مەسرور بارزانی لە بەغداوە باسی مووچە دەکات
ئەمڕۆ پێنجشەم، ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی لە بەغدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هەفتەی داهاتوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەن.
مەسرور بارزانی ئەمڕۆ پێنجشەم، گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، دواتریش لەگەڵ هەریەک لە هادی عامری ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر و قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق بە جیا کۆبوونەوە و لە ڕێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: “جەختمان لە سەر بەردەوامبوونی هەماهەنگیی و هاریکاری نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەتی دابینکردنی شایسته دارایییهكان و مووچهی مووچهخۆرانی ههرێمی كوردستان و ژیان و گوزهرانی هاووڵاتییان کردەوە”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەر لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا، لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “ئەوەی لەسەر ئێمەیە کردوومانە، هەموو هەوڵێکیشمان داوە بۆ ئەوەی بەغدا بابەتی مووچە تێکەڵی بابەتە سیاسییەکان نەکات”.
دووپاتی کردەوە: “ئەو پابەندێتییانەی لەسەر هەرێمی کوردستان بووە، جێبەجێمان کردووە، ئێستاش لەسەر بەغدا دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی ئەوانیش بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن”.
مەسرور بارزانی گوتیشی: “من ئومێدم هەیە کە ئینشائەڵڵا هەواڵی خۆش بە هاووڵاتییان دەگات”.