كه‌لتوورهه‌واڵ

لە هەولێرەوە دەستپێشخەرییەکی نوێ بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ڕاگەیەندرا

ماڵی وەفایی لە هەولێر، دەستپێشخەرییەکی بۆ سەرجەم کاندیدان و هێزە سیاسییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاندووە و داوا دەکات وەک نەریتێکی نوێ و سەردەمییانە، لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا کتێب دابەش بکەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لەو دەستپێشخەرییەدا، کە ناوەندەکە بەناونیشانی “کتێب لە بری چەک” ڕایگەیاندووە، ئاماژە بەوە دراوە، “قەیرانی دارایی و دەستکورتی خوێنەران، لەم ساڵانەی دوایی، کاریگەرییەکی زۆر نەرێیی لەسەر خوێندنەوە و دەستگەیشتن بە کتێب دروستکردووە و هۆکار بووە لەوەی خوێنەران بەتایبەت لە ڕیزەکانی گەنجان، قوتابییان و خوێندکاران، توانای کڕین و دەستخستنی کتێبیان نەبێت.”

 

لەو ڕوانگەیەوە، ماڵی وەفایی پێشنیاز بۆ سەرجەم هێز و قەوارە سیاسییەکان و کاندیدان دەکات: “لە ڕوانگەی باوەڕبوون بە پێشخستنی بواری ڕۆشنبیری و برەودان بە کەلتووری خوێندنەوە و دەستگیرۆیی خوێنەران، هەریەک لای خۆیانەوە، کتێب بکەنە دیاری بۆ لایەنگرانیان و ئەو خەڵکانەی لە سەردان و دیدارەکانیاندا دەستیان پێیان ڕادەگات”.

 

لە ڕاگەیەندراوی دەستپێشخەرییەکەی ماڵی وەفاییدا هاتووە: “هێزەکان و کاندیدان دەتوانن بە دروستکردنی کتێخانە لە گوند و شارەدێ و ناوچە دوورەدەستەکاندا، دەستپێشخەرییەکەیان جددیتر بکەن. ئەوان دەتوانن کتێبی جیاجیا پێشکەش بە قوتابخانە و کتێبخانە گشتییەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بکەن”.

 

زیاتر دەڵێ: “ئەگەر تەنیا دە لە سەدای ئەو خەرجییانەی هەر لیست و کاندیدێک لەماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا دەیکات، بۆ کڕین و بەخشینی کتێب تەرخان بکرێت، سەدان هەزار کتێب تەنیا لەم ماوەیەدا بە دەست خەڵک و ئەو خوێنەرانە دەگات، سەختی دۆخی دارایی، لە کتێبی دوورخستوونەتەوە”.

ماڵی وەفایی ئەوەشی بیرخستووەتەوە کە “پێشکەشکردنی کتێب، دیارییەکی بەنرخ و دەستپێشخەرییەکی نموونەیی دەبێت لە نەریتەکانی پێوەست بە بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستاندا و نیشاندەری تێپەڕکردنی ئەو قۆناغ و ئەقڵیەتەیە، کە چەک تیایدا دیاری پەسندکراو بوو”.

 

هەر لەو ڕوانگەیەشەوە، ناوەندەکە لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەستپێشخەرییەکەدا، ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە لە “پاڵپشتیکردنی هەر هێز و کاندیدێک، کە بەدەنگ ئەم دەستپێشخەرییەوە دێت، لەڕووی داشکاندنێکی تەواو لە نرخی سەرجەم کتێب و چاپکراوەکانی ماڵی وەفایی”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...