كه‌لتوور

بەرزی و نزمی خەباتی من

ئەندرۆ پێتیگریو

لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن

 

کتێبەکان توانای تایبەتمەندییان هەیە. ئێمە وەک کێتبخانەکان هەوڵی بەزیندووهێشتنەوەیان دەدەین. کاتێک کتێبخانەیەک دادەخرێت یان لەشەڕدا وێراندەبێت، ماتەمینی دەگرین. ڕیشەی ئەم نیگەرانییانە، ئەو پێشگریمانانەن هەمیشە کتێبەکان هێزی چاکەن: هێزێکی بەشارستانیکردن، دەبێت بەرزبنرخێنرێت و بپارێزرێت.

 

بەڵام کە وەها نین چی؟

کتێبەکان تەنیا قوربانی شەڕ نین، بەڵکو هەندێک جار پاڵەوانی شەڕن و بە هاوکاری دۆزینەوە زانستییەکان، زانیاری و پڕوپاگەندە، دابینکەری بەشێک لە کەرەستەی شەڕن. کتێبەکان بیروباوەڕێک پەروەردە دەکەن کە میللەتان تێکبەردەدات، چەشنە چەقبەستووییەک درووستدەکەن، سەردەکێشێتە دڕندەیی و جینۆسایدەوە. هەرگیز کتێبەکان لەدەرەوەی چاڵەکە نین، بەڵکو هەندێکجار خاڵە لاوازەکانی مرۆڤ پەرچ دەکەنەوە و نیازی شەڕانی کەسانێکن شەڕ هەڵدەگیرسێنن، بە هەمان شێوە کە لەسەردەمی پشێوی دەبنە دەرەتانێک بۆ ئاشتی.

کتێبی خەباتی منی خوێنەر زۆری ئەدۆلف هیتلەر، نموونەیەکی ئەم دژبەرییەیە. پێدەچێت کتێبەکە لە یەکەم چاپیدا لە ١٩٢٥، وەک نووسەرەکەی مەحکوم بێت بە فەرامۆشکردن: بەشی یەکەمی کتێبەکە کە بڵاوکەرەوەکەشی لایەنگری هیتلەر نەبوو، ١٥٠٠ نوسخەی لێ فرۆشت و بەشی دووەم و بەدناوی کە زۆربەی بیرۆکە ڕەگەزییە وێرانکەرەکانی لەخۆگرتبوو، بە هیچ شێوەیەک لەبەرچاو نەگیرا (تەنیا ٥٠٠ نوسخەی فرۆشت).

 

خەباتی من بەزۆرەملێیی لە هەموو ماڵەکانی ئەڵمانیا بوو، لەڕاستیدا گەرچی لەوانەبوو نەخوێندرێتەوە، بەڵام لە شوێنەکانی دیکە بەزۆرەملێیی نەبوو. بڵاوبوونەوەیەکی وەها فرەوان، سەرنجڕاکێش بوو.

 

بەڵام چەند نازییەکان بەهێز بوون، فرۆشتنی کتێبەکە زیاتر بوو. کاتێک لە ساڵی ١٩٣٣، ڕژێمی داگیرکەری سەرهەڵدراو بڕیاریدا ئەدەبیاتی تێکچوو لە کتێبخانە گشتییەکان پاک بکاتەوە، خەباتی من و بابەتی دیکەی وەک کتێبی ئەفسانەی سەدەی بیستەم، بەرهەمی ئاڵۆزی ئەلفرێد ڕۆزنبێرگ، جێگەی گرتەوە. پێداچوونەوەی نوێ لەقاڵبی جیاجیادا کەوتە بەردەست هەموو هاووڵاتییانی ئەڵمانیا، بۆ نموونە بوو بەدیاری بۆ هاوسەرە لاوەکان و چاوەڕوان دەکرا ئەفسەرانی سووپا و مامۆستایانی قوتابخانە لە دەقەکەی بگەن و لە ناو سەربازەکانیان و منداڵانی قوتابخانە بڵاوی بکەنەوە. تا کۆتایی شەڕ، بە هۆی فرۆشتنی بەزۆرەملێ بەقوتابخانە و کتێبخانەکان، کڕینی خۆپارێزی خەڵک بە گشتی، نۆ ملیۆن نوسخە لە ئەڵمانیا دەخولایەوە.

خەباتی من بەزۆرەملێیی لە هەموو ماڵەکانی ئەڵمانیا بوو، لەڕاستیدا گەرچی لەوانەبوو نەخوێندرێتەوە، بەڵام لە شوێنەکانی دیکە بەزۆرەملێیی نەبوو. بڵاوبوونەوەیەکی وەها فرەوان، سەرنجڕاکێش بوو.

خوێنەرانی ئینگلیزی و ئەمریکی بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٣٣ (خەباتی من)یان دەستکەوت – کاتێک هیتلەر سەرنجی کونجوکۆڵی هەمووانی لە پانتایی نێودەوڵەتی ڕاکێشابوو – هەڵبەتە لە نوسخەیەکدا کورتکراوەتەوە. بۆ ئەوەبوو تێگەیەنراوتری بکەن و دیارە لەتووندوتیژییەکەی کەم بکەنەوە و زۆرترین بابەتی هاندەرییان سڕیبووەوە. بە شێوەیەک ڕۆزفلێت گلەیی کرد کە ئەم وەرگێڕانە ئەوەندە کەم و زیادی پێکراوە، بە گشتی ڕوانگەیەکی تەواو هەڵە لە قسەکانی هیتلەر دروست دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا کتێبەکە زیاتر لە ٥٠ هەزار نوسخەی لێ فرۆشرا. فەڕەنسەش دووەم نوسخەی ڕکابەری هەبوو، کە یەکییان ئەوەندە زیاد و کەم کرابوو تا جوان هیتلەریزم پیشانی خەڵکی ڕاستی فەرەنسا بدات، کە لە حکومەتەکەیان نائومێد بوون.

 

لە کاتێکدا سوپای بەریتانیا هێزەکانی لە بنکە نوێیەکانی دەوروبەری شارەکان جێگیر دەکرد، خەباتی من پێشنیازکراوی کڕین بوو لە هەموو کتێبخانە مەیدانییەکانی سوپا

 

لە ساڵەکانی ١٩٣٨ – ١٩٣٩ بەنزیکبوونەوەی شەڕ، خوێنەران لە بەریتانیا و ئەمریکا نوسخەی وەرگێڕدراوی نوێی (خەباتی من)یان دەستکەوت. گەرچی گوایە ژمارەیەکی کەمییان پێیانخۆش بوو، لەڕووی تیراژەوە، سەرکەوتنێکی کتوپڕ بوو. بڵاوکەرەوەی کتێبەکە، بڵاوکەرەوەی هاچینسۆن، لە ١٩٣٩ تا ١٩٤٣ شەشجار کتێبەکەی چاپکردەوە. دیارە بڵاوکەرەوەکە جەختیکردەوە مافی نووسەری کتێبەکە دەدرێتە خاچی سوور، چونکە بەرپرسیار بوو لەدابینکردنی کتێب بۆ دیلەکانی جەنگ.

هەر چەند حکومەتی بەریتانیا لەسەرەتای جەنگەکەوە وەک هەموو لایەنەکانی دیکە، سانسۆری بۆ کتێب تووندتر کرد، هیچ کۆسپێک لەبەردەم پەیداکردنی کتێبی خەباتی من نەبوو، بە پێچەوانەوە، کتێبخانە گشتییەکان بۆ وەڵامدانەوەی داواکان، زۆر زوو نوسخەی زیادەیان کڕی. بەریتانییەکان لەو سەردەمەدا ئەوەندە بێخەم بوون، ئایدۆلۆژیای ڕکابەر زیاتر مایەی کونجوکۆڵی بوون تا بە هەڕەشە دابنرێن و هەرئەوەش هاوپەیمانی ئەمریکییان زۆر نیگەران دەکرد. لە کاتێکدا سوپای بەریتانیا هێزەکانی لە بنکە نوێیەکانی دەوروبەری شارەکان جێگیر دەکرد، خەباتی من پێشنیازکراوی کڕین بوو لە هەموو کتێبخانە مەیدانییەکانی سوپا.

گوایە ئەو هەستە بوو کە هەرچەند خەڵک زیاتر بکەونە بەردەم نەڕەنەڕی هیتلەرەوە، زیاتر باوەڕ بەخراپی ئەڵمانیا دەکەن. پێدەچێت بەکردەوەش هەمان تاس و حەمام بێت. بۆ نموونە کاتێک جوان ستۆریج– (ئەندامی یەکێتی ئاشتەوایی)، کە بۆ خۆی دژی شەڕ بوو، بەڵام زەرورییبوونی جەنگی بەزۆرەملێ قبووڵکردبوو – نوسخەیەکی کتێبەکەی لە لایەن هاوڕێیەکی ئەڵمانییەوە وەرگرت، گوێیپێنەدا، چونکە هاوڕێ ئەڵمانییەکەی دڵنیابوو کتێبەکە جوان ستۆریج دەگۆڕێت بۆ ناسیۆنالیست سۆسیالیستێکی دەمارگیر، تەنیا پێویستبوو جوان چەند لاپەڕەیەکی بخوێنێتەوە بۆ ئەوەی دەربکەوێت پێشبینی هاوڕێ ئەڵمانییەکەی هەڵەیە، هەروەها، هەندێک سەربازی بەریتانی کە بەدیل گیران، بۆ بەسەربردنی کاتی دوورودرێژ، کتێبی (خەباتی من)یان خوێندەوە. لە ساڵی ١٩٤٠ سیدنی لیزەرلاند خوێندکاری تەلارسازی بوو کە بۆ خزمەتی سەربازی بانگ کرا. لە دوورگەی کریت بەدیلگیرا و نێردرا بۆ ژمارەیەک کەمپ، کە لەیەکێکییاندا نوسخەی ئینگلیزی خەباتی من دەدرایە هەموو زیندانییەکان، بەڵام ئەو نەکەوتە ژێر کاریگەرییەوەی: “لەسەرەتاوە تا کۆتایی خوێندمەوە، کە بۆچوونی سەرهەڵدانی ڕایشی سێیەمی پێدام، بە تایبەت دژەیەهوودی هیتلەر و هەموو ئاکامە ترسناکەکانی… بە گشتی ڕۆژنامەکان ناپارێزرێن، چونکە وەک دەسماڵی ئاودەست زۆر گرانبەها بوون، ئەوەش چارەنووسی زۆربەی نوسخەکانی خەباتی من بوو، بە هیی منیشەوە”.

 

لە حەقیقەتدا کتێبەکان زێدی ئایدۆلۆژیا و کەرەستەی جەنگن، وەک خوێنەرەکانیان پابەندن بە ئایدیالەکەیانەوە

 

لە ئەڵمانیاش بەگۆڕانی ڕەوتی جەنگ، کتێبەکەی هیتلەریش ڕێزینەما. لە ساڵی ١٩٤٤ پیشەی بڵاوکردنەوە لەقەیراندا بوو و ناوەندەکانی لە لایپزیگ بە گشتی لەناوبراو زۆربەی کتێبفرۆشییەکان بە هۆی کەمی کارمەند و ستاف داخرابوون. بەداگیرکردنی وڵات بەدەستی هێزەکانی هاوپەیمانان، خێزانە ئەڵمانییەکان دەقە شەرمەزارکەرەکانیان دوور فڕێ دەدا و شاکاری پێشەواش بەدەر نەبوو. بەڕێوەبەرێکی لاوی بڵاوکەرەوە کە لە کۆتایی جەنگ لە بەرلین گیری خواردبوو، نووسی چۆن هێشتا لە خانووە تۆپبارانکراوەکان دەقەکانی نازییەکان دەخوێننەوە:

“سەرما ناڕوات. من لەبەردەم وەجاغەکەمان دانیشتووم، کە بە هەموو دەقەکانی نازی بەئەستەم نەکووژاوەتەوە. گریمانەی ئەوەی هەمووان وا دەکەن، کە دەیکەن، خەباتی من دووبارە دەبێتەوە کتێبێکی ئەنتیک و دەگمەن”.

هەر واش بوو. تەنانەت پێشانگاکانی کتێب، فرۆشیاران حەز ناکەن نوسخەیەک لە کتێبی هیتلەر دابنێن. تا ساڵی ٢٠١٦ لە ئەڵمانیا درێژەی کێشا و دووبارە بڵاوکرایەوە، ئەویش لە نوسخەی گرانبەها و توێژینەوەیی کە بەدیقەتەوە هێڵکاری کرابوو، بەڵام سەرکەوتنی یەکەمجاری کتێبەکە شایەتحاڵێک بوو، کە کتێبەکان دەتوانن هەموو ئاڵۆزییەکانی مرۆڤایەتی لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن.

کتێبەکان سەرچاوەیەکی باشن بۆ ئیلهام وەرگرتن و فێربوون، ئاسوودەیی و ئارامی، بەڵام لە جەنگدا، توانای هاندانیان ڕوویەکی دیکەیان دەردەخات. لە حەقیقەتدا کتێبەکان زێدی ئایدۆلۆژیا و کەرەستەی جەنگن، وەک خوێنەرەکانیان پابەندن بە ئایدیالەکەیانەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...