هه‌واڵ

ئاسایشی دهۆک: سلێمان ئەحمەد کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە کردووە

زێدپرێس

 

دوای شەش ڕۆژ لە دەستگیرکردنی، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک ڕایگەیاند، سلێمان ئەحمەد هەواڵساز لە ئاژانسی ڕۆژنیوز، بەهۆی ئەنجامدانی کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە دەستگیرکراوە، بەڵام، کەناڵەکەی ئەو تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

پاش ئەوەی دوێنێ دووشەم، ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، دامەزراوەی میدیایی ڕۆژنیوز، هەواڵی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسێکی کەناڵەکەی، لە دەروازەی فیشخابور و لەلایەن ئاسایشەوە ڕاگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک لە ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد، هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز بڵاوکردەوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک ڕایگەیاند، “هێزەکانی ئاسایش، کادیرێکی پەکەکەیان بە ناوی سلێمان ئەحمەد دەستگیرکرد، کە ناوبراو بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتوچۆی کردووە و بۆیە ڕاگیراوە”.

 

بەگوێرەی ئاسایشی دهۆک سلێمان ئەحمەد کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە کردووە و لەسەر کاری ڕۆژنامەوانی دەستگیرنەکراوە

 

بەپێی ڕوونکردنەوەکەی ئاسایشی دهۆک، سلێمان ئەحمەد، “لە لێکۆڵینەوەکەدا دانی بە کارەکانی خۆیدا ناوە”. لەو ڕوانگەیەوە ئاسایش دەڵێ، “بۆیە ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت” و پێداگیری دەکات، کە دەستگیرکردنەکەی “هیچ پەیوەندییەکی بە کاری ڕۆژنامەنووسییەوە نییە”.

دوابەدوای ڕوونکردنەوەکەی، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک، دەستەی بەڕێوەبەریی ئاژانسی ڕۆژنیوز، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و بەتوندی ناوەڕۆکی ڕوونکردنەوەکەی ئاسایشی دهۆکی ڕەت کردەوە.

ڕۆژنیوز لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژەی بەوە کردووە، “لە پاش شەش ڕۆژ لە ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان، ئاسایشی دهۆک بە بڵاوکردنەوەی تۆمەتێکی ناڕەوا و پڕ لە چەواشەکاریی دەیانەوێت سلێمان ئەحمەد، هاوشێوەی زیندانییانی بادینان سزا بدەن، ئێمە وەک ڕۆژنیوز سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەینەوە”.

 

ئاسایش دەڵێ کادیرەکەی پەکەکە ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە

 

ئاژانسەکە، دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد، بە “ڕفاندن” و تۆمەتبارکردنی بە ئەنجامدانی کاری نهێنی و نایاسایی، بە “تۆمەتی پووچ و چەواشەکارانە” لەقەڵەم دەدات.

سلێمان ئەحمەد، لە بنەڕەتدا خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە، لە نووسینگەی سلێمانی ئاژانسی ڕۆژنیوز وەک هەواڵساز لە بەشی عەرەبی کاری کردووە. ئاژانسەکە خۆی دەڵێ، “ماوەی پێنج ساڵە لە باشووری کوردستان دەژی و لەگەڵ ئاژانسەکەمان کار دەکات”.

 

ڕۆژنیوز تۆمەتەکانی ئاسایشی دهۆک ڕەت دەکاتەوە و دەڵێ دەیانەوێ وەک ڕۆژنامەنووسانی بادینان بەتۆمەتی ناڕەوا سزای بدەن

 

بەپێی ڕۆژنیوز، سلێمان، لە ١ی تشرینی یەکەم، بۆ بەشداریکردن لە پرسەی باوکیان و سەردانیکردنی خێزانەکەی، بەشێوەیەکی فەرمی چووبووە ڕۆژئاوای کوردستان، دوای گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان، لە دەروازەی فیشخابوور دەستگیرکراوە.

“‎ئێمە وەک ئاژانسی ڕۆژنیوز، وێڕای ئیدانە و سەرکۆنەکردنی ئەم کردەوەیە، داواکارین بەزووترین کات چارەنووسی سلێمان ئەحمەد ئاشکرا بکرێت و ئازاد بکرێت، سەلامەتی گیانی ئەو لە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستاندایە”، لە ڕاگەیەندراوەکەی ئاژانسەکەدا هاتووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...