هه‌واڵ

دەستەی وانەبێژانی ناڕازی: بایکۆت بەردەوام دەبێت

زێدپرێس

 

دەستەی وانەبێژانی ناڕازی لە وەڵامی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا، کە دوای دەستکردنەوە بە دەوامی ناوەندەکانی خوێندن دەکات، ڕایدەگەیەنن بایکۆت بەردەوام دەبێت و سبەی چوارشەم خۆپیشاندانی سەرتاسەرییە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

کەمێک پێش ئێستا (٣ی تشرینی یەکەم) دەستەی وانەبێژانی ناڕازی لە ڕێگەی یاداشتنامەیەکەوە، مکوڕبوونی خۆیان لەسەر بایکۆتکردنی وانەگوتنەوە و دەوامی ناوەندەکانی خوێندن ڕاگەیاند.

لە یاداشتنامەکەدا باس لەوە دەکەن، هەر لەسەرەتای دەوامی فەرمی لە ١٣ی ئەیلوولەوە، لە سنوری پەروەردەکانی سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و کۆیە، زیاتر لە ١٣ پەروەردە لە بایکۆت و خۆپیشاندانی کردووە، هەروەها دەرگای سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن داخراوە و هەزاران مامۆستا بایکۆتی کردووە و هەزاران قوتابی بێبەشکراون لە پڕۆسەی خوێندن.

لەو ڕوانگەیەوە دەڵێن، ئەوان وەک مامۆستایانی وانەبێژ چاوەڕێ بوون دوای ١٧ ڕۆژ لە بایکۆت و خۆپیشاندانەکان حکوومەتی هەرێم بە فەرمی وەڵامی داواکاری مامۆستایانی وانەبێژ و کۆنووسی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و پەروەردە بداتەوە، “بەڵام بەداخەوە لەبری ئەمە، وەزارەتی پەروەردە سوپاسی مامۆستایان دەکات و سوپاسیش گیرفانی بەتاڵی وانەبێژانی گەرم نەکردۆتەوە لە ئێستا و ڕابردوودا”.

زیاتر دەڵێن “ئەمە لەکاتێکدایە وانەبێژان هێشتا شایستەی مانگی حەوتیان وەرنەگرتووە کە بڕەکەی ١٠٠ هەزار بۆ ٢٠٠ هەزارە دوای سێ مانگ لەچاوەڕوانی، کە ئەوە گەورەترین سوکایەتییە بەرانبەر مامۆستا کە ١٠٠ هەزار وەرگرێت!”.

هەر لە یاداشتنامەکەدا هاتووە، “وەزارەتی پەروەردە لەبری فشارکردن لە ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی حکوومەت، بۆ ئەوەی هەرچی زووە نووسراوی دامەزراندن بخاتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و بڕیار لەسەر دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بدات، بەڵام بەداخەوە دەیەوێت لەڕێگای پەروەردەکانەوە فشار بکات بۆ کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن و شکاندنی بایکۆت، هەروەها هەموو ڕێگایەکی فشار و هەڕەشە بەکاردێنن بۆ ئەوەی بایکۆت و خۆپیشاندان نەکرێت لەسنوری پەروەردەکانی هەولێر و دهۆک!”.

ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێم ئەمڕۆ سێشەم ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لە ڕاگەیەنراوێکدا داوای لەو پەروەردانە کرد، کە دەوامیان نەکردووە، دەست بە دەوامی ناوەندەکانی خوێندن بکرێتەوە. هۆشداری لەوەشدابوو، کە هیچ دەرفەتێک بۆ گۆڕانکاری لە ساڵنامەی خوێندن نییە و لەبەرئەوە پێویست دەکات بە زووترین کات دەست بە دەوام لە ناوەندەکانی خوێندن بکرێتەوە.

وانەبێژانی ناڕازی لە بەرانبەر ئەوەدا دەڵێن “ئەم ڕاگەیاندنەی وەزارەتی پەروەردە وامان لێدەکات گەرمتر و سوورتر بین لەسەر داواکارییەکانمان و درێژەدان بە بایکۆت و خۆپیشاندانەکان”.

پێداگیریش دەکەن “سبەی چوارشەم ٤ی تشرینی یەکەم خۆپیشادانی مامۆستایانی وانەبێژە لەسەرجەم پەروەردەکان بۆ نوێکردنەوەی بایکۆت و وەڵامدانەوەی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی پەروەردە.”

لە کۆتایی یاداشتنامەکەدا هاتووە، “لە ئەگەر دروستکردنی فشار و سزادانی وانەبێژان دەرئەنجامی کاردانەوەکان لە ئەستۆی وەزارەتی پەروەردە و وەزیری پەروەردەیە.”

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...