شرۆڤه‌كه‌لتوور

خۆشەویستی

ئایا خۆشەویستی ئەو داوەیە، دەنکەکانی ملوانکەی دونیا، پێکەوە کۆ دەکاتەوە؟ یان ئەو کلیلەیە، دەرگاکانی بەهەشت بە ڕووماندا دەخاتە سەر پشت؟ شەکسپیر گوتوویەتی: خۆشەویستی زەریایەکە تا ببەخشێت، زیاتری پێ دەمێنێت. خۆشەویستی کەس نابوێرێت، دەڵێن: وەک ڕووداوی هاتوچۆ وایە، کە تووشی دەبین، ڕەنگە وەک گوێزی ساغ یان بە سووکە برینێکەوە لێی دەربچین، بەڵام ئەگەری ئەوەیش لە ئارادا هەیە، تێیدا ژیان لە دەست بدەین. وەک چۆن تەمەن، ئەگەر زەمەنی لێ دەربهێنین، هیچی نامێنێتەوە، ژیانیش ئەگەر خۆشەویستیی تێدا نەبێت، هیچ مانایەکی نابێت.  گومانم هەیە بتوانم باسی خۆشەویستی بکەم، بەڵام دڵنیام، خۆشترین ڕۆژەکانی ژیان، ئەو ڕۆژانەن کە تازەکی کەوتووینە نێو دونیای خۆشەویستییەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

یەکێک لە ماناکانی خۆشەویستی بریتییە لە بەختەوەری، ئاخر وەک مەحاڵ وایە، بەبێ ئەوەی خۆشەویستی لە ژیانماندا هەبێت، هەست بە بەختیاری بکەین. دونیای خۆشەویستی لە جیهانی ئەڤینی نێوان نێر و مێ بەرینترە و خۆشەویستی لە زۆر فۆرمی جیاوازدا خۆی نمایش دەکات، وەک خۆشویستنی دایک و باوک، یان خوشک و برا. ئەوی کەسی خۆش نەوێت، کەسێکە نەخۆش، دەروونناسان (سایکۆپات)ی پێ دەڵێن و پێویستی بەوەیە سەردانی سایکۆلۆگیست بکات. وەک چۆن ئەگەری ئەوە هەیە، ئاگری خۆشەویستییەک زوو دابمرکێتەوە، ئەگەری ئەوەیش هەیە، بەدرێژایی تەمەنمان کەسێکمان خۆش بوێت، گوڵی ئەو خۆشەویستییە درێژخایەنە، ناوبەناو سیس دەبێت، بەڵام ناوەرێت و سەرلەنوێ دەگەشێتەوە.

 

بە هۆی خۆشەویستییەوە، متمانەمان بە خۆمان پتەوتر دەبێت، بەهێزتر دەبین لەوەی هەین، ژیاندۆستی لەکنمان گەشە دەکات و هەست بە هێوری دەکەین، بەڵام دەشێت خۆشەویستی کارێک بکات، دووچاری پێچەوانەکانی ئەوانە ببینەوە. لە هەواری خۆشەویستیدا، جێی خۆپەرستی نابێتەوە، ئەوە نییە کە کەسێکمان بەڕاستی خۆش دەوێت، ئامادەین بێ دوودڵی، هەموو سامان و تەنانەت گیانی خۆیشمان، لەپێناویدا ببەخشین.

 

بۆیە پێناسەکردنی خۆشەویستی کارێکی دژوارە، چونکە ئەزموونێکە لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت و تەنانەت لای هەمان کەسیش لە جارێکەوە بۆ جارێکی دیکە، وەک یەک نییە. کە تازەکی کەسێکمان خۆش دەوێت، هەر کە دەیبینین، دەهەژێین، گەرم دادێین، گیانمان دەنیشێتە سەر عارەق، دەشڵەژێین، زمانمان لە گۆ دەکەوێت و وەک سەرخۆشمان لێ دێت. ئەگەر بەختەوەر بین، خۆشەویستی هەرەسمان پێ ناهێنێت، ئەگەرنا وامان بەسەر دێنێت، وەک دونیامان بەسەردا ڕووخابێت.

 

هەندێک پێیان وایە، خۆشەویستی کاتێک دەست پێ دەکات، کە دوو کەس دوای ناسینی یەکتری، هەر یەکێکیان ئەوی تریان پەسەند دەکات، بەڵام هەندێکی دیکە، بڕوایان وایە، خۆشەویستی لە یەکەمین نیگاوە لەدایک دەبێت. خۆشەویستی بەگوێرەی قامووسی ئەکادێمیای سوێد: (هەستێک یان مەیلێکی بەهێزە، بەرانبەر بە کەسێک کە خۆشی و سەرکەوتنی بۆ دەخوازین. خۆشەویستی: شادی و ئارامییەکە، بە نزیکبوونەوە لە دڵخواز هەستی پێ دەکەین، هەوڵێکە بۆ ئەوەی کەسی خۆشەویست لێمان ڕازی بێت، بزانێت ئەوپەڕی بڕوامان پێی هەیە، بەوەفاین بۆی و نائومێدی ناکەین.)

 

خۆشەویستی: هەر شادی و مەستی نییە، زێتری لێ چاوەڕێ دەکەین، تامەزرۆیی و خەون و ئومێدیشە. خۆشەویستی پڕە لە کوتوپڕی، ئەوە نییە لە کاتێکدا چاوەڕێین، شاسواری یان شازادەی خەونەکانمان، بە سواری ئەسپێکی سپییەوە پەیدا ببێت، کەچی ڕەنگە لەناکاو لە شوێنی کار یان لە پارکێکی ناو شار، دەربکەوێت و سووک سووک بە دۆشاومژەی یەکەمین نیگای لە دەرگای دڵمان بدات! کەس ناتوانێت ئەوە دیاری بکات کە تووشی داوی خۆشەویستی دەبین، هەڵسوکەوتمان چۆن دەبێت، ئاخر لەو وەختەدا ڕەوتاری هەر یەکێکمان، وێڕای پێشینە و هۆشیاری و هەست و نەستمان، پێوەندیی بەوەیشەوە دەبێت، چاوەڕێی چ کاردانەوەیەک لە کەسی دڵخواز دەکەین.

 

لای سارتەر بۆ ئەوەی کاروانی خۆشەویستی بکەوێتە ڕێ، پێویستە دوو کەسی ئازادی هۆشیار لە ئارادا هەبن، بەڵام کێشەکە هەر بە هێندە چارەسەر ناکرێت، ئاخر دواتر هەر یەکێک لەو دووانە، هەوڵ دەدات ئەوی دیکە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و بیکات بە کۆیلە و بە موڵکی خۆی. ڕەنگە نەتوانین عاشقێکی پێرفێکت بین و پڕ بە پێستی دەربڕینەکە، خۆشەویستییەکی ڕاستەقینە ببەخشین، ئاخر پێ دەچێت، خۆشەویستیی نموونەیی، زیاتر لە دونیای ئایدیادا هەبێت و بەدەگمەن ڕێی بکەوێتە سەر زەمینی واقیع.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...