شرۆڤه‌كه‌لتوور

پرسی حەقیقەت لە فەزای ڤێرچواڵدا

فەزای ڤێرچواڵ، لە کورتترین پێناسەدا، بریتییە لە دنیای شاشە یان ئەو جیهانەی لەودیوی شاشەکانەوە ئاوێتە و دەرگیری دەبین. بەشێوەیەکی گشتی فەزای ڤێرچواڵ ئاماژەیە بۆ نوێنەرایەتی دیجیتاڵی مرۆڤ، لەناو ژینگەی ئەلیکترۆنیدا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەدەربڕینێکی دیکە، فەزای ڤێرچواڵ دەکرێت جیهانی لاساییکردنەوە و لێکچوواندن و کۆپیکردن بگرێتەوە. وەکوو ئەوەی “ژان بۆدریار” بە  (سیمۆلاکرا و سیمولەیشن / Simulacra and Simulation) ناودێریکردووە.  هەردوو چەمکەکە گوزارشتە لە پیشەسازی لەبەرگرتنەوە و ئاماژەکردن بۆ جیهانێک کە مۆخی جەوهەری خاڵیکراوەتەوە. بەدیدی بۆدریار، کۆمەڵگەی مۆدێرن بە ئەزموونی لاساییکردنەوە و پیشەسازی لەبەرگرتنەوە دەناسرێتەوە، کە جیاوازی نێوان واقیع و ڤێرچواڵ پەردەپۆش دەکات یان دەسڕێتەوە. بۆدریار دەڵێت: لە جیهانی ڤێرچواڵدا نوێنەرایەتییەکان/ لەبەرگیراوەکان لە خودی واقیع زیاتر زیندووتر و سەرنجڕاکێشتر دەردەکەون، بۆیە فەزای ڤێرچواڵ دەبێتە جیهانێکی کۆپیکردنەوە و لەبەرگرتنەوە، جیهانێک لە هەموو ڕەسەنایەتییەک داماڵێندراوە.

بەپێی تێڕوانینەکانی بۆدریار ئەو جیهانە ساختەیەی لە کۆمەڵگەی دیجتاڵیدا دەرگیری دەبین، بریتییە لە کۆپیکردنەوە و لاسایکردنەوەی واقیع، بەجۆرێک ساختەکارییەکان له حەقیقەتی شتەکان سەرەنجڕاکێشتر دەردەکەون، بۆیە  فەزای ڤێرچواڵ ئاماژەیە بۆ جیهانێک کە مۆخی جەوهەری خاڵیکراوەتەوە. وەکوو ئەوەی فەیلەسووفی فەڕەنسی (پۆل ڤیرۆیۆ) دەڵێت: لە فەزای ڤێرچواڵدا فۆڕم جێگەی ناوەڕۆک و مانا و ئیستاتیکا دەگرێتەوە[Paul Verlow :The Art Of The Engine]. بەمانایەکی دیکە، لە فەزای ڤێرچواڵدا فۆڕم نوێنەرایەتی حەقیقەت دەکات. فۆڕمێک کە ماهییەتی جەوهەری خاڵیکراوەتەوە.

فەزای ڤێرتوێل نوێنەرایەتی واقیعێک دەکات، کە دوورە لە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ماتڕیاڵی ئەو واقیعەی کە سوبێکتی تێدا دەژیت. بۆ نموونە شوناسی سوبێکت لەنێو فەزای ڤێرچواڵدا هەمان ئەو شوناسە کۆمەڵایەتییە نییە نوێنەرایەتی واقیعی ماتڕیاڵی سوبێکت دەکات، بەڵکو سوبێکت دووچاری جۆرێک لە نامۆبوون دەبێتەوە، کە هەڵگری شوناسێکە لەگەڵ واقیعی کۆمەڵایەتی خۆیدا ناگونجێت.

نامۆبوونی سوبێکت دۆخێکە وەکوو ئەوەی فەیلەسووفی ئەڵمانی “فرێدریک هیگڵ” لەبارەیەوە دەنووسێت: پڕۆسەیەکە کە سوبێکت خۆبەخۆ تێدا دەبێتە بێگانە. ئەمەش ساتێک ڕوودەدەت کە ناتوانێت خودی خۆی ببینیت، لەو جیهانە کۆمەڵایەتییەی تێدا دەژیت[Phenomenology of Spirt. Hegls Phenomenology des Giestes…1807]. بەپێی هیگڵ  نامۆبوون پڕۆسەی درپێککردنە بەوەی سوبێکت خۆی لەو جیهانەدا نابینێتەوە کە تێدا دەژیێت.

بەدەربڕینێکی دی، پڕۆسەیەکە مرۆڤ نامۆ دەبێت لەو شوناسە کۆمەڵایەتییەی پێیدراوە، چونکە ئەو شوناسە هیچ گوزارشتێک لەناوەوەی مرۆڤ ناکات، بەڵکو تێگەشتنی ئەویترە لە ڕووی دەرەوەیدا سنوورار بووە. یان بەدەربڕینە “لاکان”ییەکە: نامۆبوون دۆخێکە سوبێکت دەبێتە ئۆبێکت بۆ دەرەوەی خۆی. سوبێکت مامەڵە بە کۆمەڵێک ئارەزووی ڕەمزی و دالەوە دەکات، کە هیی ئەویدیکەیە (من ئەویدیکەیە) یان (ئارەزووی من ئارەزووی ئەودیکەیە).

ژاک لاکان لە قۆناغی ئاوێنەدا(The mirror stage ) ئاماژە بۆ سەرەتاکانی ڕسکانی سوبێکت دەکات. ئەو بارودۆخەی ئیگۆ لە بەرئەنجامی کەڵەکەبوونی کۆمەڵێک وێنە و ئارەزووی ساختە دەڕسکێت.

بەگوێرەی لاکان کە دەڵێت: (من ئەویدیکەم یان  ئارەزووەکانی سوبێکت ئارەزووەکانی ئەویدکەیە) بڕوانینە شوناسی سوبێکت لە فەزای ڤێرتوێلدا، شوناسی  دیجتاڵی یان  ئارەزووەکانی سوبێکتی دیجتاڵی هەمان ئارەزوەکانی ئەویدیکەیە. بەو مانایەی شوناسی سوبێکتی دیجتاڵی لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی کۆمەڵێک وێنا و ئایدیای ساختەوە دەڕسکێت، کە لەگەڵ واقیعی سوبێکتی کۆمەڵایەتی ئەودا یەک ناگرێتەوە.

دەکرێت تێزەکانی “ئەفڵاتوون” وەکوو ئەو ڕەخنەیەی دەکەوێتە سەر فەزای ڤێرچواڵ و پیشەسازی لەبەرگرتنەوە وەربگرین، کە پێش لە دایکبوونی پێشکەوتووترین و بەربڵاوترین فۆڕمەکانی تەکنەلۆژیا خراوەتەڕوو، بەدوان لەسەر سیستەمی دووانەیی بەهاکان و بێبەهاکردنی جیهانی زەمینی و توخمە دیارەکانی. هەزاران ساڵ بەر لە پەیدابوونی دنیای شاشە و فەزای ڤێرچواڵ، ئەفلاتوون، ئەو ڕەخنەیەی ئاڕاستەی شاعیر و نیگارکێشەکان کرد، کە زۆر بەلێهاتوویی لاسایی حەقیقەتیان دەکردەوە و سەرلێشێواوییان لە نێوان واقیع و خەیاڵدا دروست دەکرد.

تەواوی فەلسەفەی پلاتۆ وەکوو ڕەخنەی (میمێسیس) دەردەکەوێت، (هەموو تەکنیکەکانی پیشەسازی لەبەرگرتنەوە، لەسەر بنەمای بنەمای دووبارەبوونەوە یان لاساییکردنەوە خۆی مانیفێست دەکاتەوە) لەم چوارچێوەیەدا ڕەخنەی (ئیماگۆ) جێگەیەکی پلە یەک داگیر دەکات. خەیاڵ یەکێکە لە ئامانجەکانی، وەکوو هەر وێنەیەک، کە وەکوو کۆپی واقیعێکی جەوهەریتر تێدەگات و بەو هۆیەوە دەبێتە بەرهەمهێنەری وەهم. کتێبی کۆمار / La République دەوڵەمەندە بە وێناکردن بەتایبەتی میتافۆڕی ئەشکەوت لەگەڵ لێکچوونە بەناوبانگەکەی کە هێمای دابەشبوونی جیهانە بۆ چوار بەشی بەهای نایەکسان، ئەوانیش بریتین لە جیهانی decrescendo ئایدیاکان، ئایدیاکان، ئەبستراکتەکان(ماتماتێک)، ماتڕیاڵەکان، نوێنەرایەتییەکان[ 1993، VI، 509c-511e، VII، 514-522]

بەگوێرەی ئەفڵاتوون  ئەگەر بمانەوێت، لە جەوهەری شتێک تێبگەین، کە پێناسەکەی بەهۆی پێوانە و فیگەرە ئەندازەییەکانەوە دەردەکەوێت، هەرچەندە هەمیشە دەکەوێتە چوارچێوەی کایەی تێگەیشتنەوە، بەڵام کەمێک تەواو و بێکەموکوڕییە بەو پێیەی کۆپییەکی سادەی واقیع پێکدەهێنێت. ئەمە بۆ فەزای ڤێرچواڵیش بەو جۆرەیە، شتەکان کۆپییەکی واقیعن، لە ماددییەتی فرەیی و دۆخی جوڵاودا گیریان خواردووە. بەمجۆرەش، نوێنەرایەتییە وێنەییەکان  ڕەنگدانەوەی واقیعی شتەکانن، کە ڕەسەنایەتیان لەدەست داوە و تەنیا پەیوەندییەکی دووریان لەگەڵ ئایدیاڵە سەرەکییەکەدا هەیە.

دەکرێت فەزای ئەکچواڵ بە فەزای ئەشکەوتەی ئەفڵاتوون وێنا بکەین،  لە کتێبی کۆماردا گریمانەی ئەشکەوتێک دەکات و دەنووسێت: وای دابنێ کۆمەڵێک لەنێو ئەشکەوتێکدا دەژین، دەرگای ئەشکەوتە لەسەرەوەیە و لەوانەوە دوورە، دەرگاکەش هێندەی پانیی ئەشکەوتەکەیە و ڕووناکی لەوێوە بە نێو ئەشکەوتەکە دەگات. ئەو کۆمەڵە لە منداڵییەوە لەوێ دانراون، مل و پێیان بە زنجیر بەستراوەتەوە و ناتوانن ئاوڕ بدەنەوە. ڕوناکیش بۆ نێو ئەشکەوتەکە لە ئاگرێکەوە دێت کە لە پشتیانەوە هەڵکراوە. لەنێوان ئەوان و ئاگرەکەدا ڕاڕەوێکی درێژ هەیە. وای دابنێ لەبەردەم ئەو ڕاڕەوەدا، وەکوو چیغی بەردەم شانۆی بووکەشووشە بۆ هەڵسوڕانی بووکەڵەکان، دیوارێکی نزم هەڵچنراوە.  وای دابنێ هەندێک کەس لەودیو دیوارەکەوە پەیکەری مرۆڤ یان ئاژەڵیان بەکۆڵەوەیە و لە بەرد و تەختە و شتی دیکە داتاشراون و هاتووچۆ دەکەن. هەندێکیان دەدوێن و هەندێکی دیکەیان بێدەنگن. ئەوەی باسی دەکەیت سەیرە، کەسانی نێو ئەشکەوتەکەش سەیرن. ئەوان لە ئێمە دەچن. ئایا بێجگە لە سێبەری خۆیان و ئەوانی دیکە، کە لە ڕووناکی ئاگرەکە لەسەر دیوارەکەی بەردەمیان دەریدەخات، هیچی دیکە دەبینن؟ ئەگەر نەتوانن ئاوڕبدەنەوە چۆن دەبینن؟ ئەی لەبارەی ئەو بابەتەوە، کە تەنیا سێبەرەکانیان دەردەکەون؟ ئەگەر لەگەڵ یەکدا دوان، لەم باوەڕەدا نیت تەنیا ناوی ئەو شتانە بزانن، کە لەسەر دیوار، سێبەرەکەی دەبینن؟ ئەگەر ئەشکەوتەکە دەنگ بداتەوە، لەو باوەڕەدانیت کە لەگەڵ دەنگدانەوەکەدا سێبەرێک ببینن، وا هەست دەکەن دەنگەکە لە سێبەرەکەوە دەرچووە؟ کەوابوو بۆ کەسانی نێو ئەشکەوتەکە ڕاستی بێجگە لە سێبەرەکانی سەردیوارەکەی بەردەمیان هیچی دیکە نییە[ئەفلاتوون، کۆمار، بەشی حەوتەم، و/محەمەد کەمال، ل 229].

دەکرێت فەزای ئەکچواڵ بە میتافۆری ئەشکەوت بچوێنین،  دەرگیربوون بە فەزای ئەکچواڵ پشتکردنە لە حەقیقەت و ڕووکردنە شاشە، ڕووکردنە لە دیوارەکانی ناوەوەی ئەشکەوت. دنیای شاشە وەکوو دۆگمەکانی ئەشکەوت فریودەرە و هەمان تەکنیکی هەیە، سەرەتا وا هەست دەکەین ئەوەی دەیبینین ڕاستەقینەیە، ئەو دەنگانەی لە شتەکانەوە دەردەچن هەمان دەنگی وێنەکانە، بەڵام لەبنەمادا ئەوەی دەیبنین سێبەری شتەکانە لە دنیای شاشەدا.  پیشەسازی لەبەرگرتنەوە بەو شێوەیە واقیع لەقاڵبدەدات کە خۆی دەیەوێت، ئەوەی بەریدەکەوین فۆڕمێکی بێ ناوەڕۆکە، کە لەبنەمادا جەوهەر و واقیعی شتێکی دیکەیە. بەدیدی ئەفلاتوون لەبەرگرتنەوە حەقیقەت نییە و نابێتە حەقیقەتیش. لەڕێگەی سێبەری درەختەوە، ناتوانین درەخت بناسین، ئەوانەی لە ئەشکەوتەکدا نیشتەجێن، تەنیا لەڕێگەی سێبەری درەختەوە، درەخت دەناسن، بەڵام درەخت شتێکی دیکەیە. چەمکێک کە داهێنانەکەی مانا وەردەگرێت بە پێچەوانەی جەوهەرێکەوە کە پێشتر بوونی هەیە. فەزای ڤێرتوێل هاومانایە لەگەڵ هەریەک لەو دەستەواژەی (درۆزنەکان، نمایشکارە بووکەڵەییەکان، سۆفیستەکان و وەهمگەرەکان) هەموو ئەوانەی لە کتێبی پێنجەمی (کۆمار)دا ئیدانەکراون، کە بەهەمان شێوەی شاعیران و دروستکەرانی دیکەی وێنە کە واقیع ساختە دەکات و بەو هۆیەوە پەردە لەسەر ڕاستییەکان دادەپۆشێت. وەکوو ئەوەی “سێلین برایۆن” دەیڵێت: ئەگەر فەزای ڤێرچواڵ لەسەردەمی پلاتۆدا هەبووایە، بێگومان لە شاری ئایدیاڵی (فەیلەسوف_شا) قەدەغە دەکرا. چاپەمەنی و تەلەفزیۆن و سایتەکانی ئینتەرنێت چی دەکەن، جگە لە دووبارەکردنەوە و لەبەرگرتنەوەی ڕووداوەکان و نوێنەرایەتیکردنیان لە فەزای ڤێرتوێلدا.

ئاراس سەعید

نووسه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...