دۆسیه‌یاسای نه‌وت و گاز
ئاراستەکان

حەوت پڕۆژەیاسا و دوو ئاڕاستە بۆ بەڕێوەبردنی نەوت

 

لە کۆتایی ٢٠٠٦ەوە تا تەمووزی ئەمساڵ، حەوت ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق خستراونەتەڕوو، بەڵام هیچیان نەگەیشتوونەتە قۆناغی پەسندکردن. هەر حەوت پڕۆژەیاسایەکە، بەسەر دوو ئاڕاستەدا دابەش دەبن؛ بەڕێوەبردنێکی مەرکەزییانەی نەوت یان نامەرکەزییانە.

 

 

لە کۆتایی ٢٠٠٦ەوە تا ناوەڕاستی ئەمساڵ، لانیکەم حەوت ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق ئامادەکراون، بەڵام هیچ کامێکیان نەگەیشتوونەتە قۆناغی پەسندکردن.

پاڵپشت بە ناوەڕۆکی دەستووری هەمیشەیی عێراق، دەبوو کەرتی نەوت و گازی عێراق بە یاسایەکی تایبەت ڕێکبخرێت، بەهۆی ئەوەی عێراق یاسایەکی یەکگرتووی نەوت و گازی نییە و کەرتەکە بەگشتی بە ژمارەیەک یاسا و بڕیاری پچڕپچڕ بەپێی بوارەکانی کارکردن ڕێکخراوە.

پاش نووسینەوە و پەسندکردنی دەستووری نوێی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ و خستنە بواری جێبەجێکردنی لە ساڵی ٢٠٠٦دا، دەبوو بە یاسایەکی یەکگرتوو و بنچینەیی شێوازی بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گازی عێراق ڕێکبخرێت، بەتایبەت لەوەی پێوەندی بە دەسەڵاتەکانی حکوومەتی فیدڕاڵی و دەسەڵاتەکانی حکوومەتی هەرێمەکان و پارێزگا بەرهەمهێنەکانی نەوت هەیە.

ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی حکوومەتی عێراق لە بەغدا، هۆکار بوون لەوەی تا ئێستا یاسای نەوت و گازی عێراق پەسند نەکرێت، بەدڵنیایی هۆکاری کارتێکەری دەرەکی هەبوون، کە خۆی لە دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەکە و نێودەوڵەتی لە سیاسەتی گشتی عێراقی دوای ٢٠٠٣ دەبینێتەوە.

ئەوەی پەیوەندی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە هەبێت، ساڵی ٢٠٠٦ هەردوو حکوومەت ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە تا تەممووزی ساڵی ٢٠٠٧ یاسای نەوت و گازی عێراق پەسند بکرێت، وێڕای پێکهێنانی لێژنەیەکی باڵا بۆ ئامادەکردنی یەکەمین پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق، بەڵام هەوڵەکە سەرکەوتوو نەبوو.

 

ساڵی ٢٠٠٦ هەردوو حکوومەت ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە تا تەممووزی ساڵی ٢٠٠٧ یاسای نەوت و گازی عێراق پەسند بکرێت

 

بەدرێژایی هەموو ئەو ساڵانە، حکوومەتی هەرێم پێداگیری لەسەر گرەنتیکردنی هەندێک دەسەڵاتی بەڕێوەبردن لەسەر کەرتی نەوت و گازی سنووری هەرێمی کوردستان کردووە، ئەوەش پاڵپشت بە ماددەکانی ١١١ و ١١٢ و ١١٥ و ئەوانی دیکە، کە دەسەڵات و پەیوەندییەکانی هەریەک لە حکوومەتی فیدڕاڵی و حکوومەتی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەکانی نەوت لە عێراق دیاری دەکەن.

لە بەرانبەردا کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکوومەتی عێراق، بەردەوام پێداگیرییان لەسەر داڕشتنی یاسایەک کردووەتەوە، کە دەسەڵاتێکی مەرکەزی لە بەغدا بەسەر کەرتی نەوت و گازی سەرتاسەری عێراق بسەپێنێت، یاسایەکە بەجۆرێک بێت، کە ڕۆڵی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەکانی نەوت نەهێڵێت و لە باشترین حاڵەتدا ڕۆڵی ڕاوێژکاری و پێشنیازکردنیان هەبێت، نەک هاوبەشێکی ڕاستەقینە لە بەڕێوەبردنی کەرتەکەدا.

ئەو دوو ئاڕاستە جیاوازە، هۆکار بوون لەوەی لە هەموو قۆناغەکانی تا ئێستا، چەندین ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لە عێراق ئامادە بکرێن، بەڵام هیچ کام لە ڕەشنووسی پڕۆژەیاساکان بە قۆناغی پەسندکردن نەگەن.

 

ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق لە ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٦

یەکەمین ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق، کە بە دەستپێشخەری ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان(کابینەی پێنجەم تا هەشتەم) ئامادەکرا و لە هەمان ساڵدا پێشکەشی کابینەکەی نووری مالیکی کرا. ئەوکات هێشتا لایەنی عێراقی هیچ ئامادەکارییەکی بۆ یاسای نەوت و گازی عێراق نەکردبوو. ڕەشنووسی پڕۆژەکە لەلایەن سەرۆکوەزیران و تیمەکەی وەرگیرا و لێژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە ڕەشنووسەکە لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان پێکهات.

 

ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق لە ١٥ی شوباتی ٢٠٠٧

ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق لە شوباتی ٢٠٠٧، بەرهەمی ئەو ڕەشنووس و ڕێککەوتنە بوو، کە لە سەرەتای ٢٠٠٦ەوە لەلایەن حکوومەتی عێراق و کوردستان ئیمزا کرا بوو، بەمەبەستی دەرکردنی یاسای نەوت و گازی عێراق لەماوەی ساڵی ٢٠٠٧دا. ڕەشنووسەکە، یەکەمین ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی عێراقە، کە هەردوو حکوومەتی عێراق و کوردستان لە ئامادەکردن و داڕشتنەوەی ناوەڕۆکەکەی بەشدار بوون و هەردوولایەن لە سەرەتادا ڕەزامەند بوون لەسەر پەسندکردنی، بەڵام دواجار لایەنی عێراقی پاشگەزبوویەوە و هەوڵی پەسندکردنی پڕۆژەیاسایەکە سەرکەوتوو نەبوو.

 

ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق لە ٣ی تەمووزی ٢٠٠٧

لە ٣ی تەمووزی ٢٠٠٧، سێیەمین ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق خرایەڕوو. ئەو ڕەشنووسە، لە هەموارکردنەوە و پێداچوونەوەی هەمان پڕۆژەیاسای نەوت و گازی شوباتی ٢٠٠٧ەوە سەرچاوە دەگرێت. پاش ئەوەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق کە لە شوباتی ٢٠٠٧ ئامادە کرا بوو، بەمەبەستی پێداچوونەوەی چەمکی و زمانەوانی، ڕەوانەی ئەنجوومەنی شورای دەوڵەتی عێراق کرا، ئەنجوومەنی شورا، لە جیاتی چاککردنەوەی چەمک و زاراوەکان لەڕووی یاساییەوە، دەستکاری ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکەیان کردبوو، بەجۆرێک کە گۆڕانکارییەکی جۆری لە ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتێکی مەرکەزی بەغدا لە بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گازی سەرتاسەری عێراق کرا بوو.

 

هەوڵەکەی ئەنجوومەنی شورا، خۆی لە خۆیدا هەوڵەکانی بۆ پەسندکردنی یاسای نەوت و گازی عێراق لەو قۆناغەدا کۆتایی پێهێنا

 

دەستکاریکردنی ناوەڕۆکی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسایەکە، لایەنی کوردستانی بە تەواوەتی نیگەران کرد، هەوڵەکەی ئەنجوومەنی شورا، خۆی لە خۆیدا هەوڵەکانی بۆ پەسندکردنی یاسای نەوت و گازی عێراق لەو قۆناغەدا کۆتایی پێهێنا. لەکاتێکدا حکوومەتی هەرێم نەچووە ژێرباری ڕەشنووسە دەستکاریکراوەکە و پێداگیری لەسەر هێنانە پێشەوەی هەمان ئەو ڕەشنووسە دەکردەوە، کە لە شوباتی ٢٠٠٧دا بە هاوبەشی گەڵاڵە و ئامادە کرابوو، بەڵام لایەنی عێراقی ڕەتیان کردەوە بۆ پڕۆژە هاوبەشەکە بگەڕێنەوە.

بەو شێوەیە، ئەو ڕەشنووسەیش نەیتوانی قۆناغی پەسندکردن ببڕێت.

 

ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق لە ١٧ی ئابی ٢٠١١

هەر لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە، لە ئاست هەردوو لایەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، هەروەها لە ئاست لایەنی کوردستانی و عێراقی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گفتوگۆ و دانوستان بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گازی عێراق بەردەوام بوون.

لە چەندین دیدار و کۆبوونەوەکان لە نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی و حکوومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی بەرهەم ساڵح، گفتوگۆ لەسەر هێنانە پێشەوەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق کران، لایەنی کوردستانی داوای بە بنەماگرتنی هەمان ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراقیان دەکرد، کە لە شوباتی ٢٠٠٧ ئامادە و ڕێککەوتنی لەسەر کرا بوو.

 

لێژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە هەندێک گۆڕانکاری و دەستکاری لاوەکییەوە، لە ١٧ی ئابی ٢٠١١دا، پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراقی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بەرز کردەوە

 

هەوڵەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ڕەشنووسەکەی شوباتی ٢٠٠٧، لە ئاستی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش هەبوون، لێژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە هەندێک گۆڕانکاری و دەستکاری لاوەکییەوە، لە ١٧ی ئابی ٢٠١١دا، پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراقی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بەرز کردەوە. پرۆژەکە وێڕای هەندێک دەستکاری و گۆڕانکاری، بەڵام لاوەکیین، هەر لە پڕۆژەیاساکەی شوباتی ٢٠٠٧ەوە هاتووە. لەو نووسراوەی کە لێژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان وەک پاشخانی پڕۆژەیاسایەکە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ناردووە، ئاماژەی بە پێویستی گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای نەوت و گازی شوباتی ٢٠٠٧ کردووە، زیاتر بەهۆی ئەوەی پڕۆژەکە بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو تیمی عێراق و کوردستان ئامادە و ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، بەڵام ئەو هەوڵەیش سەرکەوتوو نەبوو. لایەنە زاڵەکانی عێراق نەهاتنە ژێرباری پەسندکردنی پڕۆژەکە.

 

ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق لە ٥ی ئەیلوولی ٢٠١١

وەک هەوڵێکی کۆنکرێتی بۆ کۆتاییهێنان بە گفتوگۆکردن لەسەر ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق، کە لە شوباتی ٢٠٠٧ ئامادە و ڕێککەوتنی لەسەر کرا بوو، لەلایەن نووری مالیکی و تیمەکەی لە ساڵی ٢٠١١دا، ڕەشنووسێکی دیکەی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق ئامادە کرا.

نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ٥ی ئەیلوولی ٢٠١١دا، کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی ڕێکخست، بەشێوەیەکی کتوپڕ ڕەشنووسی پڕۆژەیاسا نوێیەکەی خستەڕوو و وەک هەمان پڕۆژەیاسای ڕێککەوتنی لەسەرکراوی شوباتی ٢٠٠٧ ناساندی، ئەوە هەوڵێک بوو بۆ دەستخەڕۆکردنی نوێنەرانی کوردستان لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی ئیمزای لەسەر بکەن و بەناوی هەمووانەوە ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت.

لایەنی کوردستانی بەزوویی لە ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسایەکە بەئاگا هاتنەوە و ڕەتیان کردەوە بچنە ژێرباری پڕۆژەیاسایەکەی نووری مالیکی و تیمەکەیەوە.

پڕۆژەیاسای ئەیلوولی ٢٠١١ لەڕووی ناوەڕۆکەوە، هەڵگێڕانەوەیەکی تەواوەتی پڕۆژەیاسای شوباتی ٢٠٠٧ بوو. لە پڕۆژەیاسای ئەیلوولی ٢٠١١دا، کە دەکرێت بە پڕۆژەیاساکەی مالیکی ناوببردرێت، دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گازی سەرتاسەری عێراق، لە مەرکەزێکی توند و سنوورداری بەغدا چڕکرابوونەوە، بەجۆرێک کە هیچ ڕۆڵێکی بۆ حکوومەتی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەکانی نەوت نەهێشتبووەوە.

 

پڕۆژەیاسای ئەیلوولی ٢٠١١ لەڕووی ناوەڕۆکەوە، هەڵگێڕانەوەیەکی تەواوەتی پڕۆژەیاسای شوباتی ٢٠٠٧ بوو

 

دەستپێشخەرییەکەی مالیکی، لە ڕاستیدا، بەرگرتن بوو لەو هەوڵەی لەڕێگەی لێژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە خرابووەگەڕ بۆ بە بنەماگرتنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی ساڵی ٢٠٠٧. لەکاتێکدا لایەنی کوردستانی لەڕێگەی حکوومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی هەرێمەوە، بە فەرمی داوایان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، لە کارەکانیان بەردەوام بن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکەی ساڵی ٢٠٠٧ و جەختیان لەوە دەکردەوە، کە لایەنی کوردستانی، سەرەڕای تێبینی و سەرنجەکانی لەسەر ناوەڕۆکی ئەو پڕۆژەیاسایە، بەڵام ڕەزامەندە بە گفتوگۆکردنی و لە میانەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ گفتوگۆکردنی پڕۆژەکە، سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان دەخەنەڕوو.

هەرچەند پڕۆژەکەی مالیکی، کە تاکلایەنە ئامادە کرا بوو، نەیتوانی قۆناغی پەسندکردن ببڕێت، بەڵام هەوڵی پەسندکردنی یاسای نەوت و گازی عێراقی، بەو جۆرەی لە پێشتر دەستپێکرا بوو، ڕاگرت.

 

ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٣

یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی، ئامادەکردن و پەسندکردنی یاسای نەوت و گازی عێراق بوو. لە سەرەتای کابینەکەوە، تیمێک لە کابینەکەی سودانی، دەستیان بە ئامادەکردنی ڕەشنووسێک بۆ یاسای نەوت و گازی عێراق کرد. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرزوو لەڕێگەی ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمەوە، ئامادەیی خۆی پیشاندا بۆ کارکردن لەسەر ئامادەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق بەهاوبەشی و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی عێراقی.

لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٣دا، فەرمانگەی یاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕەشنووسێکی نوێی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراقی ئامادە کرد و پڕۆژەکەیش بە دەست لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان گەیەنرا.

پڕۆژەکەی سودانی، لەڕووی ناوەڕۆکەوە، بەتایبەت لەوەی پەیوەندی بە دەسەڵاتەکانی حکوومەتی فیدڕاڵی و حکوومەتی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەکانی نەوتەوە هەبێت، لە ناوەڕۆکی هەمان پڕۆژەیاساکەی مالیکی لە ٢٠١١دا، سەرچاوە دەگرێت. بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایەکە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەکانی نەوت لە کەرتی نەوت و گازدا، بریتییە لە ئامادەکردنی ڕاپۆرت و پێشنیازکردن.

 

ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق لە تەمووزی ٢٠٢٣

جگە لە کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی، حکوومەتی هەرێم لەو ماوەیەدا، بەردەوام ئامادەیی بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گازی عێراق دەربڕیوە. بەتایبەت دوای ڕەتکردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی کوردستان لەلایەن دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە، کە ژێرخانی یاسایی کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی هەژاندووە.

لە تەمووزی ئەمساڵ، محەمەد شیاع سودانی، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بەرفرەوانی کرد، بە ئامادەبوونی هەردوو تیمی عێراق و کوردستان کە بۆ مەبەستی ئامادەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق پێکهێنراون، هەروەها سەرکردە سیاسییەکان لە عێراق و کوردستان ئامادەی دیدارەکە بوون.

 

لەلایەن تیمی حکوومەتی عێراقەوە، ڕەشنووسێکی یاسای نەوت و گازی عێراق بە لایەنی کوردستانی درا، تیمی کوردستانی دەستپێشخەرییەکەی لایەنی عێراقیان لەو یەکەمین کۆبوونەوەیەدا ڕەت کردەوە.

 

 

لە یەکەمین کۆبوونەوەی هەردوو تیمی عێراق و کوردستان مەبەستی ئامادەکردنی دواین دەقی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق، لەلایەن تیمی حکوومەتی عێراقەوە، ڕەشنووسێکی یاسای نەوت و گازی عێراق بە لایەنی کوردستانی درا، بە مەبەستی ئەوەی لە گفتوگۆکردن بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاساکە، هەردوولا لەسەر ئەم ڕەشنووسە قسە بکەن و بنەما بگیرێت. تیمی کوردستانی دەستپێشخەرییەکەی لایەنی عێراقیان لەو یەکەمین کۆبوونەوەیەدا ڕەت کردەوە.

لەڕاستیدا ئەو دواین ڕەشنووسەی لەلایەن تیمی عێراقەوە بە تیمی هەرێمی کوردستان درا، هەمان ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراقە، کە لە شوباتی ٢٠٢٣ لەلایەن فەرمانگەی یاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئامادە کراوە، بەڵام هەندێک دەستکاری و گۆڕانکاری لە هەندێک ماددە و بڕگەدا کراوە، هەرچەند گۆڕانکارییەکان کەمن، بەڵام بە هەستکردن بۆ بەها  و بایەخی دەقی یاسایی، ناتوانرێت بە سادەیی وەربگیرێت.

بەکورتی، لەو دواین ڕەشنووسەشدا، ڕۆڵی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەکانی نەوت، تەنیا ئامادەکردنی ڕاپۆرت و پێشنیازکردن و ئاگاداربوونە.

 

پوختە

هەر لەگەڵ پەسندکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراقەوە، دوو ئاڕاستەی دژ و پێچەوانە بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گاز لە عێراق هەیە. ئاڕاستەی یەکەم کە بەتایبەت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە خاوەنداریەتی دەکرێت، پێداگیری لەسەر بەڕێوەبردنێکی فیدڕاڵی و نامەرکەزییانە لە کەرتی نەوت و گازدا دەکات، بەجۆرێک کە حکوومەتی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەکانی نەوت، هەندێکیان دەسەڵاتیان لە بەڕێوەبردنی کەرتەکەدا هەیە، ئەو دەسەڵاتانە پێکەوە لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی بەڕێوەدەبردرێن و ڕێکخراون.

ئەو ئاڕاستەیە، لە ئامادەکردنی یەکەمین ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق لە ٢٠٠٦ەوە دەردەکەوێت، کە پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراقی شوباتی ٢٠٠٧ی لێدەکەوێتەوە.

 

ئاڕاستەی دووەم کە لەلایەن کابینە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە خاوەنداریەتی کراوە و دەکرێت، خۆی لە سەپاندنی دەسەڵاتێکی توند و مەرکەزی لە بەڕێوەبردنی هەموو کەرتی نەوت و گازی عێراق دەبینێتەوە

 

ئاڕاستەی دووەم کە لەلایەن کابینە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە خاوەنداریەتی کراوە و دەکرێت، خۆی لە سەپاندنی دەسەڵاتێکی توند و مەرکەزی لە بەڕێوەبردنی هەموو کەرتی نەوت و گازی عێراق دەبینێتەوە. ئەو ئاڕاستەیە پێداگیری دەکات، کە ڕۆڵی حکوومەتی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەکانی نەوت لە سەرتاسەری عێراقدا، ڕۆڵێکی تەواو شکڵی و ڕوواڵەتییانە بێت. لەکاتێکدا ئەو ناوەندەی بڕیار دروست دەکات، جێبەجێی دەکات و سەرپەرشتی دەکات، لە دەسەڵاتێکی مەرکەزی لە بەغدا چڕ دەکرێتەوە.

ئەو ئاڕاستەیە، لە ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق لە تەمووزی ٢٠٠٧-پڕۆژەیاسای دەستکاریکراو لەلایەن ئەنجوومەنی شورا- تا پڕۆژەیاساکەی مالیکی لە ئەیلوولی ٢٠١١ و دواجار پڕۆژەیاسای کابینەکەی سودانی لە شوبات و تەمووزی ٢٠٢٣دا، ڕەنگدانەوەی هەیە.

 

 

ڕێبین فه‌تاح

سه‌رنووسه‌ری زێدپرێس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...