هه‌ندێکجار ئه‌و پێشداوه‌ری و ستیریۆتایپانه- با زۆرجار ناڕاستیش بن- ده‌کرێت ئه‌رێنی بن و به‌شدارییه‌کی بنیادنه‌رانه بکه‌ن له ڕۆنانی ناسنامه‌ی گرووپێک، بۆ نمونه بۆچوونێکی بڵاو هه‌یه که کورده‌کان ئازان، کوڕی ئیتاڵی که‌شخه‌ن، خه‌ڵکی پاریس ڕاقین، خه‌ڵکی پشده‌ر میوان نه‌وازن. ئه‌و ستیریۆتایپانه ده‌کرێت ڕاست بن و ده‌کرێت ڕاست نه‌بن، به‌ڵام له هه‌ردوو دۆخه‌که‌دا کارکردێکی ئه‌رێنی دروست ده‌که‌ن و هه‌ندێک جار پاڵ به‌و گرووپه‌وه ده‌نێن له‌گه‌ڵ ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌دا بێنه‌وه.
زۆرجاری تریش ئه‌و پێشداوه‌ری و ستریۆتایپانه نه‌رێنین، بۆ نمونه ده‌کرێت ستیریۆتایپێک له‌سه‌ر خه‌ڵکی گوندێک هه‌بێت که گوایه توندوتیژن، یان گرووپێکی ئیتنی یان ئایینی وه‌کو پیسوپۆخڵ، یان دانیشتووانی ناوچه‌یه‌ک وه‌کوو که‌سانی که‌له‌ڕه‌ق ببینرێن. ئه‌و ستیریۆتایپ و پێشداوه‌رییانه که زۆربه‌ی جار ناڕاستن کارکردێکی نه‌رێنی ده‌که‌نه سه‌ر گرووپه‌که و له هه‌ندێک دۆخیشدا سه‌ر ده‌کێشێت بۆ هه‌ڵاواردن و سته‌م و ناڕه‌وایی.
ئیسلامۆفۆبیا وه‌ک پێناسه ئاماژه‌یه به هه‌ڵاواردن، به‌که‌مگرتن، خراپ مامه‌ڵه‌کردن، به‌دگۆیی و توندوتیژی زمانی و هه‌ندێکجار فیزیکیش به‌رانبه‌ر مرۆڤی موسوڵمان و کۆمه‌ڵێک ستیریۆتایپ و پێشداوه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ئه‌و مرۆڤه ته‌نیا له‌به‌ر موسوڵمانبوونه‌که‌ی. ئه‌وه پێناسه‌که‌یه‌تی؛ به‌ڵام من له‌م وتاره‌دا ڕه‌خنه له‌م تێرمه ده‌گرم و هه‌وڵی بنیادنانی دیدێک ده‌ده‌م که ئیسلامۆفۆبیا ناتوانێت گوزارشت له کێشه‌یه‌کی واقیعی بکات، به‌ڵکو هۆشیارییه‌کی ساخته‌یه، ئایدیۆلۆجیایه‌که که هێنده‌ی ڕاستی ده‌شارێته‌وه هێنده شتێکی گرنگمان پێناڵێت له‌سه‌ر بارودۆخی مرۆڤی موسوڵمان و ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ی له خۆرئاوادا ڕوبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه.
ڕۆنانی چه‌مکی ئیسلامۆفۆبیا به‌رئه‌نجامی تێنه‌گه‌یشتن و به‌هه‌ڵه شیکاریی کۆمه‌ڵگا لیبراڵه‌کانی خۆرئاوایه بۆ کێشه‌کانی هه‌ناوی خۆیان. خۆرئاوا له‌به‌رده‌م کۆمه‌ڵێک کێشه‌دایه و له‌ناویاندا کێشه‌ی ئیسلام که نازانێت چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکات و به چه‌مکی ساده و سانای وه‌کوو ئیسلامۆفۆبیا له کۆڵ خۆی ده‌کاته‌وه. چه‌په‌کان وه‌ک ئه‌وه‌ی داهێنانێکی گه‌وره‌یان کردبێت به خوێنگه‌رمییه‌وه به‌و چه‌مکه‌وه نووساون و به‌ڕاده‌یه‌ک پارتی کرێکارانی به‌ریتانیا کۆرسی تایبه‌تی هه‌یه بۆ ئه‌ندامه‌کانی بۆ دژایه‌تی ئیسلامۆفۆبیا. ئه‌و به‌هه‌ڵه پێناسه‌کردنه ده‌بێته ڕێگر له تێگه‌یشتنێکی زانستی له دیارده‌ی ئیسلامیزم، هاوکات باڵی ڕاستی کۆمه‌ڵگا خۆرئاواییه‌کان ڕادیکاڵتر ده‌کاته‌وه و هۆکارێکه له‌ناو چه‌ندان هۆکاری تردا که بۆ نمونه گرووپێکی ڕاستڕه‌وی توندئاژۆی ناو پارتی کۆنزه‌رڤاتیڤ هه‌وڵ بده‌ن ڕووی کۆمه‌ڵگای به‌ریتانی له سه‌دان کێشه‌ی ئاڵۆزی خوێندن و ته‌ندروستی و بێ‌کاری و هه‌لومه‌رجی سه‌ختی ژیان و باج وه‌ربگێڕن و به‌ره‌و هه‌ندێک کێشه‌ی دیکه‌ی ئاڕاسته بکه‌ن. هه‌ردووک به‌ره‌که‌ش، به ڕاست و چه‌په‌وه؛ له جڤاکی موسوڵمانانی ناو وڵاتانی خۆرئاوا و موسوڵمانانی ده‌ره‌وه‌ی خۆرئاواش هه‌ر نه‌فره‌ت و کینه ده‌چننه‌وه.
پێشتر و له ساڵانی سه‌ره‌تای دوو هه‌زاره‌کان، پێش ئه‌وه‌ی تێرمی ئیسلامۆفۆبیا به‌م فراوانییه‌ی ئێستا به‌کار بهێنرێت، چه‌مکێکی دیکه باو بوو که ئه‌ویش ‘مه‌ڵتیکه‌ڵچرالیزم یاخود فره‌کەلتووری’ بوو، ئه‌مه نه‌ک هه‌ر تێرمێک بوو بگره پۆڵه‌سییه‌کی حکوومه‌ت بوو و پاره‌ی بۆ خه‌رج ده‌کرا و کۆڕ و سیمینار و کۆرسی زانکۆ و چه‌ندان ڕێکخراو پێیه‌وه سه‌رقاڵ بوون، دوواتر له‌به‌ر ناکاراییه‌که‌ی و له‌به‌ر ئه‌و به‌رئه‌نجامه پێچه‌وانانه‌ی که لێی که‌وته‌وه و وایکرد کۆمیونیتییه‌کان نه‌ک ئاوێزانی کۆمه‌ڵگای خۆرئاوا نه‌بن، به‌ڵکو هێنده‌ی دیکه ئه‌و گرووپانه‌ی له یه‌کتر دابڕی، وازییان له پۆڵه‌سییه‌که هێنا و بێده‌نگه‌یان لێکرد. پۆڵه‌سییه‌که شکستی خوارد، به‌ڵام ئه‌نجامه‌که‌ی ئه‌وه بوو که ئێستا گرووپه‌کان له‌ناو یه‌کتردا ناژین، به‌ڵکو له ته‌نیشت یه‌کتره‌وه ده‌ژین و هه‌ر گرووپه‌ی جیهانێکی خۆی هه‌یه، یاخود وه‌ک ده‌ڵێن ‘پارالێڵ کۆمیونیتی’ن. به‌ڵام کوا بڕیار وابوو ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی لیبڕاڵ له کۆمه‌ڵێک کۆمیونیتی پاڕالێل پێک بێت که گرووپ و ده‌سته‌کان هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به‌یه‌که‌وه نه‌بێت و هه‌ر یه‌که‌ی له جیهانی فیزیکی و گریمانه‌کراوی خۆیدا بێت؟ به‌ڕاده‌یه‌ک که‌سانێکی په‌نابه‌ر ببنه بازرگان و سه‌رکرده‌ی دینی فه‌ناتیک و که‌م و زۆر هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به وڵاتی خانه‌خوێوه نه‌بێت؟ نه له‌ناو سیسته‌می ئابوورییه‌که‌یدا بن، نه هیچ ڕایه‌ڵه‌یه‌کی کەلتووری به‌و کۆمه‌ڵگایانه‌وه بیانبه‌ستێته‌وه و نه‌ک هه‌ر ئه‌وه بگره دژی ئه‌و به‌هایانه‌ش بن که ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی دروست کردووه؟
چه‌ند کتێبێکی په‌یوه‌ندیدار
له دووای ڕوخانی دیواری به‌رلین و بلۆکی کۆمۆنیستی خۆرهه‌ڵات کۆمه‌ڵێک کتێب ده‌رچوون، له‌ناویاندا ‘کۆتایی مێژوو و دوواهه‌مین مرۆڤ’ی ‘فرانسیس فۆکۆیاما’ و ‘پێکدادانی شارستانێتییه‌کان’ی ‘سامۆوێل هه‌نتیگتن’. هه‌ردوو ئه‌و کتێبه به ئاڕاسته و به‌هانه‌ی فیکریی و میتۆدی خۆیان، جیاوازی کۆمه‌ڵگای خۆرئاوا و کۆمه‌ڵگاکانی تر وه‌ک جیاوازییه‌کی بنه‌ڕه‌تی و ئاشتیهه‌ڵنه‌گر وێنا ده‌که‌ن. هه‌رچی په‌یوه‌ندی به تێزه‌که‌ی فۆکۆیاماوه هه‌یه که پێی وابوو لیبراڵیزم سه‌رکه‌وت و وه‌کوو دووا قۆناغی مێژو و ئیتر هیچ سیسته‌مێکی ئابووری و فیکری ناتوانێت مه‌یدانخوازی له به‌رانبه‌ردا بکات، که‌چی ساڵانی دووای ڕووخانی دیواری به‌رلین نه‌ک ساڵانی سه‌رکه‌وتنی لیبراڵیزم نه‌بوون، به‌ڵکو ڕه‌وتی دژه لیبڕاڵ به‌شێوه‌یه‌کی دوژمنکارانه و توندوتیژ ڕووبه‌ڕووی جیهانی لیبڕاڵ بووه‌وه و جه‌نگه‌که هێشتا به‌رده‌وامه له‌سه‌ر ئاستی پێکدادانی ڕاسته‌وخۆ، له‌سه‌ر ئاستی به‌هاکان و له‌سه‌ر ئاستی گوتاره‌کان. مۆدێلی ده‌وڵه‌تی چینی که مۆدێلێکی نادیموکراته له جاران به‌هێزتره، پۆتین و فه‌یله‌سوفه فاشیسته‌که‌ی ‘ئه‌لیکسانده‌ر دۆگین’ بابه‌تی ئازادی و به‌هاکانی مافه‌کانی مرۆڤ ده‌که‌ن به نوکته، ئیسلامیزم به‌شێوه‌یه‌کی بێپه‌رده و ڕاشکاو که‌وتووەته جه‌نگێکی وێرانکه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ جیهانی خۆی و جیهانی ده‌ره‌وه‌ش. هه‌رچی هه‌نتیگتنه له کتێبه‌که‌یدا وێنای شارستانێتییه‌کان ده‌کات به‌وه‌ی که هه‌ر شارستانێتییه‌ک کرۆکێکی هه‌یه، یاخود بڕبڕه‌ی پشتی هه‌ر شارستانێتییه‌ک ئایینێکی دیاریکراوه، شارستانێتی خۆرئاوا کرۆکه‌که‌ی مه‌سیحییه‌ته و باکووری ئه‌فه‌ریقا و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئاسیای ناوه‌ند که شارستانێتی ئیسلامییه و کرۆکه‌که‌ی ئایینی ئیسلامه و کۆمه‌ڵگاکانی تریش به هه‌مان شێوه.
به‌پێی تێزه‌که‌ی هه‌نتیگتن ئه‌و جیاوازییانه جیاوازی قووڵی ترادیسیۆن و به‌ها و که‌لتوورن، جیاوازییه‌کی ته‌واوی جیهانبینین به‌ڕاده‌یه‌ک جگه له پێکدادان هیچ ڕێگایه‌کی تریان بۆ نامێنێته‌وه.
دوواتر ڕۆشنبیری به‌ریتانی به بنه‌چه پاکستانی ‘تاریق عه‌لی’ کتێبێکی بڵاوکرده‌وه به‌ناوی ‘پێکدادانی فه‌نده‌مێنتالیزمه‌کان’. تاریق عه‌لی له کتێبه‌که‌یدا که وه‌کوو وه‌ڵامێک بۆ تێزه‌که‌ی هه‌نتیگتن وایه ده‌یه‌وێت تێڕوانینێک بباته پێشه‌وه که له ڕاستیدا ئه‌وه‌ی هه‌نتیگتن وه‌کوو پێکدادانی شارستانێتییه‌کان وێنای ده‌کات؛ پێکدادانی شارستانێتییه‌کان نییه به‌ڵکو پێکدادانی گرووپ و ده‌سته و ڕه‌وته فه‌نده‌مێنتالیسته‌کانی ئه‌و شارستانێتییانه‌یه. دیاره تاریق عه‌لی گرفته‌که‌ی هه‌نتیگتن که پێکدادانی شارشتانێتییه‌کانه تێده‌په‌ڕێنێت، به‌ڵام خۆی ده‌که‌وێته ناو دوو گرفتی تره‌وه، گرفتێکیان هه‌ر هه‌مان گرفته‌که‌ی هه‌نتیگتنه که شارستانێتییه‌کان وه‌کوو یه‌که‌ی خالیس و بێگه‌رد و ناپه‌یوه‌ندیدار وێنا ده‌کات، گرفته‌که‌ی تریش ئه‌وه‌یه که تاریق عه‌لی ناڕاسته‌وخۆ هه‌موو فه‌نده‌مێنتالیزمێک یه‌کسان ده‌کات به یه‌کتر. ڕاسته فه‌نده‌مێنتالیزمی مه‌سیحی له ئه‌مه‌ریکا فه‌نده‌مه‌نتالیزمێکه به‌شێوه‌یه‌کی زێده‌ڕۆ پێ له‌سه‌ر کۆنزه‌رڤاتیڤیزم داده‌گرێت، به‌ڵام توندوتیژی نه به‌شێکه له ستراتیجی ئه‌و ڕه‌وته و نه هیچ دیدێکی خوێناوی په‌روه‌رده ده‌کات، جگه له‌وه‌ش باڵی ڕاستی وڵاتانی ئه‌وروپی و ئه‌مریکا ئه‌و پڕه‌نسیپه بنهڕهتییانهشییان قبوڵ کردووه که سیسته‌م و کۆمه‌ڵگای ئه‌مریکی له‌سه‌ر دامه‌زراوه و کردوویه‌تی به پێشکه‌وتووترین و به‌هێزترین کۆمه‌ڵگای دیموکراسی. ئه‌مه له کاتێکدا فه‌نده‌مێنتالیزمی ئیسلامی ڕه‌وتێکی دڕنده و وێرانکار و که‌ڵبه‌داره که مه‌یلی له خاپوورکردنی دنیایه به به‌شه موسوڵمانه‌که‌ی دنیاشه‌وه و ململانێی گوتاره‌کان و ئایدیاکان له‌ناو فه‌زایه‌کی مه‌ده‌نی و پڕۆسه‌ی سیاسی‌دا ڕه‌تده‌کاته‌وه.
کارڵ پۆپه‌ر، له کتێبێکی گرنگی خۆیدا به‌ناوی ‘ئه‌فسانه‌ی چوارچێوه’ ڕه‌خنه‌ی هه‌موو ئه‌و دید و تێڕوانینانه ده‌کات که هێڵێکی تۆخ له نێوان شارستانێتی و ترادیسیۆن و که‌لتوور و فه‌رهه‌نگه جیاوازه‌کاندا ده‌کێشن و له‌وه‌ش واوه‌تر بیرۆکه‌ی چوارچێوه جا چوارچێوه‌ی که‌لتووری یان شارستانی بێت وه‌کوو ئه‌فسانه وێنا ده‌کات. پۆپه‌ر پێی وایه که هیچ شارستانێتییه‌ک نییه بێگه‌رد و خاڵس و سه‌ربه‌خۆ بێت و پڕ نه‌بێت له ڕه‌گه‌زی شارستانێتییه‌کانی تر، هه‌ر که‌لتوورێک بیگریت پڕه له توخمی که‌لتووره‌کانی تر، هه‌ر زمانێک له چه‌ندان توخمی زمانی تر پێکهاتووه. له ڕاستیدا ئه‌و دیده‌ی پۆپه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌کی ئاشکرایه له تێرمی ‘ئه‌بستیم’ و ‘شارستانێتی’ و ‘که‌لتوور’ که چه‌ندان فه‌یله‌سوف و بیرمه‌ند به‌کاریان هێناون و ئه‌و یه‌کانه‌یان وه‌کوو یه‌که‌ی دابڕاو و هۆمۆجین سه‌یرکردووه. پۆپه‌ر که خۆی فه‌یله‌سوفی زانسته به‌ڵام به‌شدارییه‌کانی له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی‌دا زۆر گرنگ و به‌هادارن، تاکو ئه‌و جێگایه ده‌ڕوات که ته‌نانه‌ت هیچ پارادایمێکمان نییه وه‌کوو ته‌ونێک به‌ناو پارادایمی دیکه‌دا نه‌چووبێت به پارادایمی زانستیشه‌وه.
نیگایه‌ک له مێژوو
نه‌ک هه‌ر ئێستا، به‌ڵکو له ڕابردووش‌دا کۆمه‌ڵگاکان و شارستانێتییه‌کان کاریگه‌رییان له‌سه‌ر یه‌کتر داناوه و به یه‌کداچوون و توخمی که‌لتووری و زمانی و به‌ها و داهێنراو و که‌ره‌سته‌ی ماددییان له یه‌کتر خواستووه و ئه‌وه‌ی پێیان گوتووه ترادیسیۆنی جیاواز؛ له ڕاستیدا به چه‌ندان ڕایه‌ڵه به ترادیسیۆنه‌کانی تره‌وه به‌سترابوون. هه‌رسێ ئایینی جوو و مه‌سیحیه‌ت و ئیسلام له‌ناو یه‌ک ناوچه‌دا سه‌ریانهه‌ڵداوه و پاشان بڵاوبوونه‌ته‌وه. بێرنارد لویس ده‌ڵێت خۆرئاوایی و موسوڵمانه‌کان یه‌کتریان ده‌ناسی، له‌ناو په‌یوه‌ندیدا بوون و له هه‌ردوو به‌ری ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاستدا ده‌ژیان و ئاگایان له یه‌کتر هه‌بوو. که‌واته ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ی که ده‌ڵێن ئیسلامۆفۆبیا له‌وه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه که خۆرئاواییه‌کان ئیسلام ناناسن، ڕاست نییه. خۆرئاواییه‌کان ئیسلام زۆر زیاتر ده‌ناسن له هیندویزم و بودیزم و کۆنفۆشیۆنیزم، ئه‌دی چۆنه باسی ڕق له بودییه‌کان ناکرێت؟ موسوڵمانه‌کان ئه‌و پرسیاره‌یان له خۆیان کردووه؟
کۆمه‌ڵگا و شارستانێتی ئیسلامی پێشتریش هه‌ر تێکه‌ڵاوی و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا هه‌بووه، مرۆڤه‌کانی نیمچه دوورگه‌ی عه‌ره‌بی پێش سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلام و دووای سه‌رهه‌ڵدان و بڵاوبوونه‌وه‌یشی؛ جا له ڕێگای بازرگانی و ڕیتمی ئاسایی ژیان و ئابوورییه‌وه بووبێت یان له ڕێگای جه‌نگه‌وه تێکه‌ڵاویان له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ری خۆیان هه‌بووه. به‌شی زۆری دیدگا و تێڕوانینه‌کان ده‌رباره‌ی ئیسلام به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له گۆشه‌نیگای ئیسلامه‌وه مێژوویان نووسیوه تێڕوانینی نامێژوویین و به‌شێوه‌یه‌ک باسی ئیسلام ده‌کرێت وه‌کوو ئه‌وه‌ی ڕووداو و ململانێکانی له‌ناو بۆشاییدا ڕوویان دابێت. ئه‌و کاته‌ی ئیسلام له نیمچه دوورگه‌ی عه‌ره‌بی سه‌رهه‌ڵده‌دات ڕۆمه‌کان و ساسانییه‌کان له ته‌نیشتییانه‌وه بوون. پێغه‌مبه‌ری موسوڵمانان تا کۆچی دوواییشی کرد مامه‌ڵه‌ی ڕۆژانه‌ی به پاره‌ی بیزه‌نتییه‌کان و ئێرانییه‌کان بوو، ئه‌و جلانه‌ی ده‌یپۆشی و ئه‌و سوپه‌ر و قه‌ڵغان و که‌ره‌سته جه‌نگییانه‌ی به‌کاری ده‌هێنا له شامه‌وه که ڕۆمه‌کانی لێبوون؛ بازرگانه‌کان ده‌یانهێنا، نیمچه دوورگه‌ی عه‌ره‌بی له ده‌ره‌وه‌ی دنیا نه‌بوو. کاتێک موسوڵمانه تازه‌کان له‌لایه‌ن قوڕه‌یشه‌وه گوشاریان بۆ هات ده‌سته‌یه‌کیان- که کچێکی پێغه‌مبه‌ر و عوسمانی کوڕی عه‌فان و جه‌عفه‌ری برای عه‌لی ئه‌بوتالیبیان له‌ناودا بووه- په‌نایان برده به‌ر حه‌به‌شه که ئه‌سیوپیای ئێستا ده‌کات و ئه‌وکاته پاشایه‌کی مه‌سیحی شانشینێکی به‌ڕێوه ده‌برد به‌ناوی شانشینی ئه‌کسوم- پاشاکه خۆی ناوی ئه‌شامه بووه عه‌ره‌به‌کان پێیان گوتووه ئه‌سحه‌مه و له مێژووی ئیسلامی‌دا هه‌ر به نه‌جاشی حه‌به‌شی ناسراوه و له ڕاستیدا نه‌جاشی له‌قه‌بی شایانه‌یه وه‌ک چۆن ده‌ڵێین فیرعه‌ونی میسر، قه‌یسه‌ری ڕووس، کیسرای ئێران- حوکمی ده‌کرد که هه‌ر به ئیعتیرافی خودی موحه‌مه‌د، پاشایه‌کی دادپه‌روه‌ر بووه. ئه‌و شانشینه مه‌سیحییه له‌گه‌ڵ قوڕه‌یشییه په‌یگانه‌کاندا په‌یوه‌ندی هه‌بووه و کاتێک قوڕه‌یشییه‌کان ده‌زانن ئه‌و تازه موسوڵمان بووانه ڕوویان کردووەته حه‌به‌شه، ئه‌وانیش وه‌فدێک ده‌نێرن ئه‌و په‌نابه‌رانه‌یان ڕاده‌ست بکه‌نه‌وه، سه‌رۆکی وه‌فدی قوڕه‌یشییه‌کان بۆ لای نه‌جاشی، سیاسه‌تمه‌دارێکی به‌توانای عه‌ره‌ب بووه و هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ نه‌جاشیدا هه‌بووه که دوواتر موسوڵمان ده‌بێت و ده‌بێته فیگه‌رێکی گرنگ له مێژووی ئیسلامدا، ئه‌ویش عه‌مری کوڕی عاسه. جووه‌کان له مه‌دینه بوون و مه‌سیحییه‌کان له نه‌جران. ئه‌و کاته‌ی موحه‌مه‌د کۆچ ده‌کات بۆ مه‌دینه کوڕانی مه‌دینه که هه‌ندێکییان منداڵانی تازه موسوڵمان بووه‌کانن لای جووەکان ده‌خوێنن و کاتێک جووەکان ته‌نگییان پێ هه‌ڵده‌چنرێت و مه‌دینه جێده‌هێڵن ئه‌و کوڕانه له‌گه‌ڵیان ده‌ڕۆن و ناگه‌ڕێنه‌وه لای خێزانه‌کانیان به ڕاده‌یه‌ک کێشه‌یه‌ک چێده‌بێت و خێزانه‌کان سه‌خڵه‌ت ده‌بن و ئایه‌تی ‘دینی خۆتان بۆ خۆتان و دینی خۆمان بۆ خۆمان’ زاده‌ی ئه‌و کێشه‌یه‌یه. له ده‌وری موحه‌مه‌د، سه‌لمانی فارسی هه‌بووه که باوکی پیاوێکی ئایینی و ئاگره‌وانی په‌رستگای زه‌رده‌شتی بووه و هه‌ڵکه‌ندنی خه‌نده‌قێک به ده‌وری مه‌دینه‌دا له جه‌نگی خه‌نده‌ق بیرۆکه‌ی سه‌لمان بووه، سوهه‌یبی ڕۆمی هه‌بووه که خێزانه‌که‌یان ڕۆمی بوون، چابانی کوردی هه‌بووه که به ئه‌گه‌ری زۆر له دایک و باوکێکی مانه‌وی بووه. لوئلوئه‌ی فه‌یروز که فارس بووه و له بنه‌ماڵه‌ی له‌کارخراوی ساسانییه‌کان نزیک بووه له‌ناو مه‌که‌دا عومه‌ری کوڕی خه‌تابی کوشتووه. بووکه‌کانی عه‌لی کوڕی ئه‌بو تالیب، هاوسه‌رانی حه‌سه‌ن و حوسێن فارسن و کچانی یه‌زگه‌ردن. دوواتر معاویه له‌ژێر کاریگه‌ری بیزه‌نتییه‌کان که‌شتیگه‌ل دروست ده‌کات. معاویه و خه‌لیفه‌کانی ئومه‌وی له چه‌ند هه‌وڵێکدا بۆ گرتنی کۆسته‌نتینییه – ئه‌سته‌نبوڵی ئێستا- شکست ده‌خۆن بۆ چوونه ناو ئه‌وروپاوه، هه‌رچه‌نده چوونه ناو ئه‌وروپا گوزارشتێکی دروست نییه، چونکه ئه‌و کاته هێز و سوپا و ئیمپراتۆرییه‌ته‌کان هه‌موو جێگایهکییان وه‌کوو ناوچه‌یه‌ک ده‌بینی که ئه‌گه‌ر بتوانن داگیری بکه‌ن؛ داگیری ده‌که‌ن. له خۆرئاوای جیهانی ئیسلامییه‌وه که ئێستا به باکووری ئه‌فه‌ریقا ناسراوه موسای کوڕی نوسه‌یر که دووای کشانی ئیسلام بۆ ئه‌و ناوچه‌یه ده‌بێته والی له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌یه‌کی جه‌نگاوه‌ری ئه‌مازیغی که تاریقی کوڕی زیاد ده‌بێت، ده‌توانن ناکۆکی و چه‌ندبه‌ره‌کیی میر و ده‌سه‌ڵاتدار و پاشاکانی ئیبیریا که به ئه‌نده‌لووس ناسراوه بقۆزنه‌وه و له ده‌ریا بپه‌ڕنه‌وه و ئه‌و ناوچه‌یه داگیر بکه‌ن. پاش ساڵانێکی دوواتر عه‌بدولڕه‌حمانی داخیل له ده‌ست عه‌باسییه‌کان ڕاده‌کات و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌و ناوچه‌یه و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی له ئه‌نده‌لووس یه‌کده‌خات.
گه‌شه‌ی هونه‌ر و فه‌لسه‌فه و موزیک و ته‌لارسازی ئه‌نده‌لووسی به‌رهه‌می پێکداچوونی هه‌ردوو که‌لتووری مه‌سیحی و ئیسلامی و که‌لتووره ناوچه‌ییه‌کانی هه‌ردوو به‌ری ده‌ریای ناوه‌ڕاسته. سۆفیزم و عیرفانی ئیسلامی به‌رئه‌نجامی به‌رکه‌وتنی ئیسلامه به عیرفانی مه‌سیحی و سۆفیزمی هیندویزم و بودیزم. مه‌ئموونی کوڕی هاروونه ڕه‌شید – که دایکی ئه‌ویش عه‌ره‌ب نه‌بووه- وه‌فدێک ده‌نێرێت بۆ لای ڕۆمه‌کان و بۆ لای پاشای قوبروس بۆ ئه‌وه‌ی کتێب بهێنن و دارولحیکمه وه‌ریان بگێڕێته سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی. ئه‌مینداری کاری وه‌رگێڕانی ئه‌و ده‌زگایه ‘یوحه‌نا کوڕی به‌تریق’ و پشکنه‌ر و بهراوردکهری وه‌رگێڕانه‌کانیش ‘حونه‌ین کوڕی ئیسحاق’ بووه که مه‌سیحی بوون. پزیشکی تایبه‌تی سه‌لاحه‌دینی ئه‌یووبی، پزیشکێکی جوو بووه که جگه له پزیشکییه‌که‌ی، ناسراوترین فه‌یله‌سوفی جووه له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا ئه‌ویش ‘مو‌سا ئیبن مه‌یموونه’.
ده‌توانین هه‌زاران نموونه بهێنینه‌وه له‌و به‌یه‌کداچوونه‌ی موسوڵمانه‌کان و ناموسوڵمانه‌کان، عه‌ره‌به‌کان و ناعه‌ره‌به‌کان. چیرۆکی فه‌یله‌سوفه موسوڵمانه‌کان و کاریگه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی یۆنان له‌سه‌ریان و پاشان دووای سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست؛ کاریگه‌ری فه‌یله‌سوفانی عه‌ره‌ب و کتێب و نوسین و وه‌رگێڕانه‌کانیان له سه‌ر بوژانه‌وه‌ی فیکری خۆرئاوا خۆی بابه‌تی چه‌ندان کتێبه. گه‌شه‌ی پزیشکی و فه‌لسه‌فه و زانست له سه‌رده‌مێکی دیاریکراوی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی جیهانی ئیسلامی به‌رهه‌می به‌ریه‌ککه‌وتنی ئیسلامه به ڕۆمه‌کان، فارسه‌کان و بودییه‌کان و هیندۆسه‌کان، ئه‌مه‌ش دۆخێکی سروشتیی شارستانییه‌ته که بڵاوده‌بێته‌وه و گه‌شه ده‌کات و کاریگه‌ری داده‌نێت و ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌رییه‌وه. هه‌تا کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده له زمانی عه‌ره‌بیدا وشه‌ی ‘موسته‌شفا’ نییه و به نه‌خۆشخانه گوتراوه بیئایارتان و له سه‌رده‌می عه‌باسییه‌کاندا عه‌ره‌به‌کان له فارسه‌کانیان وه‌رگرتووه.
مرۆڤ و به‌های گڵۆباڵ
له دووای گۆڕانکارییه گه‌وره‌کانی خۆرئاواوه که له ڕێنیسانسه‌وه ده‌ست پێده‌کات و به‌ناو ڕیفۆرمی ئایینی و ڕۆشنگه‌ری و شۆڕشی پیشه‌سازیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، هه‌لومه‌رجێک له‌دایک ده‌بێت که هه‌لومه‌رجی مۆدێرنیتییه. ئه‌م گۆڕانکارییانه شارستانێتییه‌ک دروست ده‌که‌ن که زانست بڕبڕه پشته‌که‌یه‌تی نه‌ک ئایین، ئه‌مه‌ش مرۆڤێک دروست ده‌کات که نوێیه و کۆمه‌ڵێک داموده‌زگا و به‌ها و فۆڕمی به‌ڕێوه‌بردن و سیستمی سیاسی داده‌ڕێژێت که تازه‌ن. ئه‌گه‌ر تێڕوانینه‌که‌ی پۆپه‌ر بکه‌ینه بنه‌ما ده‌توانین بڵێین جیهان ئێستا هه‌مووی له‌ناو یه‌ک پارادایمدایه، له‌ناو یه‌ک شارستانێتیدایه. ئه‌وه‌ی به‌های کەلتووری و وێژه‌یی و هه‌ندێک کۆدی کۆمەڵایه‌تی له جێگاکانی دنیادا جیاوازن هیچ له‌و ڕاستییه ناگۆڕێت که ئه‌و شارستانێتییه‌ی له خۆرئاوادا سه‌ریهه‌ڵدا و گه‌شه‌ی کرد و بڵاوبووه‌وه؛ کۆمه‌ڵگاکانی تری دنیا وه‌کوو نموونه‌یه‌ک و مۆدێلێکی سه‌رکه‌وتوو چاوی لێده‌که‌ن. ئه‌و بینینه‌ی خۆرئاوا وه‌ک ئه‌زموونێکی پێشه‌که‌وتوو و به‌مۆدێلبوونه‌ی نابێت به گوزاره‌ی بێقوڵایی وه‌کوو ‘لاساییکردنه‌وه و چاولێکه‌ری’ خۆرئاوا، خۆی لێ بدزرێته‌وه. ئه‌دیسۆن کاره‌بای داهێناوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر که‌سێکی تریش دایبهێنایه بۆ نموونه خه‌ڵکی چین بووایه هه‌ر هه‌مان نرخی شارستانی ده‌بوو، هه‌ر که‌سێک بۆ ئه‌وه‌ی ماڵه‌که‌ی به‌تاریکی نه‌مێنێته‌وه وه‌ریده‌گرێت؛ له‌و وه‌رگرتنه‌ش که‌س لۆمه‌ی ناکات، چونکه داهێنانه‌که ئه‌گه‌ر له به‌ستێنی گشتی مرۆڤایه‌تیدا سه‌یر بکرێت داهێنانێکی هاوبه‌شه و مرۆڤایه‌تی به هه‌وڵی ورد و به‌رده‌وام و مێژوویی به‌ده‌ستی هێناوه و له‌و هه‌وڵانه‌شدا هه‌مووان به‌شدار بوون. وشه‌ی ئه‌لگۆریتم له زمانه ئه‌وروپییه‌کاندا له بنه‌ڕه‌تدا له‌ناوی ئه‌لخه‌وارزمییه‌وه وه‌رگیراوه و هیچ که‌سێکی زانستخواز سڵناکاته‌وه له‌وه‌ی له خوارزمییهوه شت وه‌ربگرێت و لێیه‌وه فێر بێت.
ئیبن خه‌لدون سه‌ره‌تاکانی زانستی کۆمه‌ڵناسی داڕشتووه و ئیبن خه‌لدوون موڵکی هه‌مووانه و سووده‌کانی زانستی کۆمه‌ڵناسی بۆ بودییهک و هیندۆسێک و بێدینێک وه‌کوو یه‌که. ئه‌و پێوه‌ره ئه‌گه‌ر بۆ زانست و پزیشکی و سه‌رجه‌م زانسته سروشتی و مرۆییه‌کان ڕاست بێت، بۆ سیستمی سیاسی و به‌هاکانیش هه‌ر ڕاسته. ئه‌و وڵاتانه‌ی چاویان له نموونه‌ی ئه‌مریکا و فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیا و وڵاتانی دیکه‌ی خۆرئاوای ئه‌وروپا کرد؛ پێشکه‌وتن، که نموونه‌کانی یابان و کۆریای باشوور زۆر به‌رچاون، ئه‌وانه‌شی به‌هه‌ر بیانوویه‌ک ئه‌و نموونه‌یه‌یان ڕه‌تکرده‌وه ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکار و له ڕووی به‌هاییه‌وه دوواکه‌وتووی وه‌کوو کۆریای باکوور و سعوودیه و ئێران و سووریا و ئه‌ریتیریا و به هه‌ندێک پێوه‌ری تر چین و ڕووسیا و ڤێتنام و نیپاڵیان لێده‌رچوو.
له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌مای گه‌ردوونیبوونی شارستانی، جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافه‌کانی مرۆڤ و سیستمی دیموکراسی مۆدێرن داڕێژراوه که ڕه‌گوڕیشه‌یه‌کی فه‌لسه‌فی قووڵ و پایه‌داری هه‌یه و فه‌لسه‌فه‌ی نوێی خۆرئاوا گه‌شه‌ی پێداوه و له ڕاستیدا خۆدزینه‌وه لێیان به به‌هانه‌ی جیاوازی کەلتووری و ئایینی به‌هانه‌یه‌که که له ناواخنی خۆیدا سته‌م و ملهوڕی په‌روه‌رده ده‌کات.
جیاکردنه‌وه‌ی موسوڵمانان
کێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی ئیسلامۆفۆبیا ئه‌وه‌یه که به‌هانه‌ی بوونه‌که‌ی ڕێگرتنه له به‌که‌مگرتنی مرۆڤی موسوڵمان له‌به‌ر موسوڵمانبوونه‌که‌ی، به‌ڵام له کرداردا دژی ئه‌و بنه‌ما گه‌ردوونییه‌ی سه‌ره‌وه کار ده‌کات. به‌پێی یاساکانی یه‌کێتی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا و به‌ریتانیا به‌که‌مگرتن و هه‌ڵاواردنی مرۆڤ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌نگی پێست و ڕه‌گه‌ز و باوه‌ڕ و ئایین و مه‌یلی ڕه‌گه‌زیی قه‌ده‌غه‌یه، جیاکردنه‌وه‌ی موسوڵمانان به‌تایبه‌ت بۆچی؟ ڕێسای دژایه‌تیکردنی ئیسلامۆفۆبیا بۆچی به‌تایبه‌ت جیاکراوه‌ته‌وه؟ ئێمه ده‌توانین له جیاکردنه‌وه‌ی جووه‌کان تێبگه‌ین و له‌و ڕێگه‌یه‌وه له ڕێسای دژایه‌تیکردنی ئه‌نتیسمیتیزم – دژایه‌تی سامییه‌ت- تێبگه‌ین، چونکه ملیۆنانیان له کووره‌کانی مرۆڤ-سووتاندندا له‌ناوبراون و وه‌کوو ڕێگرتن له دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌هامه‌تییانه و گێڕانه‌وه‌ی ئیعتیبار بۆ ئه‌و قوربانییانه مه‌سه‌له‌ی دژایه‌تی ئه‌نتیسمیتیزم هاتووەته گۆڕێ، به‌ڵام چی به‌هانه‌یه‌ک هه‌یه له دۆخی موسوڵمانه‌کان له خۆرئاوادا و ئه‌و شلگیرییه به‌رانبه‌ر کۆمه‌ڵێک نۆرمی ناکۆک به مافه‌کانی مرۆڤ به‌بیانووی جیاوازی ئایین و که‌لتووره‌وه له کوێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت؟
مرۆڤێکی شیعه‌ی موسوڵمان له سوید زیاتر مافی هه‌یه وه‌ک له سعوودیه، مرۆڤێکی سووننه‌ی موسوڵمان له نه‌رویج ئازادانه‌تر هه‌ڵده‌سوڕێت له مرۆڤێکی سووننه‌ی موسوڵمان له تاران، گرووپ و ده‌سته و که‌سانی موسوڵمان له به‌ریتانیا کۆمه‌ڵێک چالاکی ده‌که‌ن که له‌به‌ر توندڕه‌وبوونه‌که‌یان ڕه‌نگه له کابوڵ جێگایان نه‌بێته‌وه. نیشاندانی تێگه‌یشتن له‌و فه‌ناتیزمه سیاسی و که‌لتوورییه له ڕاستیدا هیچ سوودێک به کرانه‌وه‌ی جیهانی ئیسلامی ناگه‌یه‌نێت و له‌بری ڕێگادان به‌و پێلێڕاکێشانه‌ی موسوڵمانانی توندڕه‌و به‌بیانووی دژایه‌تیکردنی ئیسلامۆفۆبیاوه هاوکاری بزووتنه‌وه‌ی دیموکراسی و ڕه‌واجدان به مافه‌کانی مرۆڤ و گه‌شه‌پێدان به داموده‌زگاکانی وڵاتانی موسوڵمان‌نشین بکرێت زۆر باشتره هه‌م بۆ مرۆڤی موسوڵمان و هه‌م بۆ ئاشتی و ئاسایشی دنیا. تۆخکردنه‌وه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئیسلامۆفۆبیا وه‌کوو شه‌ڕکردن وایه له‌گه‌ڵ تارمایی، تارماییه‌ک که نه ناسنامه‌که‌ی دیاره و نه خه‌سڵه‌ت و ڕه‌گه‌زه‌کانی دیار و مه‌فهومه و له‌وه‌ش واوه‌تر مرۆڤ ده‌توانێت بڵێت ئیسلامۆفۆبیا ئه‌گه‌ر وههمیش نه‌بێت، ئه‌وا هیچ بوونێکی ڕوونی نییه.
ڕاسته کۆمه‌ڵێک ڕوداو ڕووده‌ده‌ن له ئه‌وروپادا و کرداری تیرۆریستی که گرووپی موسوڵمانه‌کان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن؛ وایکردووه ئیسلام وه‌ک ئایین پرسیاری جددی ڕووبه‌ڕوو بکرێته‌وه و مرۆڤی ئاسایی ئه‌وروپی نه‌توانێت وه‌کوو چۆن بیر له بودیزم ده‌کاته‌وه و سه‌یری ده‌کات هه‌مان دیدی بۆ ئیسلام هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه هه‌رگیز سه‌ری نه‌کێشاوه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤی موسوڵمان به‌شێوه‌یه‌کی ڕێکخراو به که‌متر سه‌یر بکرێت و هه‌لاواردنی به‌رانبه‌ر بکرێت. هه‌لاواردن به یاسا قه‌ده‌غه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به به‌رده‌وامی که‌یسی هه‌ڵاواردن ڕووده‌دات لێره و له‌وێی وڵاتانی ئه‌وروپادا، به‌ڵام ئه‌و ههلاواردنه، ئه‌و ناڕه‌وایی مامه‌ڵه‌کردنه، ئه‌و جیاوازییدانانه به ته‌نیا له دۆخی موسوڵمانبووندا ڕونادات، ده‌کرێت به‌هۆی ڕه‌نگی پێسته‌وه ڕووبدات، ده‌کرێت به‌هۆی ناسنامه‌ی سێکسوالیتییهوه، ده‌کرێت به‌هۆی جووبوونهوه، ده‌کرێت به‌هۆی ژنبوونه‌وه، ده‌کرێت به‌هۆی که‌مئه‌ندامییه‌وه، ده‌کرێت به‌هۆی به‌ته‌مه‌نبوونه‌وه ڕووبدات. هه‌موو ئه‌و جیاوازیدانانه‌ش نایاساییه و به‌پێی ڕێوشوێنی یاسایی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت. هیچ که‌سێک نابێت به‌هۆی جووبوونی نادادیی به‌رانبه‌ر بکرێت، به‌ڵام جووبوونیش نابێت خۆبه‌خۆ ببێته بیانوو بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤی جوو مافی زیاتر بێت له که‌سێکی تر، ئه‌مه بۆ که‌یسی ژن‌بوون و هاوڕه‌گه‌زخوازبوون و ئه‌وانی دیکه‌ش ڕاسته. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش که بابه‌ته‌که دێته سه‌ر ئیسلام و موسوڵمانان دۆخه‌که ده‌گۆڕێت، گۆڕانێک که له‌سه‌ر حیسابی پڕه‌نسیپی ڕه‌گداکوتاوی به‌های گه‌ردوونی و یاساکانی خۆرئاوا به قازانجی موسوڵمان و زیانی ئه‌و به‌هایانه ده‌شکێته‌وه. که ده‌شڵێم به قازانجی موسوڵمان له ڕاستیدا قازانجه‌که هه‌م ڕووکه‌شه هه‌م به قازانجی دیدێکی دیاریکراوی ناو ئیسلامه که له هه‌ندێک دۆخدا نوێنه‌رایه‌تی گروپێک و ته‌فسیرێکی دیاریکراوی ئیسلام ده‌کات و نوێنه‌رایه‌تی چه‌ندان دید و ته‌فسیری تر ناکات. ئازادی ڕه‌خنه‌گرتن له ئایین مافێکی چه‌سپاوه، به‌ڵام که ڕه‌خنه‌گرتنه‌که دێته سه‌ر ئیسلام ده‌بێت ههڵوەسته بکرێت، بۆچی؟ ئازادی ڕاده‌ربڕین و گوزارشت مافێکه، به‌ڵام که ڕایه‌که دێته سه‌ر ئیسلام پێوه‌ره‌که ده‌گۆڕێت، چی وایکرد بگۆڕێت؟ دروستکردنی کاریکاتێر له‌سه‌ر مو‌سا و عیسا و بودا ئاساییه، به‌ڵام که دێته سه‌ر موحه‌مه‌د ده‌بێت ڕۆژنامه‌نووسه‌کان له‌ناو پاریس کۆمه‌ڵکوژ بکرێن، کێ ئه‌و دۆخه‌ی خولقاند؟ سووتاندنی کتێبی پیرۆزی جوو و مه‌سیحییه‌کان به ئینجیله‌کان و ته‌ورات و په‌یمانی کۆن و نوێوه، سووتاندنی به‌هاڤاد گیتا، مه‌سحه‌فی ڕه‌ش و جیلوه‌ی ئێزدییه‌کان، کڵامی یارسانه‌کان، کانزا ڕه‌بای سابیئه‌ی مه‌ندائی، ڕێنماییه‌کانی کۆنفۆشیۆس و دالای لاما، ئاڤێستای زه‌رده‌شتییه‌کان هه‌مووی وه‌کوو کرده‌ی سیاسی ببینرێت، به‌ڵام که دێته سه‌ر سووتاندنی قورئان باسی ماف و ئازادی ڕاده‌ربڕین نامێنێت، به‌ڵکو میانڕه‌وترین موسوڵمان ده‌ڵێت بۆچی هه‌ستمان بریندار ده‌که‌ن؟ تاریق ڕه‌مه‌زان که به میانڕەو ناسراوه و بیرمه‌ندێکی دیاری موسوڵمانه و له سویسرا له‌دایک بووه سه‌ت ‘ئاخر’ و ‘ئه‌گه‌ر’ و ‘ده‌زانی چۆن’ ده‌خاته قسه‌کانییه‌وه.
ئیسلامۆفۆبیا
ده‌رباره‌ی مافداریی و هه‌ست برینداربوون
له جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافه‌کانی مرۆڤدا هاتووه و له ڕێککه‌وتننامه‌کانی تری په‌یوه‌ندیدار به ئازادی و مافه‌کانیشدا جه‌ختی لێکراوه‌ته‌وه که ئازادی ڕاده‌ربڕین و گوزارشتله‌خۆکردن مافێکی سه‌لمێنراوه، ئینجا ئه‌و ڕادەربڕین و گوزارشتله‌خۆکردنه به‌رانبه‌ر ئۆتۆریتییه‌کی سیاسی، ئایینی، که‌لتووری یان هه‌ر ئۆتۆریتییه‌کی تر بێت. ئه‌و ڕاستییه‌ش ده‌زانین که مرۆڤه‌کان به‌پێی جیاوازی سروشتی مرۆڤه‌که و ئاستی ڕۆشنبیری و جیهانبینییه‌که‌ی شێوازی گوزارشتکردنه‌که‌شی ده‌گۆڕێت. ئێمه مادام جیاوازین، شێوازی ده‌ربڕین و ڕه‌فتار و گوزارشتله‌خۆکردنیشمان جیاوازه، به‌ڵام ئه‌و جیاوازییه هیچ کاریگه‌ری له‌سه‌ر پڕه‌نسیپه بنه‌ڕه‌تییه‌که نییه که ئه‌ویش مافی ڕاده‌ربڕینه‌که‌یه. ڕه‌نگه که‌سێک به‌شێوه‌یه‌ک گوزارشت له خۆی بکات که که‌سێکی تر ئه‌و شێوازه‌ی به‌لاوه دروست نه‌بێت، به‌ڵام دروستبوون و دروستنه‌بوون بابه‌تێکی مۆڕاڵییه و په‌یوه‌ندی به ئازادی و مافه‌وه نییه. ڕێی تێده‌چێت که‌سێک به ده‌ربڕینی ڕایه‌ک هه‌ستی که‌سێکی دیکه بریندار بکات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ست برینداربوون بابه‌تێکی عاتیفی و که‌سییه و سه‌ره‌ڕای ناخۆشییه‌که‌ی؛ هێشتا ڕاده‌ربڕینه‌که که مافه‌که‌یه، بنه‌ڕه‌ته و ههستبرینداربوونهکه، مافه‌که ڕه‌ت ناکاته‌وه. بۆ نموونه ژنێک و پیاوێک له یه‌کتر جیاده‌بنه‌وه، زۆر ڕێی تێده‌چێت یه‌کێکیان هه‌ستی بریندار ببێت، هه‌ست برینداربوون بابه‌تێکه نابێت له‌گه‌ڵ مافدارییدا تێکه‌ڵاو بکرێت؛ که‌سی ههستبرینداربوو ده‌بێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆخی دژواری ده‌روونیی خۆیدا بکات و نابێت پێی وابێت به‌رانبه‌ره‌که‌ی ئه‌و مافه‌ی نییه.
له په‌یوه‌ندی به ئایینه‌وه خاڵێکی تر شایانی ئاماژه‌پێکردنه ئه‌ویش جیاکردنه‌وه‌ی گوناهه له تاوان. تاوان تێرمێکی یاساییه و گوناه تێرمێکی دینی و ئه‌خلاقییه، له وڵاتانی دیموکراسیدا حوکمی یاسایی له‌سه‌ر بنه‌مای گوناه دانانرێت. گوناه کردارێکه مرۆڤ ده‌خاته به‌رده‌م به‌رپرسیارێتییه‌کی مه‌عنه‌وییه‌وه له‌به‌ر ده‌م خوا یان هه‌ر ئۆتۆرییتییه‌کی پیرۆزی بانمرۆییهوه که که‌سی گوناهکار یان که‌سانی دیکه باوه‌ڕیان پێیه‌تی، له‌کاتێکدا تاوان که‌سێک ده‌خاته به‌رده‌م یاسا و ڕێسای داڕێژراو و به‌رپرسیارێتی به‌رانبه‌ر ده‌وڵه‌ت و مرۆڤه‌کانی تر. دیاره ده‌کرێت کردارێک هه‌م تاوان بێت و هه‌م گوناه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که بۆ نموونه یاسای قه‌ده‌غه‌کردنی دزی دانراوه له‌به‌ر گوناهبوونه‌که‌ی نییه، به‌ڵکو له‌به‌ر پێشێلکردنی مافی موڵکایه‌تی که‌سێکی تر یان ده‌زگایه‌که. هه‌ر یاسایه‌ک به ته‌نیا له‌سه‌ر بنه‌مای گوناه داڕێژرابێت که یاسای ئاوا له وڵاتانی تیۆکراسی زۆرن یاساگه‌لی دژی ئه‌و به‌هایانه‌ن که مافه‌کانی مرۆڤ و دیموکراسی و یاساکانی کۆمه‌ڵگاکانی خۆرئاوای له‌سه‌ر داڕێژراوه. به‌و پێوه‌ره که‌سێکی موسوڵمان ده‌کرێت ناڕازی بێت له‌وه‌ی که‌سێکی دیکه قورئان بسووتێنێت، ده‌کرێت ئه‌و موسوڵمانه هه‌ستیشی بریندار بێت (هه‌رچه‌نده من پێم وایه له دۆخێکی ئاوادا، که‌سێک ڕاهێنانی ناوه‌کیی له‌سه‌ر قبوڵکردنی ئازادی ده‌ربڕین و بیروڕا کردبێت هه‌ستیشی بریندار نابێت)، ده‌کرێت ئه‌و کرداره به گوناه دابنێت و له‌وه‌ش واوه‌تر ده‌کرێت به‌شێوه‌ی مه‌ده‌نی ناڕه‌زاییش ده‌رببڕێت. به‌ڵام داوای سه‌ربڕین و سووتاندن و پارچه‌پارچه‌کردنی که‌سێک له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پرۆتێستێکی کردووه، کردارێکی سیاسی نوواندووه، بێگومان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی مێنتاڵیتییه‌کی ترسناکه که بۆی بلوێت هه‌ر کردارێک له‌گه‌ڵ ئایدیۆلۆجی و ڕاڤه ئایینییه‌که‌ی خۆی نه‌گونجێت به خوێنساردییه‌وه بکوژێت. مادام مرۆڤ له‌سه‌ر سووتاندنی کتێبێک بکوژرێت که‌واته گوتارێکی ترسناکی سه‌رکوتکارانه له گۆڕێیه که وا ده‌کات سووتاندنی ئه‌و کتێبه بکات به کردارێکی سیاسی . هه‌ر کاتێک موسوڵمانه‌کان گه‌یشتنه ئه‌و بڕوایه‌ی که سووتاندنی قورئان گوناهه، به‌ڵام تاوان نییه و به‌شێکه له ئازادی ده‌ربڕین ئه‌وا قورئان سووتاندن کۆتایی دێت و که‌س ئه‌و کاره ناکات.
که‌سێک له به‌ریتانیا وێنه‌ی ڕیشی سووناک بسوتێنێت وه‌ک شتێکی هه‌زه‌لی وه‌رده‌گیرێت و بۆیه نابینرێت که‌سێک ئه‌و کاره بکات، به‌ڵام سووتاندنی وێنه‌ی کیم جۆن ئونی سه‌رۆکی کۆریای باکوور کرده‌یه‌کی سیاسییه و هه‌ر که‌سێک ئه‌و کاره بکات کردارێکی سیاسی ده‌نوێنێت و مانای سیاسی هه‌یه. جیهانی ئیسلامی و ئیسلام کاتێک به‌ڕووی دنیادا ده‌کرێته‌وه که به نۆرمه کۆنه‌کانی خۆیدا بچێته‌وه و مرۆڤێک دروست بکات که له‌سه‌ر نووسینی توێژینه‌وه‌یه‌ک فه‌ره‌ج فۆده نه‌کوژێت، به‌ڵکو دیالۆگی له‌گه‌ڵ بکات، له‌سه‌ر کاریکاتێرێک گرووپێک ڕۆژنامه‌نووس ڕه‌شه‌کوژ نه‌کات، به‌ڵکو هه‌وڵ بدات له مانا سیاسی و ڕه‌خنه‌ییه‌کانی تێبگات، له‌سه‌ر ڕۆمانێک دنیا له سه‌لمان ڕوشدی نه‌کاته زیندان و له جیاتی ئه‌وه چێژ له داهێنانه ئیستاتیکییه‌کانی وه‌ربگرێت یان ئه‌وپه‌ڕی نه‌یخوێنێته‌وه. کاتێک پاپا و دالای لاما سووتاندنی کتێبه پیرۆزه‌کانی خۆیان له‌لایه‌ن نهیارانییانهوه قبوڵ ده‌که‌ن مانای ئه‌وه نییه کتێبه‌که‌ی خۆیان له‌لا پیرۆز نییه، مانای ئه‌وه‌ش نییه پێیان خۆش بێت کتێبه پیرۆزه‌که‌یان بسووتێنرێت، به‌ڵام مانایه‌ک هه‌یبێت ئه‌وه‌یه که ئه‌وان دیدێکیان قبووڵ کردووه بۆ مرۆڤ و بۆ پلورالیزم که ئێمه له دنیایه‌کداین ده‌کرێت کارێکی له‌و جۆره‌یشی تێدا بکرێت. موسوڵمانێکیش ئه‌گه‌ر ئه‌وه قبووڵ بکات هیچ له ئاییندارییه‌که‌ی که‌م نابێته‌وه، به‌ڵام بێگومان مرۆڤبوونی خۆی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌کات و وێنه‌یه‌کیش له خۆی دروست ده‌کات که ئه‌وانی دی به نه‌فره‌ت و بێزارییه‌وه لێی نه‌ڕوانن. ئه‌گه‌ر ئیسلام تا ئه‌و ڕاده‌یه بکرێته‌وه، ئایینه‌که له‌ناو ناچێت وه‌کوو هه‌ندێک ئیسلامی فه‌ناتیک پێیان وایه، به‌ڵکو به ئه‌گه‌ری زۆر؛ زیاتر گه‌شه ده‌کات، مه‌سیحییه‌ت که ئێستا ئایینێکی نه‌رمه و فۆڕمه دڕندانه‌که‌ی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستی خۆی جێهێشتووه، زۆر به خێرایی له زۆر ناوچه‌ی دنیادا بڵاوده‌بێته‌وه، بۆ نموونه له ئاسیای دوور.
جیهانێکی به‌یه‌کداچوو
جیهانی ئه‌مڕۆ زۆر له جاران به‌یه‌کداچووتره. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی فۆڕمی سیاسی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه فۆڕمێکی زاڵ و شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تانه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و شۆڕشه ته‌کنیکی و زانستی و گۆڕانکارییه گه‌وره‌یه‌ی له تۆڕه‌کانی په‌یوه‌ندیدا ڕوویانداوه، کۆمه‌ڵگاکان خێراتر کاریگه‌ری له‌سه‌ر یه‌کتر داده‌نێن، داهێنراوه ته‌کنیکی و زانستییه‌کان زووتر بڵاوده‌بنه‌وه، ئایدیاکان خێراتر سنوره‌کان ده‌بڕن. زانست هه‌میشه به دیالۆگی زاناکان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا پێشکه‌وتووه، شارستانێتییه‌کان، فۆڕمه‌کانی حوکمڕانیی، ده‌زگاکان و ئایدیاکان له جێگایه‌که‌وه بۆ جێگایه‌کی دیکه بڵاوبوونه‌ته‌وه، جاران وابووه و ئێستا زۆر خێراتر و کاریگه‌رتره. پتر دیموکراتیزه‌بوونی وڵاتێک کاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر وڵاتانی تریش، ڕووخانی حکوومه‌تێک په‌یوه‌سته به ده‌یان هۆکاری ئاڵۆزی ده‌ره‌کیی، گه‌شه‌ی به‌هاکان له کیشوه‌رێک ده‌کرێت جیهانبینی له کیشوه‌رێکی تردا بگۆڕێت، ئه‌مه خه‌سڵه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه، به‌ڵام دنیای نوێ هه‌ر ئه‌م دیوه ئه‌رێنییه‌ی نییه، به‌ڵکو دیوێکی نه‌رێنیشی هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ئایدیا به‌ده‌کانیش هه‌ر وان، زاڵبوونی دیدێکی توندئاژۆی ئایینی، که‌لتووری یان سیاسی ده‌کرێت زۆر ئاسانتر کاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر جێگاکانی تری دنیاشدا دابنێت. تره‌مپ هه‌ر کێشه نابێت بۆ ئه‌مریکا، به‌ڵکو ده‌کرێت که‌شوهه‌وای سیاسی هه‌موو دنیا ئاڵووده بکات، به‌هێزبوونی باڵی ڕاست له ئیتاڵیا و فه‌ڕه‌نسا هه‌ر ته‌نیا ئه‌و دوو وڵاته تووشی ته‌نگژه ناکات، به‌ڵکو ده‌بێته کێشه بۆ هه‌موو ئه‌وروپا و هه‌موو دنیاش، به‌و پێودانگه‌ش به‌هێزبوون و فرەوانبوونی ئیسلامێک که نه‌هاتووەته ناو جیهانی نوێوه هه‌ر کێشه نابێت بۆ موسوڵمانه‌کان و ‘دنیای ئیسلام’، به‌ڵکو کاریگه‌ری داده‌نێت له‌سه‌ر وڵاتانی تریش. تێرمی ئیسلامۆفۆبیا له‌ناو ئه‌و که‌شوهه‌وا گڵۆباڵه‌دا ڕسکاوه، له‌ناو دۆخێک‌دا که ئیسلام توانیوویه‌تی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا ناچار بکات سازش له‌سه‌ر هه‌ندێک به‌ها بکه‌ن، جا ئه‌و سازشه به بیانووی ئاسایشه‌وه بێت، به بیانووی ڕێژه‌گه‌رایی که‌لتوورییه‌وه بێت، یان به‌هۆی دژایه‌تیکردنی ئیسلامۆفۆبیاوه بێت.
تێرمی ئیسلامۆفۆبیا و دژایه‌تیکردنی وه‌کوو ستراتیجێک جگه له‌وه‌ی گوزارشت له شتێکی کۆنکرێت ناکات، هه‌لومه‌رجێکیش ده‌خولقێنێت که شرۆڤه و ڕه‌خنه‌گرتن له ئیسلام، له مێژووه‌که‌ی، له به‌ها و نۆرمه‌کانی، له کتێبه پیرۆزه‌که‌ی، ڕاسته‌وخۆ وه‌ک دژایه‌تیکردنی مرۆڤی موسوڵمان سه‌یربکرێت، دۆخێک ده‌خولقێنێت که مرۆڤ ده‌ستی ئاوەڵا بێت له ڕه‌خنه‌کردنی مه‌سیحییه‌ت و نۆرم و به‌هاکانی، به‌ڵام هه‌مان ده‌ستکراوه‌یی نه‌بێت به‌رانبه‌ر ئیسلام و دۆخێکی خۆسانسۆرکردن بۆ توێژه‌ران و ڕه‌خنه‌گران بسازێنێت که به‌هه‌مان پێوه‌ری مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئایینه‌کانی تر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئیسلام نه‌که‌ن، ئه‌مه‌ش وا ده‌کات جڤاتی موسوڵمانه‌کان له خۆرئاوادا زیاتر به‌سه‌ر خۆیاندا دابخرێن و له ئاینده‌دا ببن به کێشه بۆ وڵاتانی خانه‌خوێ و وڵاتانی باوانیشیان. هاوکات، ئه‌م جۆره مامه‌ڵه‌یه پشتچۆڵکردنی محه‌مه‌د ئه‌رگۆن و نه‌سر حامید ئه‌بو زه‌ید و محه‌مه‌د شه‌حرور و ئه‌وانی تریشه. ڕه‌نجبه‌خه‌سارکردنی ئه‌و ده‌نگه عه‌قڵانی و تاک و ته‌رایانه‌ی ناو کۆمه‌ڵگا موسوڵمانه‌کانیشه که خه‌ون به ئیسلامێکی مه‌عقول و سنگفرەوان و سه‌نگینه‌وه ده‌بینن و ده‌یانه‌وێت ئیسلامیش وه‌کوو مه‌سیحییه‌ت بێته ناو جیهانی نوێوه. له سه‌رووی هه‌موویشییه‌وه ئه‌و ستراتیج، ئه‌و شلگیرییه به‌رانبه‌ر به ئیسلام وا خۆی ده‌رده‌خات که پشتگیری موسوڵمانان ده‌کات، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌گه‌ر قووڵتر لێی بڕوانین به‌که‌مگرتنی موسوڵمانانه، وێناکردنیانه وه‌ک مرۆڤگه‌لی ناعه‌قڵانی و توڕه و تۆسن و سهیرکردنییانه وه‌کوو بوونه‌وه‌رگه‌لێک که ده‌بێت وریا بن ڕه‌خنه‌یان لێ نه‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی وێرانکاریی نه‌خه‌نه‌وه. مرۆڤی موسوڵمان ڕازییه ئاوا سه‌یر بکرێت؟