ژینگه‌
ئاراستەکان

بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جیهانی بۆ سەروو ١.٥° سیلیزی بەدرێژایی ساڵێک

بەگوێرەی خزمەتگوزاریی کەشوهەوای یەکێتیی ئەورووپا، بۆ یەکەمین جار، پلەی گەرمیی جیهانی ١.٥° سیلیزی بەدرێژایی ساڵێک تێپەڕاندووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

سەرکردەکانی جیهان لە ٢٠١٥ بەڵێنیان دا بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ کەمتر لە ١.٥° سیلیزی سنووردار بکەن، ئەوەش بۆ بەرگرتن لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی پێویستە.

ئەو تێپەڕاندنە یەک ساڵەیییەی پلەی گەرمی ڕێککەوتنەکەی پاریس پێشێل ناکات، بەڵام جیهان نزیکتر دەکاتەوە لەوەی لە داهاتوو پووچەڵی بکاتەوە.

زانایان دەڵێن ڕێکاری خێرا بۆ کەمکردنەوەی دەردراوەکانی کاربۆن هێشتا دەتوانن بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی هێواش بکەنەوە.

“ئەوە هەموو سنوورە قبووڵکراوەکانی تێپەڕاندووە،” پڕۆفیسۆر سێر بۆب واتسۆن، بەڕێوەبەرێکی پێشووی دەزگەی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەی بە توودەی پڕۆگرامی ڕادیۆ ٤ی بی.بی.سی. ڕاگەیاند.

“سەیر بکەن ئەمساڵ تەنیا بە بەرزبوونەوەی ١.٥° سیلیزی چی ڕوویداوە -لافاو، وشکەساڵی، شەپۆلی گەرمی و ئاگرکەوتنەوەی زەبەلاحمان لە سەرانسەری جیهان بینیوە.”

لە ماوەی نێوان شوباتی ٢٠٢٣ و کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گەیشتە ١.٥٢° سیلیزی، بەگوێرەی خزمەتگوزاریی گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکەسی یەکێتیی ئەورووپا. هێڵکارییەکەی خوارەوە ئەو پلەیە بە ساڵانی ڕابردوو بەراورد دەکات.

کۆتا ئاگاداریی لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا لە سەروەختی دەنگۆکانی سەبارەت بە پارتی کرێکاران دێت، کە بانگەشەی ئەوە دەکەن پارتەکە بڕیاری خەرجکردنی ٢٨ ملیار پاوەندی ساڵانە بۆ وەبەرهێنانە سەوزایییەکان هەڵبوەشێنێتەوە. کۆنسێرڤەتڤەکانیش لە مانگی ئەیلوولی ساڵی پاردا لە هەندێک پێڕەوی گرنگی پێوەست بە باسەکە پاشەکشەیان کردووە.

ئەوە مانای ئەوەیە دوو حزبە گەورەکەی بەریتانیا پاشەکشەیان لەو بەڵێنانە کردوون کە زانایانی کەشوهەوا دەڵێن پێویستن بۆ بەرگرتن لە گەرمبوونی کەشوهەوای جیهانی.

پلەی گەرمیی ڕووی دەریاش لە جیهان لە بەرزترین ئاستی تۆمارکراویدایە. وەک لە هێڵکارییەکەی خوارەوەدا دەرکەوتووە، پلەی گەرمیی ڕووی دەریا زۆر زیادی کردووە، سەرەڕای ئەوەی پلەی گەرمیی زەریاکان ئاسایی تاکوو مانگێکی دی یان زیاتر ناگەنە لووتکەی خۆیان.

گرووپەکانی زانایان کەمێک ناکۆکن لەسەر بەرزبوونەوەی دیاریکراوی پلەی گەرمی، بەڵام هەمووان هاوڕان کە جیهان لە گەرمترین ئاستیدایە لەوەتەی تۆمارە نوێکان دەستییان پێکردوون -بە ئەگەری زۆریشەوە ماوەیەکی زۆریش دەخایەنێت.

سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی درێژخایەنی پلەی گەرمی بۆ ١.٥° سیلیزی لە سەروو ئاستەکانی پێش-پیشەسازی -بەر لەوەی مرۆڤەکان دەست بە سووتاندنی بڕێکی زۆر لە سووتەمەنییەکان بکەن- بووەتە هێمایەکی دیاری هەوڵە نێودەوڵەتییەکان لەمەڕ کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا.

لە ڕاپۆرتێکی کاریگەریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٠١٨ هاتبوو، کە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا -وەک شەپۆلی توندی گەرمی، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان و لەدەستچوونی ژیانی کێوی- زۆر زیاترن لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بە ٢° سیلیزی وەک لە ١.٥°.

 

لەبەرچی سنووری ١.٥° سیلیزی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو تێپەڕێنراوە؟

بێگومان ئەو بەرزبوونەوە درێژخایەنەی پلەی گەرمی هۆکارە سەرەکییەکەی چالاکییە مرۆیییەکانە -بەشی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ سووتاندنی سووتەمەنی بەبەردبووەکان، کە بەهۆیانەوە ئەو گازانە دەردەدرێن کە هەسارەکە گەرم دادەهێنن، وەک دووانە ئۆکسیدی کاربون. ئەوەش هۆکاریی سەرەکیی گەرمبوونەکەیە لە ساڵی ڕابردووەوە.

لە مانگەکانی ڕابردوو، دیاردەیەکی سروشتی گەرمبوونی کەشوهەوا، ناسراو بە “ئەل نینۆ” وای کردووە پلەی گەرمیی هەوا بەرزتر ببێتەوە، هەرچەندە ئەو بەرزبوونەوەی تەنیا نزیکەی ٠.٢° سیلیزییە.

تێکڕای پلەی گەرمیی هەوای جیهانی لە نیوەی دووەمی ٢٠٢٣ەوە ڕۆژانە بەرزبوونەوەی لە ١.٥° سیلیزی تێپەڕاندووە، ئەوەش دەکاتە دەستپێکی “ئەل نینۆ،” هەروەها درێژەشی بۆ ناو ٢٠٢٤ کێشاوە. ئەوە بە هێڵە سوورەکەی سەر هێڵە پچڕ پچڕەکە نیشاندراوە لە هێڵکارییەکەی خوارەوە.

کۆتایی “ئەل نینۆ” لە چەند مانگی داهاتوو پێشبینی کراوە، ئەوەش دەکرێ بۆ ماوەیەکی کاتی پلەی گەرمیی جیهانی جێگیر بکات، دواتریش کەمێک نزم ببێتەوە، ڕەنگە دابەزێتە خوار سنووری ١.٥° سیلیزی.

بەڵام لە کاتێک چالاکییەکانی مرۆڤ گازە گەرمکەرەکان لە بەرگەهەوادا زیاد دەکەن، پلەی گەرمی لە دەیەکانی داهاتوو بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا دەبێت.

 

هێشتا دەتوانین گەرمبوونی کەشوهەوای جیهانی سنووردار بکەین؟

بە ڕێژەی ئێستای دەردراوەکان بێت، ئامانجەکەی پاریس بۆ هێشتنەوەی گەرمبوونی کەشوهەوا لە خوار ١.٥° سیلیزی وەک تێکڕایەکی درێژخایەن -نەک بۆ هەر تەنیا ساڵێک- دەکرێ شکست بهێنێت لە دەیەی داهاتوو.

ئەوە نیشانەیەکی هێمابەخشی نەرێنیی کاریگەر دەبێت، بەڵام توێژەران دەڵێن هێندە نالەباریش نییە کە گۆڕانی کەشوهەوا بەتەواوی لەدەست دەربچێت.

کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بەردەوام لە زیادبووندا دەبن لەگەڵ هەر بەرزبوونەوەیەکی پلەی گەرمی، ئەگەر کەمیش بێت، ئەوەش شتێکە کە شەپۆلە توندەکانی گەرمی، وشکەساڵییەکان، ئاگرکەوتنەوە و لافاوەکانی ١٢ مانگی ڕابردوو ئەزموونێکیان پێداوین.

بەرزبوونەوەی نیو پلەی دیکە -جیاوازی نێوان گەرمبوونی پلەی گەرمیی جیهانی لە ١.٥° – ٢° سیلیزی- مەترسییەکانی تێپەڕاندنی خاڵە چارەنووسسازەکان زۆر زیاتر دەکات.

ئەو خاڵانە ئەو سنوورانەی سیستەمی کەشوهەوان، کە ئەگەر تێبپەڕێنرێن، دەکرێ گۆڕانی خێرا و بە ئەگەری زۆرەوە پێچەوانە-نەکراوە لەگەڵ خۆیان بهێنن.

بۆ نموونە، ئەگەر بەستەڵەکەکانی گرینلاند و ئەنتارکتیکای ڕۆژئاوا خاڵێکی چارەنووسسازیان تێپەڕاندبا، ئەوا توانەوەیان دەبووە هۆکاری بەرزبوونەوەیەکی وێرانکەرانەی ئاستی دەریاکان لە چەند سەدەی دواتردا.

بەڵام توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە، کە مرۆڤەکان هێشتا دەتوانن ئاڕاستەی گەرمبوونی جیهان بگۆڕن.

جیهان پێشکەوتووە، تەکنەلۆجیا سەوزەکانی وەک دووبارە بەکارهاتووەوەکان و ئۆتۆمبێلە کارەبایییەکان لە زۆر پارچەی جیهان سەریان هەڵداون.

تۆمارەکان نیشانی دەدەن، هەندێک لە خراپترین حاڵەتە پێشبینیکراوەکان، وەک بەرزبوونەوەی ٤° سیلیزی یان زیاتر لەم سەدەیەدا -کە لە دەیەی ڕابردوو ئەگەری بۆ دانرابوو- ئێستا ئەگەرەکەی زۆر کەمتر بووەتەوە، بەگوێرەی پێڕەو و پەیماننامەکانی ئێستا.

ڕەنگە لە هەموویشی هیوابەخشتر ئەوە بێت، هێشتا وا بیر دەکرێتەوە کە جیهان بە نزیکەیی لە گەرمبوون دەوەستێت کاتێک چی دیکە کاربۆن دەرنادرێت. نیوەکردنی دەردراوەکان لەم دەیەیەدا زۆر گرنگە.

“ئەوە مانای ئەوەیە سەرەنجام دەتوانین کۆنتڕۆڵی ئەوە بکەین جیهان چەند گەرم دەبێت، بەگوێرەی هەڵبژاردەکانمان وەک کۆمەڵگە، هەروەها وەک هەسارەیەک،” زیکێ هاوسفازەر، زانایەکی کەشوهەوا لە گرووپی “بێرکێڵەی ئێرس”ی ئەمریکایی، وا دەڵێت.

“فەنابوون بەرلێنەگیراو نییە.”

 

  • لە ئینگلیزییەوە؛ شکۆ شێرکۆ
سەرچاوە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...