هه‌واڵ

دەرچووانی پۆلی ٩ی بنەڕەتی دەتوانن لە پەیمانگەی پیشەیی هەولێر بخوێنن

زێدپرێس

 

پەیمانگەی پیشەیی هەولێر، یەکەمین گرووپی قوتابییان لەماوەی خوێندنی ئەمساڵ وەردەگرێت و وەزارەتی پەروەردەیش مەرجەکانی پێشکەشکردن بۆ دەرچووانی پۆلی ٩ی بنەڕەتی ڕادەگەیەنێت.

 

لیژنەی باڵای پەرەپێدانی خوێندنی پیشەیی لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێم، ئاگادارییەکی بۆ دەرچووانی پۆلی ٩ی بنەڕەتی، لەبارەی درێژەدان بە خوێندن لە نوێترین پەیمانگای پیشەیی لە شاری هەولێر بڵاوکردەوە.

خوێندن لە پەیمانگاکە ٥ ساڵە و بە زمانی ئینگلیزی دەبێت، ساڵی یەکەمی خوێندن بۆ زمانی ئینگلیزی تەرخان دەکرێت.

بەگوێرەی مەرجەکان پێشکەشکار دەبێت دەرچووی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ بێت و هەروەها منداڵانی مامۆستایانی پەیمانگەکە، ئەگەر پۆلی ٩ی بنەڕەتییان تەواوکردبێت، بەبێ هیچ مەرجێک وەردەگیرێن.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:

 

وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، (پەیمانگەی پیشەیی ھەولێر) (٥) ساڵی،  بە خوێندنی زمانی ئینگلیزی دەكاتەوە لە پارێزگای ھەولێر بۆ قوتابیانی دەرچووی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٢ – ٢٠٢٣)، دەتوانن بەشێوازی ئۆنلاین لە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە داواکاری  پێشكەش بكەن  تا ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ کاتژمێر ٢ ی نیوەڕۆ، بەگوێرەی ئەو مەرج و پێوەرانەی لای خوارەوە:

 

١-  پێشکەشکار پێویستە دەرچووی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ بێت لە (خوێندنی ڕۆژ).

٢- وەرگرتن لەسەر بنەمای بەرزترین كۆنمرەی بابەتی زمانی ئینگلیزی پۆلی ٩ی بنەڕەتی دەبێت.

٣- منداڵانی مامۆستایانی ئەم پەیمانگە نوێییە ئەگەر دەرچووی پۆلی (٩)ی بنەڕەتی بن و داواکاری پێشکەش بکەن، دەبەخشرێن لەمەرجەکانی وەرگرتن.

٤-  (٨٠) قوتابی وەردەگیرێن بە ڕەچاوکردنی خاڵی (٣)میشەوە.

 

٥- خوێندنی پەیمانگە بریتی دەبێت لەم بەشانە:

  • گرووپی بەشی كۆمپیوتەر (كۆمپیوتەر، ئای تی).
  • گرووپی بەشی دیزاین (گرافیك دیزاین، ئینتریر دیزاین).
  • گرووپی بەشی بازرگانی (ژمێریاری، بازاڕ و بازاڕكردنی ئۆنلاین).
  • گرووپی بەشی گەشتوگوزار و میوانداری (كارگێڕی ھوتێل، چێشتخانە و خزمەتگوزاری ژوور، چێشتلێنانی ڕۆژئاوایی و ڕۆژھەڵاتی و شیرنەمەنی).

 

قوتابی پێشكەشكار لەھەر بەشێك وەربگیرێت مافی گۆڕینی

بەشەكەی نابێت .

٦- ساڵی یەكەمی خوێندن لە پەیمانگە تەنیا ساڵی فێركردنی زمانی ئینگلیزی دەبێت.

٧- پرۆگرامەكانی بەشەکانی ئاماژەپێکراو لە ساڵی دووەمی خوێندن دەستپێدەكات.

٨- قوتابی پێشكەشكار لەو ماوەیەی ئاماژەی پێکراوە مافی پێشكەشكردنی ھەیە بە كۆد و پاسۆردی خۆی “کە پێشتر لە قوتابخانەکەی وەریگرتووە بۆ قوتابخانەی ئەلیکترۆنی ئی -وانە”، دەتوانێت داخلی سیستمی E-Parwarda  ببێت و بە ئارەزووی خۆی یەكێك لە بەشەكان ھەڵدەبژێرێت و دواتر تەنیا كلیك لەسەر  ئایکۆنی ناردن دەكات.

 

بۆ پێشکەشکردن کرتە لەسەر ماڵپەڕی پەروەردە بکە:

ماڵپەڕی پەروەردە

 

لیژنەی باڵای پەرەپێدانی خوێندنی پیشەیی لە وەزارەتی پەروەردە

١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...