كه‌لتوور

فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی: فەیلەسووفی ئازادی

گاری ساول مۆرسۆن

لە ئینگلزیییەوە؛ موحەممەد دێڤ

 

لوولەی چەکەکانیان نزم کردەوە هەرکە بەپەلە نامەبەرێک بە بڕیاری ئیمپراتۆرەوە دەرکەوت.

لە ٢٢ی دیسەمبەری ساڵی ١٨٤٩، دەستەیەک چاکسازی سیاسی لە خانەی زیندانەکانیانەوە بردرانە قەڵای پیتەر و پاوڵ لە پیترسبێرگ، کە بۆ ماوەی هەشت مانگ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا. دواتر بەرەو گۆڕەپانی سیمۆنۆڤسکی بردران، گوێیان لێبوو سزای مەرگ بە ڕەمیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە. بلوزێکی درێژی سپیی و کفنی ماتەمینییان پێدرا، کۆتا ڕێوڕەسمیان بۆ سازێندرا. سێ بەندکراوی یەکەم دەستبەسەرکران و بە دارەکەوە بەسترانەوە. بەندکراوێکیان چاوبەستی ڕەتکردەوە و چاوی بڕییە لوولەی ئەو چەکانەی ئاڕاستەی کرابوون. لەکۆتا ساتەکاندا، لوولەی چەکەکانیان نزم کردەوە هەرکە بەپەلە نامەبەرێک بە بڕیاری ئیمپراتۆرەوە دەرکەوت و سزای زیندانییەکان لە ڕەمیکردنەوە گۆڕدرا بۆ بەندکردن لە  کەمپی گرتووخانەی سیبیریا و دواییش خزمەتکردن وەک سەرباز لە سوپا. هەڵگرتنی سزاکە لەکۆتا ساتەکاندا وەک بەشێک لە سزاکە پلانی بۆ داڕێژراو بوو، بەشێکی ژیانی کۆمەڵایەتییە کە ڕووسییەکان بەباشی لێی تێدەگەن.

 

ئەو گەنجانەی بەرگەی ئەم تاقیکردنەوە قوڕسەیان گرت، یەکەمیان قژی سپی بوو، دووەمیان شێت بوو و هەرگیز نەهاتەوە سەر هۆش و ئەقڵی خۆی، سێیەمیشیان بوو بە نووسەری ڕۆمانی تاوان و سزا.

 

ئەو سێدارە ساختەیە و ساڵانی زیندایی لە سیبیریا (لە ڕۆمانی یاداشتە ژێرزەمینییەکان بە خەیاڵی باسکراوە)، بۆ هەتاهەتایە دۆستۆیڤسکییان گۆڕی. باوەڕە ساویلکە و هیواخوازییە ڕۆمانتیکەکەی نەمان. سادیزیمی بەندکراوەکان و پاسەوانەکان وانەیەکی گرینگیان پێیدا و گەیاندی بەو بڕوایەی ئەو دیدگا خۆرەتاوی و ڕوونەی بۆ سرووشتی مرۆڤ گریمانەکرابوو لەلایەن یوتالیترایانیزم، لیبرالیزم و سۆشیالیزم، گریمانەی بێبنەمان. سرووشتی ڕاستەقینەی مرۆڤ لە بنەڕەتەوە جیاوازە لەوەی ئەم فەلسەفانە گریمانەیان کردبوو.

 

مرۆڤەکان تەنیا بە پارووە نانێک ناژین، یانیش ئەوەی فەیلەسووفەکان ناویدەنێن زۆرترین “سوود”. هەموو ئایدیۆلۆژیا یوتۆپیاییەکان گریمانەی ئەوە دەکەن سرووشتی مرۆڤ لە بنەڕەتەوە باش و سادەیە: خراپە و ڕواڵەتە ئاڵۆزەکانی لە ئەنجامی گەندەڵی کۆمەڵگاوە دێنە ئاراوە. ویست و ئارەزوو بنەبڕ بکە و تاوان بنەبڕ دەکەیت. بۆ زۆرێک لە ڕۆشنبیران، زانست ئەو مشتومڕانەی سەلماندووە و ڕێگەی بۆ باشترینی هەموو جیهانە گریمانەییەکان پیشان داوە. دۆستۆیڤسکی هەموو ئەم بیرۆکانەی ڕەتکردوونەتەوە و بە زیانبەخش و بێبنەما لە قەڵەمی داون.  لە پێداچوونەوەی بۆ ڕۆمانی ئانا کارینینای تۆڵستۆی نووسیویەتی: “بە ڕادەی ئاشکرایی ڕوونە و قابیلی تێگەیشتنە، کە سرووشتی خراپە لە مرۆڤەکاندا قووڵترە وەک لەوەی شارەزا کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی بۆ دەکەن، هیچ پێکهاتە و بنەڕەتێکی کۆمەڵایەتی ناتوانێت خراپە بنەبڕ بکات؛ ڕۆحی مرۆڤ وەک هەمیشە وەک خۆی دەمێنێتەوە… هەروەها، لەکۆتاییدا،  یاسا و ڕێساکانی ڕۆحی مرۆڤ هێشتاکە زۆر کەمی درکپێکراون، ئەوەندە ناڕوونە بۆ زانست، ئەوەندە پێناسەنەکراو و هەروەها نهێنی ئامێزە، کە هیچ شارەزایەک نەبووە و نابێت بتوانێت درکی تەواوی پێ بکات” جگە لە خودی خودا.

 

کارەکتەرەکانی دۆستۆیڤسکی بە ئاڵۆزییەکانیانەوە سەرنجمان ڕادەکێشن. ڕەفتارە چاوەڕواننەکراو و باوەڕپێکراوەکانیان ئەو ئەزموونانەمان بیردەخەنەوە کە دەکەونە دەرەوەی بازنەی تیۆرییە “زانستییەکان”. قەدرگرانین بەرانبەر بەوەی کە خەڵک هەندێکجار لەجیاتی وەرگرتنی ئەوپەڕی سوود، خۆیان دەکەنە قوربانی، بۆ نموونە بۆ هەستکردن بە باڵادەستی ئەخلاقی یانیش ڕەوشتبەرزی. لە ڕۆمانی براکانی کارمازۆڤ (١٨٨٠)، زۆسیما سەرنجی دا کە دەکرێت زۆر خۆش بێت قسەی ناشرینت بەرانبەر بکرێت و ئیهانە بکرێیت، فیۆدۆر پاڤلۆڤیچیش لە وەڵامدا دەڵێت دەتواندرێت بیخەینە قاڵبێکی ئەرێنییەوە.

 

مرۆڤ تەنیا بابەتێکی ئۆبجێکتی نییە، هەروەها هەر شتێک دەکەن، گرینگ نییە چەند خود داڕمێنەر و تێکشکێنەر بێت، بۆ ئەوەیە پێچەوانەکەی بسەلمێنن.

لەڕاستیدا، مرۆڤ بۆ زۆر هۆکار ئازاری خۆیان دەدەن. خوێ دەکەن بە برینەکانیانەوە و چێژێکی تایبەتی لێوەردەگرن. بەئەنقەست سووکایەتی بەخۆیان دەکەن. بۆ هەژەندی خۆیان، ئەزموونی ئەو پاڵنەرانە دەکەن کە لە خراپ مامەڵە لەگەڵ کرانەوە سەرچاوەیان گرتووە و ماوەیەکی زۆرە سەرکوتکراون، و لە ئەنجامدا، دیمەنی ئابڕووبەرانە درووست دەکەن و تاوانی قێزەون ئەنجام دەدەن. فرۆید بەتایبەتی قەدرگرانی گەڕانی دۆستۆیڤسکی بووە بەناو داینامیکی هەستکردن بە گوناهـ.، بەڵام نە فرۆید و نە زۆربەی خوێنەرانی ڕۆژئاوا درکیان بەوە کردووە کە دۆستۆیڤسکی مەبەستی بووە لە ڕێگای ئاڵۆزی مرۆڤەوە وانە و پەیامی سیاسییانەی خۆی بگەیەنێت. ئەگەر خەڵک ئەوەندە پڕ هەژەندن، ئەوەندە “پێناسەنەکراو و نهێنی ئامێزن،” کەواتە شارەزا کۆمەڵایەتییەکان زیانیان زیاترە لە سوودیان.

 

گێڕەڕەوەی ڕۆمانی خانەی مردووان باسی ئەوە دەکات کە چۆن بەندکراوەکان هەندێکجار، بەبێ هیچ هۆکارێکی دیار، لەناکاو کردارێکی زۆر داڕمێنەر بەرانبەر خۆیان دەکەن. ڕەنگە هێرش بکەنە سەر پاسەوانێک، سەرەڕای ئەوەی دەکرێی هەندێکجار سزاکە زۆر کوشندە بێت. بۆچی؟ گەوهەری مرۆڤایەتی لە ئەگەری هەژەند و سورپرایزدایە. ڕەفتاری بابەتی ئۆبجێکتەکان دەتواندرێت بە تەواوەتی لەلایەن یاساکانی سرووشتەوە ڕوون بکرێنەوە و، بۆ مەتریاڵیستەکان هەمان شت بۆ مرۆڤیش ڕاستە، ئەگەر هێشتاکەش وانەبێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا لەلایان دەبێتە هەمان شت. بەڵام مرۆڤ تەنیا بابەتێکی ئۆبجێکتی نییە، هەروەها هەر شتێک دەکەن، گرینگ نییە چەند خود داڕمێنەر و تێکشکێنەر بێت، بۆ ئەوەیە پێچەوانەکەی بسەلمێنن.

 

هەروەک دۆستۆیڤسکی ئەزموونی کردووە، هەموو مەبەستی بەندینخانە ئەوەیە کە توانای خودبڕیاردان سنووردار بکات. بەڵام ئەوەی دەمانکات بە مرۆڤ هەڵبژاردنە. ئەو زیندانیانەی هێرش دەکەنە سەر کەسی تر و لە شت هەڵدەدەن، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پەرۆشی و ئارەزوویەکی زۆر بۆ هەبوونی ئیرادە و ویستێکی تایبەت بەخۆیان، ئەو ئارەزووە زۆرەش لەکۆتاییدا زۆر لە سەلامەتی و تەنانەت لە ژیانیش گرینگترە بۆیان.

 

گێڕەڕەوە بێناوەکەی دۆستۆیڤسکی لە ١٨٦٤ لە نۆڤێلای یاداشتە ژێرزەمینییەکان، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئاواتی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بۆ دۆزینەوەی یاسا پتەوەکانی ڕەفتاری مرۆڤ هەڕەشەی بچووکردنەوەی مرۆڤە بۆ “تەختەکلیلی پیانۆ و ئۆرگان ستۆپ (دروستکردنی جۆرێکی تایبەت لە دەنگ).” ئەگەر یاسای وەها هەبن، دەڵێت: “ئەگەر ڕۆژێک بەڕاستی هاوکێشەیەک بدۆزنەوە بۆ هەموو ئارەزوو و ویستە سەرپێی و لەناکاوەکانمان، ئەوکاتە هەمووان درک بەوە دەکەن کە “هەموو شتێک بەپێی یاساکانی سرووشت خۆی ئەنجام دەدرێت.”  هەرکە ئەم یاسایانە دۆزرانەوە هیچی تر کەس بەرپرسیار نابێت بەرانبەر بە کردارەکانیان.

ئەوکاتە بێگومان هەموو کردارەکانی مرۆڤ بەرنامەڕێژییان بۆ دەکرێت بەپێی ئەو یاسایانە، بیرکاریانە، وەک تەختەی لۆگاریتمییەکان هەتا سەدوهەشت هەزار…. ئەوکاتە بەرهەمێکی ڕێنماییکار بڵاودەکرایەوە وەک فەرهەنگی ئینسکلۆپیدیای ڕۆژگاری ئەمڕۆ، کە تێیدا هەموو شتێک بە ڕوونی حساباتی بۆ دەکرا و ڕێکدەخرا کە چیتر… سەرکێشییەک لە جیهاندا نەدەما… ئەوکاتە کۆشکی کریستاڵی (یوتۆپیا) بنیاد دەنرێت.

 

هیچ سەرکێشییەک بوونی نەدەما، چونکە سەرکێشی نادڵنیایی لەخۆدەگرێت و، نادڵنیاییش ئەو ساتانە لەخۆدەگرن کە بەڕاستی گرینگن: لەسەر بنەمای ئەوەی کەسێک چی دەکات، زیاتر لە دەرئەنجامێک دەشێت ڕوو بدەن. بەڵام بۆ کەسێکی چارەنووسباوەڕ (دیتێرمینیست)، یاساکانی سرووشت دڵنیایی ئەوە دەدەن کە هەر ساتێک دەکرێت یەک ئەنجامی هەبێت. نادڵنیایی تەنیا وەهمێکە لە ئەنجامی نەزانینی چی دەبێتەوە دێتە بوون. (بە واتایەکی تر، گومان کاتییە و دەتوانرێت لەڕێگای مەعریفە و زانین و تێگەیشتنەوە کاڵ ببێتەوە. -و)

 

ئەگەر وابێت، هەموو ئەو ئازارەی لە ساتی هەڵبژاردنەوە تووشمان دەبێت بێمانان. هەستکردن بە گوناهـ و پەشیمانیش، بەوپێیەی هەردوو هەست پەیوەستن بە ئەگەری کردنی شتێکی تر. ئێمە ئەزموونی ئەو شتانە دەکەین کە پێویستە لەسەرمان، بەڵام هیچ شتێکی لێ وەدەست ناخەین. هەروەک چۆن تۆڵستۆی باسی ئەم خاڵەی کردووە لە ڕۆمانی جەنگ و ئاشتی، “ئەگەر دان بەوەدا بنێین کە ژیان دەتوانرێت بە ڕەهایی و بەتەنیا لەلایەن عەقڵەوە بگوزەرێنرێت، ئەوا ئەگەری ژیان لەناو دەچێت.”

 

بە دەروونناس ناوم دەبەن، لەکاتێکدا ئەمە ڕاست نییە، من تەنیا واقیعبینێکم لە بەرزترین ئاستدا.” -دۆستۆیڤسکی

ڕوانگەی گریمانەیی “زانستی”ی مرۆڤ مەردووم دەکات بە ئۆبجێکت، بە مانای وشە لە بەها مرۆڤایەتییەکان دایان دەبڕێت، و ناکرێت سووکایەتییەکی لەوە گەورەتر هەبێت. “بەدرێژایی ژیانم لەلایەن یاساکانی سرووشت ئیهانە کراوم” پیاوی ژێرزەمینەکە بەتەوسەوە چاودێری دەکات و، دەگاتە ئەو ئەنجامگیرییەی کە مرۆڤەکان بەرانبەر هەر بەرپەچدانەوەیەک لە مرۆڤایەتییان یاخی دەبن. سەرقاڵی ئەو شتە دەبن کە پێی دەڵێت “ڕق،” کردارێک ئەنجام دەدەن بەبێ هیچ هۆکارێک جگە لەوەی پیشانی بدەن کە دەتوانن بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بجووڵێنەوە و، بەبێ گوێدانە هەرشتێک کە  بەناو یاساکانی دەرووناسی مرۆڤ پێشبینی دەکەن.

 

“بە دەروونناسم ناودەبەن، لەکاتێکدا ئەمە ڕاست نییە، من تەنیا واقیعبینێکم لە بەرزترین ئاستدا، من وێنای هەموو قووڵاییەکانی ڕۆحی مرۆڤ دەکەم.” دۆستۆیڤسکی نکۆڵی لەوە دەکرد دەروونناس بێت، چونکە ئەو بە پێچەوانەی شارەزایانی ئەو زانستە، باوەڕی وابوو کە خەڵک بەڕاستی بکەرن، کە بژاردەی ڕاستەقینە دەکەن و دەتوانرێت بە بەرپرسیار دابنرێن لەمەڕ کردارەکانیان. دۆستۆیڤسکی نکۆڵی لەوە دەکرد دەروونناس بێت، چونکە ئەو بەپێچەوانەی شارەزایانی ئەو زانستە، باوەڕی وابوو کە خەڵک بەڕاستی بکەرن، کە بژاردەی ڕاستەقینە دەکەن دەتوانرێت بەبەرپرسیاریش دابنرێن. گرینگ نییە کەسێک چۆن بەتەواوەتی وەسفی ئەو هێزە دەروونی و کۆمەڵایەتییانە دەکات کە کاریگەری لەسەر تاک درووست دەکەن، هەمیشە شتێك دەمێنێتەوە، هەندێک “سەرباقی مرۆڤایەتی،” هەروەک میخایل باختینی فەیلەسووف ڕاڤەی بیرۆکەی دۆستۆیڤسکی کردووە. دڵخۆشین بەو سەرباقییە، “مرۆڤی ناو مرۆڤەکە” هەروەک دۆستۆیڤسکی باسی کردووە و، بە هەموو باجێک پارێزگاری لێ دەکرێت. (دۆستۆیڤسکی لێرەدا ئاماژە بە دەروونی قووڵی مرۆڤ دەکات، هەروەها لە سەرباقی مرۆڤایەتییش مەبەستی لەو شتانە دێت کە لەلامان بەبایەخن و پێناسەی تاکێتیمانی پێ دەکرێت. -و)

 

بڕگەیەک لە یاداشتە ژێرزەمینییەکان پەرۆشی پیشاندەدات بۆ ڕۆمانە دیستۆپیا هاوچەرخەکان، کارەکانی وەک ڕۆمانی ئێمەی یەڤگێنی سڤایتن (١٩٢٠-١٩٢١) یانیش جیهانی نوێی ئازای ئەڵدۆوس هێکسڵی (١٩٣٢)، کە تێیدا پاڵەوانەکان یاخی دەبن بەرانبەر بەختەوەرییە گرەنتیکراوەکانیان. دەیانەوێت ژیانیان موڵکی خۆیان بێت. مرۆڤێک بخەرە ناو یوتۆپیاوە، پلانداڕێژی بۆ “وێرانکاری و ئاژاوە “دەکات، شتێکی بزێو دەکات و، ئەگەر دەرفەتیشی پێ بدرێت، دەگەڕێتەوە جیهانی ئازارەکان. هەروەک پیاوە ژێرزەمینییەکە لێی ورد دەبێتەوە و تێبینی دەکات. بەکورتی، “هەموو کارەکانی مرۆڤ پێدەچێت هیچ لەخۆ نەگرێت جگە لەوەی کە بیسەلمێنێت کە مرۆڤە و ئۆرگان ستۆپ نییە. ڕەنگە باجەکەی گیانی خۆی بێت، بەڵام دەبێت بیسەلمێنێت.”

 

لە وتارێکدا کە بەڕواڵەت تەرخانکراوە بۆ کەفوکوڵی ڕووسیا بۆ کۆبوونەوەی بانگرکردنی ڕۆح و پەیوەندیکردن لەگەڵ جنۆکە و شەیتان، دۆستۆیڤسکی باسی ئەو ناڕەزاییە گوماناوییە دەکات کە بەو پێیەی ئەو شەیتانانە دەتوانن زۆر بە ئاسانی بوونی خۆیان بسەلمێنن بەوەی چەند داهێنانێکی ئەفسووناویمان پێبدەن، کەواتە ناکرێت بوونیان هەبێت کە نایکەن. ئەمان تەنیا ساختەکارێکی گوناهکارن بۆ ساویلکەکان بەکاری دەهێنن. دۆستۆیڤسکی بە زمانێک وەڵام دەداتەوە کە ئەم ئارگومێنتە شکست دەهێنێت چونکە شەیتانەکان (واتا ئەگەر بوونیشیان هەبێت) ئەو ڕقوکینەیە دەبینن کە خەڵک لە کۆتاییدا دەیانبێت بەرانبەر ئەنجامی ئەو یوتۆپیایەی درووست بووە و ئەو شەیتانانەشی کە بوونەتە هۆکاری درووستبوونی.

 

بۆ دڵنیابوون، خەڵک سەرەتا بەپەرۆش دەبن، “وەک خەونی سۆشیاڵیستەکانمان،” کە هەموو پێویستییەکانمان پڕ دەکرێنەوە، “ژینگەی گەندەڵکار، کە سەردەمانێک سەرچاوەی هەموو کەموکوڕییەک بوون،” ون بوو و، لەوە زیاتر هیچمان نەدەویست. بەڵکە لە ماوەی نەوەیەکدا، لەناکاو خەڵک درک بەوە دەکەن چیتر ژیانیان نەمابوو، هیچ ئازادییەکی ڕۆحییان، هیچ ئیرادە و ویستێک، هیچ کەسایەتییەکیان نەبوو…. درک بەوە دەکەن وێنای مرۆڤیان لەبەرچاوان ون بووە… ژیانیان لەپێناو پارووە نانێک زەوت کراوە، بۆ “بەردەکان گۆڕان بۆ پارووە نان.” هەست پێ دەکەن کەوا هیچ دڵخۆشی و ئاسوودەییەک لە ناچالاکی بەدی ناکرێت، ئەو عەقڵەی کە تێناکۆشێت تووشی ژاکان دەبێت، ناتوانرێت دراوسێیەکت خۆشبوێت بەبێ بە کارێک قوربانی بۆ نەکەیت… هەروەها خۆشبەختی لە بەختەوەریدا نییە، بەڵکو لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانیدایە.

 

یانیش هەروەک پیاوی ژێرزەمینەکە تێبینی دەکات، شارەزا کۆمەڵایەتییەکان وێنای جیهانێکی “تەواو” دەکەن، وەک بەرهەمێکی تەواوکراوی بێخەوش. لەڕاستیدا، “سیستەمێکی سەرسوڕهێنەری لەم جۆرە” ئێستا هەیە: “تەپە مێروولە.” تەپە مێروولە بوو بە دڵخوازترینی وێنای سۆشیاڵیزمی دۆستۆیڤسکی.

 

مرۆڤایەتی بە پێچەوانەی مێروولەوەیە، پێویستی تەنیا بە بەرهەم نییە، بەڵکوو بە پڕۆسێسیشە. تێکۆشان و هەوڵدان تەنیا کاتێک بایەخی هەیە کە ئەگەری شکستهێنانی هەبێت، لەکاتێکدا هەڵبژاردنەکان تەنیا کاتێک بەهادارن کە جیهان بەرگەنەگرە و پشت دەبەستێت بەوەی ئێمە شتێک دەکەین لەجیاتی شتێکی تر. “لەگەڵ تەپەمێروولە، ڕەگەزی ڕێزداری مێروولەکان دەستی پێکرد و بە دەکرێت تەپەمێروولە کۆتایی بێت، کە ئەمەش گەورەترین شانازی دەدات بە کۆڵنەدان و جێگربوونیان. بەڵام مرۆ بوونەوەرێکی هەڵەشەیە، وەک یاریزانانی شەتڕەنج، تەنیا پێۆسەی یاریەکەیان حەز لێیە، نەوەک کۆتاییەکەی.”

 

کاتێک دوو جارانی دوو دەکەیت ئەنجامەکە هەمیشە یەک شتە، هیچ گومان، نادڵنیایی و هەژەندێک بوونی نییە.”

پیاوی ژێرزەمینییەکە ئاوەز دەکات و دەڵێت ” تاکە ئامانجی مرۆڤایەتی لەسەر زەوی تەقەڵای بەردەوامی پڕۆسەی سەرکەوتنە، یانیش بە واتایەکی تر، سەرکەوتن لە خودی ژیاندا و، بێگومان لەو ئامانجانە نا کە هەمیشە پێویستە ‘جارانی دوو دەکاتە چوار،’ ئەوە دەستوورێکە، دواییش جارانی دوو دەکاتە چوار هیچی تر ژیان نییە بەڕێزان، بەڵکو سەرەتای مەرگە.” (مەبەست لە جارانی دوو دەکاتە چوار هیچی تر ژیان نییە، ئەوەیە کە ئەم جۆرە بیرکردنەوە بەربەست دەبێت لەوەی هەمەجۆری ژیان ئەزموون بکەین و هەموو ئامانجمان شتێکی دیاریکراو بێت لەکۆتاییدا، نەوەک تەقەلای بەردەوام. -و) کاتێک دوو جارانی دوو دەکەیت ئەنجامەکە هەمیشە یەک شتە: هیچ گومانێک، نادڵنیایی و هەژەندێک بوونی نییە. پێویست ناکات چاوەنواڕ بیت ئاخۆ ئەنجامی ئەم ژمارانە ئەمجارە چییە. ئەگەر ژیان بەم جۆرە بێت، بێمانایە. لە هەڵچوونی توڕەیی ئاوەز، پیاوی ژێرزەمینییەکە دەگاتە ئەنجامگیرییە بەناوبانگەکە:

دوو جارانی دوو یەکسانە بە چوار بە سادەیی بۆ من سووکایەتییە. دوو جارانی دوو یەکسانە بە چوار لۆژیکی و ڕاستە، دانی پێدادەنێم شتێکی زۆر چاکە، بەڵام ئەگەر هەق بە هەموو شتێک بدەین، دوو جارانی دوو یەکسانە بە پێنج هەندێکجار دەکرێت شتێکی دڵڕفێن بێت.

 

لەسەر هەمان بابەت، کارەکتەرێکی ڕۆمانی گەمژەی دۆستۆیڤسکی دەڵێت: ڕەنگە دڵنیا بیت کە کۆڵۆمبەس دڵشاد نەبوو کە ئەمریکای دۆزییەوە، بەڵکو دڵشادییەکەی ئەوکاتە بوو کە بەدوایدا دەگەڕا. ئەوەی گرینگە ژیانە، هیچ شتێک جگە لە ژیان. پڕۆسەی دۆزینەوە و حاڵی بوون، پڕۆسە هەمیشەییەکە گرینگە، نەک خودی دۆزینەوە و حاڵی بوونەکە.

 

خەڵکی بەردەوام لە پڕۆسەی گەشەکردندان، هەروەک باختین ئاماژەی پێدەدات “دوایی پێهێنراو نین.” توانای پاراستنی خۆیانیان هەیە لە هەر نیشانەیەک لەسەریان دابنرێت. هەتاکو کەسێک لە ژیاندا مابێت، بەو هەقیقەتەوە دەژی کە هێشتا دوایی نەهاتووە و بەردەوامە لە گەشە، کە هێشتا دوا قسەی ماوە بۆ گوتن.

 

ڕەفتاری ئەخلاقی داوای ئەوەمان لێ دەکات وەک مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ خەڵک بکەین، نەک ئۆبجێکت، و ئەمەش واتا پێویستە ڕەفتارێکی ڕێزدارانە بەرانبەر ئاڵۆزییەتیان بنوێنین. نابێت هیچ کەسێک بەرانبەر کەسانی تر زۆر دڵنیا بێت، ئیدی بەرانبەر کۆمەڵ یاخوود تاک بێت. لە ڕۆمانی براکانی کارامازۆڤ، ئالیۆشا بۆ لیسای ڕووندەکاتەوە کە سەرهەنگ سینگریۆڤی ڕسوا و لاوازکراو، کە لەبەر لووتبەرزی خۆیەوە بڕە پارەیەکی زۆری ڕەتکردەوە، گەر ئەمجارە پێشکەشی بکرێتەوە بێگومان وەریدەگرێت.

 

ڕەفتاری ئەخلاقی داوای ئەوەمان لێ دەکات وەک مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ خەڵک بکەین، نەوەک ئۆبجێکت، و ئەمەش واتا پێویستە ڕەفتارێکی ڕێزدارانە بەرانبەر ئاڵۆزییەتیان بنوێنین. نابێت هیچ کەسێک بەرانبەر کەسانی تر زۆر دڵنیا بێت، ئیدی بەرانبەر کۆمەڵ یاخوود تاک بێت. لە ڕۆمانی براکانی کارامازۆڤ، ئالیۆشا بۆ لیسای ڕووندەکاتەوە کە سەرهەنگ سینگریۆڤی ڕسوا و لاوازکراو، کە لەبەر لووتبەرزی خۆیەوە بڕە پارەیەکی زۆری ڕەتکردەوە، گەر ئەمجارە پێشکەشی بکرێتەوە بێگومان وەریدەگرێت. بەدڵنیاییەوە ئەو دیارییە زۆر پێویستە قبوڵ دەکات دوای پاراستنی شکۆ و شەوکەتی. لیسا وەڵام دەداتەوە:

گوێبگرە ئالێکسی فیدۆرۆڤیچ. ئایا لە هەموو پێشبینی و شیکارییەکانماندا نییە… کە ئێمە سووکایەتی نیشان بدەین، بەرانبەر ئەو پیاوە هەژارە- ئاوا لێکدانەوە بۆ ڕۆحی ئەو بکەین، وەک بڵێیت ئێمە لەسەرووی ئەوەوەین؟ لەوەی ئەوەندە دڵنیاین کە ئەو پارەکە وەردەگرێت؟

 

دۆستۆیڤسکی نەک تەنیا لە پێویستی ئازادیمان، بەڵکو لە ئارەزووی دەربازبوونمان لێیشی تێگەیشتبوو. ئازادی بەدانی باجێکی قوڕس دێتە دی و، ئازادی بەدانی باجێکی قوڕس دێتە دی و، جوڵانەوە کۆمەڵایەتییەکانیش کە بەڵێنی ڕزگاریمان پێدەدەن هەمیشە قوربانیدانێکی تری ئازادی داوا دەکەن. ئەمەش بابەتی بەناوبانگترین لاپەڕەکانی دۆستۆیڤسکییە کە تا نووسیبێتی، “لێپرسەرە مەزنەکە”، چاپتەرێک لە ڕۆمانی براکانی کارامازۆڤ. ئیڤانی ژیر لەڕێگای هۆنراوە نا، بەڵکو نووسراوەوە قوڵترین خەم و نیگەرانییەکانی بۆ برا لەخواترسەکەی، ئایلۆشیا، بەیان دەکات.

لە ئیسپانیا لە سەردەمی لێپرسیاری، چیڕۆکەکە بە سووتانی لەدینهەڵگەڕاوەکان دەستپێدەکات لەلایەن لێپرسیارە گەورەکەوە لە ئۆتۆ-دا-فییەکدا. لەکاتێکدا کە بۆنی بڵێسەی ئاگرەکە تێکەڵ ببوو بە کەشی شکست و سەرکەوتن، خەڵکەکە وەک مەڕ، شاهێدی شانۆیەکی تۆقێنەر دەدەن کە لەهەمان کاتدا هەم پیاهەڵدانیان دەکرد و دەشترسان لێی (وەک ئاماژەیەك بۆ هەستی تێکەڵ و ئاڵۆزی مرۆڤ). ماوەی پانزە سەدە بوو عیسای مەسیح بەڵێنی گەڕانەوەی بەخێرایی دابوو و، تامەزرۆی نیشانەگەلێک بوون لێی. بە بەزەییە بێکۆتاییەکەی، بڕیاری دا خۆی پیشانیان بدات. بەهێوری و لەسەرخۆیی، لەنێویاندا دەجوڵێتەوە، دەستبەجێ دەیناسنەوە. “شێوازی ناسینەوەی، دەکرێت یەکێک بێت لە باشترین کۆپلەکانی ناو شیعرەکە.” ئیڤان بەمۆن و خاکەڕاییانە ئەمەی گوت. ئەی چۆن دەزانن ئەو کەسە فێڵباز نییە؟ پەرسڤەکەش ئەوەیە کە کاتێک چاکەیەکی ئیلاهی و پیرۆز دەبینیت، ئەوەندە جوانە کەس ناتوانێت گومانی لێ بکات.

ئۆتۆ-دا-فی: ئاماژەیە بۆ ڕێوڕەسمێکی گشتی تەوبە و سزادان بۆ زاهیدەکان یانیش ئەوانەی تاوانبارن بە تاوانی ئایینی. تێیدا تاکەکان حوکم و سزا دەدران، زۆربەی کاتیش بە دارێکەوە دەسووتێندران. لەسەدەی پازدە بۆ نۆزدە لەلایەن لێپرسەرەکانی ئیسپانیا و مەکیسیک و پرتوگالەوە دەسەپێنرا بەسەر لەئایین‌لاداوەکان و دەسەڵاتی مەدەنی جێبەجێی دەکرد.

 

لێپرسەکە دەشزانێ کێ نامۆکەیە، و دەستوبرد فەرمانی دەستگیرکردنی دەدات! جێگری مەسیح (مەبەستی لە قەشەیە) دەستگیری دەکات! بۆچی؟ و بۆچی پاسەوانەکان گوێڕایەڵی دەکەن و خەڵکیش بەرهەڵستی ناکەن؟ وەڵامی ئەو پسیارانەمان دەستدەکەوێت کاتێک لێپرسەکە سەردانی زیندانییەکە (وەک ئاماژەیەک بۆ عیسای مەسیح) دەکات لە خانەکەیدا ڕاز و هەستی دڵی بۆ پەخشان دەکات. (وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی خەڵک وادەزانن ئەم لێپرسەرە ڕاوێژی بە عیسای مەسیح کردووە و بەمشێوەیە گەیشتووە بە بڕیاری کۆتایی. -و)

 

دمیتری دەڵێت: “مرۆڤ سرووشتی بەرفراوانە، زۆر ئاڵۆزە، خۆزیا تێگەیشتن لێی ساناتر دەبوو!”

بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، لێرپرسەرەکە ڕوونکردنەوە دەدات، دوو ڕوانگە و تێڕوانین بۆ ژیان و سرووشتی مرۆڤ لەگەڵ یەکتردا ململانێیان کردووە. هەریەکەیان ناو و دۆگما تایبەتەکانیان دەگۆڕن بۆ هاوتەریب بوون لەگەڵ شوێن و کاتدا، بەڵام بیرۆکەی سەرەکی و بەهایان هەروەک خۆی دەمێنێتەوە. یەکێک لەو ڕوانینانە ئەوەیە کە لێپرسەرەکە ڕەتی دەکاتەوە: مرۆڤەکان تەنیا ئەوکاتە ئازادن و چاکە واتای هەیە کە بە ئازادی هەڵدەبژێردرێن. ڕوانگەکەی تر، لەلایەن لێپرسەرەکەوە قبوڵ کراوە. دەڵێت ئازادی ئازارێکی بەرگەنەگیراوە، چونکە دەبێتە هۆی هەستکردن بە ئازارێکی زۆری ویژدانی، پەشیمانی، نیگەرانی و نادڵنیایی و گومان. ئامانجی ژیان ئازادی نییە، بەڵکو خۆشبەختی و کامەرانییە، و بۆ بەدەستهێنانی بەختەوەریش خەڵک پێویستە خۆیان لە بیرۆکەی ئازادی ڕزگار بکەن و ببنە هەڵگری فەلسەفەیەک کە بانگەشەی هەبوونی هەموو وەڵامێک دەکات. سێهەم برای کارامازۆڤ، دمیتری، دەڵێت: “مرۆڤ سرووشتی بەرفراوانە، زۆر ئاڵۆزە، خۆزیا تێگەیشتن لێی ساناتر دەبوو!”، و لێپرسەرەکەش دڵنیایی خۆشبەختی مرۆڤ دەدات بە “سانا کردنەوەی” سرووشتی مرۆڤ.

 

کاسۆلیکی سەدەکانی ناوەڕاست بەناوی مەسیحەوە قسە دەکات، بەڵام لەڕاستیدا نمایندەی فەلسەفەی لێپرسەرەکە دەکات. هەربۆیە لێپرسەرەکە عیسای دەستگیر کرد و ویستی سووتاندنی هەبوو بە گوناهی گەورەترین لەدین هەڵگەڕاوە. لە سەردەمی ئێمەدا، دۆستۆیڤسکی دڵنیایی دەدات، کە ڕوانگەی لێپرسەرەکە فۆڕمێکی سۆشیالیزمی وەرگرتووە. هەروەک لەسەردەمی کاسۆلیکی سەدەکانی ناوەڕاستدا، خەڵکی ئازادی خۆیان ڕادەستی سەلامەتی دەکەن و ئازاری ساتی هەڵبژاردن دەگۆڕنەوە و قایل دەبن بە دڵنیایی. بەم کردارەیان سرووشتی مرۆڤایەتییان لەدەست دەدەن، بەڵام سەودایەکی شایستەیە.

 

بۆ ڕوونکردنەوەی پێگەکەی، لێپرسەرەکە دووبارە چیڕۆکی سێ تەفرەدانەکەی عیسا لە کتێبی ئینجیل دەگێڕێتەوە، چیڕۆکێک کە لە ڕوانگەی ئەوەوە، ململانێ بنەڕەتییەکانی بوونی مرۆڤ دەردەبڕێت وەک ئەوەی تەنیا ژیرییەکی خودایی توانیبێتی دەریببڕێت. ڕەوانبێژییانە دەڵێت، دەتوانی وێنای بکەیت کە ئەگەر ئەم پرسیارانە ون ببوونایە، هەر گرووپێکی بیرمەندان دەیانتوانی دووبارە درووستی بکەنەوە؟

لە ڕاڤەی لێپرسەرەکە، شەیتان یەکەمجار داوای ئەمە دەکات:

تۆ دەتویست بچیتە جیهان… بە هەندێک بەڵێنی ئازادییەوە کە مرۆڤ بە سادەیییەکەیەوە… ناتوانێت تەنانەت تێیشیبگات، لەڕاستیدا لێیشی دەترسن، مرۆڤ و کۆمەڵگای مرۆیی ناتوانن لەگەڵ ئازادیدا هەڵبکەن و پشتگیری نەکراوە لەلایەن هەردوو لاوە. بەڵام ئەم بەردانە دەبینیت لەم هەرێمە بێبەرهەم و وشکەدا؟ بیانکە بە نان و، مرۆڤایەتی وەک چۆن مەڕ دوای شوان دەکەوێت کوێرانە، دووات دەکەون.

 

عیسا لە وەڵامدا دەڵێت: “مرۆڤ ناتوانێت تەنیا بە نان ژیان گوزەر بکات.” لێپرسەرەکە وەڵام دەداتەوە، بەڵام هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەبووایە عیسا فریوی شەیتان بخوات. مرۆڤ وێڵە بەدوای ماناوە، بەڵام هەرگیز ناتوانن دڵنیا ببنەوە کە مانای ڕاستەقینەیان لە ساختە و فرتوفێڵەوە جیاکردووەتەوە یان نا. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە دەستدرێژی دەکەنە سەر بێباوەڕەکان و هەوڵ دەدەن ئەو نەتەوانە بگۆڕن یان داگیر بکەن کە باوەڕێکی جیاوازیان هەیە، وەک بڵێیت پەیامێکی جیهانگیرییەکەی بەڵگەیەک بێت بۆخۆی. تەنیا شتێک کە کەس گومانی لێی نەبێت: دەسەڵاتی ماددەییە. لایەنی کەم کە بەدەست ئازارێکی گەورەوە دەتلێینەوە، دڕدۆنگی تێدا نییە و دڵنیاین لە ئەزموونەکەمان. بە واتایەکی تر، داخوازی مەتریاڵیزم بابەتێکی ڕۆحییە! خەڵکی قبووڵیانە، چونکە شتێکە لێی دڵنیان. (مەبەست لە بابەتی ئایینی نییە، بەڵکو پێویستی ڕۆحی مرۆڤە بۆ بەختەوەری و سەلامەتی. -و)

 

هیچ شتێک بەقەد ئازادی ئاگایی مرۆ بۆخودی خۆی فریودەرتر نییە، بەڵام هۆکاری گەورەتر لەوە بۆ ئازار بوونی نییە.”

لەجیاتی بەختەوەرکردنی خەڵک بە هەڵگرتنی باری ئازادی لەسەر شانیان، لێپرسەرەکە لە عیسا نزیک دەبێتەوە و پێێ دەڵێت، تۆ ئەو بارەت قوڕستر کرد! “ئایا لەبیرتچوو مرۆڤ ئاشتی و تەنانەت مردنی پێ باشترە وەک لە ئازادی هەڵبژاردنی زانینی چاکە و خراپە؟ هیچ شتێک بەقەد ئازادی ئاگایی و ویژدان مرۆ بۆخودی خۆی فریودەرتر نییە، بەڵام هۆکاری گەورەتر لەوە بۆ ئازار بوونی نییە.” خەڵکی ئارەزوو دەکەن خۆیان بە ئازاد لە قەڵەم بدەن، هەرچەندە لە هەقیقەتیشدا وا نەبن، هەر بۆیە لێپرسەرەکە دەڵێت، باشترە ئازاد نەبوون بە بەرزترین فۆرمی ئازادی ڕەچاو بکەین، هەروەک چۆن سۆشیاڵیستەکان سنوور دانان بە فۆرمی بەرزی ئازادی دادەنێن.

 

بۆ ئەوەی کەسێک دڵخۆش بکەیت، پێویستە هەموو گومانەکانی بڕەوێنیتەوە. خەڵک نایانەوێت بەریەککەوتنیان لەگەڵ ئەو زانیارییانە هەبێت کە بە پێچەوانەی بیروباوەڕەکانیانەوەیە. پڵۆتی ڕۆمانی برایانی کارامازۆڤ، لەڕاستیدا دەچێتە سەر ئیڤان کە نایەوێت دانی پێدابنێت کە ئارەزوو بە مەرگی باوکییەوە دەکات. بەبێ ئەوەی ڕێگە بەخۆی بدات هەستی پێ بکات، ئاواتەخوازییەکەی ئەگەری ئەنجامدانی ئەو کوشتنە دروست دەکات. کەسێک کە تێنەگەیشتبێت لە فۆڕمە جیاوازەکانی زانین و مەعریفە ناتوانێت لە خەڵک و کۆمەڵگا تێبگات.

 

دواتر شەیتان دەیەوێت زەفەر بە عیسا پێ ببات تا لە شوێنێکی بەرزەوە خۆی فڕێ بداتە خوارەوە بۆ ئەوەی پیرۆزەیی و موقەدەسی خۆی بسەلمێنێت و خوداش بە پەرجۆ ڕزگاری بکات، بەڵام عیسا ڕەتی کردەوە. هۆکارەکە بەگوێرەی لێپرسەرەکە، ئەوەیە کە نابێت باوەڕ بناغەکەی لەسەر پەرجۆ و موعجیزە درووست بکرێت. هەرکە کەسێک شایەتحاڵی موعجیزەیەک دەبێت، ئەوەندە سەرسوڕماو دەبێت کە دڕدۆنگی مەحاڵ دەبێت و، ئەمەش بەو واتایە دێت کە باوەڕ دەبێتە شتێکی مەحاڵ. بە درووستی لێی تێبگەین، باوەڕ هاوشێوەی زانینی زانستی یان وەک بەڵگەیەکی بیرکاری نییە و، بەهیچ شێوەیەک وەک قبوڵکردنی یاساکانی نیوتن یان تیۆرییەکانی فیساگۆرس نییە. باوەڕ تەنیا لە جیهانی نادڵنیایی بوونی هەیە، چونکە تەنیا ئەوکاتە دەتوانرێت بە ئازادی هەڵبژێردرێت.

 

تاکێك پێویستە ڕەفتاری ئەخلاقی بنوێنێت بەبێ ئەوەی چاوەڕێی پاداشتێک بێت، چ پاداشتی ئەم دونیایە بێت یان دونیاکەی تر، بەڵکو بە سادەیی چونکە ڕەفتاری ئەخڵاقییانە کارە ڕاستەکەیە. کەسێک کە ڕەفتاری ئەخلاقی دەنوێنێت بۆ وەرگرتنی پاداشتێکی ئاسمانی چاکە دەگۆڕێت بۆ وریایی و حوکمدانی کۆتایی، وەک پاشەکەوتکردن بۆ خانەنشینی. عیسا پەرجۆی دەکرد، بەڵام گەر لەبەر ئەوە بڕوات پێیەتی، کەواتە تۆ کریستیان نیت، سەرەڕای ئەو قسانەی پەرستگاکان دەیکەن.

 

لەکۆتاییدا ئەهریمەن ئیمپراتۆرییەتی جیهان پێشکەشی عیسای مەسیح دەکات، کە ڕەتی دەکاتەوە، بەڵام بەگوێرەی لێپرسەرەکە، عیسای مەسیح دەبووایە ئەو ئۆفەرەی ئەهریمەن قبوڵ بکات. لێپرسەرەکە بە عیسای مەسیح دەڵێت: تاکە ڕێگایەک کە خەڵک لە دڕدۆنگی بەدوور بگرێت، موعجیزە و پەرجۆ، نهێنی (تەنیا باوەڕمان پێ بهێنە، ئێمە باشتر دەزانین) و، دەسەڵاتەوەیە، کە ئیمپراتۆریەتی جیهانی دەتوانێت دابینی بکات. لێپرسەرەکە بۆی ڕوون دەکاتەوە،  تەنیا کەمینەیەکی خەڵک دەتوانن بگەن بە ئازادی، بۆیە فەلسەفەکەت بەشە زۆرەکەی مرۆڤایەتی مەحکومی بێچارەیی و نەهامەتی دەکات. لێپرسەرەکە بە ساردییەوە پێی گوت، ئێمە “کارەکەتمان ڕاستکردەوە.”

 

لە ڕۆمانی ئەهریمەنەکان (١٨٧١)، دۆستۆیڤسکی پێشبینییەکی سەرسوڕمێنەرانە ورد و ڕاست بۆ سرووشتی تۆتالیتاریانیزم دەکات. لە ڕۆمانی براکانی کارامازۆڤ پرسیاری ئەوە دەکات کە ئایا بیرۆکەی سۆسیالیست تەنانەت لە تیۆرییشدا باشە یاخود نا. شۆڕشگێڕەکانی ڕۆمانی ئەهریمەنەکە بێزراون، بەڵام لەبەرانبەردا لێپرسەرەکە بەتەواوەتی خۆنەویستە. دەزانیت لەبەر گەندەڵیکردن لە وانە و ئامۆژگارییەکانی عیسای مەسیح دەچێتە دۆزەخ، بەڵام ئامادەیە لەپێناو خۆشەویستی مرۆڤایەتی قوربانییەکە بدات. بە کورت و پوختی، خیانەت لە مەسیح دەکات لەپێناو کرسیتیانەکان! لەڕاستیدا، پێیوایە قوربانییەکەی لە هیی خاچەکەی عیسا گەورەترە، لەبەر ئەوەی ژیانی نەمری (دوای مەرگ) کردە قوربانی. دۆستۆیڤسکی بەوپەڕی تواناوە نووکی قەڵەمی دەخاتەگەڕ بۆ دەرخستنی ئەم پارادۆکسانە. بە یەکپارچەیی و ڕاستگۆییە عەقڵانییە بێهاوتاییەکەی، باشترین سۆسیالیست دەخاتە بەر بینا و بە قووڵتر لەوەی سۆسیالیستەکان ڕاستەقینەکان کردوویانە، مشتومڕەکانی سۆسیالیزمی ڕوون کردووەتەوە.

 

ئامادەیت ئازادی هەڵبژاردنت بکەیتە قوربانی بۆ خۆشبەختییەکی گرەنتیکراو؟

ئالیۆشا لەکۆتاییدا دەڵێت: “هۆنراوەکەت لە مەدح و سەنای عیسایە، نەوەک لە گلەییکردن، وەک ئەوەی مەبەستت بوو!” بەوپێیەی هەموو مشتومڕەکان لە دەمی لێپرسەرەکەوە هاتوون و، چۆن دەکرێ عیسا ورتەیەکی لە دەمەوە نەهاتووەتە دەر؟ لەخۆت بپرسە: بەوپێیەی گوێت لە مشتومڕەکانی لێپرسەرەکە بووە، ئامادەیت ئازادی هەڵبژاردنت بکەیتە قوربانی بۆ خۆشبەختییەکی گرەنتیکراو؟ دەتەوێت هەموو بڕیارێکیت لەلایەن کەسێکی ژیرەوە یان باوانتەوە بۆ بدرێت و هەمیشە بە منداڵی بمێنیتەوە؟ یانیش شتێکی باڵاتر لە قەناعەت هەیە؟ بۆ ماوەی چەندین ساڵ ئەو پرسیارەم لە قوتابییەکانم کردووە و، کەس بە سەودای لێپرسەرەکە ڕازی نەبووە.

 

ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە شێوازی بیرکردنەوەی لێپرسەرەکە بەشێوەیەکی بەرچاو لە بەرزبوونەوەدایە. شارەزا کۆمەڵایەتییەکان و فەیلەسووفەکان وایدادەنێن کە خەڵکی بە سادەیی ئۆبجێکتێکی ئاڵۆزن، هیچی تر توانای هەژەندیان نییە، بەهەمان شێوەی کە چۆن یاساکانی سرووشت بەشێوەیەکی پێشبینیکراو ڕادەبن. ڕووناکبیران، لەهەموو کاتێک زیاتر دڵنیان کە دەزانن چۆن بگەن بە دادپەروەری و خەڵک دڵخۆش بکەن، وا سەیری ئازادی مرۆڤ دەکەن کە بەربەست بێت لەبەردەم سەلامەتی و تەندروستیان.

 

لە بەرانبەردا، بۆ دۆستۆیڤسکی، ئازادی، بەرپرسیارییەتی و مومکینییەتی هەژەند پێناسەی بوونی مرۆڤ دەکەن. ئەو مومکینییەتییەیە بایەخ بە هەموو شتێک دەبەخشێت. “یاسا و ڕێساکانی ڕۆحی مرۆڤ هێشتاکە زۆر کەمی درکپێکراون، ئەوەندە ناڕوونە بۆ زانست، ئەوەندە پێناسەنەکراو و هەروەها نهێنی ئامێزە، کە هیچ شارەزایەک نەبووە و نابێت بتوانێت درکی تەواوی پێ بکات،” تەنیا مرۆڤە تەواو نەکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی خودا، ئەو تاکە داینامیکیانییەی توانای تێپەڕینی لە سنوورەکان و گەیشتن بە توانای تەواوی خۆیان لەڕێگەی بڕیار و کردارەکانیانەوە هەیە.

 

سەرچاوەی ڕەسەنی بابەتەکە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...