرینەی فراکسیۆنەکان کاتێک بەیەکەوە ڕەزامەندی لەسەر کاندیدێک دەدەن، مانای ئەوەیە، ئەو کاندیدە هەم شیاوی پۆستەکەیە و هەم جێگەی متمانەیە و لە ڕێگەی ئەو کاندیدانەوە دەتوانن ئاگەداری چالاکییەکان بن، ئەوەش بە سوودی بەرجەستەکردنەوەی شەفافیەت لە چالاکییەکانی نەوت کۆتایی دێت.

هەڵوێستی هەندێک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی، بەرانبەر بەو ڕۆڵپێدانەی پەرلەمان و سەپاندنی ئەو ڕێوشوێنە یاساییانە نەرێنی بوو. هەندێک پێیان وا بوو هیچ پێویست ناکات پەرلەمان کاندیدەکان پەسەند بکات یان دەنگی لەسەر بدات، بەڵکو دەکرێت هەموو دەسەڵاتەکە بۆ حکوومەت بگەڕێتەوە. ئارێز عەبدوڵا یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی یەکێتی، وا سەرنجی دا؛ “ئەگەر نەیەتەوە ئێرەش فەرق ناکات، بچێتەوە ئەنجوومەنی هەرێم بۆ کاروباری نەوت، یەعنی ئەوان ڕەزامەندی لەسەر بدەن”(٣٧).

پاساوەکەی لەو ڕوانگەیەوە بوو، کە پەرلەمان خۆی دەنگ بە حکوومەت دەدات، مادام حکوومەت ڕەزامەندی پەرلەمانی وەرگرتووە، ئەو بڕیارانەی کە دواتر لە حکوومەتەوە دەدرێن، بەهەمان شێوە وەک ئەوەیە، بڕیار و ڕەزامەندی پەرلەمانی وەرگرت بێت. ئەو ڕوانگەیە وەها ئەنجامێک بەدەستەوە دەدات، کە پەرلەمان بەرپرسیارێتی هەر بڕیارێکی حکوومەت لە ئەستۆ دەگرێت، یان پەرلەمان جارێک ڕەزامەندی لەسەر پێکهاتەی حکوومەت دەدات و پاشتر وازی لێ دێنێت، حکوومەتەکە هەر جۆرێک بڕیار دەدات و کاردەکات، ئەوە ڕەزامەندی پەرلەمانی لەسەرە و ڕەوایەتی پەرلەمانی وەرگرتووە. واتە پەرلەمان لە یەک قۆناغدا بەشداری لە دروست کردنی بڕیاردا دەکات کە قۆناغی متمانەدانە بە حکوومەت و کۆی پڕۆسە و بوارەکانی دیکەی دروستکردنی بڕیار بۆ حکوومەت جێدێڵێت.

ڕەشاد ئەحمەد پەرلەمانتارێکی دیکەی یەکێتیی بانگەشەی ئەوەی دەکرد، ئەو بڕگەیەی پڕۆژەیاسایەکە کە ماوەی بەرپرسیارێتی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکان بە تەنیا پێنج ساڵ دیاری دەکات، پێویستە لابدرێت، “من مولاحەزەم لەسەر بڕگەی سێیەمە، کە دەڵێت تەعین بکرێت بە پێنج ساڵ، ئەوە زیادە، لەبەرئەوەی ئەوانە موەزەفی حکوومەتینە، ئەگەر ئەدایان باش بوو لە ئیشیان، ئیشاڵلا بیست ساڵ دەمێنن، بەڵام ئەگەر ئەدایان باش نەبوو ئەو پێنج ساڵە بۆ بمێنن، مەشاکیل بۆ وەزارەت دروست بکەن”(٣٨).

 

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی: مادام ئێمە فیعلەن لە ٥٠٪ی بە ئەکسەرییەی موتلەق دەنگمان بۆ حکوومەت داوە، ئەوانە هیچ پێویست ناکات بێنە پەرلەمان، یەعنی سەبەبەکەی چییە؟

 

ئەو بۆچوونانە لەناو فراکسیۆنی یەکێتیدا پشتیوانی دەکران، هەریەک لە (عوسمان بانیمارانی، کوێستان محەمەد، گێلاس محێدین، سەردار سەباح و سۆزان شەهاب) پشتیوانیان کرد. سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، بەو شێوەیە پشتیوانی کرد، “قسەکەی منیش هەر ئەوەی مام ڕەشاد و جەماعەت کردیان، من پێشنیار دەکەم، مادام ئێمە فیعلەن لە ٥٠٪ی بە ئەکسەرییەی موتلەق دەنگمان بۆ حکوومەت داوە، ئەوانە هیچ پێویست ناکات بێنە پەرلەمان، یەعنی سەبەبەکەی چییە، سڕەکەی چییە، لەوەی بێتە پەرلەمان؟ یەعنی تەنیا پێم وایە ئەوە هەر لابدرێت، مەسەلەی تر هیی پێنج ساڵەکە، بەڕاستی پشتگیری مام ڕەشاد و ڤیان خان دەکەم، ئەگەر کەسی باش بن با بیست ساڵ بێت، ئەگەر کەسی خراپ بێت نەک پێنج ساڵ بمێنن، بەڵکو بەساڵێک دەربکرێن”(٣٩).

زیاتر لەوەش زۆرینەی پەرلەمانتارانی یەکێتی، پێداگیرییان لەسەر ئەوە دەکرد ئەگەر لە بارێکدا پەسندکردنی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی کۆمپانیاکان لە پەرلەمان بێت، پێویستە بە زۆرینەی ڕەها نەبێت، بەڵکو بە دوو لە سەر سێی دەنگ بێت، ئەو دوو پێشنیازەی یەکێتییەکان هەندێک تایبەت خۆی پیشان دەدات، لەسەرێکەوە هەر بە پێویستی نازانن پەسندکردنی دەستەی کارگێڕی کۆمپانیا نیشتمانییەکان بێتە پەرلەمان و پێشنیاز دەکەن حکوومەت خۆی بڕیاری لەسەر بدات، لەلایەکی دیکە دەڵێن ئەگەر بڕیاردرا دەنگدانەکە لە پەرلەمان بێت، پێویستە لە زۆرینەی ڕەهاوە بۆ دوو لە سەر سێی ئەندامان بگۆڕێت.

 

کاتێک بۆچوون و پێشنیازێکی جددیش لەسەر ماددە و بڕگەیەک دەخرایەڕوو، پارتییەکان هێشتا هەر دژ دەبوون، ئەوان تەنیا دەیانویست پڕۆژەکە، باش و خراپ وەک خۆی بڕوات

 

لەو نێوانەدا، پەرلەمانتارە پارتییەکان بە پێچەوانەوە مامەڵەیان دەکرد، پشتگیریان لە ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسایەکە دەکرد، بەوەی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی لە پەرلەمان پەسند بکرێن، چونکە ئەوە دەسەڵاتی پەرلەمان جێگیر دەکات، ئەو بۆچوونە لەلایەن کەمال کەرکووکی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و شێروان حەیدەری لە فراکسیۆنی پارتی خرایەڕوو(٤٠). ئەو هەڵوێستە سەرباری ئەوەی ڕاستیییەکی بێچەندوچوونی هەڵگرتووە، بەڵام لەبەرئەوە نییە کە پەرلەمانتارانی پارتی لەگەڵ باڵادەستی پەرلەمان بوون، بگرە لەو ڕوانگەیەوە بوو، کە لە ئاستی سەرکردایەتی بڕیاربەدەستی حزبەکەیاندا ڕاسپێردرابوون پڕۆژەکە وەک ئەوەی پێشکەش کراوە، پەسند بکرێت و تێبپەڕێنرێت. چونکە وەک لە گفتوگۆکانی دواتردا ڕوون دەبێتەوە، کاتێک بۆچوون و پێشنیازێکی جددیش لەسەر ماددە و بڕگەیەک دەخرایەڕوو، پارتییەکان هێشتا هەر دژ دەبوون، ئەوان تەنیا دەیانویست پڕۆژەکە، باش و خراپ وەک خۆی بڕوات.

 

حکوومەت فریای پەرلەمان دەکەوێت

پاش خستنەڕووی هەموو ئەو بۆچوون و پێشنیازانە، سەرۆکی پەرلەمان دەرفەتی بە وەزیری سامانە سروشتییەکان دا، ڕوونکردنەوەی خۆی لەوبارەیەوە بدات. ڕوونکردنەوەکەی وەزیری سامانە سروشتییەکان گرنگییەکی لە ڕادەبەدەری هەیە و دەکرێت لە چەند خاڵێکدا کورت بکرێتەوە:

١. پەسەندکردنی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی کۆمپانیاکان لە پەرلەمان، بە زۆرینەی ڕەها یان دوو لەسەر سێ، ڕەهەندێکی یاسایی هەیە، بڕیاری پەرلەمانە و ئێمە دەستێوەردان ناکەین.

٢. نەوت و گاز بابەتێکی هەستیارە و بڕبڕەی پشتی دارایی عێراق پێکدێنێت، گرنگە دەسەڵاتەکان لە کەرتی نەوت و گازدا جیا بکرێنەوە.

٣. ڕۆڵی پەرلەمان گرنگ و پێویستە، نامانەوێت وەزارەت لە ئیشراف زیاتر تەجاوز بکات، بەبێ ئەوەی دەسەڵاتەکانی دی یارمەتی بدەن.

٤. دیاریکردنی ماوەی پێنج ساڵ بۆ سەرۆک و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکان بۆ ئەوەیە، ئەگەر کەسەکە ئەدایەکی باشی نەبێت، بتوانرێت پاش پێنج ساڵ لابدرێت، نەک هەر لەو پۆستەدا بمێنێتەوە.

٥. کۆتایی هاتنی ماوەی بەرپرسیارێتی و هاتنەپێشی کەسانی دیکە بەشێکە لە پڕۆسەی مسۆگەرکردنی شەفافیەت.

٦. نامانەوێت کۆمپانیا نیشتمانییەکانی نەوت بەبێ چێک و بڵانسی پەرلەمان تەنیا لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەت بێت، چونکە حکوومەت کۆنتڕۆڵی لەسەر هەموو گرێبەستەکان هەیە و پێویستە لایەنێکی دیکە لەو نێوەندەدا هەبێت”(٤١).

بارودۆخەکە هەندێک سەرسوڕمان دروست دەکات، پەرلەمانتاران دەیانەوێت دەسەڵاتەکانی پەرلەمان سنووردار بکرێت و لە بەرانبەردا دەسەڵاتەکانی حکوومەت فرەوانتر بێت، لە کاتێکدا ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەیەکی داڕشتووە و لە ڕێگەی وەزیرێکەوە، دەیەوێت دەسەڵاتەکانی پەرلەمان کارا بکرێت و لە دەسەڵاتەکانی حکوومەت کەم بکرێنەوە. لێرەدا کارەکتەری وەزیر ڕۆڵی پەرلەمانتار دەبینێت و کارەکتەری پەرلەمانتار ڕۆڵی وەزیرێکی سەرسەخت لە پێناو زاڵکردنی دەسەڵاتەکانی حکوومەت بەسەر پەرلەمانەوە.

 

پەرلەمانتاران دەیانەوێت دەسەڵاتەکانی پەرلەمان سنووردار بکرێت و لە بەرانبەردا دەسەڵاتەکانی حکوومەت فرەوانتر بێت، لە کاتێکدا ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەیەکی داڕشتووە و لە ڕێگەی وەزیرێکەوە، دەیەوێت دەسەڵاتەکانی پەرلەمان کارا بکرێت

 

دوای ڕوونکردنەوە و بەشداریکردنەکەی وەزیری سامانە سروشتییەکان، سەرۆکی پەرلەمان تێدەگات ئەوەی لە ئاستی بەشداری پەرلەمانتاراندا دەگوزەرێت سەد لە سەد دژی پەرلەمان و دەسەڵاتەکەی دەشکێتەوە و دان بەوەدا دەنێت، “دەبووایە ئێمە خۆمان داوای بکەین، ئەوان خۆیان هێناویانە، ئەو شەریکەتانە مەراکزێکی حەساسن، سەروەتی میللەت بەدەستیانەوەیە، خەڵکانێک بێت میللەت لێیان ڕازی بێت، دواییش ئەگەر کەسانێک دابنرێت پەرلەمان لێی ڕازی نەبێت، هەر خۆمان دەچین گلەیی دەکەین، دەڵێین بۆ فڵانیان داناوە، یەعنی بۆ یەکێک لە مەسەلەکان بۆ موحارەبەی گەندەڵی ئەوەیە، کە ئەو کەسە بێتە ئێرە، لێرە باسی بکەین چ باکگراوندێکە، نەزاهەت چۆن بووە، چی هەیە، موەفەقە، خیبرەی هەیە، نیەتی، خەڵک دەیناسێ، دەستی پاکە؟ لەبەرئەوە ئەو ئیقتیراحە کە بێتە ئێرە زۆر جێی خۆیەتی”(٤٢).

پاش ڕوونکردنەوەکەی وەزیری سامانە سروشتییەکان ماددەکە هەر بەو شێوەیە جێگیر کرا، کە لە پڕۆژەیاساکەدا لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشکەش کرابوو، ئەوەش لە بەرژەوەندی ڕۆڵ و دەسەڵاتی پەرلەمان شکایەوە. گرنگی ئەو بەشداریکردنەی وەزیری سامانە سروشتییەکان لەوەدا دەردەکەوێت، کە توانی تێگەیشتنی سەرۆکی پەرلەمان و کۆی پەرلەمانتارەکان بگۆڕێت و پێیان پیشان بدات، پەرلەمان خەریکە دژی خۆی بڕیار دەدات، چونکە لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، خودی سەرۆکی پەرلەمانیش بۆچوونی وا بوو، “ناکرێت هەر شەریکەیەک دابمەزرێت و بێتە پەرلەمان”(٤٣).

گفتوگۆکردنی ماددەکانی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان، لە دانیشتنی نائاسایی ژمارە ٥ی ٢ی ئابی ٢٠٠٧ بەردەوام بوو، لە بەرانبەر هەموو ئەو مادانەی پەسەندکران، لێژنەی کاروباری پیشەسازی هیچ تێبینییەکی لەسەر نەبوون. لێژنەی کاروباری یاساییش چەند تێبینییەکی دیاریکراو لەسەر چەند بڕگەیەکی سنوورداری پڕۆژەکە، کە زیاتر شێوازی داڕشتنە یاساییەکانی ماددە و بڕگەکانی دەگرتەوە.

هەندێک تێبینی لە کاتی گفتوگۆکردنی ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەیاسایەکە دروست دەبن، شیاوی گرنگی پێدانن، دەکرێت وەک ئاماژەیەکی بەڵگەدار بۆ ڕوونکردنەوە و دەرخستنی هەندێک ڕاستی سوودمەند بێت. بۆ نمونە، زۆرێک لەو پەرلەمانتارانەی تێبینی لەسەر ماددەیەک یان بڕگەیەک دەدەن یان ئەوەی دەیانەوێت بەشداری بکەن، لەدوای خستنەڕووی ماددە و بڕگەکان، لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە ناوی ئەو پەرلەمانتارانە تۆمار دەکرێت، گریمانەی ئەوە بکە، هەشت پەرلەمانتار ناویان تۆمارکردووە، بەڵام کە دەست بە گفتوگۆ دەکرێت، هەشت پەرلەمانتاری دیکەش دەست بەرز دەکەنەوە و دەیانەوێت بەشداری لە گفتوگۆکاندا بکەن.

 

نەبوونی دیراسە و بەدواداچوونی پێشوەخت لەمەڕ پەرلەمانتارانی کوردستان لەبارەی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان بەتەواوی هەست پێکراوە

 

ئەو پەرلەمانتارانە، بەهۆی ئەوەی پێشتر پڕۆژەیاسایەکەیان نەخوێندووەتەوە، کاتێک ماددەکان دەخرێنەڕوو، داوای تۆمارکردنی ناویان ناکەن، بەڵام کاتێک لە میانەی گفتوگۆکاندا، بە گوێگرتن لە بۆچوونی ئەوانی دیکە یان بە خوێندنەوەیەکی سەرپێی پڕۆژەکە هەر لەناو هۆڵی پەرلەمان و لەکاتی پەسەندکردنی ماددەکاندا، سەرنجێک یان پرسیارێکی ئاسایی بۆ دروست دەبێت و بە پەلەپروزکێ داوا لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات، دەرفەتی خستنەڕووی پرسیارەکەی یان سەرنجەکەی پێ بدات.

خوێندنەوەیەکی سەرپێیانە بۆ ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەیاسایەکی وەک نەوت و گاز، ئەنجامێکی باش بەدەستەوە نادات، نەبوونی دیراسە و بەدواداچوونی پێشوەخت لەمەڕ پەرلەمانتارانی کوردستان لەبارەی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان بەتەواوی هەست پێکراوە.

سەرۆکی پەرلەمان لە دانیشتنی ڕۆژی ٢ی ئابی ٢٠٠٧دا، دان بەو ڕاستییەدا دەنێت، “تکا دەکەم جارێکی تر کە ناو دەنووسم لە خیلالی موناقەشەدا، ئەوە دەلیلی شتێکە عەفووم دەکەن، دەلیلی شتێکە لە کاتی موناقەشەکردندا دەست بەرز دەکەنەوە، پێشتر باش بەدیقەت نەتانخوێندووەتەوە، مولاحەزەتان نییە، لەکاتی موناقەشەکردندا بۆچوونی باشتان بۆ دێت، ناڵێم بۆچوونی باش نییە، بەڵام دەلیلی ئەوەیە نەخوێندراوەتەوە. لەلای ئەو برادەرەی کاک محەمەد فەرەج لەکاتی موناقەشەدا بۆچوونی باشی بۆ دێت، سوودیشی لێ وەردەگرین، بەڵام چونکە دووبارە بۆوە، بۆیە ئەو تەعلیقەم دا، لەبەرئەوە جارێکی تر ڕێگە نادەم”(٤٤).

 

پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان، ڕۆڵی پەرلەمانی کوردستانی تێدا زەق کراوەتەوە، ئەوە وا دەکات، سەرۆکی پەرلەمان سوپاسی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بکات

 

پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان لە ڕووی بنەمای یاساییەوە، بەشێوەیەک داڕێژراوە، کە ڕۆڵی پەرلەمانی کوردستانی تێدا زەق کراوەتەوە، ئەوە وا دەکات، سەرۆکی پەرلەمان سوپاسی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بکات، بەوەی، “لە جیاتی پەرلەمان بیریان کردووەتەوە”(٤٥).

گفتوگۆکردنی پەرلەمانتاران لەسەر ماددەکانی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان زیاتر هەندێک لایەنی تەکنیکی دەگرێتەوە، بەڵام هەڵوەستە لەسەر سیاسەتی گشتی یان ئەو هێڵە بنچینەییانە ناکرێت، کە لە ڕێگەی یاسای نەوت و گازەوە، ستراتیژیەتی نەوت و گازی لەسەر ئاڕاستە دەکرێت. ئەو خاڵە یەکێک لە کەموکوڕییە سەرەکییەکانە لە پەسندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستاندا و هۆکارەکەشی بە پلەی یەکەم بۆ تازەیی پڕۆسەکە و بێ بەرنامەیی هێزە سیاسییەکان و خودی پەرلەمان و پەرلەمانتاران لەوڕووەوە دەگەڕێتەوە.

 

پەرلەمانتارانی یەکێتی جوڵە دەخەنە پەرلەمانەوە

دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان و هەڵسەنگاندنی توانای پەرلەمانتاران لە ڕێگەی خستنەڕووی سەرنج و تێبینی و ئاڕاستەی بەشداریکردنیان، خوێندنەوەی زۆر هەڵدەگرێت. ئەوەی پێوەندی بەم باسەوە هەیە، پیشاندانی ئەو لایەنەیە، کە پێوەندی بە مامەڵە و هەڵسوکەوتی یەکێتی و دواتر پارتی لە بەرانبەر دۆسیەی نەوت هەیە.

سەرباری ئەوەی پەرلەمانتارانی یەکێتی تێگەیشتن و بەرنامەیەکی ڕوونیان بۆ دۆسیەی نەوت و گازی کوردستان و شێوازی بەڕێوەبردن و ئاڕاستەکردنی نییە، بەڵام لە پەسندکردنی پڕۆژەیاساکەدا جوڵەیەکیان بە دانیشتن و گفتوگۆکانی پەرلەمان دا، زۆرینەی ئەو پەرلەمانتارانەی بەشداری گفتوگۆکانیان دەکرد، یان سەرنجەکانیان دەخستەڕوو، پەرلەمانتاری یەکێتی بوون. ئەوەش هەم ئاماژەیەکە بە زیندوویەتی کادیرانی ناوەندی ئەو هێزە سیاسییە و هەم لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمان بەشێک لە ناوەندی بڕیاردان لە چوارچێوەی یەکێتی وەک حزب پێکناهێنێت، بەڵام هەوڵدەدات بەشداری بکات، لەکاتێکدا هەوڵدانێکی هاوشێوە لە ئاستی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکەی پارتییدا نییە.

 

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمان بەشێک لە ناوەندی بڕیاردان لە چوارچێوەی یەکێتی وەک حزب پێکناهێنێت، بەڵام هەوڵدەدات بەشداری بکات

 

دانیشتنەکانی پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان درێژە دەکێشن و پڕۆسەکە پێ دەنێتە ڕۆژانی دواترەوە. لە دانیشتنی نائاسایی ژمارە ٦ی پەرلەمانی کوردستان، لە ڕێککەوتی ٤ی ئابی ٢٠٠٧دا پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر بەشێکی دیکە لە ماددەکانی پڕۆژەکە دەکات، بەهەمان شێوەی دانیشتنەکانی پێشوو، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان و دوو لە ڕاوێژکارانی وەزارەتەکەی ئامادەییان هەیە.

دانیشتنی نائاسایی ژمارە ٧ی ڕۆژی ٥ی ئابی ٢٠٠٧ بۆ پەسەندکردنی ماددەکانی دیکەی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان بەردەوام بوو، لەو دانیشتنەدا، کۆمەڵێک ماددەی گرنگی پڕۆژەکە گفتوگۆیان لەسەر کرا، لە ناویاندا، جۆر و ماوەی گرێبەست، ڕێژەی موڵکانە و باجی کۆمپانیاکانی نەوت.

بەپێی ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسایەکە، گرێبەستی نەوتی لە جۆری هاوبەش لە بەرهەمهێنان بوو، هەڵبژاردنی ئەو جۆرە گرێبەستە پرسیاری بۆ زۆرێک لە پەرلەمانتاران دروست کردبوو، وەزیری سامانە سروشتییەکان پاساو و هۆکاری دیاریکردنی گرێبەستی هاوبەش لە بەرهەمهێنانی بۆ ئەوە دەگەڕاندەوە، کە چالاکییەکانی نەوت لە کوردستان لە قۆناغی پشکنین و بەدواداگەڕانەوە دەست پێ دەکات و هیچ کێڵگەیەکی دۆزراوە نییە تا بتوانرێت گرێبەستی دیکەی لەسەر بکرێت.

پەرلەمانتاران زیاتر هەڵوەستەیان لەسەر ماوەی گرێبەستەکانی نەوتی دەکرد، کە بەپێی پڕۆژەکە، بۆ چەند قۆناغێک دابەش دەکرا، قۆناغی دۆزینەوە، پێنج ساڵ لەگەڵ توانای دوو ساڵی دیکە درێژکردنەوە، کە دەکاتە حەوت ساڵ. قۆناغی پەرەپێدان ٢٠ ساڵ، لەگەڵ دەرفەتی درێژکردنەوە بۆ پێنج ساڵی دیکە و هاوکات توانای گفتوگۆکردن و ڕێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەیەکی دیکە.

 

ماوەی گرێبەستی نەوتی لە کوردستاندا بە درێژکردنەوەی دوو ساڵ بۆ قۆناغی دۆزینەوە و یەکجار درێژکردنەوەیەکی پێنج ساڵی بۆ قۆناغی پەرەپێدان دەبێت بە ٣٢ ساڵ

 

کەواتە بەپێی پڕۆژەیاسایەکە، ماوەی گرێبەستی نەوتی لە کوردستاندا بە درێژکردنەوەی دوو ساڵ بۆ قۆناغی دۆزینەوە و یەکجار درێژکردنەوەیەکی پێنج ساڵی بۆ قۆناغی پەرەپێدان دەبێت بە ٣٢ ساڵ و ئەگەر دووەم درێژکردنەوەش لە قۆناغی پەرەپێدان ئەنجام بدرێت و دیسان بە پێنج ساڵ دیاری بکرێت، ئەوە ماوەی گرێبەستەکە دەگاتە ٣٧ ساڵی ڕێک، بەڵام ئەوە لە بارێکدا سەرجەم درێژەکان لە هەر قۆناغێکدا بکرێن.

ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران لەگەڵ ئەو ماوە درێژەی گرێبەستەکانی نەوتی نەبوون و پێشنیازی کەمکردنەوەیان دەکرد، لە ناویاندا پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی لەگەڵ کەمکردنەوەی ماوەی گرێبەستەکان بوون، بەڵام مادەکە وەک خۆی و بە زۆرینەی دەنگ جێگیر کرا(٤٦).

 

ئەگەر ئەو ماوەیە لە ٢٥ ساڵ کەمتر بێت زۆر کۆمپانیا ئامادە نابن ئیش بکەن، چونکە تا دۆزینەوەی نەوت پارەیەکی زۆریان خەرجکردووە و دەیانەوێ قازانجەکەیان هەڵبگرنەوە

 

وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕوونکردنەوەی زۆری لەسەر ماوەی گرێبەستەکان دا، پاساوەکەی ئەوە بوو، لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ماوەی گرێبەستی بەرهەمهێنان(قۆناغی پەرەپێدان) لە نێوان ٢٥-٣٠ ساڵ دادەنرێت و ئەگەر ئەو ماوەیە لە ٢٥ ساڵ کەمتر بێت زۆر کۆمپانیا ئامادە نابن ئیش بکەن، چونکە تا دۆزینەوەی نەوت پارەیەکی زۆریان خەرجکردووە و دەیانەوێ قازانجەکەیان هەڵبگرنەوە. جگەلەوەی لە بەبۆچوونی وەزیری سامانە سروشتییەکان ئەو ماوەیە بە شێوەیەک دیاریکراوە، کە لە بەرژەوەندی واقیعی ئێستای هەرێمی کوردستان دەشکێتەوە، چونکە ئەگەر ماوەی گرێبەست کورت بێت، کۆمپانیاکە بەشێوەیەکی ئاسایی لەوە ماوەیەدا پارەیەکی زۆری دەوێ، کە لە توانای دارایی کوردستاندا نییە(٤٧).

هەرچی پێوەندی بە دیارکردنی ڕێژەی موڵکانەوە هەبوو، لە پڕۆژەیاسایەکەدا، ڕێژەی ١٠٪ بۆ موڵکانە دانرا بوو، بەڵام لە بارێکدا ئەگەر سەرکێشییەکان زۆر بوون، وەزارەت دەیتوانی ڕێژەکە کەم بکاتەوە، ئەو خاڵە گفتوگۆیەکی گەرمی لەئاستی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی بەتایبەت بەدوای خۆیدا هێنا. ئەوان پێداگیرییان لەسەر ئەوە دەکرد، ئەو ڕێژەیە گونجاو نییە و پێویستە زیاتر بکرێت(٤٨).

لە کاتێکدا پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی پێیان وا بوو، پێویست دەکات نەرمی لە ئاستی کۆمپانیاکانی نەوت بنوێنرێت لە پێناو ڕاکێشانیان بۆ هەرێمی کوردستان(٤٩) و ئەوەش دووپاتکردنەوە بوو لە سەر هەمان ئەو هێڵە بنچینەییەی پڕۆژەیاساکەی لەسەر داڕێژرا بوو.

 

ڕێژه‌ی ١٠٪ی موڵكانه‌، هاندانێک دەبێت بۆ کۆمپانیاکان و سەرنجیان ڕادەکێشێت بۆ کارکردن لە هەرێمی کوردستاندا، لەلایەکی دیکە بلۆکەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بچووکن و قەبارەی بلۆکەکان هەر ئەو ڕێژەیە هەڵدەگرێت

 

پاساوی وەزیری سامانە سروشتییەکان بۆ دیاریکردنی ڕێژەی موڵکانە بە ١٠٪ و کەمکردنەوەی رێژەکە لە کاتی هەڵکشانی سەرکێشییەکاندا ئەوە بوو، کە لەلایەک ئەو ڕێژەیە هاندانێک دەبێت بۆ کۆمپانیاکان و سەرنجیان ڕادەکێشێت بۆ کارکردن لە هەرێمی کوردستاندا، لەلایەکی دیکە بلۆکەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بچووکن و قەبارەی بلۆکەکان هەر ئەو ڕێژەیە هەڵدەگرێت، هاوکات ئەگەر موڵکانە زیاتر دابنرێت، کۆمپانیاکان داوای ڕێژەی زیاتر دەکەن لە قازانجدا و ئەوەش لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نازانرێت(٥٠).

ڕوونکردنەوەکانی وەزیری سامانە سروشتییەکان و پشتیوانی بێچەندوچوونی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی لە یەک بە یەکی ماددەکانی پڕۆژەیاسایەکە، کاریگەر بوون بۆ ئەوەی ئەو ماددانە کە بەشی گرێبەست و مەرجەکانی پێکدێنن، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسند بکرێن.

 

پەرلەمانتارانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هەموو ئەو تێبینیانەی لەسەر بەشدارییەکانیان هەیە، ڕەگەزێکی سەرەکی بوون لە بە جوڵەخستنی پەرلەمان و گەرمکردنی گفتوگۆکان

 

لە دانیشتنەکانی ڕۆژی ٤ی ئاب بەدواوە، ڕەوتی گفتوگۆکان لەسەر ناوەڕۆکی ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان شێوەیەکی دیکەی وەرگرت، سەرنج و بەشدارییەکانی پەرلەمانتاران وردتر بوون، بەڵام وەک دووپاتی لەسەر کرایەوە، پەرلەمانتارانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هەموو ئەو تێبینیانەی لەسەر بەشدارییەکانیان هەیە، ڕەگەزێکی سەرەکی بوون لە بە جوڵەخستنی پەرلەمان و گەرمکردنی گفتوگۆکان، زیاتر لەوەش لەو دانیشتنانەی دواتردا، لەسەر داوای سەرۆکی پەرلەمان، وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕوونکردنەوەی وردی لەسەر ناوەڕۆکی ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەیاسایەکە دەدا، ئەوەش یارمەتی پەرلەمانتارەکانی دەدا، تێگەیشتنیان لەسەر هەموو ئەو لایەنە تەکنیکییانەی پڕۆژەکە زیاتر بێت و پرسیار و تێبینی وردتر گەڵاڵە بکەن.

بە هەموو ئەو پێشڤەچوون و گۆڕانکارییانەش لە ڕەوتی گفتوگۆکاندا، هێشتا پەرلەمانتارانی یەکێتی بە جۆرێک لە گومان و نامتمانەییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەیاسایەکە دەکرد، لەبەرئەوە تەنیا لە دانیشتنی ڕۆژی ٥ی ئابدا، وەزیری سامانە سروشتییەکان چەند جار لەسەریەک دووپاتی دەکردەوە، نزیکەی سی ساڵ لەگەڵ کۆمپانیاکانی جیهانی ئیشی کردووە و ئێستا نەگەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان تا وڵاتەکەی بفرۆشێ، بەڵکو هاتووە بەشداربێت لە دروستکردنی وڵاتەکەدا(٥١).

هەموو ئەو گوتانەی وەزیری سامانە سروشتییەکان هەوڵێک بوون بۆ ڕەواندنەوەی گومانەکانی پەرلەمانتارانی یەکێتیی نیشتمانی بەرانبەر بە ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان، ئەوان لە سەرەتاوە پڕۆژەیاسای نەوتیان بە پڕۆژەیەکی پارتی دادەنا لەلایەک و لەلایەکی دیکە وەک درێژکردنەوەی ئەو گومانە، پێدەچێت وا بیریان کردبێتەوە، کە پارتی لە ڕێگەی ئەو پڕۆژەیە و تەنیا لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی، ئامادەیە نەوتی کوردستان بۆ کۆمپانیاکان هەڕاج بکات.

پەرلەمانتارانی یەکێتی هیچ کات بە ڕاستەوخۆ دانیان بەوەدانەدەنا کە ترسیان لێی هەبوو، مەبەست لەوەش قۆرخکردنی نەوت و گازی کوردستان لەلایەن پارتییەوە، بەڵام بەشدارییەکانیان لە چوارچێوەی گفتوگۆکان و شێوازی دەربڕینەکانیان، لەپاڵ بایکۆتکردنی دانیشتنی پەرلەمان لە دەستپێکی گفتوگۆکان بۆ پەسندکردنی پڕۆژەیاسایەکە، کاریگەری خراپی لەسەر پەرلەمانتارانی پارتی دروست کرد، بەوەی هەر چۆنێک بێت هەوڵی تێپەڕکردنی پڕۆژەکە بدەن، تەنانەت کاتێک پەرلەمانتارانی یەکێتی تێبینی یان پێشنیازێکی ورد و جدیشیان دەخستەڕوو، پەرلەمانتارانی پارتی هەوڵیان دەدا پێچەوانەکەی بسەپێنن، چونکە ئەو شێوە لە مامەڵەکردنی یەکێتییەکان وا تێگەیشتنێکی لای پەرلەمانتارانی پارتی دروست کردبوو، کە یەکێتی لە بنەڕەتدا دژی پڕۆژەکەیە. ئەو بارودۆخە ئەنجامی ئەو هەستە دوژمنکارانەیە بوو، کە لە نامتمانەیی نێوان یەکێتی و پارتی لە سەرەتای دانیشتنەکانەوە دروست بووبوو.

یەکێک لە هەرە ئەو تێبینییە ڕژدانەی پەرلەمانتارانی یەکێتی لە بارەی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان هەستیان پێکرد، پرسی بەخشینی کۆمپانیاکانی نەوت بوو لەو باجانەی دەکەوێتە ئەستۆیان. بەپێی ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسایەکە، بەشێکی تایبەت بە سیستەمی باج هەبوو، ئەو بەشە بۆ سەر چەند بڕگەیەک دابەشکرا بوو، لە بڕگەی یەکەمدا، شەش جۆری باج دیاریکرابوون، کە پێویستی دەکرد کۆمپانیاکانی خاوەنکار لە کەرتی نەوت و گاز بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بدەن، بەڵام لە بڕگەی دواتردا، ڕاستەوخۆ کۆمپانیاکان لە پێدانی هەر باجێک دەبەخشران.

 

ئەو ماددەیە جۆرێک لە ناکۆکی لەناوخۆیدا هەڵگرتووە، لەلایەک چەندین جۆری باج دەخاتەڕوو، لەلایەکی دیکە دووپات لە بەخشینی باجەکان دەکاتەوە

 

پەرلەمانتارانی یەکێتی چەند تێبینییەکی گرنگیان لەسەر ئەو ماددەیە خستەڕوو، لە ڕووی بنەمای یاساییەوە دووپاتیان کردەوە، مەگەر بە یاسایەکی تایبەت، دەنا وەزارەت و ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی ئەوەیان نییە لە باجی هیچ کۆمپانیایەک خۆش ببن. هەروەک، ئەو ماددەیە جۆرێک لە ناکۆکی لەناوخۆیدا هەڵگرتووە، لەلایەک چەندین جۆری باج دەخاتەڕوو، لەلایەکی دیکە دووپات لە بەخشینی باجەکان دەکاتەوە، کەواتە وەک ئەوەی پەرلەمانتارەکانی یەکێتی دەیانگوت، ئەگەر ئامانجەکە ئەوەیە کۆمپانیاکان لە باج ببەخشرێن، هیچ پێویست نییە تا ئەو هەموو جۆرە باجە ڕیز بکرێن، مادام کە وەرناگیرێت، دەکرێت ڕاستەوخۆ بگوترێت هیچ باجێک لەسەر کۆمپانیاکانی خاوەنکار لە کەرتی نەوت و گازی کوردستان ناسەپێنرێت. جگەلەوەی هیچ پێویست ناکات کۆمپانیاکانی نەوت لەپاڵ هەموو بەخشینەکانی دیکە لە باجیش ببەخشرێن، هاوکات گرنگتر دەبێت ئەگەر ڕێژەی باجەکان دیاری بکرێن.

بۆ چارەسەکردنی ئەو کێشە یاساییە لە ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسای نەوت و گازدا، لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی یەکێتی پێشنیازی ئەوە کرا، بڕگەکە بەو شێوەیە دابڕێژرێتەوە، “دەکرێت بە یاسا لە گرێبەستی نەوتی، بەڵێندەر لە باج ببەخشرێت”، ئەو پێشنیازە چارەسەرێکی ناوەندی بابەتەکەی دەکرد.

سەرباری خستنەڕووی هەموو ئەو ڕاستییانە، لانی کەم دووپاتکردنەوە لەو ڕاستییەی ماددەکە بەو شێوەیەی لە پڕۆژەکەدا هاتووە نایاساییە، کەچی پەرلەمانتارانی پارتی پشتیوانیان دەکرد و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، کە پێویستە کۆمپانیاکانی نەوت لە باجەکان ببەخشرێن و نەرمیان لە بەرانبەر بنوێنرێت تا لە هەرێمی کوردستان کار بکەن. ڕاستییەکەی پەرلەمانتارانی پارتی، تەنیا دەیانویست بەو بیانووە پشتیوانی لە پێشنیازەکەی یەکێتی نەکەن، چونکە وەک دوو بەرەی دژ و نەیار هەڵسوکەوتیان دەکرد، لە کاتێکدا پەرلەمانتارە پارتییەکانیش دڵنیابوون و بۆیان ڕوون بووبووەوە ماددەکە یاسایی نییە، لەبەرئەوە دوای پێداگیرییەکی زۆری سەرۆکی پەرلەمان و ڕوونکردنەوەکانی، کاتێک ماددەکە بەو دەستکاری و پێشنیازەوە خرایە دەنگدانەوە، بە تێکڕای دەنگ پەسەند کرا(٥٢).

 

پاساوە لەرزۆکەکانی پەرلەمانتارانی پارتی، ئاماژەیەکی ڕوونە، بۆ ئەو دووکەرت بوون و دوژمنایەتییەی لە نێوان هەر دوو فراکسیۆنە گەورەکەی پەرلەمان لەسەر دۆسیەی نەوت دروست بووە

 

هەرچەند ناکۆکییەکە لە کۆتاییدا ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەستەوە دەدات، بەڵام ڕەتکردنەوە و پاساوە لەرزۆکەکانی پەرلەمانتارانی پارتی، ئاماژەیەکی ڕوونە، بۆ ئەو دووکەرت بوون و دوژمنایەتییەی لە نێوان هەر دوو فراکسیۆنە گەورەکەی پەرلەمان لەسەر دۆسیەی نەوت دروست بووە، کاتێک بە ڕۆشنی دەردەکەوێت، مادەیەکی پڕۆژەکە بنەمایەکی یاسایی نییە، هیچ ئاسایی نییە بە ڕێگەی هەر پاساوێکەوە، داکۆکی لە مانەوەی بکرێت، بەڵام کە ئەوە ڕوودەدات بەڵگەی واقیعێکە کە تیاییدا دوو حزبی سیاسی یان دوو فراکسیۆنی پەرلەمانی نایانەوێت دان بەیەکتردا بنێن یان لە بنەڕەتدا لەسەر دوو هێڵی دژ و پێچەوانە سیاسەت دەکەن و دەرفەتی هاوتەریبی لە نێوانیاندا نییە.

 

پەسندکردن بە تێکڕای دەنگ

لە دانیشتنی نائاسایی ژمارە ٨ی ڕێککەوتی ٦ی ئابی ٢٠٠٧، دوا ماددەکانی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی کوردستان گفتوگۆیان لەسەر کرا و پەسندکردان. پاشتر سەرۆکی پەرلەمان کۆی پڕۆژەیاسایەکەی خستە دەنگدانەوە و بە تێکڕای دەنگی پەرلەمان پەسندکرا. پاش پەسندکردنی یاسایەکە، وەزیری سامانە سروشتییەکان داوای کرد، دەرفەتی هەندێک قسەی پێ بدرێت.

لە سەرەتای قسەکانیدا سوپاسی پەرلەمانی کرد بۆ دەرکردنی یاسایەکە و بە یاسایەکی چارەنوسسازی دانا، کە هەموو کۆنتڕۆڵی نەوت دەخاتەوە دەست گەلی کوردستان.

ئاشتی هەورامی دیسان دووپاتی لەسەر ڕاستییەک کردەوە؛ “زۆر کەس ماندوو بوون لە وەزارەتەکەمان، هەروەها لە وەزارەتی داراییش، بەڵام شایەنی زۆرباشە کە بڵێم بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت کاک نێچیرڤان بارزانی کە هەموو جار لەگەڵمان دەعمی داوە لەسەر ئەم یاسایە، زۆر سوپاسی دەکەین، بەداخەوە ئێستا لێرە مەشغولە، خۆی لێرە نییە، هەروەها بە بەشداربوونی فعلی خۆی لێرە و لە بەغداش کە موناقەشەی قانوونی فیدراڵمان کرد….. زۆر زۆر سوپاستان دەکەم بۆ ماندووبوونتان، زۆر زۆر سوپاس بەتایبەتی بۆ سەرۆکی وەزیران، دووبارەی دەکەمەوە، سەرۆکی حکوومەت کە بەڕاستی بەبێ یارمەتی جەنابی ئەو، ئێمە نەماندەتوانی ئەو ئیشە بکەین”(٥٣).

 

ئاشتی هه‌ورامی، لە کۆتایی قسەکانیدا لەبارەی پەسندکردنی یاسای نەوت و گازی کوردستان سێ جار لەسەر یەکتر سوپاسی نێچیرڤان بارزانی دەکات لە پاڵپشتی بۆ دەرکردنی یاسایەکە

 

وەزیری سامانە سروشتییەکان تەنیا لە کۆتایی قسەکانیدا لەبارەی پەسندکردنی یاسای نەوت و گازی کوردستان سێ جار لەسەر یەکتر سوپاسی نێچیرڤان بارزانی دەکات لە پاڵپشتی بۆ دەرکردنی یاسایەکە و هەروەک لە بەشدارییەکانی ئەو کارەکتەرەی پارتی لە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراقی فیدراڵ، ئەوەش مانای خاوەندارێتی کردنی ئەو حزبەیە لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت لە ئاستی ناوخۆی هەرێم و لەسەر ئاستی عێراق دا.

هەر پاش پەسندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت لە پەرلەمانی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی بڵاوکردەوە و ئەوەی بیرهێنایەوە کە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق “به‌ ئه‌نقه‌ست نه‌وتى ئێمه‌یان له‌ ژێر خاك جێهێشتووه‌ وه‌ك هه‌وڵێك بۆ ئه‌وه‌ى گه‌له‌كه‌مان به‌هه‌ژاریى بمێنێته‌وه”،‌ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد؛ “ئەوە  ساتێكى مێژووییه‌ كه‌ بۆ ساڵانێكى زۆر له‌ داهاتوودا یادى ده‌كرێته‌وه”(٥٤).

 

سه‌رچاوه‌
1. پرۆتۆکۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان، پڕۆتۆکۆڵی دانیشتنەکانی ساڵی ٢٠٠٥، چاپی یەکەم، هەولێر، لا؛ ٦٠٨-٦٠٩.2. دەقی وتاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان/کابینەی پێنجەم لەکاتی متمانەدان بە کابینەکەی لە پەرلەمانی کوردستان لە ڕێککەوتی ٧ی ئایاری ٢٠٠٦.3. بڕوانە؛ دەقی چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان لە ١٨ی ئەیلوولی ٢٠١٣دا؛ رێککەوتی سەردانی سایت؛ ٢٠ی شوباتی ٢٠١٦.4. بەیاننامەی ڕاگەیاندنی هەردوو ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی کوردستان و مۆدێلی پێشنیازکراوی گرێبەستی هاوبەش لە بەرهەمهێنان لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە. بڕوانەڵ ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: 5. ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: 6. AMENDED AND RESTATED EXPLORTION AND PRODUTION SHRING AGREEMENT BETWEEN THE KURDISTAN REGIONAL GOVERNMENT AND HAWLER ENERGY, LTD. AND A&T PETROLEUM CAMPANY, LTD. DATED; FEBRUARY 26, 2007. P; 86.7. REVISION DATED 26 FEBRUARY 2007 OF EXPLORTION AND PRODUTION SHRING AGREEMENT DATED 4 MAY 2006, BETWEEN THE KURDISTAN REGIONAL GOVERNMENT AND WESTERNZAGROS LIMITED, KALAR-BAWANOOR AERA. P; 80.8. AMENDED AND RESTATED EXPLORTION AND PRODUTION SHRING AGREEMENT BETWEEN THE KURDISTAN REGIONAL GOVERNMENT AND SHAKAL PRODUCTION, LTD. TRILAX OIL LTD. AND PETOIL PETROLEUM AND PETROLEUM PRODUCTS INTERNATIONAL EXPLORATION AND PRODUCTION INC. DATED; 25 FEBRUARY 2007, P; 86.9. دەقی چاوپێکەوتنی ئاشتی هەورامی لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ٢٢ی ئابی ٢٠٠٦دا: 10. پرۆتۆکۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان، بەرگی ٤١، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠٠٧، لا؛ ٤١٢.11. پرۆتۆکۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق، پرۆتۆکۆڵی ژمارە (٣٦)، دانیشتنەکانی ساڵی ٢٠٠٦، چاپی یەکەم، هەولێر، ساڵی ٢٠٠٧، لا؛ ٦٢٣.12. پرۆتۆکۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان، بەرگی ٤١، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠٠٧، لا؛ ٥٧٤.13. هەمان سەرچاوە، هەمان لاپەڕە.14. هەمان سەرچاوە، هەمان لاپەڕە.15. هەمان سەرچاوە، لا؛ ٦١٧.16. پرۆتۆکۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان، بەرگی ٤٢، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠٠٧، لا؛ ٩.17. هەمان سەرچاوە، لا؛ 9-10.18. هەمان سەرچاوە، لا؛ ١٢.19. هەمان سەرچاوە، لا؛ 16.20. هەمان سەرچاوە، هەمان لاپەڕە.21. هەمان سەرچاوە، لا؛ 13.22. هەمان سەرچاوە، لا؛ 18.23. گفتوگۆی نووسەری ئەم بابەتە لەگەڵ عوسمان بانیمارانی لە ژوورەکەی خۆی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاستەوخۆ لە دوای دانیشتنەکەی پەرلەمانەوە.24. بڕوانە؛ چاوپێکەوتنی تایبەتی ئاشتی هەورامی، سەرچاوەی پێشوو.25. پرۆتۆکۆڵەکان، ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان، بەرگی ٤٢، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠٠٧، لا؛ 23.26. هەمان سەرچاوە، لا؛ 46.27. هەمان سەرچاوە، لا؛ 74.28. هەمان سەرچاوە، لا؛ 80.29. هەمان سەرچاوە، لا؛ 30. هەمان سەرچاوە، لا؛ ٦٩، ٧٠، ٧٢ و ٧٣.31. هەمان سەرچاوە، لا؛ 74.32. هەمان سەرچاوە، لا؛ 75.33. هەمان سەرچاوە، لا؛ 117-135.34. هەمان سەرچاوە، لا؛ 119-120.35. هەمان سەرچاوە، لا؛ 128.36. هەمان سەرچاوە، لا؛ 135-136.37. هەمان سەرچاوە، لا؛ 139.38. هەمان سەرچاوە، هەمان لاپەڕە.39. هەمان سەرچاوە، لا؛ 142.40. هەمان سەرچاوە، لا؛ 146-148.41. هەمان سەرچاوە، لا؛ 140-150.42. هەمان سەرچاوە، لا؛ 150.43. هەمان سەرچاوە، لا؛ 126.44. هەمان سەرچاوە، لا؛ 179.45. هەمان سەرچاوە، لا؛ ١٩٨.46. هەمان سەرچاوە، لا؛ ٣٧١.47. هەمان سەرچاوە، لا؛ 358-359.48. هەمان سەرچاوە، لا؛ 358-371.49. هەمان سەرچاوە، هەمان لاپەڕە.50. هەمان سەرچاوە، لا؛ 359.51. سەرچاوەی پێشوو، لا؛ ٣٥٨ و ٣٦٣.52. هەمان سەرچاوە، لا؛ ٣٧٤-٣٨٤.53. هەمان سەرچاوە، لا؛ 495-496.54. بڕوانە؛ ئەرشیڤی ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛

ڕێبین فه‌تاح

سه‌رنووسه‌ری زێدپرێس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...