یەکەم: ئەگەر لە مێژووی تایبەتی ئەم دیاردەیە نەڕوانین ناتوانین لێی تێبگەین. یەکەم جار ئەم پرسە لە ساڵی ١٩٤٧ لە لایەن پەرلەمانی سەردەمی مەلەکییەوە وروژێنرا. پاشان بە هۆکاری گۆڕینی حکوومەت و هۆکاری تر نەبوو بە یاسا. بەڵام هەر لەو ساتەوە شیعە جەعفەرییەکان دژی بوون. هەروەها موحافیزە حەنەفییەکانیش، بەڵام بە هۆکاری جیاواز. کورد باسی نییە کە دژ یان لایەنگر بووبێت. دیارە کە دێتە سەر قوتابخانە فیقهییەکان، کورد وەک شافیعی دەبینرێت، سووننە وەک حەنەفی و شیعە وەک جەعفەریی.
دووەم: ئەم پێشنیازە لە ساڵی ١٩٥٩ لە لایەن عەبدولکەریم قاسمەوە دەبێت بە یاسا. دیارە هەڵکسانی هێزی چەپ لە عێراقدا ڕۆڵی هەبووە لەم پرسەدا. یاساکە تێکەڵە لە مەدەنیەتی فەرەنسی، لەگەڵ جەعفەریی و حەنەفیدا. یەکێکە لە باشترین یاساکان کە زەواج وەک گرێبەستی نێوان دوو باڵق دەبینێت. بە پێچەوانەی فیقهی ئیسلامی کە زەواج وەک موتعە دەبینێت.
لێرەدا ئەوە گرنگە بیزانین کە ساڵی ١٩٥٩ شیعەی عێراق دەست بە کاری سیاسیی ڕێکخراوەیی دەکەن، حزبی دەعوە دروست دەبێت. یەکێک لە تیۆرەکانی سیاسی بوونی شیعە هەڵکشانی شیوعیەت، دەستبردن بۆ کاروباری خێزان، کە کاریگەری دەبێت لە سەر ڕۆڵی مەزهەب و مەلاکان. دیارە مەلای شیعە لە سەر خومس دەژی، کەمبوونەوەی لایەنگر مانای کەمبوونەوەی داهاتیشە.
سێیەم: شیعە دژایەتیان بۆ یاسای باری کەسیی وەک بەشێک لە دۆخی پەراوێزخستنی خۆیان دەبینن لە پڕۆسەی سیاسی عێراقیدا. بۆیە کاتێک باوکی عەمار حەکیم لە ساڵی ٢٠٠٣ لە کاتی مەجلیسی حوکمدا دەبێتە سەرۆک، یەکەم کار دەیکات پەکخستنی ئەو یاسایەیە، پاشان لە ساڵی ٢٠٠٤ پۆل برێمەر دەیهێنێتەوە.
چوارەم: لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ناوە ناوە هەمیشە هەوڵدراوە بۆ هێنانەوەی ئەم یاسایە، بە تایبەتی لە لایەن پارتی فەزیڵەوە، بەڵام بە هەماهانگی هەموو هێزە شیعییەکان. ئێستا باشترین دەرفەتە کە سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکوومەت هەردوو شیعەن.
دەرئەنجامەکانی:
یەکەم: پاڵنەری سەرەکی هەموو ئەم هەوڵانە بۆ ئەوەی عێراق بە شیعەیی بکرێت، مەدەنیەتی عێراقی لاواز یان کۆتایی پێبهێنرێت. چونکە مەدەنیەت یەکسانی دەکات لە نێوان شیعە و سووننە و ئەوانی تر، ئەمەش بۆ کەسێکی دینداری، بە تایبەتی دینداری سیاسی قبوڵ نییە.
دووەم: کۆتاییهێنان بە پڕۆژە یان وەهمی نەتەوە یان گەلی عێراق، ماوەیەکە هەندێک بۆ ڕیسواکردنی کورد و جوانکردنی عێراق بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە عێراق بەرەو مەدەنیەت دەچێت، بەبێ ئەوەی سەرجەم ڕێساکانی یارییەکە بزانن. چونکە بەزۆری کەسانی یاری پێکراون.
پڕۆسەی بە شیعەکردنی عێراق دۆخی زۆرینەی هەمیشەیی شیعە و کەمینەیی ئەوانی تر دروست دەکات لە دۆخێکدا کە نەگۆڕە. بەو مانایە کورد و سووننە هەمیشە کەمینەن. بە تایبەتی گۆڕینی یاسای باری کەسی بۆ ئەوەیە کە ڕێگری بکات لە تێکەڵبوون و وەلاخستنی مەزهەب.
چوارەم: ئەم هەنگاوانە بۆ ئەوەیە بونیادێکی سیاسی کۆمەڵایەتی دروست بکات کە بە گۆڕینی نیزامی سیاسیش نەتوانرێت گۆڕانکاری بە سەردابێت.
پێنجەم: قسەیەک بۆ دز بکەین، بە دیدی فرە کەلتووریی و بەپێی بەندی ٤١ی دەستوری عێراقی، شیعە بۆیان هەیە پەیڕەوی مەزهەب و کەلتووری خۆیان بکەن، هەرچەندە ئەگەر سێکسی موتعە و سێکسی منداڵیشی تیادابێت. دیارە فەر کەلتووریی مۆدێلێکی ڕەگەزپەرستییە لە پەنجاکان لە لەندەن خانەی بیری چاتەم هاوس بۆ کۆلۆنیالیزمی بەریتانی بەرهەمهێنا، کاتێک سیستەمی ڕەگەز یان ڕەیس تووشی کێشە بوو.
ڕێکخراوەکانی ژنان کە لە هەوڵی ڕێگریدان، بەڵام زۆر لاوازن، چونکە بە گشتی پاشکۆی حزب و کەسەکانن. کەسانی بە توانا و سەربەخۆ بەڕێوەیان نابەن و کاریگەریی ڕووکەش نەبێت ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نابێت. بە تایبەتی کاتێک کە هیچ حزبێکی سیاسی دژ بەم پڕۆژەیە نییە.