پارێزگای هەولێر: بەنداو و پۆندەکان مەترسی لافاویان کەم کردووەتەوە
![](https://zedpress.krd/wp-content/uploads/2023/11/zed-press-pond-erbil-bandaw-780x470.jpg)
زێدپرێس
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم، ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، پارێزگای هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکی تایبەتدا، ئاماژەی بەوە دا، “حكوومهتی ههرێمی كوردستان بۆ پاراستن و كۆكردنهوهی ئاو به دهیان پڕۆژهی ستراتیژی و ڕژدی جێبهجێكردووه، وهك دروستكردنی پۆند و بهنداو”.
لەو چوارچێوەیەشدا “لە سنووری پارێزگای هەولێر لەپێناو بەرگرتن لە لافاو و پاراستنی ئاو وەک سامانێکی نیشتمانی، دەستکراوە بە دروستکردنی چەندین بەنداو و پۆند، کە بەشێکیان تەواوکراون و بەشێکی تریشیان لەژێر جێبەجێکردندان” لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە.
بەگوێرەی داتاکانی پارێزگای هەولێر، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی ئەو بارانەی لە سنووری پارێزگاکە باریوە، تەنیا لە بەنداوی چەمرگە و ٣٠ پۆندی دیکە کە لەم ماوەیەدا دروستکراون، ٥ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە.
– لە بەنداوی چەمرگە کە ئێستا پڕ بووە لە ئاو (١ ملیۆن) مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە.
– لە ١٦ پۆندی دیکە لەوانە پۆندی (کاریتان، دووشیوان، کەردز، هەرەجە) و چەند شوێنێکی تر، پڕبوون لە ئاو و (٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار) مەتر سێجا ئاویان تێدا گلدراوەتەوە.
– لە ١٤ پۆندی دیکەش کە بەڕێژەی ٥٠٪ پڕ ئاو بوونە (١ ملیۆن) مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە.
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونکراوەتەوە، کۆی گشتی ئەو بڕە ئاوەی لە بەنداوی چەمرگە و پۆندەکان گلدراوەتەوە (٥ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار) مەتر سێجا ئاوە، جگە لە گلدانەی ئاوی (٢٨) پۆندی دیکە کە ئێستا لە ژێر جێبەجێکردندان و بەتەواوبوونیان ئەوانیش دەتوانن (١١ ملیۆن) مەتر سێجا ئاو گلبدەنەوە، کە “ئەمەش جگە لە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو، ئاوى باران کۆدەکاتەوە و بۆ وەرزى گەرما و کشتوکاڵ و ئاژەڵدارى ناوچەکان سوودی زۆری دەبێت و ئاستی ئاوى ژێرزەوى زیاد دەکات و لە هەمانکاتیشدا دەبنە شوێنێکى گەشتیاری”، پارێزگای هەولێر وا دەڵێ.