هه‌واڵ

عەبدولسەمەد تیلی: حکوومەت دەیەوێ خەڵک بەناچاری بڵێن ڕەحمەت لە کفندز

زێدپرێس-دهۆک

 

سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک، بەتوندی ڕەخنە حکوومەتی هەرێم دەگرێت و ڕای دەگەیەنێت، حکوومەت دەیەوێت خەڵک بەناچاری بڵێن ڕەحمەت لە کفندز.

 

ئەمڕۆ چوارشەم ٢٦ی تەمووزی ٢٠٢٣، عەبدولسەمەد تیلی سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک، ڕایگەیاند، “ئەوەی ئەمڕۆ حکوومەتی هەرێم لەگەڵ خۆی دەکات، بۆ ئەوەیە خەڵک بەناچاری بڵێن ڕەحمەت لە گۆڕی کفندز بێت”.

سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک، بە توندی ڕەخنە لە حکوومەتی هەرێم دەگرێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بۆ هەزار و ١٠٠ دینار و دەڵێ، بۆچی حکوومەتی هەرێم ڕۆژانە ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە پاڵاوگەکانی ناوخۆ ناپاڵێوێت، کە ڕۆژانە بە هۆیەوە حەوت ملیۆن لیتر بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت و ئەو بڕەش، پێویستی ناوخۆی هەموو هەرێمی کوردستان لە بەنزین پڕ دەکاتەوە.

ئەو ڕوونی دەکاتەوە، بەغدا ناتوانێت ڕێگەی لەو پڕۆسەیە بکات، چونکە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، وەک تەواوی پارێزگاکانی عێراق مافی خۆیانە بە نرخی ٤٥٠ دینار بەنزینیان بۆ دابین بکرێت.

عەبدولسەمەد تیلی، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان، دەیان نیشانەی پرسیار لەسەر حکوومەتی هەرێم دروست دەکات، لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی ئەوە بوو، نرخی بەنزین هاوشێوەی پارێزگاکانی عێراق بۆ ٤٥٠ دینار داببەزێت.

ئەو گوتانەی سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک، لەکاتێکدا دێت، ئەمڕۆ چوارشەم نرخی لیترێک بەنزین لە سنووری دهۆک بۆ هەزار و ١٠٠ دینار بەرزبووەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...