ئەو چینە چینێكی مشەخۆرن و هەموو شتێكیان بۆ خۆیان دەوێت، جگە لەخۆیان بەهیچ شێوەیەك بیر لەبەرژەوەندی نەك كورد، بگرە هیچ كەسێكی تر ناكەنەوە، بۆیە هەركاتێك بەرژەوەندییەكانیان دژی كورد بووبێتەوە، بەبێ هیچ دوودڵییەك بەرژەوەندی خۆیان ڕەپێش خستووە و بازرگانیان بە دار و بەردی كوردستان كردووە.
بەرانبەر ئەمەش بەرەیەكی تر هەیە، كە بەرەی خەڵكە، ئەو خەڵكە دڵسۆزەی هیچ شتێكی بۆ خۆی نەویستووە و دەروێشانە بەدوای خەونی سەربەخۆیی وڵاتەكەی كەوتووە، ئەوانە جگە لەبەرژەوەندی وڵات و نیشتمان چاویان هیچ شتێكی تری نەدیوە، جوانییەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، وەك ڕووبەڕووبوونەوەی قارەمانانانە و بەرخودان و خۆڕاگری و بەرگری لە نیشتمان، ئەوانە دروستییان كردووە، بەهیچ شێوەیەك ئامادە نەبووینە خیانەت لە میللەتەكەیان بكەن. مێژووی نوێی كورد پڕە لەو وێنە و دیمەنە جوانانەی ئەو بەرەیە بەرهەمی هێناوە، هەروەك چۆن پڕە لەو دیمەنە قێزەونانەی جاشایەتی و پێش دوژمن كەوتن و شەڕی كوردكوژی، كە لەلایەن بەرەكەی ترەوە ئەنجامدراوە.
بەرەی یەكەمیان بووەتە سوودمەندی یەكەم و بەرەی دووەمیشیان بووەتە قوربانی یەكەم، ئەوە وایكردووە توێژینەوە لە مێژووی كورد ئاسان نەبێت، لەبەرئەوەی ئەو ململانێیە جۆرە پارادۆكسێكی ئاڵۆزی دروست كردووە، لەلایەك مێژووی قارەمانیەتی بێوێنە و لەلایەكی تر مێژووی خیانەت و وڵاتفرۆشتنی بێوێنە، كەمینەیەكی وڵاتفرۆش زاڵ بووە بەسەر زۆرینەیەكی مەستی ئازادی و سەربەخۆیی قوربانیدەر.
بۆیە لەمەودوا ئەگەر بمانەوێت مێژووی كورد ڕەهەندێكی زانستییانە وەربگرێت، دەبێت لەسەر بنەمای ئەو دابەشكارییە بنووسرێتەوە، تاوەكوو بەرپرسیارێتییەكان دیاربكرێت و بەشێوەیەكی گشتگیر خوێندنەوە بۆ ئەو مێژووە نەكرێت، هەرچەندە بەرەی دووەمیش بەرپرسیارییەتی گەورەی لەو دۆخە دەكەوێتە ئەستۆ، چونكە دەرسی لە مێژوو وەرنەگرتووە، هەمیشە ئامادەیی تەواوی تیابووە ببێتە سووتماكی ئەو خیانەتانەی بەناوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردەوە دەرهەقی كراوە، بەڵام مێژووی ئەو جیاوازە و چیتر نابێت لەگەڵ مێژووی بەرەی یەكەم تێكەڵ بكرێت، تاوەكوو لە كۆتاییدا بتوانرێت مێژوویەك بنووسرێتەوە، بشێت ببێتە بنەمایەكی لەبار بۆ بونیاتنانەوەی كەسایەتی تاكی كورد لە ئایندەدا.
نووسین لەسەر مێژووی كورد بەو شێوەیەی ئێستا، وەك چەكێكی كوشندە لە شەڕێكی دەروونی بەرانبەر خودی كورد بەكاردەهێنرێت، لەپێناو بێئیرادەكردن و چەسپاندنی تۆوی خۆفرۆشی و وڵاتفرۆشی لەناخی نەوەكاندا، بەوەش ئەو پاشاگەردانییە نەك بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام دەبێت، بگرە چڕ و چڕتر دەبێتەوە و لەكۆتاییدا دەرئەنجامی مەترسیداری لەسەر كۆی چارەنووسی میللەتێك لێدەكەوێتەوە.