بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەم، ١٨ی ئابی ٢٠٢٤، قەدەغەی ڕاوی ماسی لە بەنداوی دێوانە ڕاگەیاند و قەدەغەکردنەکەیش تاوەکوو ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگە، ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیارەکە لەپێناو بوژاندنەوە و زیادبوونی ماسییە لە بەنداوەکەدا.
بەنداوی دێوانە، بەنداوێکی نوێیە و ماوەی ساڵێکە پەنجە ماسی تێکراوە. وەک بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵی، ماسییەکانیش قەبارەیان بچووکە و سێ ساڵیان پێویستە تا بە تەواوی پێبگەن و وەچە بخەنەوە؛ تا ئەوکاتە، ڕاوکردنیان دەبێتە هۆی لەناوچوونی سامانی ماسی لە بەنداوەکەدا.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، جەختی لەوەش کردووەتەوە، لەو ماوەیەدا ڕاوکردن بە هەموو شێوە و جۆرێکییەوە قەدەغەیە و هەر کەس سەرپێچی بکات ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.
لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٠ کارکردن لە دروستکردنی بەنداوی دێوانە دەستی پێکرد و ساڵی ڕابردوو ئاوی تێدا گلدرایەوە.
هەر دوای گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکە، هاووڵاتییەک بەخۆبەخشانە ١٢٤ هەزار پەنجە ماسی لە جۆری کارب خستە بەنداوەکەوە. هەفتەی ڕابردوو، قایمقامیەتی دەربەندیخان ڕایگەیاند، کێشی ئەو ماسییانەی لە بەنداوەکە هەن، هێشتا لە نێوان (١٠-١٥) گرام دەبێت.
بەپێی دەرخستەی پڕۆژەکە، بەنداوەکە لەکاتی ئاساییدا توانای گلدانەوەی ١٩ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و لەکاتی لافاویشدا ٢٤ ملیۆن پێ سێجا ئاو گلدەداتەوە. لە ناوەڕاستی شوباتی ساڵی ڕابردوو، بەنداوەکە سەرڕێژی کرد و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ٢٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا گلدراوەتەوە.
تەمووزی ئەمساڵ، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژەیان بەوە کرد، کە ماسی بەنداوی دێوانە کرمی کیس و ژێر گۆشتی هەیە و هەندێک لە شارەزایان هۆکاری دەرکەوتنی نەخۆشییەکەیان گەڕاندەوە بۆ ئەو هۆکارەی کە پاشماوە و ئاوەڕۆی پیسی دەربەندیخان دەڕژێتە ناو بەنداوەکەوە و جەختیان لەوەش کردەوە، لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاستی ئاوەکە، کاریگەری نەخۆشییەکە زیاتر دەبێت.